گرنگ
لیرەی توركی و تمەنی ئێرانی دابەزینی گەورەیان تۆماركرد
به‌ڤیدیۆ... په‌رله‌مانتارێكی‌ عێراقی‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕی‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی‌ كوشتنی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ له‌ ئه‌مریكا
بەوێنە؛ رووداوێكی هاتوچۆ لە سلێمانی روویدا

نارسیزم لە دونیای ئێمەدا

مەریوان قانع
پێش 3 هەفتە
ئه‌م بابه‌ته 214 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

 

خۆشەویستیی ھێزێکی ناوەکیی گەورەی مرۆڤە و لەگەڵ خۆیدا ئەگەری گۆڕان و دەسکاریکردنی دونیا دەھێنێت، دەتوانێت مرۆڤەکان بەیەکەوە کۆبکاتەوە، یەکیانبخات، ھاریکاریی و پێکەوەبوونی ئارامیان لە نێواندا گەورە بکات، وابکات لە دەوری یەکترو و لە دەوری پرۆژە و مەسەلەیەکی ھاوبەش، کۆببنەوە، وەک ھەردوو نووسەر ھارت و نێگری دەڵێن، Hardt and Negri، خۆشەویستیی ”ھێزێکە بۆ گۆڕینی جیھان“ و بۆ ”دروستکردنی مرۆڤایەتییەکی نوێ“. بەبێ خۆشەویستیی ھەموومان ”شتێک نین“، ”ھیچین“ و لە بۆشاییەکی گەورەدا دەژین، لای ئەم دوو نووسەرە خۆشەویستی شتێکە دەکەوێتە دەرەوەی ”ئیمپراتۆریەت“ەوە، دەرەوەی ئەو ھێزە گەورانەوە ئەمڕۆکە جیھان بەڕێوەدەبەن، ھێزگەلێک کە نەک لە ڕوانگەی خۆشەویستییەوە بۆ جیھان ناجوڵێن، بەڵکو لە دۆخی تێکدان و وێرانکردنی جیھاندان، ئەم نەفیکردن و دەرکردنەی خۆشەویستییە وایلێدەکات ھێزێکبێت بتوانێت بۆ دروستکردنی دونیایەکی نوێ و بۆ وێناکردنی جیھانێکی کۆمەڵایەتیی جیاواز، ھاریکاری مرۆڤ بێت.

بەبۆچوونی من یەکێک لەو شتانەی کە ئەمڕۆ ھەم ئێمە و ھەم بەشێکی گەورەی جیھان پێویستیی پێیەتی ئەوەیە خۆشەویستیی بکرێت بە یەکێک لە چەمکە سیاسییە سەرەکییەکان، ببێت بە ڕەگەزێکی گرنگ و سەرەکیی ناو سیاسەت وەک چالاکیی و ناو سیاسەت وەک ھێزێک بۆ داڕشتنەوەیەکی تازەی جیھان. بەبێ خۆشەویستیی سیاسەت دەبێت بە ھێزێکی شەڕانگێز، بێگومان ھیچ سیاسەتێک تەنھا لەسەر خۆشەویستی ناژیی، وەکچۆن بەدیوی ئەودیویشدا تەنھا لەسەر ڕق و ترساندن و شەڕانگێزییش ناژیی. سیاسەت زۆرجار چالاکییەکی ئاڵۆزە، ھەمیشە شوێنێک بۆ توڕەیی، وەڕسیی، ترس لە سیاسەتدا ھەیە و ئەمەش وایلێدەکات ببێت بە چالاکییەکی ئاڵۆز، بەڵام بەتاڵکردنەوەی سیاسەت لە خۆشەویستیی وادەکات لە جەنگێکی بەردەوامدابێت لەگەڵ ژیاندا. 

لەناو چەمکەکانی ھاوڕێیەتی، ھاریکاریی، کاری پێکەوەیی دا، کە ھەموویان چەمکی ھێجگار گرنگی ناو ژیانی مرۆڤن، شتێک لە خۆشەویستیان تێدایە.  بەڵام ئەم پەیوەندییانە بەر لەوەی ببنە بنەمای گۆڕان و دەسکاریکردنی جیھان، پێویستە ببنە بنەمای گۆڕانی بکەرەکان خۆیان، ئەوانەی بەنیازن و دەیانەوێت ئەو دونیایە بگۆڕن. ئەمەش دیسانەوە پرۆسەیەکی گشتیی تەواو ئاڵۆز و فرەلایەنە. لەو دیوی ئەو ڕوانینە سادەوەیە کە پێیوایە سەرەتا پێویستە ھەموومان ببین بە مرۆڤی عاشق، یان بە مرۆڤێک خۆشەویستیی ھەستی ھەرە باڵادەستبێت لەلای، ئینجا دوای ئەوە ھەوڵی گۆڕانی دونیا بدەین. لەکاتێکدا مەسەلەکە زۆر لەو ڕیزبەندییە سادەیە ئاڵۆزترە و ھەردوو گۆڕانکارییەکە، گۆڕانی خود خۆی و گۆڕانی جیھان، بەشی جیاوازی ناو یەک پرۆسەی مێژووین و ھەردووکیان لەناو ھەمان کردەدا ڕووئەدەن.

بەڵام چەمکی خۆشەویستیی بۆئەوەی چەمکێکی بەرھەمھێن و ئینسانیی بێت، دەبێت لە دووشت داببڕێت. یەکەمیان داببڕێت مانا ڕۆمانسیی و سوفییەکەی. دووھەمیان لە نارسیزم. خۆشەویستیی بە مانا ڕۆمانسیی و سوفییەکەی مانای ”یەکگرتن“ و ”توانەوە لەناو یەکدا“ دەگەیەنێت، لە کاتێکدا ئەو خۆشەویستییەی من باسیدەکەم تەواو پێچەوانەی ئەم دۆخی توانەوە و یەکگرتنەیە، بەڵکو دۆخی ڕێزگرتنە لە جیاوازیی و لە فرەیی و لە لەیەکنەچوون. ئەوەی من باسیدەکەم خۆشەویستییە بە مانای کۆبوونەوە و پێکەوەبوون و ھاریکاریی،  لەپاڵ ھەموو جیاوازییەکاندا، نەک بە تواناوە لەناویەکدا. خۆشەویستییە لەپاڵ پاراستنی پلورالبوونی جیھان و پلورالبوونی ژیان و پلورالیبوونی مرۆڤبووندا.

نارسیزمیش بیمارییەکی کوشندەیە، نارسیزم بە مانای خودئەڤینیی. ئەوەی ئەمڕۆ لە دونیای ئێمەدا بە ئاشکرا ئامادەیە نارسیزمە لە فۆرمە ھەرە نەخۆش و بیمارەکەیدا. خودئەڤینییەک لەسەرێکەوە مرۆڤ بەرەو داخران و چەمانەوە بەسەر خود خۆی و بەسەر ئارەزو و وەھم و خورافەتەکانیدا دەبات، لە سەرێکی دیکەوە دەیکات نەیار و نادۆستی ھەموو ئەوانی تر و ئەوانەی لە خۆی ناچن . ئەم فۆرمە لە خۆشەویستیی نارسیستانە فۆرمێکی تەواو گەندەڵیی خۆشەویستییە و لەدونیای ئێمەدا فۆرمێکی ھێجگار تایبەتی ئەو دۆخی گەندەڵییە بەرفراوانەیە کە لەئارادایە. لەم نارسیزمەدا خودێک ئامادەیە کە خۆی بە موتڵەقکردوە لەبەرامبەر ھەموو ئەوانیتردا، خۆی وەک ئایدیالێک وێنادەکات کە دونیای دەرەوەی ئەو ئایدیالە بۆ دونیایەکی پیس و بێمانا و گەمژانە کورتدەکاتەوە.

نارسیزم لێرەدا جۆرێکە لە منپەرستیی، دینێکی تایبەتە لەسەر بە نەزان و ناپاک و خائین و بەدفەڕکردنی ئەوانیتر کاردەکات. خودێکی خۆ بە پاڵەوان و بە موتڵەقاکراوی وەھمی دەخاتە شوێنی ھەموو مرۆڤەکانی تر. بەمەش ھەموو کردەیەکی پێکەوەبوونی تەندروست و ھەموو توانایەک بۆ ھاریکاریی و ھەموو ھەستێک بۆ ھاودەردیی دەشێوێنێت. لەدوا وێستگەدا شوێنێک بۆ کردەی مێژوویی ناھێڵێتەوە. ئەو ڕقە گەورەیەی لە ناوەندی سیاسیی و ڕۆشنبیریی ئێمەدا ھەیە، بەرھەمی ئەم خودپەرستیی و خودئەڤینییە پاسۆلۆژییە بیمارەیە، دەرەنجامی ئەم فۆرمە گەندەڵەی خۆشەویستییە، ڕێگری سەرەکیی بەردەمی ھەر کردەیەکی مێژوویی و ئینسانیی بەسەمەریشە.

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure