گرنگ
به‌ڤیدیۆ..توركیا چركه‌ساتی بۆردومانه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنووری عێراقی بڵاوكرده‌وه‌
رۆحانی: سه‌دام حسێن به‌نیازی ئه‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسیداره‌ بوو
بڕیارێكی نوێ لەوەزارەتی داراییەوە

فەرهەنگ

مامۆستا!.. یادداشتێک سەبارەت بە جیهانبینیی مامۆستا برایم ئەحمەد

10/04/2020

سوورێن ئیبراهیم

ڕۆمانی کوردیی (ناویین) لە مامۆستا برایم ئەحمەدەوە دەست پێ دەکات. تاقەنە ڕۆمانەکەى: 'ژانی گەل' و چیرۆکە درێژەکانی: 'کوێرەوەریی، کەرەلۆتیی مەنوچەهر، خازێ، تۆڵەسەندن، لە وڵاتی قارەمانانا' و شیعرەکانی و... سەر بەو ڕێبازەن وا بە ڕیالیزمی سۆشیالیستیی ناودێر کراوە، گەر بمانەوێ وردتر پێناسەی ئەو ڕێبازە بکەینەوە، ئەوا لە ئاستی ئەدەبییاتی کوردییدا گەرەکە بڵێین: 'ڕیالیزمی کەمینەکان'، کەمینەی مرۆیی و زمانیی و کەلتووریی... نازانم دەستەواژەکەم بۆ دۆخی ئەدەبییاتی کوردیی تا چەند فیتە، چونکە بەپێی گواتاریی و دۆڵۆز واژەی ئەدەبیی کەمینە، پێش ئەوەى پەیوەندیی بە ڕێژەوە هەبێ، پەیوەندیی بە جیاوازییەوە هەیە. ژانی گەل هەم هیی کەمینەیەکی نەتەوەیی و نەژادییە، هەمیش هەڵاوێردەیەکی زمانەوانیی.

کەسێتیی شیعریی و ئەدەبیی نێو ئەدەبییاتی کوردیی پێش جیهانبینیی مامۆستا برایم ئەحمەد، تا ڕادەیەکی زۆر ئەو هۆشیارییە پەرەگرتووەى نییە وا بخوازێ وەک جیاوازیی و شووناسێکی نەتەوەیی بپەژرێنرێ، ڕەنگە ئەمە کاریگەریی دەوڵەتی عوسمانیی بێت، کە یەکە و پێکهاتەیەکی بان-نەتەوەییە و ئومەمیی، بوار نادات ئەو هۆشیاریی و ڕاچڵەکینە سەرەتاتکێ بکات. لێ کەسێتی کوردیی لە جیهانبینیی مامۆستا برایم ئەحمەددا سەر بە 'ناڕەسەنێتیی و نانیشتەجێبوون'ـە. کەسێتییەکی زۆڵ کە هیچ ئینتیمایەکی بۆ دەوڵەت نەتەوەی پێکهاتووی پاش دابەشکاریی دەوڵەتی عوسمانیی نییە، ''ئینفساڵییەک، شعووبییەک، ئێرانییەک، داردەستێکی ئیمپریالیزم و کەوشەکوڵکینەیەک و...،'' دەرکراوێکی ڕەگەزیی و ئاینیی و فەرهەنگیی و سیاسیی، لەرزۆکێک، کە نە لە زمانی ئەوانی تردا، نە لە فەرهەنگی ئەوانی تردا، جێی دەبێتەوە. پوازێکە و ناڕێکییەک. خودی مامۆستا تەنانەت تاکوو مرد ناسنامەى ئێراقیی نەبوو. دەیوت ئیمڕۆ دەڵێن ببەوە ئێراقیی، سبەى دێن دەڵێن وەرە ببە بە عەرەبیش! هاوشان کاتێ دەوترێ ڕۆمان بەرهەمی چینی بۆرژوای شارنشینە، ئەمە خۆی سیموبڵیکە. شار، واتە نیشتەجێبوونێکی زمانیی و هێوریی و مافی کەلتووریی. کورد وەک هەبوونێکی کەلتووریی هەڵواسراو بوو!

جوامێری ژانی گەل، هەمان جوان مێهر و مەرد، هەمان نەڕەی سرووشت و ئەو مرۆڤە گەڕۆک و بێشوێنەیە وا لە سنوورە واقعیی و مەجازییەکانی نێوان چوار ستاتۆی دڕکاویی و چەپۆکسالاری مۆدێڕندا خوێن دەدەڵێنێ، هەمان مێیینەیی و ڕەسەنێتیی خاک! چەپێنراوێک کە هەمیشە دەبێ لە پێواردا زڵتەى چاوی بێ، کە نەتەوانی تر پێیان پەشم و نەنگە بێتەوە ڕیزیان، لە مێژووی پەرەگرتنی مرۆڤدا دەڵێن، کاتێ مرۆڤە پەرەسەندووەکان گەڕانەوە و سەروپۆتەڵاکی باوانی ئەفریقایی خۆیان دیت، شەرم و تووڕەیی و قێز تێکڕا وای کرد بکەونە چنگەپۆپانێ و بە تەور و نێزە هەلاهەلایان بکەن، تا نەبنە یادەوەرییەک بۆ هەقیقەت و ڕەسەنێتیی ئەو/خۆیان.

فرۆید لە باسی تراومادا دەیوت، ئەوانەى وا دۆخی دەروونییان پەشۆکاوە و شێواو، لەگوینە لە منداڵیی و ساوایەتییدا تراومایان بەر کەوتبێت. کاتێ لە دۆخی کەسێتییە ئافرێندراوەکانی مامۆستا برایم ئەحمەد ڕادەمێنین، ئەوا بەر کەسێتییەک دەکەوین تێکڕای ژیانی منداڵیی لە ڕاچڵەکین و تراومادا چوارمێخە کێشراوە. هەڵبەت من شتەکە گشتیی دەکەمەوە و مەبەستم کۆهەست و کۆنەست و کۆژینگەى کوردییە، ئەو منداڵە ساوا خەیاڵکراوەى وا هەموو ژیانی ساکان و داڕووخانە. کەسێتییەک کە هێشتانەکێش هەر ئەو ساوا ترساوە هەوڵەقماوەى نێو پانتایی جیهانی بەرهەست و دەرهەستە: شاکەسی جوامێری ژانی گەل و سۆفی هەسەنی کوێرەوەریی و مەنوچەهری کەرەلۆتیی مەنووچەهر و خازێی چیرۆکی خازێ و ژنەى نێو چیرۆکی تۆڵەسەندن و دایکەکەى چیرۆکی لە وڵاتی قارەمانانا، سەرپاکیان هێما بۆ ئەو کەسێتییە دەکەن وا لە سۆنگەى ڕسکانی دۆخێکی داتەپیو و ستەمکارییەوە تێکڕا بوون بە کۆیلەى زەویی و کۆیلەى سەردەست و کۆیلەى جوگرافیا، سا ئەو منداڵەن وا تراوما بەشێکی بنەڕەتی ژینیان پێک دێنێ. برایم ئەحمەد کەسێتییەک پەلکێشی نێو شانۆی ژیان دەکات کە سەدان ساڵە وا لە تاریکییدا، جا بۆیە کەسێتییەکە هاوشان مەرگەسات و بەزمەسات پێک دێنێ، لە تاریکیی هاتووەتە دەرێ و تێکڕا کەڵەکەبوونێکی کەلتووریی و زمانەوانیی و سیاسیی ئەوانی دی بەسەرا دادەبارن و هەلەکەسەمای پێ دەکەن! بۆیەکە گەر دیسانەوە باسی ئەو منداڵە خەیاڵکراوە دەرکراوەی نێو مێژوو بکەم، دەتوانم بڵێم منداڵیکە گۆج، برسیی، کە ئارەزووەکانی تێر نەکراوە و تووشی عوساب هاتووە. ناتوانێ هەنگاو هەڵهێنێ: مێژووی چەپێنراو!

لەو سۆنگەوە واژەی 'مامۆستا'  بۆ برایم ئەحمەد، پێش ئەوەى پێدراوێکی ئەکادیمیک بێ، پێدراوێکی فەرهەنگیی و پلەیەکی هۆشیارییە.

باختین لە باسی فرەدەنگییدا باسی ئەو ڕوانگە و گۆشەنیگایانەى دەکرد وا هەر کەسێتییەو خۆی لێوە دەنوێنێ، ئەو بەمەى دەوت: 'دیموکراتییەتی ڕۆمان'. کاتێ ئەمە لێل جیهانبینیی مامۆستا برایم ئەحمەددا لە بێژنگ دەدەین، ئەوا بەر ئەو جیهانبینییە دەرەحوجرەییە دەکەوین وا چیدی وەگێڕێکی باڵا و هەمووشتزانی نێو پەڕتووکی پیرۆز خۆی لە بنکڵێشەیدا مەڵاس نەداوە، جیهانبینیی کەسێتییەکان ماتریاڵییتر، زەمیینیتر، کەلەپچەکانی دەست و کلیلەکانی زمانیان شکاون... هەڕکاو و شپرز و شپڕێو دەبنە گۆڤانی سەردەمێکی مێژوویی و کەلتووری و ڕامیاریی... تێکڕا گەر بمانەوێ پێناسەى جیهانبینیی مامۆستا برایم ئەحمەد بکەین، دەتوانین دوو خاڵی گرنگی لێوە هەڵێنجین: نواندنەوەى ڕیالیزمی کەمینەکان و شاراندنی ئەدەبییاتی کوردیی. ئەمەش نیشتەجێبوونێکی هەم کاتەکیی و لەشەکیی و شوێنەکییە.

بۆیەکە هەوڵی ڕۆماننووسیی لای مامۆستا برایم ئەحمەد سەرەتا هەوڵێکە بۆ نیشتەجێبوون و پاوەگەزدان بە ڕووی دڕک و نێزەى چەند زمان و دەسەڵاتی تردا. ئەو جیهانبینیی و پێگەیەکی کۆمەڵایەتییش پەرچ دەداتەوە: دووانەى کۆنەپارێزی 'حوجرە و دێوەخان'، چونکە چیدی شوێنێک نین بۆ نیشتەجێبوونی کوردیی. ئەم پرسیارە دەکەم: چۆن دەکرێ خۆت لە دەسەڵاتی کەلتووریی پێشیین داماڵی و دەسەڵاتی  کەلتووریی و ستاتۆ نامۆ دەمامکدارە ڕەشپۆشە تازەکانیش پەرچ بدەیتەوە؟! دامەزراندنی کۆمەڵەى لاوانی کورد و ژێکافی باشوور و پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕۆژنامەى کوردستان و خەبات و دەرکردنی گۆڤاری دیاریی لاوان و ڕزگاریی و 'گەلاوێژ'  و چریکەى کوردستان و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێشەوای کورد، قازیی محەمەد و ڕێبەر ئۆجەلان، دەچنە هەمان خانە، دەڵێن یەکەم ڕەخنەى ئەدەبیی کوردیی لە بن ناوی: سیاپۆش، ئەو لە ڕۆژنامەى ژیان نووسیویەتی، پیرەمێرد پێی وتووە: ''ژیان چاوەڕێی ئەم کوردییە ڕەوانەیە.'' مشتوماڵدانی زمانی شاریی و نیشتەجێبوون و شوناسمەندکردنی کەسێتیی و ماڵی کوردیی: سلێمانیی، نووسەری عەرەب، زوهێر جەزائیریی جارێکیان وتبووی: ''ئێرە مەڵبەندی ڕۆحی کوردەکانە.'' سلێمانیی لێرەدا هێمایە بۆ بووژانەوە و نیشتەجێبوونی ڕۆحی کوردیی.

هەڵهاتن لە کۆچەرێتیی و ڕاڕایی پێشیین، ئەمەش شۆڕشە. ئێمە لەسەر ڕەگی خۆمان نیشتەجێ بووینەوە! چونکە ' لە زڕەى زنجیر دڵمان نەلەرزی!' هەمان نووسەر وتوویەتی: ''بەعسییەکان پێیان وتم، متمانەتان بەم شارە نەبێت، ئەم شارە بۆسەیە.''

بەڵێ، بۆسەیەکی کوردیی!



 

 

 

 

 

 


ئه‌م بابه‌ته 2581 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure