X
ئەبوبەکر عەلی

پێچەوانەبوونەوەی ترسناکی ئاماژەکان

ئەبوبەکر عەلی

 

دیمەنی بەکۆمەڵی کۆچبەرانی کوردستانی باشور لەسەر سنورەکانی پۆڵەندا، جگە لە ڕووە سۆزداری و ئینسانی و ناخھەژێنەکەی، جارێکی تر، بەڵام بەجۆرێکی جیاوازو خەمھێنەر، ھەرێمی کوردستان و کوردی کردەوە ڕۆژەڤی سیاسەت و میدیای جیھان و بەتایبەتیش خۆرئاوا.

بۆیە دەشڵێم جیاوازو خەمھێنەر، چونکە ئەگەر کۆڕەوی کوردی باشور لە سەرەتای نەوەدەکاندا، بووبێتە سەرچاوەی لالێکردنەوەی جیھانی و سەرنج ڕاکێشانی ناوەندە جیھانییەکان و چەندین دەوڵەت و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مەرگەسات و چەوساندنەوەی مێژوویی کوردی ئەم پارچەی کوردستان بەدەست ڕژێمە سەرکوتکەرەکان و لەوانەش بەعسەوە، ھەروەھا ھاوسۆزییە مرۆییەکە لەگەڵ گەلی دەربەدەرکراوی کوردستان، دەرھاویشتەی سیاسی   بە قازانجی مەسەلەی کوردستانی لێکەوتبێتەوە، وەك مەسەلەی گەل و نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و سەرکوتکراو و پەلاماردراوی خۆرھەڵاتی ناوەراست، بەکردەوەش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ھێنابێتە سەر خەت بۆ دروستکردنی نەوای ئارام، کەبووە سەرەتاو زەمینە سازکەر بۆ ھاتنەکایەی ھەرێمی کوردستان، ئەوا کۆچی بەکۆمەڵی ئەمجارەیان بەتەواوی پێچەوانەی ئەو  ئاماژەو ئەرك و وێنایەیە؟! لەکاتێکیشدا کۆچی بەشێکی دیاریکراو لە دانیشتووانی ھەرێمە، بەڵام لە ھەندێ ڕوەوە، کاریگەری کۆڕەی ھەیە.

 بەحوکمی تێپەڕاندنی دۆخی کۆچکردنی تاکەکەسی و گروپیی بچوك و تێکەڵبوونی مەسەلەکە بە ململانێی نێوان دەوڵەتان و وێناکردنی وەك کارەساتێکی مرۆیی خەمناك. کۆڕەوی یەکەم مرۆڤ و گەلی کوردستانی وەك قوربانی دەستی ڕژێمێکی داپڵۆسێنەر نیشانی جیھان دا، خۆرئاواش وەك ھاوسۆزی مرۆیی و ڕێگرتن لە شاڵاوی پەنابەران و کارتی فشار بەسەر ڕژێمەوە، دروستکردنی نواو پەنای حەسانەوەی بە بەرژەوەندی خۆی دەزانی، ئەوەشی لەبیربوو کە جەنگی خۆی دژ بە ڕژێم ڕۆڵی لەم ئاوارەکردنەدا ھەبووە. لە کاتێکدا کۆچی بەکۆمەڵی ئەمجارە وا وێنا دەکرێت؛ ڕاکردنە لە ژێر گەندەڵی و بێکاری و ناعەدالەتی و ھەست بە ترس لە سایەی دەسەڵاتێکی خۆماڵی کوردیدا؟! پەیامی یەکجار خراپیشی لەگەڵ خۆیدا ھەڵگرتووە،

لەوانەش:

١- لاوازبوونی زیاتری شەرعیەتی نێودەوڵەتی ھەرێمی کوردستان و کەمبوونەوەی پشتیوانیە نێودەوڵەتیەکەی. بەحوکمی ڕەچاونەکردنی پێوەرەکان و ژێرپێدانی بەھاکان و نەبوونی دەوڵەت و ھێزی تر بۆ چاولێپۆشینی ھەلپەرستانەی خۆرئاوا.

٢- وێناکردنی وەك ھەرێمێکی شکستخواردوو لە ڕووی ئابوری و سیاسیەوە، کە توانای چارەسەری کێشەکانی نیەو بەشێکی بەرچاو لە خەڵکەکەی و بەتایبەتیش لاوان، ئاسۆیەکی ڕوون بۆ خۆیان نابینن.
٣- وێناکردنی ھەرێم وەك دورگەیەك بۆ سنوردارکردنی  ئازادی و ڕەچاونەکردنی پێوەرەکانی ئازادی ڕادەربڕین و ھەڵسورانی مەدەنی.

٤- وێناکردنی ھەرێم وەك ئۆردوگاو مەڵبەندێکی زۆرلێکرد و ناعەدالەتی و گەندەڵی خراپ سودلێوەرگرتنی توانا ئابورییەکان لەلایەن دوو پارت و بنەماڵەی سیاسیەوە.
٥- پاشەکشەی زیاتری پرسی کوردو متمانە بە ناسیۆنالیزمی کوردی لەوەی بتوانێت جێگرەوەیەکی دیموکراسیترو دادپەروەرتر بۆ ڕژێمە باڵادەستەکانی ناوچەکە پێشکەش بکات.

 ڕەنگە ھەندێك لەم نێوەندەدا بڵێن؛ خودی ئەم ڕووداوە وا لە خۆرئاواو ئەوروپا دەکات، لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ڕێگری لە شاڵاوی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان، ئاوڕێکی زیاتر لە ھەرێمی کوردستان بدەنەوە، بۆئەوەی بتوانێت بەسەر کێشەکانیدا زاڵبێت و بارە ئابوریەکەی باشتر بکات و ڕێگە لە کۆچی بەکۆمەڵی گەنجەکانی بگرێت؟ ئەو گێڕانەوەش لە حکومەتی ھەرێم و نوخبەی حوکمڕان قبوڵ بکات کە دەڵێت: بەغدا سەرچاوەی کێشەکانە؟ بەڵام لەگەڵ بوونی ھەندێك لۆژیك لەم بۆچونەدا، چەندین ھۆکار ھەن ڕێگرن لەوەی شتێکی لەم جۆرە بە شێوەك ڕووبدات، کاریگەری بەسەر دۆخەکەوە دیار بێت، لەوانەش:

١- نائومێدبوونی خۆرئاوا لە نوخبەی دەسەڵاتداری ھەرێم لەوەی توانای چاکسازی جددی مابێت؟
٢- ئاگاداربوونی دەوڵەتانی خۆرئاوا بە واقیعی ھەرێم و قەبارەی گەندەڵی و خراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکان و چۆنێتی بەکارھێنانی دادگاکان و مامەڵەکردن لەگەڵ مەلەفی چەك و پارە.

٣- زانیاری و قەناعەتیان دەربارەی قوڵیی ناکۆکی و بوغزە سیاسییەکان و قورسیی پرۆسەی گەلسازی و دروستکردنی ناسنامەیەکی نیشتیمانیی ھاوبەش و بیناکردنەوەی ھەرێمێکی بەھێزو یەکگرتوو.
٤- ناڕەزایەتیان لە جۆری مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان و ئەو کێشانەی بۆ ئازادی ڕادەربڕین و بەشداری مەدەنی، بەتایبەتیش لە بادیناندا ھاتۆتە پێشێ کە ھاوکات بوونی لەگەڵ ئەم کۆچە بەکۆمەڵەدا، قەوارەی زیانگەیاندنی بە ناوبانگی ھەرێم چەند قات کردەوە.

ھەموو ئەوە پێمان دەڵێت: ئەوەی دەیبینین بەشێکە لە دەرھاویشتەی کێشە کەڵەکەبووەکان، ئەگەر دۆخەکەش بەم جۆرەی ئێستا درێژە بکێشێت، ناکۆکی و گەندەڵی و ناعەدالەتی و قەیرانەکان بەم جۆرەی ئێستا بەردەوام بن، دەبێت بترسین لەوەی، سەری لە ڕووخانی قەوارەی ھەرێم و گەورەترین کارەساتی مێژوویی نەتەوەیی نوێمانەوە دەربچێت. چونکە بەدەستی خۆمان کەرەسەی ئیدانەکردن و پاساوی ھەڵوەشاندنەوەو چەقۆی سەربڕینمان داوەتە دەست دوژمنەکانمان، ئەوانەی بوونی ھەرێمی کوردستان بۆتە مۆتەکەی سەرسنگیان و بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ کۆتایی پێھێنانی.

کارەساتیش ئەوەیە، ئەگەرێکی لەو جۆرە بەرەنجامی شکستی نێوخۆییمان بێت، نەك ھێزو چنگاڵی خوێناوی ئەوان، بەحوکمی ئەوەی سوێکەی قوڵترو ھەڵسانەوەش قورستر دەکات.

وا چاکە لەو پەیامەش تێبگەین کە ھەرێم، لە قەراغی مەرگی ئەخلاقی و مەعنەوی خۆیدایە؟ جا نازانین ھیچ سەرکردەو نوخبەیەك ھەیە لەم پەیامە تێبگاو ڕایچڵەکێنێت، یاخود ئەزموونی دوایەمین خەلیفەی عەبباسی لەبەردەم شاڵاوی مەغۆلەکان دووبارە.