X
ئارام حاجی

یەکڕیزی چییە و چۆن دروست دەبێت؟

ئارام حاجی

ململانێ یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار هەر لە سەرەتای پرسەکەوە وابەستەی ئەوەکرا، کە پێویستە ماڵی کوردی یەکڕیز بچێتە بەغداد بۆ یەکلاکردنەوەو بەدەستهێنانی ئەو پۆستەو بوونە بەشێک لە هاوبەشی سیاسی نیشتمانی.
 
لەیەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەم یەکڕیزییە بەبایکۆتی یەکێتی وەڵامدرایەوەو بەئەندامێتی پارتی بۆ هاوپەیمانێتی ڕزگاری نیشتمان جێکەوت.

ئایا یەکڕیزی و تێکدانی یەکڕیزی وابەستەی هەڵوێستی ئەم حزب یان ئەوی دیکەیە؟

یان لەدەرەوەی هەڵوێستە حزبییەکان شتێکی دیکەیە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەمە دەبێت بپرسین:
یەکڕیزی خۆی چییە؟ تا بکرێت لەڕێی هەڵوێستە حزبییەکانەوە تەعریف کرێت!

بێگومان یەکڕیزی وابەستەی ئەو پێکهاتنە حکومیی و سیاسییە هاوبەشەی ناوەندی فدرالە، کە بنەمای دەستوریی و دداننان بە هاوبەشی سیاسی نیشتمانی هەیە و بەرلەم قۆناغە بە تەوافق جێکەوتووەو تیایدا پشکپشکێنە پیادەکراوەو بە شکست لە پیادەکردنی دەسەڵاتدا جێکەوت و دۆخەکەی گەیاند بە هەڵبژاردنی پێشوەختەو هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەیەکی نوێ کە توانای تێپەڕاندنی ئەو مۆدێلەی هەبێت و ئێستا باس لە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی نە خۆرهەڵاتی و نە خۆرئاوایی دەکرێت و مەعلوم نییە کە چۆنەو تا چەنێک وابەستەی ئەو پێناسە دەستوریی و هاوبەشییەیە، کە پێشتر کراوە بۆ سستمی سیاسی.

کەواتە ئێمە:
ڕستێک لە پڕەنسیپی نەتەوەیی و نیشتمانیمان هەیە وەک پێوەر بۆ ناساندنی یەکڕیزی.

ڕستێک بنەماو ئەحکامی دەستوریمان هەیە بۆ ناساندنی سستمی سیاسی.

ڕستێک هەڵوێستی حزبیمان هەیە بۆ جێکەوتن یا نەکەوتنی یەکڕیزی.

مۆدێلێکی شکستخواردوو بانگەشەی مۆدێلێکی دیکەش بۆ پیادەکردن.

دەسەڵاتێکی ئیئتلافی حزبی نەریتی هەرێم وەک بەشێک لەو هاوبەشییە.
 
ڕستێک ئیشکالییەتی دەستوری بۆ ناساندنی دەسەڵاتە فدرالییەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێم و دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوانیان و دەسەڵاتە لامەرکەزییە کارگێڕییەکانی پارێزگاکان.

قەوارەیەکی دەستوریی و دامەزراوە نادەستورییەکانی.

ئەوە تێگەشتن و هەڵکردن و چارەسەری ئەمانەیە کە یەکڕیزی دەناسێنێت نەک ڕێککەوتنی هێزولایەنەکان.
 
بۆیە هەرکات گوتاری سیاسی هەرهێزولایەنێکی سیاسی وەڵامدانەوەی بەم ئەحکامانە لەخۆگرتبوو ئەوا دەکرێت حوکمی ئەوەی لەبارەوە بدرێت، کە ئەوە ئەوە لە خەمی پێکهێنان و پاراستنی یەکڕیزیدایە نەک بەبێ ڕەچاوکردنی ئەو ئەحکامانە بووبێتە بەشێک لە هاوپەیمانێتییەک، کە نەخۆی توانای ناساندنی ئەو بانگەشەیەی هەیە کەدەیکات و نە ئەو هێزەی هەرێمیش کە بۆتە بەشێک لێی دەزانێت چیەو تاچەند وابەستەی بنەما دەستوریی و هاوبەشییە سیاسییەکەی ناوەندەو نە لە ئەندامێتیشیدا ڕەچاوی ئەو وابەستە فدرالییەی هەرێمی کردووە کە دەبێت بیپارێزێت.

ئەمەیە کە توانای پێکهێنان و پاراستنی یەکڕیزی نییەو ئەمەیە کە لە دەرەوەی ڕەچاوکردنی ئەو ئەحکامانە پێناسەی یەکڕیزی دەکات و لەهەڵوێستە نەرێنییە حزبییەکانی خۆیەوە دەیبینێت.

 نەک ئەوەی کە گوتاری سیاسییەکەی هەڵوێستەی لەسەر دەکات و بەبێ دەستەبەرکردنی گرەنتیەکانی پاراستنی ئەحکامەکانی و چارەسەرکردنی ئیشکالییەتەکانی داوای پێکهێنان و پاراستنی دەکات.