گرنگ
نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا
نەخۆشییەکەی فاتیح حەمە خان لە نەخۆشیەکەی دیار ره‌حمان قورستره‌
میدیا عیراقییه‌كان: ئه‌مریكا پێنج موشه‌كی ئاراسته‌كراوی له‌نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر پۆچه‌ڵكردۆته‌وه‌

کراوەیی ئیسلامی

تەسەووف و كاروباری کۆمەڵگەیی

21/06/2020

زیرەك ئەحمەد رەحمان

پێشەكی


کۆڵینەوە لە هەر بابەتێك کە توخنی ژین و دینی گشتیی کۆمەڵگە بکەوێت، پێویستە بە وردییەوە سەری بنەوانی بکرێت، بە تایبەت قۆناغی داکوتانی ڕەگی لەناو دینی گشتی. دیارە لەناو دینیش لەم ناوچەیە کە زۆرینەی موسڵمانە، ئەڵبەت یەك ڕوانگە و ڕوانین نییە بۆ ئیسلامەتی. بەڵكو جۆرێك فرە مەزهەبی و ئاراستەی جیاجیا دەگرێتەخۆ.
ئەم بابەتە گوزارشتە لە بابەتێك لە بارەی تەسەووف و سۆفیگەریی لە کۆمەڵگەی کوردی، و گەشەسەندنی ئەهلی تەریقەت لەم ناوچەیە. ئینجا ڕۆڵی ئەم تەریقەتە و شوێنە پەرستشەکانیان، بە تایبەت تەکییەکان کە ناویان لکاوە بە تەریقەتی قادری و ڕیفاعی، و خانەقاکان کە تایبەتن بە تەریقەتی نەقشبەندی. هەر لە باسکردنی ڕۆڵی ئیداری و دەروونی و چاكسازیی کۆمەڵگەیی و خانەیی... هتد.


ئاوڕێكی مێژوویی

ئەڵبەت کە دەڵێین تەسەووف؛ مەبەستمان لەو دەستەواژە ئیسلامییەیە (تزكية النفس) پاككردنەوەی دەروون، وەك هەڵێنجانێك لە مەقامی ئیحسان خوا بپەرستی وەك ئەوەی بیبینی، گەر تۆش نەبینی خۆ تۆ دەبینێ(١). هەروەها ئاماژە بەم ئایەتەی قوڕئان "يتلو عليهم ءاياته ويزكيهم ويعلمهم الكتاب والحكمة"(٢). بەو شێوەی کە خودی کەسایەتی پێغەمبەر محەمەد (د.خ.) بەو کارە عیرفانییە هەڵدەستا تا کۆتایی ژیانی لەسەر زەمین، بە گوێرەی تێگەیشتنی سۆفیانە بۆ ئەم ئایەتە، وەك چۆن تەواوی دیندارییان ڕاستەوخۆ لەو مامۆستایەیان وەردەگرت.

بەڵام دوابەدوای تێپەڕینی نەوە دوای نەوەی ئیسلامەتی و کرانەوە بەڕووی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە، ئیتر ئەم فێرکارییە دینیانە هەریەکەیان بوونە پسپۆڕییەك لەناو خودی ئیسلامەتی؛ عەقیدە و ئیمان و کەلام و فیقهـ و حەدیس و سیرە و مێژوو و زمانەوانی و ڕێساکانی ....هتد، هەریەك لەمانەش کۆمەڵێك بناغە و زاراوە و كاروباری تایبەت بە خۆی هەبوو. بەم جۆرە چەندان قوتابخانە و زانستی جیاجیا کەوتنەوە. ئیتر گەرچی سەرەتایە کۆنکریتییەکەشی بە وردی دەستنیشان نەکرێت، بەڵام ئیتر تەسەووفیش وەك هەر بابەتێك لە بابەتەکانی تری ناو جیهانی ئیسلامەتی، بە جۆرێك لە جۆرەکان دەرکەوت. بەو ناسنامەی کە بریتی بێت لە پاكکردنەوەی دەروون و ناخ و دەردە دەروونییەکانی وەك خۆبەزلزانین و ئیرەیی و ڕق ...هتد، بۆ نموونە ئاماژە بەم حەدیسە دەکەن: "لا يدخل الجنة من كان في قلبه مثقال ذرة من كبر"(٤) ئەمەش بە جۆرێك توخنی ژیانی ڕۆژانە دەبێتەوە و گەر ناوی زانستی لێ بنرێت، ئەوە زانستێكی کردارییە نەوەك هەر دەقی تیۆری بێت، بە واتا تەنیا تێزێك نییە لە وانە و کتێب بخرێتە ڕوو، بێ ئەوەی ڕەنگدانەوەی لە ڕەفتاری ژیانی واقیع هەبێت.

ئەمەی باسکرا وە نەبێت، هەر وەسفێكی دووراودوور بێت، بەڵكو ڕۆڵی بیری و باوەڕیی تەسەووفی ئیسلامی کاریگەریی خۆی هەبووە لەسەر ئاستی جیهانی لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام بە هۆی تەسەووفەوە هەر لە هیندستان ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و ناوەڕاستی ئاسیا تا قەوقاز و تا دەگاتە ئەورووپا، لەلایەك و لەلایەکی تر ڕۆژهەڵات و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای ئەفریقیا بە هۆی تەریقەتەکانی سۆفیاتییەوە ئیسلامەتیان گەیشتۆتێ(٤). وەك چۆن بانگەوازی دینی ئیسلامی لەمڕۆی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی تر، هی ئەوە نەماوە قسە لە فتووحات بکرێ.

هەرچەندە لە کوردستان لە ساتەوەختی فتووحات بە هەر جۆرێك بێت زۆرینە چوونە ناو ئیسلامەتییەوە، وەك دینێكی نوێ، بەڵام ئەم ڕۆحانییەتە عیرفانییەی پێشتر هەیبوو، کورد بە جۆرێكی تر ڕێی لەناو ئەم دینە نوێیە دۆزیەوە. بە جۆرێك پێشتر ئەدەبیاتی ویژدانی و ڕۆحانی بووە پێشینەیەك بۆ ئەوەی لەناو ئەم هەموو ئاراستە و ململانێیەی ناو گرووپ و مەزهەب و فیرقەکانی ئیسلامی هەی بوو، بە شێوەیەكی گشتی زۆرێكی کورد هەستێكی سۆفیانەی بەسەردا زاڵ بوو. ناوی گەیلان وەك زێدی شێخ عەبدولقادر لە زەینی تاکی کورد نامۆ نییە، ئەمەش هاوتەریب لەگەڵ ئەدەبیاتی بابا تایەری هەمەدانی و ڕێبازە چاکسازییەکی مەولانا خالیدی شارەزووری، چی ناو و ناوچەکانی تری دواتر هەریەکەیان خشتێكی سەر ئەم بینایە ماریفەتیەی کوردبوون. نامانەوێ لەوە پتر درێژدادڕی بکەین لەسەر ئەم باسە، بەڵكو دەمانەوێ لەم سۆنگەیەوە بڕوانین ئایا تا چەند تەسەووف و تەکییە و خانەقاکان ڕۆڵی ئەرێنیان بەسەر ژیانی کۆمەڵگەوە هەیە. هەرچەند ئەمە مانای ئەوە نییە لە هیچ کات و شوێنێك نەبووە، ڕۆڵی نەرێنی و بەدفرسەتی نەبینراوە بۆ بەدسوودی.

كورد و تەریقەت

ئەوەی دیار بێت لە کۆمەڵگەی کوردی، کۆنترین تەریقەت؛ تەریقەتی نووربەخشییە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەید محەمەدی نووربەخش، کە زۆربەی شێخانی کورد بە تایبەت بەرزنجییەکان لە نەوەی سەید عیسای بەرزنجەوە تا دەگاتە شێخ بابە ڕەسووڵی گەورە سەر بەم تەریقەتە بوون. ئەڵبەت شێخی نووربەخش تەریقەتی لە شێخ ئیسحانی خەتلانی وەرگرتووە کە ناوبراو لە موریدانی سەید عەلی هەمەدانی(٥). ئەڵبەت باوە گەورەی ساداتی بەرزنجەیە.

شێخ بابە ڕەسووڵ دوای تەواوکردنی سەیر و سلووك بەپێی تەریقەتی نووربەخشی، تەریقەتی عەلەوی وەرگرتووە لەسەر دەستی هەریەکە لە شێخ نوڕەڵڵا و شێخ شوکڕەڵڵای خەڵوەتی، بەمەش موریدانی ئیرشادکردووە بۆ هەر دوو جۆری ئەوراد. بەمەش لەو سەردەمەوە تا دەگاتە شێخ مارفی نۆدێ، ئەم دوو تەریقەتە لەم ناوچەیە بە گشتی بەربڵاوبوونە. تا ئەوەی شێخ ئیسماعیلی ولیانی کوڕی شێخ محەمەدی نۆدێ کوڕی سەید عەلی وەندەرینی کوڕی شێخ بابە ڕەسووڵی گەورە دەردەکەوێ. کە سەرەتا قوڕئان و نەحو و سەڕف و فیقهـ و زانستە ئیسلامییەکانی تری لای باوکی و هەندێ زانای ئەو سەردەمە خوێندووە، ئینجا تەریقەتی نووربەخشی و عەلەوی لە باوکی وەرگرتووە(٦). دەستی بە سیاحەت و گەڕانی سۆفیانە زاهیدانە کرد.

لەم گەڕانەیدا ڕێی دەکەوێتە بەغدا، لەو ساتە کانگەی تەریقەتی قادری بووە، دەچێتە زیارەتی شێخ ئەحمەدی ئەحسائی، لە موڕشیدانی تەریقەتی قادری بووە، شێخی ولیانی بەیعەتی پێ دەدا لەسەر دەستی وی سلووکی تەریقەتی قادری وەردەگرێت. دوای چەندان چلە خەڵوەت کێشان و پەرستن و پەروەردەی ڕۆحی، دەگەڕێتەوە کوردستان بە تەریقەتی قادرییەوە، کە تا ئەو ساکە زۆر کوردستان پێی ئاشنا نەبووە. لە گوندی قازانقایەی قەرەداغ دەبێت، بە هاوڕێیەتی شێخ مستەفا خۆشناو ناسراو بە شامی، دواتر وەك ئیجازەداری ولیانی دەگەڕێتەوە ناوچەی خۆشناوەتی و کۆیە، خەڵكێكی زۆری لێ کۆدەبێتەوە و دواتر ڕوودەکاتە شام بۆیە بە ناوی شامی ناسراوە. بەڵام شێخی ولیانی دواتر ڕوودەکاتە ئاکرێ و دوای ماوەیەك ئیرشاد و سەیر و سلووك، لە هەموو لایەکەوە خەڵك ڕووی تێدەکەن، چەندان مورید و مامۆستا و مەلا و خەلیفەی پەروەردە دەکات، لەوێ وەفات دەکا و مەزارەکەی لە گوندی ڕیویێ/ڕیڤیێ(٧) ئێستا بۆتە ناحیە بە ڕووڤیا ناسراوە. بەمەش زۆربەی تەریقەتی قادری لەم زنجیرەوە بڵاوبۆتەوە، جگە لە تەریقەتی قادری تاڵەبانی، کە شێخانی تاڵەبانی لە شێخ ئەحمەدی لاهووری وەریانگرتووە. هەرچۆنێك بێت ئەم تەریقەتە لە کوردستان سەدان تەکییەی هەبووە ئێستاش هەندێكیان ماون و کاریگەریی خۆیان لەسەر ژیانی کۆمەڵگەی کوردی هەبووە.

هەرچی وشەی خانەقایە بەستراوەتەوە بە تەریقەتی نەقشبەندی، کە لە کوردستاندا لە ڕێی مەولانا خالیدی شارەزوورییەوە بڵاوبۆتەوە. مەولانا لە قەرەداغ لەدایكبووە، هەر لە منداڵییەوە چووەتە بەر خوێندنی حوجرە و زانستە دینییەکان. دواتر شارەوشار گەڕاوە، لە سلێمانیەوە تا سنە، لەسەر دەستی چەندان زانای دینی ناوداریی ئەو سەردەمە، دواجار ئیجازەی مەلایەتی لە شێخ قەسیمی مەردۆخی سنەیی وەردەگرێت و دەگەڕێتەوە سلێمانی و مەلایەتی دەکات. ئینجا بۆ سەفەری حەج بە ڕێی شام دەچێتە خاکی حیجاز لەو سەفەرەیدا چەندان کەسی عیلم و عیرفان دەناسێت، دوای گەڕانەوەی بۆ سلێمانی لە مزگەوتی ئەوڕەحمان پاشا، موریدێكی شا عەبدوڵڵای دیهلەوی دەناسێت و ئاشنا دەبن، باس و خواسی شێخی دیهلەوی مەولانا پەلکێشی هیندستان دەکات، لە ڕێگە بە لای بوستام و ئارامگەی شێخ ئەبایەزید و مەزاری ئیمام ڕەزا لە تووس، کاروانی بەردەوام دەبێت تا دەگاتە لاهوور و دواجار خزمەتی دیهلەوی. هێندە پێی سەرسام دەبێت ماوەی چەندان مانگ دەمێنێتەوە، تا ئیجازەی هەر پێنج تەریقەتی ناوداری ئەوسەردەمە وەردەگرێت: قادری، نەقشبەندی، سوهرەوەردی، کوبڕەوی و چەشتی. بەڕێز و کەژاوەوە بەڕێ دەکرێ بۆ کوردستان. بەڵام لە ڕێی بەغداوە لەسەر داوای موڕشیدەکەی پێنج مانگ لە بارەگای گەیلانی دەمێنێتەوە. بە جۆرێك ناوبانگ پەیدا دەکا لە ماوەیەكی کەم دەیان و سەدان موریدی و مەنسووب و مەحسووبی دەبێت، ناودارترینیان فەقێیەكی گەڕیدە بووە بە ناوی فەقێ عوسمان، کە دواجار شێخ عوسمان سیراجەدینی تەوێڵەی لێ دەردەچێت. ئەم ناوبانگەی بەخێر بۆ ناگەڕێتەوە، بۆیە لەپێناو خۆپارێزی ڕوودەکاتە بەغدا و لە مەدرسەی ئەحسائیە دەمێنێتەوە، دواتر بە تەکییەی خالیدی دەناسرێ. دوای گۆڕانی ڕەوشی سیاسی و کۆمەڵایەتی، دەگەڕێتەوە سلێمانی.. بەڵام دواجار دۆخەکە بە دڵی نابێت، دوای سەفەرێكی بۆ هەورامان و لەوێوە بۆ بەغدا و دوا سەفەری بۆ شام دەبێت و لەوێ سەردەنێتەوە(٨). لە شێخ عەبدوڵڵای هەراتی خەلیفەی و شێخی سیراجەدین و چەندان خەلیفە و شێخانی تری موتەمەسیك دەیان خانەقا دەکەوێتەوە و شوێن پەنجەیان تا ئەمڕۆش لە کوردستاندا دیارە.

کاروباری کۆمەڵگەیی

ڕۆڵی تەکییە و خانەقا هەر تەنیا بۆ پەرستنێكی وشکە دینداریی نەبووە، بەڵکو توخنی زۆر لایەنی ژیانی کۆمەڵگە کەوتووە، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ ئاماژەی بدەینێ، ئەم لایەنە ئەرێنیانەن کەوا سوودی گشتی هەبووە. بۆ ئەم مەبەستە چەند سەردانێكمان ڕێكخست بۆ تێبینیی بەشداری (الملاحظة بالمشاركة) بۆ چەند تەکییە و خانەقا لە هەرێمی کوردستان لە دهۆك و ئاکرێ و هەولێر و سلێمانی و شارەزوور. بۆ ئەم مەبەستە ئەم تێبینیانەمان لەلا گەڵاڵە بوون، هاوکات لەگەڵ دواندنی پیرە بەساڵاچووەکان، ئەم زانیارییانەمان دەستکەوتن کەوا تێكهەڵكێشمان کردوون لەگەڵ زانیاریی پێشووتر.

١. ڕۆڵی فێرکردن و پێگەیاندن:

زانست و فێربوون ڕۆڵی گرنگیان لە تەسەووف هەیە، وەك چۆن خودی تەسەووف وەك زانست خۆی دەناسێنێ. گەرچی لە ڕوواڵەتدا لە زۆر شوێن سۆفیگەران خۆ دەبیننەوە لە کەسانی ساویلکە و نەخوێندەوار. بەڵام لەناو ئەهلی تەسەووف، دەیان زانا و زمانەوان و فەقیهـ و کەلامناس و فەلەكناس ... هتد هەڵکەوتوون. لە ساتەوەختی دەرکەوتنی تەکییە و خانەقاکان چەندان شاعیر و زمانەوانی کورد دەرکەوتوون(٩). بگرە تەنانەت سەرکردە و پێشەوای سیاسییش. بە جۆرێك دەگمەنە هەڵکەوتوویەكی کورد بدۆزیتەوە لە ئەهلی تەریقەت نەبووبێ، ئەمە مانای وایە کەوا سۆفیاتییەکەیان ڕێگریان نەبووە لە پێشکەوتن و هەڵکەوتنیان. بەڵکو پتر بایەخیان داوەتێ، پاڵپشتی لایەنی زانست و زانیاریی بوون. ئەمەش خۆی لە هۆشیارییەکی باڵای کۆمەڵایەتی دەبینیێتەوە.

٢. هەوڵ و تێكۆشان:

خانەقاکان و تەکییەکان، لە بنەڕەتدا بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی و سیاسی بوون. بۆیە لەناو کەلەپووری کۆنی ئیسلامەتیش دا، ئەم ڕەوتە هەمان ڕۆڵ دەگێڕێن، ڕۆڵی جموجۆڵ و ئیسڵاح و جیهاد، چونکە وەك کار و تەقەڵا سەیری تەسەووفیان کردووە، نەوەك وەستان و وچان. گەر سەیری زۆرێكی زاهید و سۆفیان بکەیت ڕەچەڵەکی دینیان دەگەڕێننەوە ئەو نەوەیەی یەکەمی ئیسلامەتی کەوا کەسایەتی وەك عەلی و ئەبوزەڕی غەفاری تێدابوون وەك لایەنگرانی شۆڕشی چاکسازیی لە ئیسلام، هەروەها ئەو تابعییانەی وەك حەسەنی بەسڕی و وەیسی قەرەنی و ئەبو موسلیمی خەولانی.. کەوا جێ پەنجەیان لەم مەیدانە دیارە. تا دەگاتە سەردەمی سەڵاحەدینی ئەیووبی کەوا خۆی خانەی سۆفیانی دامەزراندووە، سۆفییەکانیش بەشداریی بەرپەرچی هێرشەکانی خاچینیان کردووە.

لە زۆربەی پارچەکانی کوردستان، دەگمەنە شۆڕشێكی کورد، شێخێكی ئەهلی تەریقەت ڕابەرایەتی نەکردبێ، هەر لە شێخی پیران و شێخی نەهری تا دەگاتە شێخ مەحموودی حەفید(١٠)، ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێ گەر بڵێین، سەرخەتمەی شۆڕش و شێخایەتی لە شێخ مەحموود کۆتایی دێت. هەرچەندە سەرکردایەتی سیاسی کورد هەریەکەیان لە نەوەی شێخانی بارزان و تاڵەبان بوون، بەڵام خەریکی تەسەووف نەبوون و شێخایەتیان نەکردووە.

٣. ڕۆڵی دەروونی:

شێخی مەحاسبی دەڵێ: ئەهلی تەسەووف بە فەزڵی حیکمەتی ئیلاهی، نیگایان خستۆتە سەر ئەو ناوچانەی چارەسەر و دەوای لێ گەشە دەکات. خوا فێریکردوون چۆن دەوا چارەی دەرد دەکات، ئەوانیش بە چارەسەری دڵی خۆیان دەستیان پێکرد و ئینجا بوونە دڵنەوایی دەردەداران و دڵتەنگان. یانی ئەمە گەر بڵێین داودەرمانی تاقیکراوەی سەر خۆیانە قسەیەکی ناماقووڵ نییە. بۆیە بەلای جونێدی بەغدادی تەسەووف لە  گوتەگوت (قیل و قال) وەرنەگیراوە، بەڵكو لە خۆڕاهێنانەوە هاتووە(١١). ئەم چەشنە کارکردنەی تەسەووف، نەك هەر بە سوودی گشتی دین و ژینە، بەڵكو سۆفیگەران دەکاتە جۆرێك لە دەروونناس و چارەکاری دۆخە ناهەموارە دەروونییەکان.

ڕێكخستنەوەی کۆمەڵگە لە تاکی دەروون درووستەوە، کۆمەڵگەیەکی هێمن دەخاتەوە. زۆرێكی ئەهلی تەسەووف جەخت لەوە دەکەنەوە ئەرکی سۆفیگەرییە لەم سەردەمە پڕ ئاشووبە ئاشتی و ئاشتەوایی بخاتەوە(١٢). ئینجا ئەمەش پێویستی بە ڕاهێنان و هەر ئاوا ئاسان نییە مرۆڤ دەروونێكی ئاسوودە بە دەست بهێنێت، تا دەروونی ئەوانی تری پێ ڕابهێنت، بەڵكو ئەمە دەچێتە بەشێك لەو چالاکییانەی ئەمڕۆ بە ناوی گەشەپێدانی مرۆیی و ڕاهێنانی دەروونییەوە وەك مەشق بە بەشدارانی دەکرێت. ئەمە جگە لەوەی زۆرێك لەو حاڵەتە دەروونییە نادرووستانەی لە کۆندا هەبوون، بە جۆرێك لە جۆرەكان دەهێنرانە تەکییە و خانەقاکان بۆ چارەسەری ئەم دۆخەی تێی کەوتبوون.

٤- چاكسازیی کۆمەڵگەیی:

ڕۆڵی کۆمەڵایەتیی ئەهلی تەسەووف لە تکاکاریی و نێوەندگیری و پێداویستیەکانی خەڵك لەلای کاربەدەستان و دەسەڵاتداران، جێی بایەخی خۆیەتی. هەروەها لە سوڵح و ئاشتەوایی نێوان خەڵك لەلایەك و نێوان دەسەڵاتدار و خەڵك لەلایەکی تر جێی بایەخی خۆیەتی. ئەڵبەت ئەوەمان بیرنەچێ، ئەمە لە ڕووی دینییەوە لە خانەی (فإن تنازعتم في شيء فردوه الی الله والرسول...)، وەك ڕۆڵی ئامۆژگارانەی دین. نەوەك ئەوەی بە دەوری دەسەڵاتەوە بن، یاخوا ملکەچی کاربەدەست بن چەندێك قووتی خەڵك بخوات و ئەشکەنجەیان بدات، تەنانەت نامووسیان ئەتك بکات(١٣). خۆ گەر دین ئامۆژگاری بێت، ئەوە ئەولاتر دەستڕۆیشتووان ئامۆژگاریی لێ وەربگرن. ئەمە خۆی پابەندبوونێكی خۆویستی خەڵك دەخاتەوە. لە کتێبەکانی تەسەووف هاتووە وشەی (تصوف) چەند پیتێكە یەكێکیان (ص) لە (صلاح)ـەوە هاتووە. واتە وەك کۆڵەگەی سەرەکی تەسەووف. بەمەش تەسەووف هەڵاتن و ڕاکردن نییە لە کۆمەڵگە، بەڵكو چاکسازیکردنیەتی، هەوڵدانە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی لە ساتەوەختی بڵاوبوونەوەی ململانێ و کێشمەکێشم و دەمارگیری خێڵایەتی و کێبڕکێی دەسەڵات. کاری ئەهلی تەسەووفە ڕۆڵی دیار بگێڕن هەم لە ئامۆژگارییکردنی دەسەڵات و هەم ڕاهێنانی ئەوان و خەڵك لەسەر چاکسازیی.

٥- چاودێریی کۆمەڵایەتی:

لە کۆندا دامەزراوەکانی دەوڵەت وەك ئێستا نەبووە، ئەمە زانیارییەك نییە سەلماندنی بووێت، بەڵكو پەنا و پەسیوی ناڕەسمی شوێنی زۆرێكی دامەزراوەکانی گرتبۆوە. یەكێكیش لەمانە تەکییە و خانەقاکان بوونە. بە شێوەیەك تەنیا چڕنەببووەوە لە زیكر و ئەوراد، ئەم شوێنانەش تەنیا خانە و پەرستگەی وشکی پەرستن نەبوون. وەك چۆن ڕۆڵی تریانمان ئاماژە پێدان، ڕۆڵێكی تری گرنگی کۆمەڵگەیان هەبووە. ڕۆڵێكی تریش بریتیی بووە لە شوێنگرتنەوەی دامەزراوەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و لانەی کەسانی لانەواز و کەمەندام و ..هتد

لەناو تەکییە و خانەقادا داڵان و وەتاخی تایبەت هەبووە بۆ کەسانی ڕێبوار و ڕێگیراو وەك موسافیرخانەیەكی بێ بەرامبەر بووە، وەك ماڵێك وا بووە کەوا چوونە ژوورەوەی ڕوخسەتی نەویستووە. نەك هەر ئەمە؛ بەڵكو تا ئێستاش لە چەندان تەکییە و خانەقا خواردنی سێ ژەمە پێشکەشی کەسانی نەدار و لەو جۆرانە دەکرێ کە باسمان کردوون. مانەوە لەم جۆرە شوێنانە وەك خانەیەکی سۆشیاڵ وابووە. ئەڵبەت نەك هەر ئەمە، زۆر کەسانی کەمەندام و بێکەس و دەربەدەر لەم شوینانە حەوێندراونەتەوە، وەك خانەی بێسەرپەرشتان بووە(١٤). ئەڵبەت ئەمە خاڵێكی ئەرێنی ئەم سەردەمە بووە کەوا گەر ئەم شوێنانە نەبان، بە تایبەت لەناو شارە گەورەکان دوور نەبووە کەسانی لادەر و سەرشەقام پتر بوونایە. ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ ئەم سەردەمەی پێشکەوتنەدا زۆرێكی ئەم تەکییە و خانەقایانە کەم تا زۆر ئەم نەریتەیان تێدا ماوە.

ئەنجام

هەرچەند ئەو کورتە باسە تا ئەندازەیەك دەکرێ لە هەر باسێكی ناوی، چەندان باسی تری لێوە ببێتەوە. بەڵام لەبەر خۆبورادن لە درێژبونەوەی، ئاماژەمان بەو لایەنە گشتیانە کرد، کە بە پێویستمان زانیوە.

بە شێوەیەکی گشتی چەندان بارودۆخی مادی و مەعنەوی کۆمەڵگە پێش بکەوێت، هێندە دامەزراوە ڕەسمییەکان، شوێن بە دامەزراوە ناڕەسمییەکان لێژدەکەن. لەمەدا تەکییە و خانەقاکانیش پشكیان هەیە، گەر جاران لایەکی گرنگی ژیانی کۆمەڵگەیان پڕکردبێتەوە. بەڵام بەشێکی زۆری ئەم لایەنانە کەوتۆتە دامەزراوەی تری کۆمەڵگە.

لەگەڵ ئەوەی كورد بە کەلەپوورێكی باڵای دینی و عیرفانی دەوڵەمەندە، بەڵام لە دۆخی ئێستادا تا ئەندازەیەكی بەرچاو، كاریگەریی ئەم کەلەپوورە کەلتوورییە كاڵە لەسەر کایەی دینی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە، ئەڵبەت ئەمە جگە لەوەی هۆكار و پاڵنەری خۆی هەیە لە لایەك، لەلایەکی تریشەوە، بۆ شوێنگرتنەوەی ئەم ڕەوتە عیرفانییە، چەندان تەوژم و ئاڕاستەی جیاجیا لە دەرەوەی کۆمەڵگەی کوردییەوە هاوردە کراوە، کە تەواو نامۆیە بە کۆمەڵگە، نەك تەنیا لە ڕووی دینییەوە، بەڵكو لە ڕووی کۆمەڵایەتی و کەلتووریشەوە نامۆن.
ئەڵبەت کە باسی ئەم وێستگە ئەرێنیانەی تەسەووف و سۆفیگەریی و ڕۆڵی تەکییە و خانەقاکانمان کرد. ئەمە مانای ئەوە نییە، کە هیچ خاڵێكیان نەهێشتۆتەوە بۆ ڕەخنەگرتن. بەڵكو بە پێچەوانەوە، لە ڕووی بیرکردنەوە و کردارییەوە، تەکییە و خانەقاکان و شێخ و شێخایەتی وەك هەر دامەزراوەیەکی تری ناو کۆمەڵگەی کوردی، بە هەردوو ئاراستەی ئەرێنی و نەرێنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان هەیە و هەبووە. بەڵام ئەمە بۆ توێژەرێكی تر یاخود توێژینەوەیەکی تر جێدێڵین کەوا خۆی لە قەرەی بدات.

سەرچاوە و پەراوێز:

(١) مسلم (٥٠)
(٢) سوڕەتی جومعە:٢.
(٣) مسلم (٩١)، والترمذي (١٩٩٩)، وأبو داود (٤٠٩١)، وابن ماجة (٥٩).
(٤) السقاف، السيد حسن، السلفية الوهابية، أفكارها الرئيسية وجذورها التاريخية، دار الامام الرواس، بدون سنة الطبع. ص١٧.
(٥) مجموعة المؤلفين (٢٠٠٥)، دائرة المعارف الاسلامية، الطبعة الثانية، شركة بريل الهولندية. ج٢٢، ل٤٩١.
(٦) الشكر، مجيد حميد(٢٠٠٨)، في رحاب سادات برزنجة الكرام، مجلة الكسنزان، رئاسة الطریقة العلية القادرية الكسنزانية، العدد٦، خريف، ص١١٢.
(٧) الخال، الشيخ محمد(١٩٦١)، الشيخ معروف النودهي البرزنجي، دار مطبعة التمدن، بغداد، ص٨٧.
(٨) مودەڕیس، مەلا عەبدولکەریم(٢٠١١)، یادی مەردان، بەرگی یەکەم: مەولانا خالیدی نەقشبەندی، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، هەولێر - هەرێمی کوردستانی عێراق، ل٩-٣٨.
(٩) ئیبراهیم، زانیار(٢٠١٨)، خانەقا و مەدرەسەی بیارە سەرچاوەی زانست و خوێندن، سایتی خورماڵ نیوز. میدیایەکی سەربەخۆیە، خورماڵ.
https://www.khurmalnews.com/2018/02/blog-post_19.html

(١٠) الفضالة، الدكتور صالح حسن(٢٠١٢)، الجوهر العفيف في معرفة النسب النبوي الشريف، دار الكتب العلمية، بيروت، ص٤٠٠
(١١) القشيري، الامام أبي القاسم عبدالكريم، الرسالة القشيرية في علم التصوف، دار الكتب العربي، ٢٠٠٣،. ص٢٢. 
(١٢) الطائف، محمد و أبوبكر، الدكتور(٢٠١٧)، دور التصوف في الأمن والسلام الاجتماعي، مجلسة القسم العربي، جامعة بنجاب، لاهور- باكستان، العدد الرابع والعشرون، ص ٢٦٣.
(١٣) الآجري، الإمام المحدث أبي بكر محمد بن الحسين(١٩٩٩)، كتاب الشريعة، ج١، دراسة وتحقيق: د. عبدالله بن عمر الدميجي، ط:٢، دار الوطن، الرياض، ص٣٨٠.
(١٤) احمد، مامۆستا یاسین(٢٠١٧)، ژیانی کەسایەتی ناوداری کورد سەید ئەحمەدی خانەقا، ماڵپەڕی کوردزۆن، ڕێكخراوی کوردزۆن بۆ ڕۆشنبیری و زانست.
https://www.kurdzone.net/Topic_1429_12

 

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە


ئه‌م بابه‌ته 757 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure