گرنگ
به‌ڤیدیۆ..توركیا چركه‌ساتی بۆردومانه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنووری عێراقی بڵاوكرده‌وه‌
رۆحانی: سه‌دام حسێن به‌نیازی ئه‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسیداره‌ بوو
بڕیارێكی نوێ لەوەزارەتی داراییەوە

فەرهەنگ

پێکەنین لە پەراوێزی تووڕەییدا

08/12/2019

خوێندنەوەیەکی شیکاری بۆ فیلمی جۆکەر

 سەرنج: ئەگەر بە نیازیت سەیری فیلمەکە بکەیت؛ ئەوا ئەم خوێندنەوەیە سپۆیڵە

هاوار نەسرەدین
ناوی فیلم : Joker گەپجاڕ
ساڵی بەرهەمهێنان: 2019

 کورتەی چیرۆکی فیلمەکە: ئارسەرفلێک نەخۆشیی دەروونیی هەیە، هاوکات هەوڵ دەدات ببێتە گەپجاڕ «ئەکتەری کۆمیدی» و کارەکەی خۆشدەوێ. بەڵام کۆمەڵگە لەبەر ئەوەی بە دەست نەخۆشییەکی گەورەوە دەناڵێنێت، پێچەوانەی خواستی ئارسەرە. بۆیە هیچ کەسێک بە جوڵە و قسەکانی ئەو پێناکەنێ، چەندین جار سوکایەتیی پێ دەکرێت و دەکەوێتە پەراوێزەوە. وەک خۆی دەڵێ: ئەوەندە نابینرێ، هەندێک جار هەست دەکات نییە. ئارسەر کەسایەتییەکی تەنیا و بێکەس و ڕەتکراوە و شکستخواردووە، کە چیرۆکی کۆمەڵگە و شارێکی پڕ لە گەندەڵی و پیس دەگێڕێتەوە. بە گوێرەی چیرۆکەکەی ئارسەر؛ بەرپرسان تەنیا کاتی دەنگدان توێژی هەژار و داماوانیان لە بیرە، دواتر پشتگوێ دەخرێن و بایەخیان نییە. ئارسەر لە لایەن هاوکارێکییەوە چەکێکی پێ دەدرێت تا پارێزگاری لە خۆی بکات، بەڵام ئارسەر بۆ کوشتن و دەستپێکی شۆڕشێکی گەورە سودی لێ دەبینێ...
نامۆبوونی کۆمەڵگە ئەنجامە، بەڵام ڕەنگە ئامانجی هیچ سیستمێکی باڵادەست نەبێت. نامۆبوون؛ بێبەشییە لە ژیانی ئاسایی و مافە سروشتی و یاساییەکان. ڕەهەندێکی دیکەی نامۆبوون، بریتییە لە داخرانی ڕێگەی دەربازبوون لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکان... سەرمایەداری؛ یەکێکە لە باڵادەستترین سیستم و مۆدێلە سیاسی و ئابوورییەکانی ڕۆژگاری ئێمە. لە سایەی ئەم سیستمەوە زۆرترینی کۆمەڵگە نامۆ دەبن. مرۆڤ تا سودێکی بۆ سیستم هەبێت، پارێزراو و بەرچاوە. بەڵام هەر کاتێک لە ڕکابەرییەکەدا دۆڕا، وەک پاشماوە فڕێ دەدرێتە دەرەوە و دەکەوێتە پەراوێزەوە. پەراوێزبوون، ناشرینترین جۆری نامۆبوونە. لە پەراوێزەکانەوە شاز و ڕیزپەڕەکان دەردەکەون. جۆکەریش شازە. لە کەس ناچێت و کەس لێی ناچێت. گەپجاڕەکان لەبەر چاو و لەسەر شانۆ دەژین، مانەوەیان بەندە بە پێکەنین و کاردانەوەوە. ئەدی ئەگەر گەپجاڕ بکەوێتە پەراوێزەوە و کەس مەیلی نەبێ گوێی لێ بگرێت و گرنگیی پێ بدا، چی ڕوو دەدا؟
فیلمی جۆکەر یان گەپجاڕ؛ فیلمێکی تاریک و ترسێنەرە، پێویستی بە تەرکیزێکی زۆرە تا لە هێڵە شاراوەکانی تێبگەیت. هەرچەندە هیچ پەردەیەکی ئەوتۆ ناهێڵێتەوە و ڕاشکاوانە ئاماژە بەوە دەکات، کە کۆمەڵگە بە دەست سیستمی سەرمایەدارییەوە چۆن دەناڵێنێت. لێرەدا هونەری دەرهێنەر و ئەکتەرەکان دەردەکەوێت، کە بەو جوانییەوە توانیویانە ڕۆڵەکان بە جۆرێک بگێڕن پەردە لەسەر کۆمەڵێک کێشە هەڵماڵن. بە تایبەت ئەو پێکەنینە سەیرانەی فینیکس کە ڕۆڵی جۆکەر دەگێڕێت. پێکەنینێکە لە نێوان تووڕەیی و پێکەنین. ڕەنگە پێکەنینەکەی مۆنالیزامان بهێنێتەوە یاد! کە بە چاو نیگەرانە و بە دەم پێدەکەنێت.
فێڵێکی سەرەکیی نووسەر و دەرهێنەری ئەم فیلمە ئەوەیە؛ زۆربەی ئەو ڕووداوە سەرەکییانەی لە فیلمەکەدا ڕوو دەدەن، خەیاڵ و وڕێنەی مێشکە نەخۆشەکەی ئارسەرە. لە ڕاستیدا ئارسەر نەخۆشێکە و لە نەخۆشخانەی دەرونیدا خەوێنراوە! هاوکات کچە ڕەشپێستەکە نە ئارسەر دەناسێت و نە خۆشیشی ویستووە، بەڵکوو ئارسەر لە خەیاڵی خۆیدا ئەم چیرۆکە درووست دەکات. ئەو کچە لە دراوسێیەک زیاتر، هیچ پەیوەندییەکی بە ئارسەرەوە نییە. هەروەها مۆرەی فرانکڵین هیچ کاتێک ئارسەر بانگهێشتی بەرنامەکەی ناکات و هیچ کاتێکیش پێی نایەژێ خۆزگە کوڕێکی وەک تۆم هەبوایە. بەڵکوو ئەمە وڕێنەی مێشکە نەخۆشەکەی ئارسەرە کە هیواخوازە باوکێکی وەک فرانکڵینی هەبوایە. نەجوڵانی میلی کاتژمێرەکە نیشاندانی وڕێنەی هەموو چیرۆکەکەیە. هەر جارێک سەعات لە فیلمەکە نیشان دەدرێ میلەکان لەسەر ١١:١٠، کە ئەویش لە دوو کاتی جیاوازدا، بە درێژایی فیلمەکە، نیشان دەدرێت. هۆکاری شکاندنی کاتژمێرەکەی نووسینگەی گەپجاڕانی (ها ها)، ڕەنگە ڕاکێشانی سەرنجی بینەر بێ بۆ ئەم ڕەهەندە. ئەوەی فێڵی دەرهێنەر دەهێڵێتەوە، کۆتا دیمەنی ئارسەرە لە نەخۆشخانەکە. بینەر پەی بەوە نابا کە داخۆ تەواوی فیلمەکە چیرۆکی ڕابردووی ئارسەرە یاخود هەمووی خەیاڵ و وڕێنەی ئەوە؟
***
تەوەری سەرەکیی چیرۆکەکە لەسەر بنەمای درزێکی گەورەی چینایەتی داڕێژداوە. سیستمێکی بێکەڵک و هەلپەرست و گەندەڵ، خەڵکی تا لێواری نهێلیستی و پووچگەرایی بردووە. بە درێژایی فیلمەکە، هەرکاتێک خەڵک نیشان دەدرێ، کۆمەڵێک ڕووخساری ماندوو و پیر و بێتاقەتن. ئەمەیش ئاماژەیە بۆ وەڕسیی خەڵک. خەڵکیی بە دەست دوو شتەوە دەناڵێنن: یەکەمیان ئەو پاشماوەیەیە کە خۆیان فڕێی دەدەن، تەنانەت جوانترین شوێنەکانی شاریشی پیس کردووە. دووەمیان ئەو سیستمە سیاسییەیە کە بووەتە بار بەسەریانەوە. گەپجاڕ، ئەرکی پێکەنینە. لە خۆڕا نییە ڕۆڵی گەپجاڕ بە ئارسەر دراوە. ئەرکی ئارسەر وێنەی ئەرکی پێغەمبەرێکە تا خەڵکەکەی لە مەینەت ڕزگار بکات و دڵخۆشیان بکات. لە ڕاستیدا هەر بۆ ئەوەیش پەروەردە بووە. ئارسەر وەک چیرۆکی پێغەمبەرەکان لە سەرەتاوە شکست دەهێنێت و دەخرێتە پەراوێزی کۆمەڵگەوە تا خەریکە نەخۆشی لە ناوی دەبات، بەڵام چونکە هەلومەرجەکە پێویستی بە چاکسازێک یان پێغەمبەرێکە، ئارسەری گەپجاڕ بە جۆرێکی دیکە ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و سیستمە «فیرعەونییەکە» هەڵدەوەشێنێتەوە.
کاتێک ئارسەر تێهەڵدان دەخوات، هیچ کەسێ بۆی گرنگ نییە، بەڵکوو کاتێ دەیەوێ قسە بکات و سکاڵا بکات، خۆی تۆمەتبار دەکەن. ئەمە ئاماژەیە بۆ نەخۆشیی کۆمەڵگە. کۆمەڵگە بە دەستی دەردێکی بنچینەییەوە دەناڵێنێ، کەچی هاووڵاتییان و کۆمەڵگە تۆمەتبار دەکرێن. وەک ئەو دەربڕینەی کە هەمیشە سیاسییە شکستخواردووەکان پێیان وایە چاکەکارییەکانی سیستم لە سیاسەتمەدارانەوەیە و ئۆباڵی گەندەڵی و دواکەوتوویی لە ئەستۆی کۆمەڵگەدایە. هەروەها کۆمەڵگە لە ناو خۆیدا بە دەست وردە کێشەکانییەوە دەتلێتەوە و باری سەرنجی خەڵک لەسەر کێشە سەرەکییەکان نییە. وزەکانیان دژی یەک بە کار دەهێنن وەک لەوەی کێشەکانی پێ چارەسەر بکەن. ئەمەیش تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی نەخۆش و هەژارە.
سیستمی نوێی بەڕێوەبردن لە جیهاندا وایە، کە تەنیا هەندێک مافی قسەکردنیان هەیە، تەنیا کۆمەڵێک توانای ژیانیان هەیە، هەروەها تەنیا هەندێک دەتوانن تامی ژیان بکەن و خۆشییەکانی تاقی بکەنەوە. ئەوانی تر دەبێ بێدەنگ دانیشن و ببنە کۆیلە و چەنە نەدەن و لەوپەڕی بەدبەختیدا تەنیا هەوڵ بدەن زیندوو بمێننەوە، مەژی و مەمرە... سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکان هەمیشە ژیان و کەسایەتیی خەڵکی ئاساییان لا بێنرخە، لەم فیلمەدا لە زمانی تۆماس وەینەوە کە هەم دەوڵەمەندێکە و هەمیش بەربژێری سەرۆکایەتیی شارەوانییە، خەڵکی تۆمەتبار دەکا بەوەی کە: ڕێی خۆیان ون کردووە و نازانن چی بکەن. خەڵکی هەژار ئیرەیی بە خەڵکی دەوڵەمەند دەبەن و ڕقیان لێیانە، تەنانەت هەژارەکان هێندە لاوازن ڕوویان نییە ڕووخساری خۆیان نیشان بدەن و لە پشت دەمامکەوە ڕقی خۆیان بە دەوڵەمەندەکاندا دەڕێژن. تۆماس، کە نوێنەری سیستمی دەسەڵات و هێزی ئابوورییە، منەت بەسەر کۆمەڵگەدا دەکات و پێی وایە ئەوان پاک و بێگەردن، هاتوون تا هاوکاری و یارمەتیی خەڵکی هەژار بدەن. لە کاتێکدا دواتر تێدەگەین، کە تۆماس وەینی نوێنەری دەسەڵات و هێزی ئابوورییە، بەشێک لەو کێشە و نەگبەتییانەی بۆ ئارسەر -کە نوێنەری خەڵکی هەژارە- درووست کردووە و ژیانی فەوتاندووە.
وەڕسی و ماندووبوون و پووچێتی بە جۆرێک ڕۆ چووەتە ناخی خەڵکەوە، کە خەڵکی لە خۆی نامۆ کردووە. کاتێک ئارسەر دەیەوێ کچێکی بچکۆلە لە ناو پاسێکدا دڵخۆش بکات، دایکی کیژۆڵەکە بە تووندی و تووڕەییەوە ئارسەر تەریق دەکاتەوە. هەستێک، کە هەمیشە لە ناخی زۆربەی مرۆڤەکاندا هەیە ترسە. ترس لە لەدەستدانی ئەوەی هەیانە، ترس لەوەی کە دووبارە کۆمەڵگە سوکایەتییان پێ بکاتەوە و بیانخاتە پەراوێزەوە، ئەم هەستە لە نائاگایی هەر تاکێکدا جێکەوت بووە. دیمەنی پێکەنینەکەی ئارسەر لە ناو پاسەکەدا، یەکێکە لە جوانترین و مانادارترین دیمەنەکانی ئەم فیلمە هەروەها دیمەنێکی تەواو تاریک و ڕەشیشە. چیتر خەڵکی بەرگەی دیمەنێکی جوان ناگرن، پێکەنین لەم سنووەردا قەدەغەیە. ئارسەر کاتێک لەم هەموو تووندوتیژی و نەفرەت و ڕەقییەی کۆمەڵگە ڕادەمێنێت، بە ڕستەیەکی مانادار ناخی تووڕەی هەڵدەڕێژێ: داخۆ تەنیا من کێشەم هەیە یاخود هەموو کۆمەڵگە کێشەیان هەیە؟ دەروونناسەکە پێی دەڵێ: بە داخەوە هەموان. کۆمەڵگەیش وەک ئارسەر بێزار و ناڕەحەت و داماوە، بەردەوام سوکایەتییان پێ دەکرێ، ئەوەی شایەنیانە پێیان نادرێ. وەک ئەو دیالۆگەی کە ئارسەر ئێژێ: بە درێژایی ژیانم تەنیا یەک جاریش دڵخۆش نەبوومە. ئەو گشتاندنەی دەروونناسەکە مانای ئەوەیە کە خەڵکیش لە بارودۆخێکی وادا، بۆ یەک جاریش هەستیان بە دڵخۆشیی ڕاستەقینە نەکردووە.
دیمەنی ناو میترۆکە یەکێکی ترە لە دیمەنە ناوازەکانی فیلمی جۆکەر. کچێکی بێتاوان و بی دەسەڵات، کە سێ گەنج گێچەڵی پێ دەگێڕن. ئارسەریش تەنیا لە کاتی سترێس و فشاری دەرونیدا پێدەکەنێت، پێدەکەنێت و پێدەکەنێت... سێ گەنجەکە لێی نزیک دەبنەوە و تا دەتوانن تێی هەڵدەدەن. خاڵی وەرچەرخانی ئارسەر لێرەوە دەست پێ دەکات و دەیکاتە گەپجاڕ «جۆکەر»، وای لێ دەکات پێویست بکا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت. باشتر وایە بڵێین کە ڕۆڵی خۆی بگۆڕێت، لە پێکەنینەوە بۆ تووڕەیی، لە جیاتی ئەوەی خەڵک بهێنێتە پێکەنین، تاوانباران بە سزا دەگەیەنێت. پێویستە چیتر بێدەنگ نەبێت و چیتر خۆی نەخواتەوە، لێرەوە کاردانەوەی دەبێت. کاردانەوەیەکی زۆر تووندوتیژانەیە، کە کوشتنی سێ گەنجە گێچەڵگرتووەکەیە. هەموو تووڕەییەکەی بە کوشتنیان خاڵی دەکاتەوە. دواتر دەبینین کە ڕاگەیاندن چ ڕۆڵێکی ترسناکی هەیە. سێ کەسی هەرزەی خوێڕی دەگۆڕێت بۆ سێ پیاوی خوێندەواری سەرکەوتوو.
ئارسەری گەپجاڕ لە ناکاو دەبێتە سیمبوولی بزووتنەوەیەکی دژە سەرمایەداری، هەڵبەتە بەبێ خواستی خۆی. تەنانەت بە ڕاشکاوانە دەڵێت: پێت وایە من لیبۆکێک یا گەپجاڕێکم کە بتوانم بزووتنەوەیەکی گەورە ببزوێنم؟ وەک ئەوەی کۆمەڵگە تەنیا چاوەڕێی پەلەپیتکەیەکن و کەسیش ئەو لێهاتوویی و دەرفەتەی نەبووە تا کاتێک ئارسەر خۆی دەنوێنێت. کاتێکیش سەرنجی بەرنامەکەی مۆرەی فرانکلین دەدا، تێدەگا کە فرانکلین تەنیا بۆ ڕابواردن و پێکەنین گرتە ڤیدیۆکەی ئەو نیشان دەدات و تەنانەت کاتێک بانگهێشتی بەرنامەکەیشی دەکا، تەنیا بۆ سوکایەتی و بچووککردنەوەیەتی. بە مانایەکی تر، فرانکلین دەیەوێ ئاراسەر بکاتە برغوویەکی بچکۆلەی ماشێنی ڕاگەیاندن. ڕۆڵی ئەم برغووە، بریتییە لە سووڕانەوەی ئەو ماشێنە زەبەلاحە بۆ ماوەیەک. کە ئەویش پڕکردنەوەی بەرنامە بێکەڵکەکانە لەسەر حسابی خەڵکی داماو. ئارسەریش بە کوشتنی یەکێک لە سیمبوولە بەرچاوەکانی توێژی پارەدار و دەوڵەمەند، بزووتنەوە دژە سەرمایەدارییەکە لە ناو کۆمەڵگەدا زیاتر پەرە پێ دەدات و دەبێتە سیمبوول.
ڕەنگە دوایین دیالۆگی ئارسەر لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەدا، کرۆکی فیلمەکەمان بۆ کورت بکاتەوە: ئارسەر دان بە کوشتنی سێ کەسی تاوانباری هەرزە دەنێت، کە تەنانەت گۆرانییش نازانن. بەڵام لەبەر ئەوەی لە چوارچێوەی سیستمدان و بەشێکن لە ڕاگرتنی ئەو سیستمە خراپە، سیستم و ڕاگەیاندنەکەی بەرگرییان لێ دەکا. خۆ ئەگەر ئارسەر بکوژرایە، یا هەر کەسێکی دی، ئەوا بۆ کەس گرنگ نەدەبوو. هەڵبەتە ئەم دەربڕینە، نزیکە لە دەربڕینی گەپچاڕەوە لە فیلمی The Dark Knightی کریستۆڤەر نۆلانەوە. ئارسەر یان گەپجاڕ بە تووڕەییەوە بە مۆرەی فرانکلین دەڵێ ئێوە داماوێکی پەراوێزخراوتان هێناوەتە بەرچاوی کۆمەڵگەیەک کە وازیان لێ هێناوە، وەک پاشماوە و زبڵ لێی دەنواڕن، تەنیا بۆ گاڵتەپێکردن و پێکەنین ئەم کارە دەکەی. بۆیە ئەوەی شایەنتانە، تەنیا مردنە. ئەوەی شایەنتە کە بە دەستی دەهێنی، هاوکات پاساوێکی ناڕاستەوخۆیشە بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەی بە دەست خراپیی سیستمەوە دەناڵێنن. ئەم دایالۆگە بەردەوامیدانە بەو پرسیارە کۆنەی مێژووی فەلسەفەی سیاسی؛ داخۆ کۆمەڵگە سیستمی سیاسی بەرهەم دەهێنێت یاخود سیستمی سیاسی کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکات؟ کۆمەڵگەی خراپ، سیستمی سیاسیی چاکی لێ دەکەوێتەوە؟ یان سیستمی سیاسیی خراپە، کۆمەڵگەیش خراپ و گەندەڵ دەکات؟
وتووێژی کۆتایی ئارسەر و پزیشکەکەی ڕەنگە دەگمەنترین وتووێژی ئەم فیلمە بێت. گەپچاڕ بە دکتۆرە دەروونییەکە، کە لەوێدا هەم یەکێکە لە خەڵکی ئاسایی و هەمیش بەشێکە لە سیستمی باڵادەست؛ دەڵێ: تۆ لەم یارییە پێکەنیناوییە تێ ناگەی. هەڵبەتە مەبەستی بینەرە، تۆی بینەر ئەگەر بەشێکی لە سیستمی باڵادەست و ئەگەریش بەشێکی لە خەڵکی ئاسایی، ئەگەر تا ئێستا تێنەگەیشتووی، ئەوا هەرگیز تێناگەی.

 

 

س: فەرهەنگی ڕۆژنامەی ئاژانس


ئه‌م بابه‌ته 3772 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure