X
بەهمەن تاهیر نەریمان

پشت کۆچکردن

بەهمەن تاهیر نەریمان

 

کۆچکردن لە زەوییەک کە نیشتمانتە، زێدتە، ڕاستەوخۆ و بە پەلە دروستنابێت، پرۆسەیەکە و پلەپلە لەناوەوە لە خاک دادەبڕێیت. ئەم دابڕانە لە ناوەوە دێت و بە دەرەوە کۆتایی دێت. پەیوەندییە ڕۆحییەکەی ناوەوە توشی داخوران و ڕزین دەبێت، پەیوەندییە دەرەکییەکەش ئەمە بەرچاو دەخات و هەموومان دەیبینین.

ترسناکترین جۆری دابڕینی تاک لە نیشتمان ئەو لێکترازانەیە لەسەر دەستی دەسەڵاتی خۆیی بەدەستدێت. عەرەباندن، بەبەعسیکردن، بەتورککردن و بە فارسکردن لەلایەن ئەوی ترەوە، زۆر کات، پەیوندیی کورد و نیشتمانەکەی بەهێزترکردووە، چونکە دژەتێزی بەرهەمهێناوەتەوە. بەڵام شکستی دەسەڵاتی کوردی، ئەم دابڕانەی زۆر خێرا کرد، بەشێوەیەک ئەوی تر نەیار؛ هەرگیز بەو کاتە کەمە بۆی نەدەکرا!

هەرەسی پەیوەندییە ناوەکییەکە لەخۆوە دروستنابێت، کێشە دەرەکییەکان (بێکاری، برسێتی، نەبونی ئاسایش، نەبونی داد، یاخیبوون، چاولێکەریی... )، هەندێک سەرچاوەی کۆچی بەکۆمەڵن، بەڵام نەبوونی ئازادیی، زیاتر کۆچی تاک دروستدەکات، کۆچی بەکۆمەڵی گەنجان بەرەو تاراوگە، کۆچی بێکار و برسیی و بێئومێد و ناڕازی و ئەوانەن بە دوای بەهەشتی ونبوودا وێڵن.

گرفتەڕۆحییەکە بێئومێدبوونە، بێئموێدبونی خەڵک لەو دۆخەی نیشتمانەکەی تێی کەوتووە و بەردەوامە، بیئومێدی لە باشبوونی دۆخی خراپ و باری لاری هاوڵاتیان. بێئومێدی لەوەی ئایندەی خۆی وەک تونێلێک دێتەپێش چاو، ئەوسەری دیارنییە. بێئومێدبوون دابڕانە ڕۆحییەکەی نێوان تاک و خاک خێراتر دەکات.

بەرانبەر هەموو ئەو نادادییانەی لەناو نیشتماندا تووشی خەڵک بوون، یاخییەکان گەنجە هەرە ناڕازییەکانن، ئەو گەنجانەی هەر لەناو خۆیاندا خۆیان ناخۆنەوە، بەڵکو یاخیدەبن و دەنگ هەڵدەبڕن و هاواردەکەن، هەر ئەو یاخییانە هەمیشە دەبنە بۆمبی تەقینەوەی ناڕەزاییەکان. هەر ئەو یاخییانەش توڕەیی خۆیان دەردەخەن و دەبنە سەرئێشە بۆ دەسەڵاتە بێباکەکە.

دەسەڵاتیش بیرلە خاڵییکردنەوەی ئەو تووڕەییانە دەکاتەوە. زۆرجار بە کڕینی سەرەکیترین دەنگە یاخییەکان، دەنگ و هەراکە کپدەکاتەوە. جاری واش هەیە ئەم یاخیانە دەستدەدەنە تفەنگ و چەخماخەی شۆڕش. ئێستا زۆرێک لەو یاخیانە کۆچدەکەن. دەسەڵات ئالێرەوە دڵی بەو کۆچەیان خۆشە، کۆچ لەم ساتەدا دەبێتە خەفەکەری دەرگای نرکەی تووڕەیی و کۆچ جۆرێکە لە دڵنیایی مانەوەی دەسەڵاتە بێباکەکە لە کێشە قووڵەکانی خەڵک. کۆچ ڕەوینەوەی خەمی تەقینەوەی بوخاری توڕەیی خەڵکە لەو دەسەڵاتەی خەڵک ناچێت دەنگ بە دەسەڵاتدارو بێدەسەڵاتی حزبەکانیش بدات. کۆچ لێرەوە ڕەحمەتە بۆ دەسەڵات و هیچ باکی نییە، با کۆچ ببێت، کۆچی ئەوانە کۆچی تووڕەیی و یاخییەکانە. کۆچی لاوازکردنی بەرەی خەڵک و بەهێزکردنی بەرەی دەسەڵاتە.

سەرکێشی و چاولێکەریی دوو خەسڵەتی تری گەنجن، زوو کاریگەردەبن و لاسیی دەکەنەوە، لاسیی دەکەنەوە بۆ ئەوەی ببن بەوی تر، سەرکێشی دەکەن بۆ ئەوەی بوونی خۆیان بسەلمێنن، بۆ ئەوەی وەک پاڵەوان باسبکرێن، سەرکێشی دەکەن بۆ ئەوەی وەک یاخییەک دەربکەون. بۆیە حەزکردن بە سەرکێشیی و لاسایکردنەوە دوو هۆکاری سایکۆلۆژیی گەنجانەن، بۆیە دوو پاڵنەری گرنگیشن.

وێنەی ئەوروپا، لای زۆر لەو گەنجانەی ڕێی هاتونەهاتی هەندەران، وەک وێنەی بەهەشتێک تێکنەچووە و هەر ماوە. لێرە، سۆسیال-میدیا هاریکارە بۆ ئەوەی ئەوروپا وەک بووکیی دەقنەشکاو بمێنێتەوە نازبکات. ئەوێ لە ئێستاشدا وێنەی ئازادییە و ئەو حەزانەی لە کوردستان قەدەغەن لەوێ تێردەبن.

خاڵی لێکچوونی لەنێوان کەسێکی جیهادی و کۆچکەرێکدا بریتییە لە کۆچ لە شوێنی حەرامکراو و قەدەغە بۆ شوێن و کاتی حەڵاڵ و زوڵاڵ و ڕێپێدراو. وەک چۆن کەسێکی جیهادیی، لای وایە شەهیدبوون دەیگەیەنێت بە پەرییەکانی بەهەشت، لای هەندێک لەو گەنجانە پێیان وایە کۆچ دەیانگەیەنێت بە بەهەشتی تێرکردنی ئەنگێزەکانیان. ئەو گەنجانەی پارەدارن و کۆچدەکەن، ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەو بیرکردنەوە جیهادییە بێت: ئەگەر لێرە پەیوەندییە سۆزدارییەکان قەدەغەبێت، لەوێ بەشێکە لە ئازادی و بەشێکە لە مافەکان، لێرە ئەگەر ڕێپێنەدراوبێت، لەوێ ئاساییە.(وەهمێکە و هیچی تر، ئەم وەهمەش لە وەهمی گەڕان بەدوای بەهەشتی ونبوەوە سەرچاوەی گرتووە!). بەهەشتی ونبوش مرۆڤ دەمێکە بەداوی وێڵە و نایگاتێ.

لە کۆچی وەک ئەم کۆچە بۆ هەندەران، نە خوا وەتەن ئاوادەکات، نە خاکی زێڕو زیو دەمێنێتەوە و نە ئاویشی کەوسەر!