X
ئ|
عەتا کەریم

فەیک ترس بە قەوارەکەوە

عەتا کەریم


ھەرێمی کوردستان و مەترسی لەسەر قەوارەکەی وەک کەرەستەیەکی سیاسی و دژ و بابەتێکی موزایەدە خۆی نماییش دەکات، کە سوودمەندانی دەسەڵات، ھەمیشە کەرەستەیەکی ئامادەیان بۆ ترساندن و تەخوینکردنی ئەوانی دیکە پێیە، ئەم کەرەستەیەش کاتێک بە کار دێت کە مەترسی و فشار و ناڕەزایی ڕاستەقینە بۆ سەر خۆی ئاڕاستە بێت، یان ھەست بە مەترسی بۆ سەر خۆی بکات، لێرەوە تەعریفی مەترسی دادەتاشرێت، کە گوایە بۆ سەر ئەزموون، یان ھەرێم، یان نەتەوە و قەوارەکە .. ھتد، لە ئارادان.


ھەرێم و قەوارەکەی لە لایەن کێوە مەترسیی لەسەرە؟ بۆیە وەڵامی ئەم پرسیارە لە ھزری سیاسیی دەسەڵاتدار جۆرێکە و لە ھزری وەرگری ترسێندراو، کە ھاونیشتیمانیانی ھەرێمە جۆرێکی دیکەیە، کە ٢٩ ساڵی خۆبەڕێوەبردن سەدان ترسی ڕاستەقینە و فەیک ترسی نیشان دراوە! بۆیە ئەو کاتە کارەساتەکە دەقەومێ کە متمانە بە ترسەکانیش نەمێنێت، کە دەسەڵاتێکی شکستخواردوو لە پێناوی مانەوەیەکدا فەیکی ترس بەرھەم دەھێنێت.


ئەوەی نیشان دراوە و نیشان دەدرێت کە دووژمنەکانی قەوارەی ھەرێم ئەم دەوڵەتانەن (تورکیا، ئێران، سوریا)ی ھاوسێی و عێراقی ھاوبەش لە حکومڕانی، ئەویش لە دوای نیوسەدە شەڕی سیاسی و چەکداریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە فۆڕمی ھێزی چەکدار لە ١٩٤٦-٢٠٠٣!


بەرلەوەی ھاوسێی قەوارەی ھەرێم و مەترسییەکانیان بخەینە ڕوو، گرنگە قەوارەی ھەرێم خۆی لە پتەوترین پێگەی سیاسی و حکومڕانی و ئیدارەدانی سەرکەوتوودا بێت و ھەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھاوسێکانی: ئەنکەرە، تاران، دیمەشق و بەغدا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش و ھاوسەنگیی سیاسی، ئابووری و بازرگانی و دیپلۆماسی دروست بکات، بەڵام ئایا ئەمانە لە ماوەی بەڕێوەبردنی قەوارەی ھەرێم لەسەر دەستی کاراکتەرە سیاسی و دەسەڵاتدارەکانی ڕابردووماندا کراون؟.


تورکیا ئەگەر دووژمنی قەوارەی ھەرێمە! ئەوا بە فەرمووی خودی کاراکتەری سیاسی  و حزبی ھێنراوەتە ھەرێم ھەر لە ساڵی ١٩٩٤ی شەڕی ناوخۆی ی.ن.ک و پ.د.ک و گوڕینی باڵانسی ھێز لە “قەوارەی ھەرێم” بە فشاری دەرەکی، ھەر ئەم دەوڵەتە لە دیسانەوە بانگھێشت کراوە بۆ ناکۆکیی سیاسیی نێوان پ.د.ک و پ.ک.ک لە ١٩٩٣ تا ئێستا، کە ٢٠٢٠ـە و لە ئۆپراسیۆنی چنگی ھەڵۆی سوپای تورکیا لە حەفتانینە و بە قووڵیی زیاتر لە ١٥کم ھاتووەتە نێو خاکی “قەوارەی ھەرێم” و سەرۆکایەتیی تورکیا لە ٦ی تەمموزی ٢٠٢٠ دانی بەوەدا نا کە ٣٦ بارەگای سەربازیی لە ھەرێمدا ھەیە و ھەموویان لە سنووری دھۆک و ھەولێری پایتەختی “قەوارە”کەن! ئەمە لە ڕووی ڕاستەقینەی مەترسیی سەربازیی ئەنکەرەیە بۆ سەر ئێستا و ئاییندەی قەوارەکە. لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان سێ ساڵ لە شەڕی دژ بە داعش ٢٠١٥-٢٠١٧ جەنگا، سوپای تورکیا بە ھانایەوە نەھات و لەو مەترسییە نەیپاراست.


لە ڕووی کاری سیخوڕی و تەراتێنی میتی تورکیا لە زۆنی “قەوارەی ھەرێم”، لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەمساڵ چەتینەر چەتین کە ڕۆژنامەنووسێکی تورکە ئاشکرای کرد، ١٦ بارەگای ئەمنی و سەربازیی وڵاتەکەی لە ھەرێمدا ھەن، کوشتن و بۆردوومانەکانیش بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، سەلمێنەرن! ھەروەھا سەرچاوە سەربازییەکانی ھەرێمی کوردستانیش ڕایانگەیاندووە کە  تورکیا تەنیا لە ساڵانی ٢٠١٦ ،٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩دا (٣٩٨) جار بە فڕۆکە بۆردوومان و ھێرشی کردووەتە سەر ھەرێم! و زیاتر لە ٢٠ ھاووڵاتیی مەدەنیی کوژراون ‌و (٤٢٥) جاریش لە ڕێی تۆپخانەوە بۆردوومانی ھەرێمی کردووە.


ئەمە نموونەیەکی کەمە لە زۆرێک بۆ پێشڕەوی و دەستگرتنی سەربازی و ھەواڵگریی تورکیا بۆ ناو “قەوارەی ھەرێم”، کە خودی کەمینەیەکی سیاسی و حزبی و دەسەڵاتدار “مەترسیی ئانی و دوورخایەن بۆ سەر قەوارەی ھەرێم” دروست دەکەن، لە پێناوی مانەوە و ئامانجی تاریک، کە سپۆنسەرێکی نەوتیی ٥٠ ساڵی لەگەڵ تورکیا پشتیەتی کە لە ساڵی ٢٠١٣ کراوە.


ھەرچی ئێرانیشە، کەمتری نەکردووە لە جووڵەی سەربازی و ئەمنی بۆ مەترسیدارکردنی قەوارەی ھەرێم  و لە ٢٩ ساڵی ڕابردوەوە تا ئێستا ٤١ ھاونیشتیمانی بە بۆردوومان و تۆپبارانی ئێران کوژراون و زیانی ماددیی زۆریان بە دێھاتەکان گەیاندووە! بەبێ ئیزن وەرگرتن پێشێلی سەروەریی ھەرێم دەکرێت! لە کاتێکدا نێوانی ھەرێم و ئێران لە ڕووی سیاسی و بازرگانییەوە باشە، کەناڵی دیپلۆماسیی کراوە و نوێنەرایەتی ھەیە، بەڵام دیسانەوە حکومەت و دەسەڵاتدارانی ھەرێم جگە لە “ئیدانەی شەرمنانە” ھێزی دیکەی نییە.


بۆ نیشاندانی مەترسیی عێراقیش، خودی قەوارەکە لە دوای ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ـەوە، خراوەتەوە خزمەتی یەکپارچەیی عێراق و بە دەستی بژاردەیەکی سیاسی و دەسەڵاتدار، بیانووی بە لەشکرکێشیی بەغدا داوەتەوە و ھەرچی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و نەوتی و دارایی ھەیە، لەسەر سەرکێشییەکی ھەڵەی کوشندە، بە ئاسانی خراوەتە بەردەم بێویژدانیی سیاسیی عێراق! بۆیە ھەڕەشەکانی بەغدا بۆ سەر قەوارەکە تووندتر و مەترسیداتر بوونەتەوە و ئەوانەی بەم دۆخەشیان گەیاند، ھەر ئەوانەن کە مەترسیی “قەوارەکەی ھەرێم” گەورە دەکەن و نمایشی پەرۆشیی پاراستنی “قەوارەکە” دەکەن، پێشتریش لە سەردەمی عێراقی دیکتاتۆریدا، سوپاکەی بانگھێشتی ئەم قەوارەیە کرا کە تەمەنی تەنیا ٥ ساڵ بوو کە بە ڕووداوی ٣١ی ئاب دەناسرێت.


مەترسیی ڕاستەقینەی قەوارەی ھەرێمی کوردستان، ئەو واقیعەیە کە ھەرێم، وەک پارچە کوردستانییەکانی دیکەی دابەشکراو بەسەر تورکیا، ئێران، سوریا لە ڕێککەوتننامەی سایکس بیکۆی ١٩١٦ی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیاوە ھاتووەتە ئاراوە، کە ھەمیشە خاکی و سنووری سیاسی و جوگرافیاکەی کوردستان، گۆڕەپانێکی لەبارکراوە بۆ ئاشووب و ئاڵۆزیی سیاسی و سەربازی و چەکداری، بۆیە کورد و دزەکەی “مەترسی”ـی ھاوبەشی، تاران، ئەنکەرە، بەغدا و دیمەشقە، بەڵام ھێشتا کورد نەیتوانیوە مەترسیی ھاوبەشی نێوان پارچە دابەشکراوەکان پێناسە بکات بۆ سەر دۆزەکەی خۆی، لانیکەم ھێڵی سووری مەترسیی بۆ سەر خۆی وەک نەتەوە و خاک بکێشێت و کوردانە مەترسییەکی ھاوبەشی لە بەرامبەر مەترسیدارەکانی ھاوسێی دابنێت.


لەم ڕوانگەیەوە، قەوارەکەی ھەرێم لە بەشی باشوور، گەمەیەکی دۆڕاوی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماسی و بگرە نەوتییش بە چارەنووسی قەوارەکەیەوە دەکات کە مەترسیی بێفەیکە، بەو پێیەی چوارچێوەیەکی جیاوازی ھەیە و دەیتوانی و دەتوانێت بە بیری سیاسیی باڵاوە، ھێڵی بەرژەوەندیی ھاوبەشی خۆی دیاری بکات، بەڵام ئەوەی دەبینرێت و کراوە، خزمەتکردنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بووە، بۆ بەرژەوەندیی مەترسیی وڵاتانی کورد و خاک بەسەردا دابەشکراو، کە ڕێگەی دووری تورکیا و ئێران و عێراقیشی بۆ ڕەواندنەوەی مەترسیی “کورد” لە لای ئەوان کورت کردووەتەوە و بە نوێنەرایەتیی ئەوانیش شەڕ لە دژی خۆی دەکات!


ھەڵەکانی بەشێک لە سەرکردایەتیی سیاسی و دەسەڵاتدارێتیی ھەرێم، بۆ سەر قەوارەکەی باشوور، ھەم بۆ سەر پرس و دۆزی کورد، زۆرن، بەڵام بە درککردن و ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان، دەتوانێت قۆناغێکی دیکە بچنێت، بەرژەوەندیی ھاوبەشی خۆی بدۆزێتەوە، کە دەکرێت نە شەڕ بێت لەگەڵ ھاوسێکانی، نە شەڕ و نۆکەرییش بێت بۆ نەیارەکانی، نە دژایەتیی ھاونەتەوە و ھاوزمانی خۆی بێت، بەڵکوو پەیوەندیی بازرگانی و ئابووری و نەوتی و سەرمایەگوزاریی “نیشتمانیی” مەرجدار دروست بکات، نەک فەیکی “مەترسی” بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی بچووک کە شەرمەزاری بەرھەم دەھێنێت.