گرنگ
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا كه‌سێك بریندار بوو
نرخی‌ نه‌وت گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هات
ئاكى بووه‌ یاریزانى مانچێسته‌ر سیتى

عێراق و مەترسیی داگیرکاریی تورکیا

شێرزاد ئێزدی
پێش 3 هەفتە
ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

 

لەگەڵ ھەڵکشانی ھاتنەناوەوەی سوپای تورکیا بۆ ناو قووڵایی ناوچەگەلێکی بەرفراوان لە کوردستانی عێراق، بە ئامانجی داگیرکاری و سەپاندنی دیفاکتۆی بوونی ناڕەوای تورکیا لە تەواوی ناوچەکانی باکووری عێراق و لە ژێر ڕۆشنایی ھەڵوێستە فەرمی و سیاسییەکانی حکومەتی عێراقی کە تەنھا خۆی لە ڕەتکردنەوەی زارەکیی ئەو ھێرشدانەدا دەبینێتەوە، کە ئامانجی ڕوونی ئەو ھێرشانەی تورکیا بڕین و لێکردنەوەی ناوچەگەلێکی بەرفراوانە لە خاکی عێراق بە بیانووی ئەوەی ئەو ناوچانە لە ڕووی مێژووییەوە بەشێک بووە لە ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی، تا ڕەوایەتییەکی ساختە بدات بە پەلکێشانی عوسمانگەرایی نوێ و بیری ئیخوانگەرایی لە لیبیاوە بەرەو عێراق بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان. ئەم نەخشانەی تورکیا شایەنی ھەڵوێستێکی ڕاستەقینەیە کە بێتەوە لەگەڵ مەترسیی ئەو پلانانەی تورکیا کە ھەیەتی بۆ گێڕانەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، کە بۆخۆی جگە لە خەونێکی بزڕکاو بۆ زیندووکردنەوەی ئیمپڕاتۆرییەتێکی لەناوچوو، شتێکی دیکە نییە کە خواستێتی ژیان یگێڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست و خاکی وڵاتانی ناوچەکەش بکاتە ویلایەت و بیانگێڕێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی سوڵتانی نوێ ئەردۆگان.


لێرەدا ڕەنگە سەرەکیترین پرسیار ئەوە بێت، کە لە بەرامبەر ئەو کارە دوژمنکارانەیەی تورکیا بۆ سەر عێراق، کوا ھەڵوێستی ئەو ھێزە عێراقییانەی کە ھەمیشە لافی پاراستنی سەروەریی عێراقیان لێ دەدا و وا وێنای خۆیان دەکرد دژ بە ھەر دەستدرێژییەک و پێشێلکارییەکی ئەمەریکییەکانن بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق. بەڵام لە بەرامبەر ھێرشە داگیرکارییەکانی تورکیا خۆیان بێدەنگ کردووە کە ئامانجی سەرەکیی تەنھا ناوچە کوردستانییەکان نییە، بەڵکوو ئامانجی سەرەکیی لێکردنەوە و دابڕینی تەواوی باکووری عێراقە لە ژێر ناوی ناوچەی ئارام و دروستکردنی پشتێنەی ئاسایش. لە کاتێکدا ئەو ناوانە تەنھا یاریکردنەی بە وشە و پەردەپۆشکردنی پلان و نەخشەی داگیرکاریی تورکیایە کە لە ئێستادا لە عێراق و سوریا پیادە دەبێت و بەرەو لیبیاش لە کشاندایە و بەویشەوە ناوەستێت ئەگەر ھەڵوێستێکی ڕاستەقینەی عێراق و وڵاتانی عەرەبی و جیھان ئەم خواستە داگیرکارییەی تورکیا نەوەستێنێت.


کوان ئەوانەی کە ئابڵووقەی باڵیۆزخانەی ئەمەریکان دابوو لە بەغدای پایتەخت و بۆ ئێستا تەنانەت خۆپیشاندانێکی ئاشتیخوازانەشیان لێ بەدی ناکرێت لە بەرامبەر باڵیۆزخانەی تورکیا لە بەغدا یاخود قونسڵییەی تورکیا لە موسڵ کە تا ئیستاش لەیادمان نەچووە چۆن داعش مامەڵەیەکی زۆر نەرم و دۆستانەی کرد لەگەڵ ئەندامانی قونسڵییەکە کاتێک کە موسڵی داگیر کرد.


بە پێی دوا زانیاریش، تورکیا لە ھەوڵی ئەوەدایە بگاتە ئەو ناوچە ستراتیژییانەی کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوکەوە و ئەمەش ترسی ڕاستەقینەی دروست کردووە بەو پێیەی کە بە ئەگەری زۆر تورکیا لەو ناوچانە داعش زیندوو دەکاتەوە.


لە کوێن ئەو ھێزانەی حەشدی شەعبی لە ئێستادا، کە پێداگرییان لە عێراقیبوون و نیشتیمانپەروەریی خۆیان دەکردەوە، لە کاتێکدا کە بەشێکی بەرفراوان لە خاکەکەیان لە باکووری عێراق داگیر کراوە، ھەروەک ئەوەی کە باکوور، عێراقی نەبێت و کوردستانیش ھەرێمێکی فیدڕاڵیی عێراقی نەبێت، بۆچی چاوپۆشی دەکرێت لە جموجۆڵە گوماناوییەکانی باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کاتێک کە چاوپێکەوتن دەکات لەگەڵ سەرۆک ھۆزە عەرەبییەکان. ئەم دووفاقییە لە ھەڵوێستدا بە ڕوونی لە بەرامبەر ئەمەرکیا و تورکیا دەردەکەوێت، بە ئەمەریکا دەوترێت داگیرکەر، بەڵام ھیچ بەرامبەر تورکیا ناوترێت. ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە بوونی ئەمەریکا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە لەگەڵ حکومەتی عێراق و ھەر ئەمەریکاش بوو کە بەردی بناغەی عێراقی نوێی دامەزراند و ڕژێمەکەی سەدام حسێنی ڕووخاند. لە کاتێکدا کە ئەوە تورکیا بوو ڕێگەی بە ئەمەریکا نەدا کە خاکەکەی بە کار بھێنرێت بۆ ھێرشکردنە سەر عێراق لە ترسی ئەوەی نەوەک گۆڕانکارییەکی دیموکراسییانە لە عێراق ڕوو بدات و کورد بتوانێت بە خواستە ڕەواکانی خۆی بگات لە چوارچێوەی عێراقێکی نوێی فیدڕاڵیدا.

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure