X
ئ|
عەتا كەریم

تیرۆری داد، كوشتنی ویژدان

عەتا كەریم

كەيسەكانی كوشتنی ویداد حسێن لە دهۆك و رفاندن و تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان و سۆران عومەر، هەروەها دەستدرێژیكردنەسەر كچێكی حەوت ساڵان و هتد... و زۆری دیكەیش، وایان لە دەسەڵاتی دادوەریی كرد كە تەرازووی دادپەروەرییەكی لاسەنگ بكات، ئەم لاسەنگیەی دەسەڵاتی دادوەریی هۆكاریی لەقبوونی دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی كوردستان.

دیسانەوە كەیسی 5 رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان (شیروان شێروانی، شڤان سەعید، هاریوان عیسا، ئەیاز كەرەم، گوهدار محەمەد)و حوكمدانی پێشوەختەی سەرۆك وەزیران لە كابینەی 9و تۆمەتباركردنیان بە "سیخوڕیكردن"، رێژەی بێی دادیی دەسەڵاتی دادوەریی هەڵكشان و بێمتمانەیی ئەو دەسەڵاتەی لەلای هاونیشتمانیان داكشاند.

بەكورتی مامەڵەكردنی ئەمجۆرە دادوەرییە لەگەڵ ئەو كەیسانەی كە بەدڵی زۆرێك لە دەسەڵاتداران نییە، دەسەڵاتی دادوەریی بۆ دەچەپێندرێ، روونتر ئەوەیە كە چوارچێوەیەكی یاسایی بۆ سیناریۆیەكی پێشوەختەی پیلان بۆداندراو دروستدەكرێت و لەو بازنەیەدا تۆماتباری پی دادگایی دەكرێت.

زۆربەی هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان، باوەڕو متمانەیان نەك بە دەسەڵاتی دادوەریی لەق بووە، بەڵكو متمانەیەیان بە سیستمی حوكمڕانی ئەم قۆناغەی بەڕێوەبردنیش نەماوە، بەرێوەبردنێك كە نەتوانێت ژیان و نان و ئارامی و ئازادی و ئارامی دەستەبەر بكات، ئەوا لەق و كەوتووە و تەنیا "كات و دەرفەت" چاوەروانیەكە بۆ سوپرایزێك درێژ دەكاتەوە!! كە رەنگە دڵخواز نەبێت.

دەستوەردان لە دەسەڵاتی دادوەریی ئەو كارەساتە دەخوڵقێنێت كە بەر لە هەرشتێك خودی دەسەڵاتەكە بێ ئەرزش دەكات و كارەكە لە دادپەروەرییەوە دەگۆڕێت بۆ نادادپەروەری، لە داكۆكی لە خاوەن مافەوە دەگۆڕێت بۆ مافخواردن! لە پشتیوانی زوڵملیكراوەوە  دەگۆڕێت بۆ پاراستنی زاڵم!.

دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێم كە بەم جۆرە گرفتارییەوە دادوەریی بكات، ئەوا خودی سروشتی دەسەڵاتەكە و پیشەوەریش پێچەوانە دەبێتەوە، كە دەسەڵاتی دادوەریی دادپەروەریی نابێت و دادوەریش كاری دادوەریی نابێت و سەروەریش سەروەر نابێت، كە لەناو ئەم دەسەڵاتە دادوەرییەشدا زۆرێك لە پارێزەر و دادوەر هەن كە خەمی یاسا و پیشەكەیان، بەڵام بیركردنەوەی كەسی بەسەر ئەم دەسەڵاتەدا بۆ بەرژەوەندی بچوكتر لە دادەوەریی بە كاراكتەرێكی نادادپەروەر لە دەسەڵاتی داد دا جێبەجێ دەكرێت، ئەوا كۆی دەسەڵاتەكە و كاراكتەرە یاسایی و دادوەرییەكان بە نادادییەكەوە رەنگ دەكات، لێرەوە ئەركی كاراكتەرە یاسایی و دادوەرییەكان دەستپێدەكات كە لاسەنگی تەرازووی داد راست بكەنەوە.

ئەم دەستوەردان و كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی دادوەرییە و نمونە زۆرەكانی نادادپەروەریی لەكەیسە بەلاڕێدا براوەكان لە هەرێمدا كەرەسەتەی سەلمێنەرن بۆ (بێدادی، دەستوەردان، لەدەستدانی شكۆ و سەروەریی یاسا)، كە شۆرشێكی مەدەنی سەرهەڵبدات بۆ رزگاركردنی دەسەڵاتی دادوەریی و دامەزراوەكان بە ئاراستەی دروستكردنی دامەزراوەی سەربەخۆی دادوەریی، ئەگەر نا دەبێت بەر لەهەموان پارێزەر و یاساناس و دادگەرەكان باجەكەی بدەن، كە لە ئێستاوە بێمتمانەیی هەنگاوی یەكەمی باجدانی ئەوانە.

وانەكان روونن كە بۆچی كەیسی تیرۆری رۆژنامەنوس و چالاكوانان بە ئەنجام ناگەن و تاوانباران ونن، كە پشتراستی ئەو وتەزایە دەكاتەوە كە دەڵێت:" لە هەرتاوانێكدا ، ئەگەر تاوانبار دیار نەبوو، ئەوا دەسەڵاتی لە پشتە".