گرنگ
بڕیارێكی نوێ لەوەزارەتی داراییەوە
كاندیدی دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا ژنێكی ره‌شپێستی كرده‌ جێگری‌
كۆمكاری‌ عه‌ره‌بی‌ له‌سه‌ر پێشێلكارییه‌كانی‌ توركیا هاته‌ ده‌نگ

فەرهەنگ

کۆرۆساوای کورد تۆ لە کوێی؟

19/05/2020

 هاوڕێ عەلینەژاد

 وەکچۆن لای خەڵک وا باوە کە کەرامەتی پیاو وەعد و بەڵێن و کەرامەتی ئافرەتیش جەستە و ئابڕووە، ئەوا کەرامەتی نەتەوە و گەلانیش مێژوو و کلتورەکەیەتی. ئەزانن کلتور و کەرامەتی کورد ئێستا بە دەست کێوەیە؟
بە دەست کەسانێکەوەیە کە هەموو ژیان بە لایک و ڤیو و شەیر و کۆمێنت تێگەشتوون. ڕێک وەکو ئەوە وایە کە فڕۆکەیەکی بۆینگی - ٧٤٧ بدەیتە دەستی مناڵێکی ٩ ساڵ کە هێشتا نازانێ کۆلارەیەکیش هەڵفڕێنێ. چۆن بۆ تاوان پۆلیس هەیە و بۆ نەخۆشی دکتۆر و ڤاکسین هەیە، پێویستە بۆ کاری هونەریی و کلتوریش پۆلیسێک هەبێت کە بڵێ « ستۆپ»!

لە کلتوری تەندروستدا بودجەی فیلم و درامایەک کە بۆ خەڵک بێت بە پارەی نەوت و یارمەتی نوسینگەی تایبەتی جەنابێک دابین ناکرێ، بەڵکو بوارێکە  پێی ئەوترێ ( Film Industry ) واتە پیشەسازی فیلم. یانی بە کوردییەکەی ئەبێ خۆی خۆی بژێنێ.

فیلم و دراما یا لە پێناو چیرۆکێکی کاریگەری کۆمەڵایەتی یاخود لەبەر گەیاندنی پەیامێک دروست ئەکرێن، کەچی لێرە فیلم و دراماکان بۆ پڕکردنەوەی کاتی بەتاڵی تەلەفزیۆنەکان و مونافەسەی کواڵیتی کامێرا و تەنانەت درامای وا هەیە ٣٠ ئەڵقەی لێ دروست ئەکرێ تەنها لە پێناو یەک دیمەن کە کوڕ و کچێک باوەشێک یا ماچێک بکەن. بۆیە ئەو دراما و بەرهەمانەی کە دەرخواردی بینەری کوردی دەدرێن لە ڕاستیدا هیچیان لەو خواردن و دەرمان و بەنزینە ئێکسپایەرە کەمتر نییە کە بەسەر خەڵکی ئێمدا ساغیان ئەکەنەوە.

لە هۆڵیود دوو جۆر فیلم هەن: یا ئەوەتا بیرۆکەکەی تازەیە و ئەیکەن بە فیلم و هەڵایەکی باش ئەنێتەوە، یانیش چیرۆکێکی کۆن لە ژێر ناوی هەمان فیلم دروست ئەکەن لە پێناو ئەوەی کە کوالیتی و ڕۆڵبینێنکی باشتر و بە پێزتر بکەن بە بەری چیرۆکە کۆنەکەیا.

لێرە کابرا سەعات ١٠ ی شەو درامایەکی تورکی ئەبێنی و سەعات ٢ لە ناو جێگای نوستنەکەیدا بیرۆکەیەکی بۆ دێت کە چۆن ئەو چیرۆکە بکات بە کوردی و سەعات ١٠ بەیانی دوای ئەوەی تەلەفۆنێک بۆ کاک فڵان ئەکات کە دۆستی نزیکی بەڕێوەبەری نوسینگەی جەنابیانە و پێی ئەڵێ: قوربان گیان چیرۆکێکی کاریگەرم هەیە کە هونەری کوردی بەرەو پێش ئەبات و تا ئێستا شتی وا نەکراوە ئەگەر جەنابیان سپۆنسەری ئەم کارە بکەن زۆر مەمنون ئەبین. دوای سێ مانگ لەسەر شاشەی کەناڵێکی هەرزەکار کۆمەڵێک قژی خاو و لوتی ڕێک و ( شتی تر ) ئەبینین کە لە ڕاستیا نەک مشتێک ناخاتە سەر خەرمانی کلتورەکەمان، بەڵکو ئاگرێکی لێ بەر ئەدات کە بە هەزار زانا ناکوژێتەوە.

لە هۆڵیود ڕۆڵی سەرەکی وا هەبووە هەزار ئەکتەری بۆ تاقیکراوەتەوە واتە هەزار جار دەرهێنەرەکە دانیشتووە تێستی کاندیدێکی کردووە ( ئۆدیشین) هەتا کەسێکی گونجاوی هەڵبژاردووە، کەچی لێرە کاکە لە کافتریا دانیشتووە مۆبایلەکەی هەڵ ئەگرێ تەلەفۆنێک بۆ مامی ئەکات کە هاوڕێی دەرهێنەرەکەیە و ئەڵێ مامە گیان بزانە لەلای کاک فیسار شتێکم بۆ ناکەی لە دراماکەی دەورێکم بداتێ. دوو ڕۆژ دواتر کاکە لەسەر سێتی وێنەگرتنی دراماکەیە و ستایلی جل و بەرگی ئەگۆڕێ بۆ بیجامای سەیر و قژێکی عەنتیکە و خۆی لێ ئەبێت بە ئەستێرەی دواڕۆژی سینەما و هونەری کوردی!

دیارە مەبەست لەو بەراوردکردنە بە هۆڵیود و ئەمریکا ئەوە نیە کە ئێمەش کت و مت وەکو ئەوان بین و لەوە کەمتر قبوڵ نەکەین. بەڵام بەرهەمی خراپ و بێ ئامانج بە هیچ پێوەرێک  قبوڵ نییە ناوخۆیی بێ یا دەرەکی.

بۆیە بە کوردی و بە پوختی ئەوەی پێویستە ئەوەیە کە بەڕێزان لە (پۆلیسی نەهێشتنی تاوان) بەشێکی تایبەت تەرخان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانە گەورانەی دەرهەق بە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی هونەر و کلتورمان ئەکرێن.

لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ژاپۆن وڵاتێکی شکاو بوو، برینەکانی کلتور و ڕەسەنایەتی هێشتا قەتماغە بوون کاتێک پیاوێک بە ناوی (ئەکیرا کۆرۆساوا) هات و چیرۆکەکانی وڵاتێکی دۆڕاوی شەڕ و کلتورێکی نامۆ بە جیهانی هێنا و فیلمی مەزن و بەناوودەنگی لێ دروست کردن. بە جیهانی وت ژاپۆن کێیە و بە ژاپۆنیشی وت کە جیهان و کلتورەکانی تر هەموویان دەتوانن پێکەوە بژین. پیاوێک کە نوێگەریی کرد و بناغەیەکی کلتوری و هونەری نوێی بۆ میلەتێکی ڕوخاو دانا.

جیاوازی و نوێگەری پێویستن بەڵام بە کەسی (موجتەهید) ئەکرێت نەک (موقەلید).
هەر کاتێک درامایەکی کوردی دروست کرا و باسی ( بەڕێوەبەری کۆمپانیا و خیانەت و تلیاکی) تیا نەبوو، ئەوسا بابەتەکە دوو قسەی تر هەڵدەگرێت. ئێستا و لەم کاتەدا باشتر وایە دانیشین بە دیار درامای دەرەکییەوە ( کە لێرە ئەویش بە جوانی دۆبلاژ ناکەن) و چاوەڕێ بین تا کۆرۆساوایەکی کورد دێت و فریای ئەم فەوزایە ئەکەوێت.

 

 

 

* ئەو وتارانەی لە میللەت بڵاو دەبنەوە، بیروڕای نووسەرەکانیانە و میللەت لێی بەرپرسیار نییە


ئه‌م بابه‌ته 3328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure