گرنگ
نرخی ئه‌مڕۆ دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستان
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا كه‌سێك بریندار بوو
نرخی‌ نه‌وت گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هات

به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی كۆرۆنا به‌و شێوه‌یه‌ی پاڵپشتیی هه‌ژارانی جیهان ده‌كات

گۆردن بڕاون
پێش 2 هەفتە
ئه‌م بابه‌ته 343 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: ئێرێك بڕگلاف- گۆردن بڕاون-هێڵن كڵاڕك-نگوزی ئۆكۆنجۆ ئیویلا

پێویسته‌ سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جی-20 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ ئه‌نجامبده‌ن، تا بگه‌نه‌ ڕێكه‌وتنێك ده‌رباره‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌كی جیهانیی به‌هێز‌و ڕێكخراوتر بۆ قه‌یرانی په‌تای كۆرۆنا. هه‌رچه‌نده‌ جێبه‌جێ كردنی ڕێكاره‌كانی كه‌ره‌نتینه‌‌و داخستنی شوێنه‌ گشتییه‌كان له‌ زۆربه‌ی وڵاتان كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا نه‌بێَت، ژماره‌ی حاڵه‌ته‌ نوێیه‌كانی توشبوون به‌ كۆرۆنا له‌ جیهاندا نه‌گه‌شته‌ به‌رزترین ئاست، به‌ڵام زیانه‌ ئابوورییه‌ وێرانكه‌ره‌كانی قه‌یرانی كۆرۆنا به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌‌و ناوه‌ندی بڵاوبوونه‌وه‌ی نوێی نه‌خۆشییه‌كه‌ش له‌ وڵاته‌ تازه‌پێگه‌شتووه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌.
له‌ ڕاستیدا جیهان به‌ قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێت، چوونكه‌ زۆربه‌ی وڵاته‌ هه‌ژاره‌كانی ئه‌فریقا‌و ئاسیا‌و ئه‌مریكای لاتین دوچاری پشێوییه‌كی ئابووری‌و ته‌ندروستی بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ پێویستی به‌ چاره‌سه‌رێكی په‌له‌‌و ده‌ستبه‌جێیه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ كۆمه‌ڵێك له‌ ئابوورییه‌ ئاست ناوه‌نده‌كانیش پێویستیان به‌ هاوكارییه‌، كۆی ئه‌و وڵاتانه‌ش، نزیكه‌ی 70%ی دانیشتوانی جیهان‌و یه‌ك له‌سه‌ر سێی تێكڕای داهاتی ناوخۆیی جیهانی پێكده‌هێنن.
له‌ مانگ‌و ساڵانی داهاتووشدا پێویستییه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌ زۆر زیاتر ده‌بێت. به‌جۆرێك ڕێكخراوی كاری نێوده‌وڵه‌تی پێشبینی ده‌كات، كه‌ له‌ چاره‌كی دووه‌می ساڵی 2020دا، كاتژمێره‌كانی كاركردن له‌ جیهاندا به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ پێش قه‌یرانی كۆرۆرنادا نزیكه‌ی 10.5% داده‌به‌زێت. شایه‌نی باسه‌ بۆ یه‌كه‌م جاریش له‌م سه‌ده‌یه‌دا تێكڕای هه‌ژاری له‌ جیهاندا به‌رزده‌بێته‌وه‌.
له‌ڕاستیدا ئه‌م سستییه‌ ئابوورییه‌ی جیهان هه‌وڵی سێ ده‌یه‌ له‌ باشكردنی ئاستی بژێوی به‌هه‌ده‌ر ده‌بات. به‌پێی یه‌كێك له‌ خه‌مڵاندنه‌كانیش، ڕه‌نگه‌ ئه‌و دۆخه‌ نزیكه‌ی 420 – 580 ملیۆن كه‌س له‌ جیهاندا بخاته‌ باری هه‌ژارییه‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، پڕۆگرامی خۆراكی جیهانی ئاگاداركردنه‌وه‌ی داوه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ قه‌یرانی كۆڤید-19 ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی گیرۆده‌ی برسێتین بۆ 265 ملیۆن كه‌س زیاد بكات، واتا ڕێژه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ دوو هێنده‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
هه‌روه‌ها قه‌یرانه‌كه‌ بۆته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گه‌وره‌ترین دۆخی نائاسایی خوێندن، كه‌ تا ئێستا بینیبێتمان، به‌جۆرێك 1.7 ملیار خوێندكار، واتا 90%ی گشت خوێندكارانی جیهان، به‌هۆی ڕێكاره‌كانی داخستنه‌وه‌ ناچاربوون له‌ قوتابخانه‌كان داببڕێن/ ڕه‌نگه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ژاره‌كان زۆربه‌شیان چیتر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر خوێندن. ملیۆنان منداڵیش له‌وانه‌ی ئێستا ناتوانن ژه‌مه‌ خۆراكی قوتابخانه‌ به‌ده‌ست بهێنن دوچاری برسێتی بوونه‌ته‌وه‌، هاوكات ئه‌و حكومه‌تانه‌ی له‌ قه‌یرانی داراییدان ناچارن ئاستی هاریكارییه‌كانیان بۆ كه‌رتی په‌روه‌رده‌‌و فێركردن داببه‌زێنن.
هه‌تا به‌سه‌ر ئه‌م پشێوییه‌ له‌ ناكاوه‌ی ته‌ندروستی جیهانیدا سه‌رنه‌كه‌وین، دۆخی پشێوی ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی جیهانی-ش كۆتایی نایه‌ت. بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته‌ له‌گشت وڵاتانی جیهاندا به‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ته‌ندروستییه‌دا زاڵ ببین.
ئێمه‌ پێشوازی له‌و كۆمه‌كانه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی لوتكه‌كه‌ی 4/ ئایار بۆ په‌ره‌پێدانی پێكوته‌‌و ده‌ستنیشانكردن‌و چاره‌سه‌ری كۆرۆنادا گه‌شته‌ 8 ملیار دۆلار. هاوكات داوا له‌ حكومه‌ت‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ ده‌ستبه‌جێ كۆمه‌ك‌و هاوكاری له‌و جۆره‌ پێشكه‌ش بكه‌ن. به‌ڵام جگه‌ له‌وانه‌ زۆر كاری دیكه‌ش هه‌یه‌، پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێن.
له‌ ڕاستیدا هه‌ماهه‌نگی جیهانیی گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت له‌ په‌ره‌پێدان‌و به‌رهه‌مهێنان‌و دابه‌شكردنێكی یه‌كسانی هه‌ر پێكوته‌یه‌كی داهێنراو له‌ داهاتوودا. هاوكات ئه‌و جۆره‌ پێكوتانه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهان به‌گشتی به‌رده‌ست بێت‌و به‌بێ به‌رامبه‌ریش ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
به‌هه‌مان شێوه‌، پێویسته‌ توانای تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌رباره‌ی كۆڤید-19 پته‌و بكرێت‌و له‌سه‌ر ئاستێكی زۆر فراوانتر بڵاوبكرێته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، هاوكارییه‌ پته‌وه‌ سنوربڕه‌كان پێویستییه‌كی بنه‌ڕه‌تییه‌ بۆ زیادكردنی خستنه‌ڕووی پێداویستییه‌ پزیشكییه‌كان له‌ جیهاندا. هه‌روه‌ها وڵاته‌ تازه‌پێگه‌شتوه‌كانیش بۆ بونیادنانی سستم‌و توانا ته‌ندروستییه‌كان‌و باشكردنی تۆڕه‌كانی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی پێویستیان به‌ هاوكارییه‌. پێویستیشه‌ وڵاتانی جی-20 پاڵپشتی ئه‌و بانگه‌وازه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ن، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ پاراستنی په‌نابه‌ر‌و ئاواره‌‌و گشت ئه‌وانه‌ی پشت به‌ هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان ده‌به‌ستن.
شایه‌نی باسه‌ وه‌ك ڕه‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ئه‌و داڕمانه‌ ئابووری‌و داراییه‌ جیاوازه‌ی له‌ زۆرێك له‌ ئابوورییه‌ تازه‌پێگه‌شتووه‌كاندا ده‌ركه‌وتووه‌، زیاد له‌ 100 وڵات بۆ داواكردنی هاوكاری په‌نایان بردۆته‌ به‌ر سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، له‌ ڕاستیدا مایه‌ی شه‌رمه‌ ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ زیاد بكات. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو ده‌ڵێت، ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌دا پێویستیان به‌ 2.5 تریلیۆن دۆلاره‌، به‌ڵام ته‌نها به‌شێكی زۆر كه‌می ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ ته‌رخان كراوه‌.
بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشوازی له‌و نیازه‌ باشه‌ی نێو پلانی كاری وڵاتانی جی-20 بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی كۆڤید-19 ده‌كه‌ین، به‌ڵام هاوكات پێویستیشه‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان كاری زیاتر ئه‌نجام بده‌ن.
یه‌كه‌م، ده‌بێت ئاستی لێخۆشبوون له‌ قه‌رزی 76 ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامی دامه‌زراوه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ په‌ره‌پێدان به‌شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌یی تا ساڵی 2021 زیاد بكرێت، به‌جۆرێك قه‌رزی خاوه‌ن قه‌رزه‌ دوولایه‌نه‌كان‌و كه‌رتی تایبه‌تیش بگرێته‌وه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، پێویسته‌ قه‌رزده‌ره‌ فره‌ لایه‌نه‌كان بیسه‌لمێنن، كه‌ قه‌رزی نوێ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رنا پێویسته‌ لێخۆشبوون بۆ قه‌رزه‌كانیان ده‌ربكه‌ن. چوونكه‌ كاته‌كه‌ به‌ڕاده‌یه‌ك خێرا تێده‌په‌ڕێت، كه‌ ڕێگه‌ نادات چاوه‌ڕوانی قه‌رزده‌ره‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت بكه‌ین، تا خۆویستانه‌ له‌ قه‌رزه‌كانیان خۆش ببن، بۆیه‌ دۆخه‌كه‌ وا ده‌خوازێت، بیر له‌ ڕه‌وتێكی نوێی پابه‌ندكردن بكه‌ینه‌وه‌.
له‌و میانه‌یه‌شدا، زیاد له‌ ده‌ ئابووری تازه‌پێگه‌شتوو له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا توشی كێشه‌ی دانه‌وه‌ی قیستی قه‌رزه‌كانیان ده‌بنه‌وه‌. بۆیه‌ ئێستا پێویسته‌ سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان خۆی ئاماده‌ بكات.
دووه‌م، پێویسته‌ وڵاتانی جی-20 ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پێشكه‌ش كردنی هاریكاری داواكراو به‌ بڕی 2.5 تریلیۆن دۆلار ده‌رببڕن. بۆ ئه‌م كاره‌ش ده‌بێت سندوقی نێوده‌وڵه‌تی دراو، بانكی نێوده‌وڵه‌تی‌و بانكه‌ هه‌رێمییه‌كانی په‌ره‌پێدان ئاستی قه‌رز‌و پێدانی قه‌رزه‌كان به‌رزبكه‌نه‌وه‌، هاوكات بانكه‌ فره‌لایه‌نه‌كانیش ده‌بێت قه‌رزه‌ شایسته‌كان له‌ ماوه‌ی 18 مانگی داهاتودا له‌ 500 ملیار دۆلاره‌وه‌ بۆ 650-700 ملیار زیاد بكه‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه‌ بشیانه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، ئه‌وا ده‌بێت كار بكه‌ن بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ده‌رامه‌تی زیاتر‌و ڕێگه‌دان به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی زیاتری سه‌رمایه‌كانیان.
هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێویستیان به‌ ده‌ركردنی شه‌پۆلێكی نوێی مافی ڕاكێشانی تایبه‌ت هه‌یه‌ (ئه‌و به‌ها یه‌ده‌گه‌ جیهانییانه‌یه‌، كه‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی دراو ده‌ریده‌كات)، هاوكات پێویسته‌ هاریكارییه‌ نوێ‌و به‌كارنه‌هاتووه‌كانیش بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر پێویستیان پێیه‌تی بگوێزرێته‌وه‌. هه‌روه‌ها ده‌كرێت ئه‌م ده‌كردنه‌ نوێیه‌ی مافی ڕاكێشانی تایبه‌ت بگاته‌ 600 ملیار دۆلار، تا ساڵی 2022-ش بگه‌یه‌نترێته‌ زیاتر له‌ یه‌ك ترلیۆن دۆلار. هاوكات پێویسته‌ وڵاتانی جی-20 پاڵپشتی سیاسیی پێویست بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و ڕێكارانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن‌و كاره‌ هونه‌رییه‌ پێویسته‌كانیش له‌ ئه‌ستۆ بگرن، تا بتوانرێت ڕاسته‌خۆ دوای گه‌شتن به‌ڕێكه‌وتن ده‌ست بكرێت به‌  جێبه‌جێكردنی ئه‌و كارانه‌.
له‌ قۆناغی یه‌كه‌می قه‌یرانی كۆڤید-19دا، جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌سته‌به‌ركردنی نه‌ختینه‌‌و پاراستنی كار‌و وه‌به‌رهێنانه‌ به‌په‌له‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی بوو. به‌ڵام ئێستا به‌و پێیه‌ی سیاسه‌تمه‌داران هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئابووری جیهانی بۆ ئه‌و ئاستی گه‌شه‌یه‌ی پێش قه‌یرانه‌كه‌ ده‌ده‌ن، بۆیه‌ هه‌ماهه‌نگی دارایی‌و نه‌ختینه‌یی به‌هێز بنه‌مایه‌كی زۆر گرنگه‌.
له‌ڕاستیدا پێویسته‌ حكومه‌ته‌كانیش گه‌شه‌ی جیهانیی بكه‌نه‌ ئامانج‌و به‌هه‌مان گرنگی هه‌ڵئاوسانی ئابووری وڵاته‌كانیان ته‌ماشای بكه‌ن. پێویستیشه‌ وه‌به‌رهێنانی سه‌وز به‌شێكی هاندانه‌كه‌ بێـت، هاوكات ده‌بێت حكومه‌ته‌كان گرنگی به‌و پڕۆژانه‌ی ژێرخانی بنه‌ڕه‌تی بده‌ن، كه‌ به‌رده‌وامیی گه‌شه‌سه‌ندن به‌هێز ده‌كه‌ن‌و به‌ره‌نگاری گۆڕانی كه‌ش‌و هه‌واش ده‌بنه‌وه‌.
بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌ نیشتیمانییه‌كان داهاته‌ پێویسته‌كانیان زیاد ببێت، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی جیهان له‌سه‌ر ستراتیجییه‌كی هه‌ماهه‌نگ ڕێبكه‌ون، بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ی، كه‌ جیهان له‌ په‌ناگه‌كانی باجدا له‌ده‌ستی ده‌دات. ده‌بێت ده‌وڵه‌ته‌كان ڕاسته‌خۆ ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كانی باج بكه‌ن، په‌رده‌ی نهێنیش له‌سه‌ر خاوه‌ن‌و خه‌زێنه‌كانی سپارده‌ هه‌ڵبماڵن، سزای ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ش بدرێت، كه‌ پابه‌ند نین‌و جێبه‌جێكردنی بنه‌ما چه‌سپاوه‌كان ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.
له‌ڕاستیدا قه‌یرانی كۆڤید-19 زه‌نگێكی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ بۆ جیهان، تا فره‌ییه‌كی نوێ‌و كاراتر‌و ئاماده‌ بۆ یه‌خه‌گیرییه‌كانی سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌ك بونیادبنێت. ئێستا پێویسته‌ ژێرخانی ته‌ندروستی‌و دارایی جیهان پته‌وبكرێت، هه‌روه‌ها به‌ش به‌ش ئه‌و ژێرخانه‌ ڕێكبخرێته‌وه‌، تا ئاماده‌ بین‌و بتوانین به‌خێرایی‌و له‌سه‌ر ئاستێكی فراوان به‌ره‌نگاری قه‌یرانه‌كانی ئاینده‌ ببینه‌وه‌. به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌وڵی زیاتری وڵاتانی جی-20 بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و سستییه‌ی له‌ ئه‌نجامی قه‌یرانی كۆرۆناوه‌ هاتۆته‌ ئاراوه‌‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌ژارانی جیهان، یارمه‌تی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجانه‌ ده‌دات. بۆیه‌ ده‌بێت سه‌ركرده‌كانی جی-20 هه‌رچی پێویسته‌ بۆ دۆخی ئێستا ئه‌نجامی بده‌ن.

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure