X
ئ|
د. سه‌ردار عه‌زیز

لە دایکبونی خەڵك

د. سه‌ردار عه‌زیز

دوو ڕوداو لە ماوەی ڕابوردودا، ڕەنگە، موژدەی ئەوەمان پێبدەن کە خەریکە خەڵک لە کوردستان لە دایک دەبێت. لە ڕوانگەی ئایدیالی دیموکراسییەوە، دەبێت دەسەڵات بۆ خەڵک بێت. بەڵام فەیلەسوفی ئیتالی جۆرجیو ئەگامبین، بڕوای وەهایە کە دەوڵەی مۆدێرن، ئەدیمۆسی بەرهەمهێناوە. پیتی a لە زمانی لاتینیدا وەک پێشگرێک کاتێک لە پێش هەر وشەیەک یان ناوێکەوە دێت ئەوا بەتاڵی دەکاتەوە. بۆ نمونە ئەسۆشیال یانی کەسێک کە لە ڕوی کۆمەڵایەتیەوە کێشەی هەیە، یان کردارێکی ناکۆمەڵایەتی. دەکرێت ئە بە نا-ی کوردی وەربگێڕین. بەم پێیە دەوڵەتی مۆدرێن لە میانەی سەروەریی و شەڕی ناوخۆیدا خەڵک دەکاتە ناخەڵک.

خەڵك، نەک هەر لە کوردستان بەڵکو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەکتەرێکی سیاسی نین. دوو ڕوداو لە کوردستان ڕەنگە موژدەی ئەوەمان بدەنێ کە ئێمە بتوانین لە ناخەڵکەوە بگوێزینەوە بۆ خەڵک وەک ئەکتەرێکی سیاسی.

ڕوداوی یەکەم، ئەو فشارەی خەڵکە لە بەرامبەر ئەو ناحەقییەی بەرامبەر ڕۆژنامەنوسانکرا، بە سزادانیان بە بەندکردن و پۆلێنکردنیان وەک سیخوڕ. دەبێت ئەم ڕوادوە ببێت بە بنەمای کۆتاییهێنان بە پۆلێنکاریی سیخوڕ، بەبێ بنەما، لە مامەڵەی سیاسیدا. هەروەها زەمینەسازان بۆ ئازادی و ئازادی ڕادەربڕین.

دووەم، لابردنی ناوی ئیسلامی لە ناوی کۆمەڵ وەک حیزبێکی سیاسی. ڕەهەندی خەڵك لێرەدا ئەوەیە کە، کۆمەڵ بۆ ئەوەی خەڵك لە خۆی رازیبکات، ئامادەیە گۆڕانکاری لە ناوی خۆیدا بکات. بە گشتی حیزبە چەکدارەکان لە کوردستان، یان دەوڵەتانی ناوچەکە، لە بڕی ئەوەی هەوڵبدەن خەڵک لە خۆیان ڕازی بکەن، هەوڵی ئەوەدەدەن کە خەڵك ناچاربکەن بە قبوڵکردنیان.

ئەم دوو دیاردەیە، دیاردەی پۆزەتیفن، دەبێت کاری زیاتری لە سەر بکەین.