X
ئ|
بورهان شێخ ڕەئوف

ترەمپ گورزێکی گورچکبڕی لە دیموکراسی ئەمریکی دا

بورهان شێخ ڕەئوف

 

ساڵی ٢٠١٦ ئەو کاتەی ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵبژێرا  ئەو کات وتارێکم نووسی لە ژێر ناونیشانی (بوومەلەرزەی ترەمپ)، لە ڕاستیدا بوومەلەرزەیەک بوو  بەر ئەمریکا کەوت. چوار ساڵی فەرمانڕەوایی ترەمپ بینیمان چی بە سیستم و دامەزراوەکانی ئەمریکا و جیھانیش کرد. لە چەندین ڕێککەوتننامەی گرنگی نێودەوڵەتی کشایەوە، لە ھەموویان گرنکتر و ھەستیارتر ڕێککەوتننامەی کەشوھەوای پاریس بوو.

وا ئێستاش پێچەوانەی ھەموو عورفو یاسا کانی ھەڵبژاردنی ئەمریکا دان بە دۆڕانەکەی لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دا نانێت کە لە ٣/١١/٢٠٢٠  بەڕێوەچوو، سەرەڕای ئەوەی ھەموو تانەو ڕەخنەکانی لە لایەن داداگای تایبتمەندەکانی وڵاتەوە ڕەتکرانەوە. دواتریش ھەردوو ئەنجومەنی کۆنگرێس و پیران  دانیان نا بە ئاکامی ھەڵبژاردنەکان و جۆبایدنی وەکو سەرۆکی نوێ ناسی.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێڕامان بوو لێدوان و تویتەکانی ترەمپ بوو کە بە تەنیا دەیگووت ساختە کراوە لە ھەڵبژاردنەکاندا. بە دەنگدەرەکانی دەگووت دەنگەکانتان دزرا و تاکار گەیشتە ئەوەی بانگەواز بۆ لایەنگرانی بکات کە ڕۆَژی  ٦/١/٢٠٢١  کۆبوونەوەی کۆنگرێس و پیران بۆ ڕاستاندنی ئاکامی ھەڵبژاردنەکان لە بەردەم (کابیتۆل ھێڵ) کۆببنەوە و ناڕەزایەتی دەرببڕن.

ھەرئەوەش بوو وایکرد ڕۆژنامەی (نیویورک تایمز) ی بەناوبانگی ئەمریکا لە سەروتارەکەیدا  ئۆباڵی ئەو ئاژاوە و توندو تیژییەی کە لە (کابیتۆڵ ھێڵ) ڕوویدا بخەنە ئەستۆی سەرۆک ترەمپ. لە کاتێکدا سەرۆک پارەێزەری دەستورو ئاسایشی وڵاتە، کە چی خۆی ھەموو ئەوانەی خستە مەترسییەوە.

چی ڕوویدا لە کابیتۆڵ ھێڵ؟
ئەوەی بینرا بە بەرچاوی ھەموو میدیاکانەوە ھاندان بۆ توندوتیژی و ئاژاوە و و پەلاماردانی تەلار و  تێکشکانی دەرگا و پەنجەرەکان و ھێرشکردنە سەر پاسەوانەکان و بەرزکردنەوەی ئاڵای ( ۆنفیدریت)، واتە  جیابوونەوە و ناچارکردنی ھەموو ئامادەبووان کە ئەو ئاڵاو دروشمانە بەرز بکەنەوە و ھاواریان دەکرد بۆ پشتیوانی ترەمپ و دژی ئەنجامە فەرمی و  شەرعیەکانی  ھەڵبژاردنی سەرۆک جۆزیف بایدن بوون.

لە ئاکامی ئەم کردەوە ئاژاوەگێڕیانەدا (٤) کەس بوونە قوربانی کە یەکێکیان ژن بوو. ئەندامانی کۆنگریس گوێزرانەوە بۆ شوێنێکی ئارام. دەیان پارچە  تەقەمەنی لەناو (کابیۆڵ ھێڵ) دۆزرانەوە. زۆربەی ناوەندەکانی حوکمڕانی لە ولایەتەکانی ئەمریکا لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە داخران. ھەموو ئەمانە بە ھاندانی ترەمپ بوو، کە ئاژاوایەکی گەورەی نایەوە کە ئاشتەوایی  وڵات و یەکڕیزی و سەروەری  نیشتمانی  خستە مەترسیەوە. جگە لەوەی شکۆ و ناوبانگی دیموکراسی دێرینی ئەمریکای خستە ژێرپرسیارەوە، لە کاتێکدا دیموکراسی ئەمریکا وەکو سیمبوڵ و نموونەی باڵا لە جیھاندا دەھاتە ئەژماردن، بەڵام ترەمپ وەکو سەرۆکە دکتاتۆر و کودەتاچیەکانی ئەفریقیا و ئاسیا ڕەفتاری نواند.

بەڵام ئەوەی دڵخۆشکەربوو دامودازەگا دیموکراسیەکانی ئەمریکا شکستیان بەو  سەرکێشیەی ترەمپ ھێناو تەنانەت زۆرێک لە ئەندامانی حزبەکەی خۆی بەتایبەتی جێگری سەرۆک (مایک بینس)، دژی وەستایەوە و ڕێگریان کرد لە زیاتر تەشەنەکردنی ئاژاوەکان و بانگگردنی پاسەوانی نیشتمانی ئەمریکا بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و وەدەرنانی ئاژاوەگێڕان لە تەلاری (کابیتاڵ  ھێڵ)، تەنانەت ئێستا باس لەوەش دەکرێت کە ئەو چەند ڕۆژە کەمەی  ماوەی سەرۆکایەتیەکەی  ترەمپ کە ماوە لە کاربخرێت و جێگری سەرۆک دەستەڵاتەکانی  بگرێتە دەست.

ھەرچەندە لە دوای ھەموو ئەو ئاژاوە و ڕووداوانە ترەمپ وتی کە لە ٢٠/١/٢٠٢١ بە ئاشتی دەستاودەستی دەستەڵات دەکرێت، بەڵام ٦/١/٢٠٢١ وەکو ڕۆژێکی ڕەش  چووە مێژووی ئەمریکاوە و ئەو پرسیارە لەلای خەڵکی ئەمریکا و چاودێرانی دۆخەکە دەخوڵقێنێت ئایا بە کۆتایی ھاتنی ترەمپ کۆتایی  بە لێکترازان دێت؟

یان کۆمارییەکان واز لە وتاری ترەمپ دەھێنن کە پەلاماردانی دیموکراسی ئەمریکایە یان بەرژەوەندی ئەمریکا دەخەنە سەروی بەرژەوەندییە حزبیەکانەوە؟