گرنگ
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا 4 كه‌س بوونه‌ قوربانی‌
هێزێكی تایبه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌
نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا

کراوەیی ئیسلامی

تیۆری پەرەسەندن لە فکری ئیسلامیدا

27/06/2020

كامەران مەلا ئەحمەد

پێشەکی


     دەرکەوتنی هەر فکرێک بریتییە لە بەرجەسەکردنی کێشەیەک لە کێشەکانی سەردەمی خۆی، ئەم تێڕوانینە بۆ دەرکەوتنی کەسایەتییەکانیش ڕاستە، هەر فەیلەسوف و زانا و عاریفێک، بەرجەستەکاری کێشە فکری و زانستی و ڕۆحییەکانی سەردەمی خۆیەتی. ئەو بابەتانە دەوروژێنێت کە جێگەی زۆرترین مشتومڕی نێوان ناوەندە جیاوازەکانە، یەکێک لەو کێشە سەرەکییانەی مرۆڤ بەدرێژایی مێژووی بوونی هەوڵیداوە لێی تێبگات، دروستبوونی گەردوون و دەرکەوتنی مرۆڤە لەسەر زەوی و ڕۆڵبینینیەتی وەک سەرەکیترین ئەکتەری ئەم شانۆگەرییەی پێی دەوترێت ژیان لەناو ئەو بارەی پێیدەوترێت وجود، بۆ دەستخستنی وەڵامێکی دروست یان قەناعەتپێهێن چەندین ڕێگە و شێوازی جیاواز و جۆراوجۆری تاقیکردۆتەوە و هەرچوار بیرکردنەوە سەرەکییەکەی خۆی: ئەفسانەیی، ئایینی، فەلسەفی و زانستی بۆ خستۆتەگەڕ.

      یەکێک لەو تیۆرانەی تا ئەم ساتەوەختەش بەشێوەیەکی جدی قسەی لەبارەوە دەکرێت تیۆری (پەرەسەندنی داروین)ە کە لە سەدەی هەژدە دەرکەوت. تیۆرێک خوێنەرانی بەسروشتی خۆی بۆ هەردووبەرەی قەبوڵکردن و رەتکردنەوە دابەشکرد، بەتایبەتی ناوەندە ئایینیەکان و ئەوانەی نوێنەرایەتی ئایینەکانیان دەکرد بەتوندی لەبەرامبەریدا وەستانەوە و ڕەتیانکردەوە، جیهانی ئیسلامی و نوێنەرانی ئەم ئایینە بەتوندی لەڕویدا وەستانەوە. هەربۆیە ئێمە لەم توێژینەوەیەماندا ئاوڕێک لە ڕیشەکانی ئەم تیۆرە دەدەینەوە، بەڵام لە سەردەم و شوین و قوتابخانەی فکری جیاوا، دەگەڕێنیەوە بۆ هەشت سەدە پێش دەرکەوتنی ئەم تیۆرە، سەدەی دەی زاینی/ چواری کۆچی و فکری ئیسلامی و رۆژهەڵات نەک خۆرئاوا. ئاوڕێک لە فەلسەفە و عیرفانی ئیسلامیی دەدەینەوە تا بزانین لە ڕابوردودا چۆن مامەڵەی لەگەڵداکراوە. مەبەستیش لە فکری ئیسلامیی لەم توێژینەوەدا بریتیە لەو جیهانبینیەی مەعریفەی ئیسلامیی بەرهەمی هێناوە بەدرێژایی مێژوو و ژیاری ئیسلامیی، پێکهێنەرەکانیشی بریتین لە کەلام، فەلسەفە، شەریعەت و عیرفان.

ڕیشەی تیۆری پەرەسەندن

فەلسەفەی ئیسلامیی ڕیشە سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی یۆنانی بە گشتی و فەلسەفەی (ئەرستۆ - 322 پ ز) و (ئەفلاتونیزیمی نوێ) بەتایبەتی. (ئەرستۆ) دیدێکی تایبەتی هەیە لەسەر دروستبوونی گەردوون و دەرکەوتنی پێکهێنەرە سەرکییەکانی ماددە. لە تێڕوانینی (ئەرستۆ) دا ماددە و وێنە دوو گەوهەری بنەڕتی و لێکدانەبڕاون، هەموو تەنەکان لە ماددەیەکی سەرەکی پێکدێن کە پێیدەوترێت (هەیولا)(1)  کە ناکۆتا توانای وەرگرتنی (شێوە/فۆڕم)ی هەیە و هیچ تەنێک نییە شێوەیەکی نەبێت. قسەکردن لەسەر پێکهێنەرەی شتەکان و تەنەکان لە فەلسەفەی کۆندا پێی وتراوە (بابەتە سروشتییەکان)، لای ئەرستۆ سروشت بەشێوەی پلەپلە لەو تەنانەی نازیندون دەستپێدەکات تا دەگاتە ئەو تەنانەی زیندوون، بەشێوەیەک ناتوانرێت خاڵێکی جیاکەرەوەی ڕوون لە نێوانیاندا بەدیبکرێت و جیابکرێنەوە لەیەکتری. تەنانەت لە هەرلایەک لە دوو جەمسەری ئەم هێڵە وێنەیەک لە نێوانیاندا بەدیدەکرێت، ڕووەک لە پلەبەندییەکەیدا دوای نازیندووەکان دێت کە بریتین لە کانزاکان. هەر ڕووەکێکیش پشکێکی لە ژیان پێدەبڕێت، تەنانەت ڕووەکێکی نازیندووش بەراورد بە نازیندووەکان و هەرتەنێکی تر جۆرێک لە ژیانی هەیە. ڕووەک بەردەوام گەشەدەکات و لە پلەکەی سەردەکەوێت بەرەو قۆناغی دەرکەوتنی ئاژەڵ، هەموو ئاژەڵێک خۆراک دەخوات و گەشە دەکات، ڕووەکیش خۆراک دەخوات و گەشەدەکا(2). ئەم تێڕوانینە بۆ دەرکەوتنی تەنە زیندو و نازیندووەکان بێدەستکاری کردن هاتۆتە ناو فەلسەفەی ئیسلامییەوە و لەلایەن  هەریەک لە (فارابی  339 ک)، (ئیبن سینا - 428 ک)، (میسکەوەیهی - 421 ک). (ئیبن باجە - 533 ک) و (ئیبن خەلدون - 808 ک) لە فەیلەسوفەکان و (ئیبن عەرەبی - 638 ک) لە عاریفەکان وەرگیراوە و جێگەی قبوڵکردن بووە و تێڕوانینی خۆیان سەبارەت بە دەرکەوتنی تەنە زیندو و نازیندووەکان لەسەر هەڵچنیوە، کەواتە ڕیشەی ئەم تیۆرە دەگەڕێتەوە بۆ فەلسەفەی گریکەکان و بەتایبەتی لای ئەرستۆ.

دەرکەوتنی تیۆرەکە لە فەلسەفە و عیرفانی ئیسلامیدا

فارابی لە کتێبی (آراء أهل المدينة الفاضلة) لە بەشی سیانزەدا لەژێر ناونیشانی (قسەیەک دەربارەی دابەشکاری لەنێوان پلە و تەنە هەیولانییەکان و هەبووە ئیلاهییەکان) دا دەڵێت: پلەبەندی و ڕێکخستنی هەبووەکان بریتییە لەوەی کە بە نزمترینیان دەستپێدەکات، دواتر پلەبەرزتریان دێت تا بە بەرزترین و باشترینیان کۆتایی دێت، نزمترینیان ئەو ماددەیەیە کە هەموویان تیایدا هاوبەشن - هەیولا -، لەوان بەرزتر بریتیە لە   ئەستێکسات - ڕەگەزەکانی ئاو، هەوا، ئاگر و گڵ - پاشان کانزاکان و ڕووەک و دواتر ئاژەڵی نا گۆیا و دوای ئەویش ئاژەڵی گۆیا دێت. لە دوای ئاژەڵی گۆیا شتێک نییە باشتر و پلە بەرزتربێت لەو(3). هەروەها لە بەشی چواردە لەژێر ناونیشانی (قسەیەک دەربارەی پلەکانی تەنە هەیولانییەکان لە دروستبونیان) دا جارێکی تر بە وردەکاریی زیاترەوە قسەی لەسەر دەکاتەوە.

ئیبن سینا لە کتێبی (عیون الحکمة) دا و لە بەشی دوازدەدا دەربارەی ڕووەک وەک فارابی باس لە دەرکەوتنی تەنەکان و پلەبەندییان دەکات و دەڵێت: ئەمەش یەکەم شتە کە ئیستیکسای لێ پێکدێت، کاتێک ئەو پێکهات بەشێوەیەکی بەهێزتر خۆیگرت، ڕووەک دروست دەبێت لەگەڵ ئاژەڵەکانی تردا هاوبەشی دەکات لە غەریزەی خۆراکپێدان و وەچەخستنەوە، بەمەش ئاژەڵەکان دەروونی ڕووەکیان دەبێت(4). بەهەمان شێوە بەردەوامدەبێت و لە بەشی سیانزە باس لە دەرکەوتنی ئاژەڵ دەکات(5). لەهەمان بەشدا بەوردی باس لە پێکهاتەی جەستەی ئاژەڵ دەکات بە تایبەتیتر پێنج هەستەکانی، فەخرەدینی ڕازیش (606 ک) کتێبەکەی ئیبن سنیای (عیون الحکمة)ی و بەپێی قوتابخانەی مەششائییەکان لە سێ بەرگدا ڕاڤە کردووە و بەرودی ئەم تیۆرەی تێدا شیکردۆتەوە(6). لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت سەرەتا ئەرستۆ یەکەم کەسبووە کە باسی لە دەرکەوتنی بێکهاتە بنەڕەتییەکانی ماددە و وەرگرتنی فۆرمی کردووە و پاشان باسی لە دەرکەوتنی کانزاکان و دواتر گۆڕانیان بۆ ڕووەک و دواتر بۆ ئاژەڵ و لەناو ئاژەڵیشدا بۆ مرۆڤ کردووە و فارابی و ئیبن سیناش بێدەستکاری وەریان گرتووە.

میسکەوەیهی لە کتێبی (الفوز الاصغر) دا و لە باسی پێویست بوونی مرۆڤ بە پێغەمبەر و دیاردەی پێغەمبەرایەتی دا و لە ژێر ناونیشانی (باسی سێیەم: دەربارەی پێغەمبەرایەتی، بەشی یەکەم: دەربارەی پلەبەندی هەبووەکانی گەردوون و پەیوەندی هەندێکیان بە هەندێکی تریانەوە) بە وردی باس لە هەمان تیۆر دەکات(7)، بەهەمان شێوە لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا دەربارەی فەلسەفەی ئەخلاق لە (تهذيب الأخلاق)(8)ەکەیدا لەژێر ناونیشانی (جیاوازی تەنەکان لە وەرگرتن و قبوڵکردنی کاریگەرە بەڕێزەکاندا) بەوردی باس لە هەمان تیۆر دەکاتەوە کە بۆچی کانزاکان و ڕووەکەکان و ئاژەڵەکان و مرۆڤ جیاوازن لە قبوڵکردن و کاریگەربوون بەم کارتێکەرە بەنرخانە، دواتر دەگەڕێینەوە سەر ئەم بابەتە، تا ئێرە ئەگەر ئەم ئاماژانە بریتیبن لە دەرکەوتنی ئەم تیۆرە و قبوڵکردنی لەلایەن گەورە فەیلەسوفانی ئیسلامییەوە، ئەوە هیچ گومانی تێدانییە کە ئەم تیۆرە سنوری فەلسەفەی تێپەڕاندووە و خۆی گەیاندۆتە ناو حەرەمی عیرفانیشەوە، لێرەدا تەنها وەک نموونە ئاماژە بە فیگەرێکی دیار و کاریگەری وەک ئیبن عەرەبی دەکەم کە لە ئینسایکلۆپیدیا تەسەوفییەکەیدا (الفتوحات المكية) (9) و لە بەرگی  چوارەمدا و لە بەشی سێیەمی کتێبەکەی بەناونیشانی (الفصل الثالث في الأحوال) دا بەناونیشانی (ڕونکردنەوەی پەیوەستبوونی تەنە ڕەگەزییەکان - مەبەست پێی ئاو، هەوا، گڵ و ئاگرە -  بە پاشکۆ سروشتییەکان لە تەنە سروشتییەکاندا) و لە ژێر بەشەکانی (30، 31، 32، 33، 34) دا بەوردی باسی لە دەرکەوتنی کانزاکان، ڕووەک، ئاژەڵ، مرۆڤ، فریشتە و پەری دەکات و کاریگەری ئەم تیۆرەی بەسەرەوە دیارە، تەنانەت ئەوەی لای ئیبن سینا هەیە بێ دەستکاریکردن قبوڵی کردووە. ئەوەی ئیبن عەرەبی لە فەیلەسوفەکان جیادەکاتەوە ئەوەیە میتۆدێکی عیرفانی - فەلسەفی دامەزراو لەسەر کەشف و شهود بەکاردەهێنێت نەک میتۆدێکی عەقڵانی ڕوتی فەلسەفی. دەرکەوتنی وجود لای ئەو جگە لە تەجەللای ناکۆتای ئیلاهی لەڕێگەی ناوەکانییەوە هیچی تر نییە. بەمەش هەر یەکێک لە پلەکانی وجود و دەرکەوتنی هەبووەکان بە جیاوازی پلەکانیانەوە هیچ نین جگە لە دەرکەوتن و تەجەللاکردنی ناوێک لە ناوەکانی خودا.

گەشەسەندنی تیۆرەكە لای ئیخوانوسسەفا

یەکێک لەو گروپانەی بەشدارییەکی سەرەکی و بنەڕەتییان کردووە لە سازکردنی باڵەخانەی بیرکردنەوەی فەلسەفی، کۆمەڵەی (ئیخوانوسسەفا) بوون، کە لە سەدەی چواری کۆچی/ دەی زاینی بەشێوەیەکی نهێنی لە شاری بەسرەی باشووری عێراق دەرکەوتن، پەنجا و دوو نامەی فەلسەفیییان نووسیوە دەربارەی کۆی بابەتە فەلسەفیی و مەعریفییەکان کە تا سەردەمی خۆیان  مرۆڤایەتی پێی گەیشتووە، هەوڵیانداوە هەمووی لە دووتوێی نامەکانیاندا کۆ بکەنەوە. لە ئێستادا لە چوار بەرگدا چاپکراون، یەکەم گروپن تیۆرێک لەسەر دەرکەوتنی مرۆڤ بەتایبەتی ماددە نازیندو و زیندووەکانی وەک ئاو، هەوا، گڵ و ئاگر، کە چوار پێکهێنەرە سەرەکییەکەی بوون و هەبووەکانن، کانزاکان، ڕووەک، ئاژەڵ و تەنانەت فریشتەش بە گشتی گەشەپێبدەن. لەدوای خۆشیان فەیلەسوف و عاریفەکان ئەم تیۆرە وەربگرن و هیچ هەستیارییەکیشیان بەرامبەری نەبێت.  

لە بەرگی سێیەمی کتێبەکەیاندا و لە نامەی (ژمارە 34) دا کە تەرخانکراوە بۆ قسەکردن لەمەڕ (بوونەوەرە خاوەن دەروونەکان و بابەتە عەقڵییەکان/ دەربارەی مەبەستی فەیلەسوفان لەوەی ئەم گەردوونە مرۆڤیکی گەورەیە) بەشێوەی تیۆری هەمان دابەشکارییەکەی ئەرستۆیان قبوڵە و زیادەشی دەخەنە سەر، ئەوە ڕووندەکەنەوە کە بۆچی فەیلەسوفەکان پێیان وایە گەردوون مرۆڤێکی گەورە و مرۆڤ گەردونێکی بچوکە، بەرواردێک دەکەن لە نێوان پێکهاتەی جەستەیی و عەقڵی و دەروونی مرۆڤ و پیکهاتەی گەردوون، ئەم نامەیە لە (دە بەش) پێکهاتووە و لە بەشی شەشەمدا دەڵێن: ئەم شتانەی لە ژێر خولگەی مانگدا هەن سستمێک و ڕێکخستنێکی پلەبەندییان هەیە بۆ بوون و بەردەوامبوون و مانەوەیان، ئەم پلەبەندییانە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە و هەندێکیان لە خوار هەندێکی تریانەوەن و کۆتایی هەندێکیان پەیوەستە بە سەرەتای دەرکەوتنی ئەوی تریانەوە، وەک ڕێکخستنی ژمارەکان و خولگەکان(10). لە بەشەکانی تردا درێژە بە وردەکارییەکانی ئەم تیۆریە دەدەن و باس لە دەرکەوتنی هەریەک لە کانزاکان، ڕووەکەکان، ئاژەڵەکان و مرۆڤ دەکەن، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەناو کۆی باسی ئاژەڵەکاندا باس لە دەرکەوتنی مرۆڤ دەکەن و دەڵێن: دوو لە ڕەگەزەکان کە بریتین لە گۆی ئاگر و  گۆی هەوا دەکەونە ژێر خولگەی مانگەوە، هەرچی گۆی ئاو و گۆی زەوی هەیە لەگەڵ دوانەکەی پێشوو بەسەر چوار سروشتدا دابەش بوون: یەکەمیان بریتییە لە زۆرکاریگەر کە ئاگرە، دوای ئەو هەوایە کە زۆر ساردە، دوای ئەویش ئاوێکی زۆرە کە شێدارە، دوای ئەویش زەوییەکی زۆر هەیە کە بریتیە لە وشکانی(11). لەم بەشەدا ئەوانیش وەک ئەرستۆ باس لە ماددە سەرەتاییەکان و پێکهێنەرە سەرتاییەکانی (ئیستیکسات - ئاو، هەوا، ئاگر و زەوی، دەکەن و ڕوونیدەکەنەوە کە هەریەک لەم ڕەگەزە بنەڕەتیانە خاوەنی سروشتی تایبەت بە خۆیانن. هەرچی ئاگرە سوتێنەرە و کاریگەری خۆی لەسەر هەموو شتێک دادەنێت، ئاو شێدارە و تەڕییەکی زۆری هەیە، هەواش ساردە و تا ئاستی شەختەبوون گەرمییەکەی نزم دەبێتەوە، هەرچی وشکانیشە بریتییە لە سروشتی زەوی/ گڵ.

وردەکاری زیاتری ئەم سستمە ڕووندەکەنەوە و دەیخەنەڕ و دەڵێن: ئەو بوونەوەرانەی لەم چوار ڕەگەزە دروست دەبن بریتین لە: کانزاکان، ڕووەکەکان و ئاژەڵەکان، سستمێک و ڕێکخستنێکی تایبەت بە خۆیان هەیە لە دەرکەوتنیاندا و پەیوەستن بەیەکەوە و لێکدابڕاونین، بەشێوەیەک کە کۆتایی هەریەکێک لەمانە پەیوەستە بەسەرەتای دەرکەوتنی ئەوی تریان، بۆ زیاتر ڕووکردنەوەی ئەمەش ئەوەیە؛ سەرەتای کانزاکان پەیوەستن بە خاکەوە، بەڵام کۆتاییەکەیان پەیوەستە بە ڕووەکەوە، ڕووەکەکان کۆتاییان پەیوەستە بە سەرەتای ئاژەڵەوە و بەهەمان شێوەش کۆتایی دەرکەوتنی ئاژەڵ پەیوەستە بە سەرەتای دەرکەوتنی مرۆڤەوە، مرۆڤیش کۆتا پلەی دەرکەوتنیی پەیوەستە بەسەرەتای دەرکەوتنی فریشتەوە، هەروەها فریشتەش چەند پلە و پێگەیەکی جیاوازیان هەیە و کۆتایی هەر پلەیەکیان پەیوەستە بە سەرەتای پلەی دواترەوە، هەروەک چۆن لەو نامەیەی دەربارەی رۆحانییەتەکانە ڕونمانکردۆتەوە، بەڵام لەم بەشەدا دەمانەوێت پلەی دروستکراوەکان لە کانزا، ڕوەک، ئاژەڵەکان ڕونبکەینەوە و بڵێین: ئەگەر لە کانزا وردببنیەوە دەبینین کە یان لەوشتەوە دێت کە لەدوای خاکەوەیە کە بریتییە لە گەچ/کلس یان لەو ماددەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ئاوەوەیە کە خوێیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە گەچ/کلس ماددەیەکی لمییە و باران قبوڵدەکات و کۆدەبێتەوە و گەچ/کلس دروستدەبێت. بەڵام خوێ بریتیە لەو ئاوەی کە تێکەڵی گڵ دەبێت و دواتر سپی دەبێت و خوێ دەردەکەوێت، بەڵام لە کۆتایی کانزاکان ڕووەک دێت کە بریتیە لە کەڕووەکان و هەرشتێک هاوشێوەی ئەوانبێت، چونکە جۆری ئەم بوونەوەرە وەک کانزا لە گڵدا دەردەکەوێت و دروستدەبێت، ئەم جۆرە بونەوەرانە لە رۆژانی بەهاردا لەو شوینانەی شەونم هەن و شێدارن دەردەکەون و دەڕوێن، هەروەک چۆن ڕووەک دەڕوێت. بەڵام لەبەر ئەوەی گەڵا و بەریان نییە وەک کانز لە گڵدا دەردەکەون، بەم ڕووەوە لە کانزا دەچن و لەو ڕوەشەوە کە وەک ڕووەک دەڕوێن لە ڕووەک دەچن. بەڵام ڕووەک پاش ئەوەی باران دەبارێت و زەوی تەڕدەبێت و شێداردەبێت، سەوزایی قەوزە و کەڕو دەردەکەوێت لەسەر ڕوی بەردەکان، دواتر گژوگیا دەردەکەوێت لەسەر روی خاکەکە، دارخورما کۆتا پلەی ڕووەکییە و لەدوای ئەوەوە قۆناغی ئاژەڵ دەستپێدەکات و دەردەکەوێت(12).

ئەوەشمان بۆ ڕووندەکەنەوە کە دارخورما کۆتا پلەی گەشەکردنی ڕووەکە و لەدوای ئەم قۆناغەوە قۆناغی دەرکەوتنی ئاژەڵ دەسپێدەکات(13)، سەرەتای دەرکەوتنی ئاژەڵیش پەیوەستە بە کۆتا قۆناغی گەشەکردن و دەرکەوتنی ڕووەک، نزمترین ئاژەڵیش ئەو ئاژەڵەیە کە تاکهەستە وەک لولپێچ، بەڵام ئاژەڵ گەشەدەکات و بەپێی جیاوازی گەشەکردنی سروشتی ئاژەڵبوونی هەستەکانی تری تێدا دەردەکەوێت و دەبێتە زیندوەرێکی فرە هەست، ئیدی لە کۆتا قۆناغی گەشەکردن و کامڵبونیدا مرۆڤ دەرکەوێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئاژەڵ تەنها لەیەک ڕووەوە لە مرۆڤ ناچێت، بەڵکو لە زۆر خاڵی هاوبەشدا ئاژەڵ و مرۆڤ هاوشێوەن، هەیانە لە شێوەی جەستە و ڕەفتار لە مرۆڤ دەچن وەک مەیمون، هەشیانە ئەخلاقی بەرزی هەیە وەک ئەسپ، هەشیانە لە لاساییکردنەوەدا لە مرۆڤ دەچن وەک فیل و توتی(14). ئەمە تێڕوانینی ئیخوانوسسەفایە لەمەڕ سستمی دەرکەوتنی جیهانی ماددە و شێوە و ڕێکخستنیان و  دەرکەوتنی ژیان. ئەگەر بەوردی سەیری ئەم تێڕوانینە بکەین بۆمان دەردەکەوێت زۆر بەوردی باسیان لە سستمەکە کردووە، سەرەتا بۆچونەکەی ئەرستۆیان قبوڵکردووە لەوەی چوار ڕەگەزی سەرەکی ئاو، هەوا، گڵ و ئاگر پێکهێنەری هەر زیندەوەرێکن، هەربەمەوە ناوەستن بەڵکو چۆنییەتی دەرکەوتنی بوونەوەرەکانیشمان بەشێوەی پلەپلە بۆ ڕووندەکەنەوە و هەوڵیشدەدەن تا ئەوپەڕی توانای زانستی و فەلسەفی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ڕوونکردنەوە و قەناعەتپێکردنی بەرامبەر، لە ڕووی زانستییەوە هەوڵیانداوە میتۆدی ئەزمونگەرایی بگرنە بەر وەک میتۆدیکی تۆکمە و گشتی، هەموو کەسێک دەتوانێت ئەم گۆڕانکارییانە بەچاوی خۆی ببینێت و تێبینی بکات، چونکە بەشێوەیەکی سستماتیکی هەموو ساڵێک و لە وەرزە جیاوازەکاندا ڕوودەدەن و هەمان دەرئەنجامیشی دەبێت، ئەمەش نزیکترە لە ڕاستیەوە و گومان ناهێڵێت، لەڕوی فەلسەفیشەوە هەوڵیان داوە هەم ئەو چەمکانە بەکاربهێنن کە دەتوانن گوزارشت لە بابەتەکە بەڕونی بکات و هەم بەشێوەیەکی لۆژیکی ورد دەربڕینەکانیان داڕشتووە تا توشی دەربڕینی دژیەک و یەکتر هەڵوەشێن نەبن.  

بەهەمان شێوە ئیبن سینا لە شاکارە فەلسەفییەکەیدا (الشفاء) و لە بەرگی شەشەمدا کە تەرخانی کردووە بۆ قسەکردن دەربارەی (بابەتە سروشتییەکان)، بەتایبەتی قسە لەسەر ئاژەڵ و پێکهاتەی جەستەیی و ئۆرگانیکیی دەکات، بە زمانی زانستی سەردەم بەدیدێکی زیندەروەرناسیانە، باس لە پێکهاتەی ئاژەڵ و رەفتار و کاردانەوەکانی دەکات و میتۆدێکی بەرواوردکاری ورد بەکاردەهێنێت، هەروەک چۆن لە باسی پێکهاتەی جەستەی ئاژەڵدا میتۆدێکی ئەزموونی توێکاری ورد بەکاردەهێنێت، بەراوردکارییەکی ورد لە نێوان ئاژەڵ و ڕووەک و مرۆڤدا دەکات، بەتایبەتیتر زۆر بەراورد لە نێوان ئاژەڵەکان و مرۆڤ دەکات هەر لەڕوی پێکهاتەی ئۆرگانیکییەوە تا دەستنیشانکردنی ئەرکی ئەندامەکانی جەستیان و دیاریکردنی خاڵی لێکچو و جیاوازیشیان، بەهەمان شێوە قسە دەربارەی ڕەفتار و کاردانەوە و مامەڵە و سروشتی میزاجیشیان دەکات و دەڵێت: هەندێک لە ئاژەڵەکان سروشتی خوگرتن بەیەکتریانەوە هەیە وەک مرۆڤ، هەندێ ئاژەڵ بەلەدایکبونیان خوگرتن بەیەکەوە تیایاندا دەردەکەوێت وەک پشیلە و شێر(15). هەروەها لە شوێنیکی تردا باس لەو ئاژەڵانە دەکات کە بە سروشتی خۆیان زیرەکن و توانای خوگرتن و خۆگونجاندنیان هەیە دەڵێت: هەنێکیان زۆر زیرەک و خۆگونجێنن و خوبەیەکەوە دەگرن وەک فیل و مەیمون(16)، ئەم بەراوردکارییانە لە نێوان ئاژەڵ و مرۆڤدا دەکات.

میسکەوەیهی لە (الفوز الاصغر) دا هەمان تێروانینی (ئیخوانوسسەفا) دەهێنێت بێ دەستکاری کردن، ئەو دەیهەوێت پێمان بڵێت: بەهۆی ئەم سستمەوەیە کە مرۆڤ پێویستی بە دیاردەی پێغەمبەرایەتی و دەرکەوتنی پێغەمبەران هەیە. ئیبن عەرەبی لە شاکارەکەیدا (الفصوص الحکم) کە کۆتا کتێبە نووسیویەتی و کۆتا قسەی خۆی  سەبارەت بە تیۆری عیرفانی - فەلسەفی/فەلسەفەی عیرفانی تێداکردووە، تیایدا عیرفانی ئیسلامی بەپایانگەیاند و تیۆری فەرمی بۆ داڕشت و جێگیری کردوە، لە نقێمی شەشەمدا بەناونیشانی (فص حکمة حقیة فی کلمة اسحاقیة) دا دەڵێت:

                        فلاخلق  أعلى من جماد و بعده           نبات على قدر يكون  و أوزان
                   و ذو الحس بعد النبت و الكل عارف            بخلاقه كشفا وإيضاح برهان
                   وامــــا الــمســــــمــــــى آدم فمــقيــد         بـعـقـل وفــكر  او قلادة إيمان(17)

واتە: هیچ دروستکراوێک لە نازیندەوەرەکان/ کانزاکان بەرزترنین لە خوداناسیندا، چونکە ئەوان بە سروشتی خۆیان خواناسن. دوای ئەوان ڕووەک دێن کە خواناسن، دوای ڕووەکیش ئەو زیندەوارانە دێن کە خاوەن هەستن - ئاژەڵەکان- ئەمانە هەموویان خوداناسن و دروستکاری خۆیان دەناسن  لەڕێگەی کەشفەوە کە خودا لە وجودی خۆیان پێیداون و تەجەللای بۆ کردوون، بەڵام ئەوەی پێیدەوترێت مرۆڤ چونکە وابەستەیە بە ئەقڵ و بیرکردنەوەوە لە ڕێگەی بەڵگەکاری عەقڵییەوە خودا دەناسێت یان هەڵدەکشێت و ئیمان دەبێتە دەروازەی خوداناسینەکەی.  لەم سێ بەیتەدا بەڕونی باس لە پلەبەندی دەرکەوتنی تەن و دروستکراوەکان دەکات. کانزاکان، ڕووەکەکان و خاوەن هەستەکان کە ئاژەڵ دەگرێتەوە، بەتایبەتیش باسی لە مرۆڤ کردوە کە لە ئاژەڵ جیادەکرێتەوە بە عەقڵ و بیرکردنەوە و تێڕامان و ئیمان هێنان، هیچ دەستکاری سستم و پلە بەندییەکەی نەکردووە، تەنها لێرەشدا جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە بەهۆی تەجەللا و دەرکەوتنی ناوەکانی خوا هەر یەک لەم دروستکراوانە دەرکەوتوون، هەربۆیە ئاستی خوداناسیشیان تەواو  جیاوازە! 

کۆی لێکۆڵەرەوانی ئەم بوارە، هاوڕانین لەسەر ئەوەی ئەم دیدە هەر لە (ئەرستۆ)وە تا (ئیخوانوسسەفا) بریتیبێت لە تیۆری گەشەسەندن یان هاوشێوەی ئەوبێت، (جۆرج سارتۆن) پێیوایە ئەم گەشەسەندنە پێویست ناکات بەسەر تیۆری گەشەسەندندا جێبەجێ بکرێت، مەبەست لێی تیۆری گەشەسەندنی داروینە، چونکە دەکرێت هەریەک لەم پلەبەندییانە سەربەخۆبن و هیچیان لەسەر ئەوی تریان بەند نەبێت. بەڵام ئاماژە بەوەشدەکات کە : ئەگەرچی ئەم پلەبەندییە لە جیهانی ئیسلامیدا و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لای بەشێکی زۆری عاریفەکان جێگەی سەرسوڕمانیان بووە و کردویانە بە زنجیرەی دەرکەوتنی بوونەوەر لە کانزاوە بۆ رووەک، ئاژەڵ، مرۆڤ و دواتر گەیشتن بە خودا(18). (دکتۆر فواد مەعسوم) لە تێزی دکتۆراکەیدا، دەربارەی ئیخوانوسسەفا و فەلسەفەکیان، دەڵێت: ئەم تێڕوانینەی ئیخوانوسسەفا وای لە هەندێ لە لێکۆڵەران کردووە بڵێن ئەمە تیۆری پەرەسەندنە، تەنانەت (دیتریسی Dieterici) پێی وایە کە ئەم گروپە داروینییەکانی سەدەی چواری کۆچین(19). بەڵام میژوونوس و رۆژهەڵاتناسی بەناوبانگ ( دی بور) ئەم دیدە ڕەتدەکاتەوە و پێی وایە کە: هیچ شتێک نییە بە ئەندازەی ئەم تێڕوانینە دووربێت لە ڕاستییەوە(20)، بەڵام (فەرەح سواح) پێیوایە ئەمە سەرەتایەکە بۆ دەرکەوتنی تیۆری پەرەسەندن(21)، نوسەر و توێژەری عیراقی (رشید خیون) سەرسامبوونی خۆی بەم تیۆرە لای ئخوانوسسەفا ناشارێتەوە و تەنانەت بۆچون و دیدی فەیلەسوف و موتەکەلیمێکی وەک (ئیبن خەلدون) بە بەڵگە دەهێنێتەوە کە دەڵێت: خوا من و تۆش ڕێنمایی بکات ئەم جیهانە دەبینین بەو هەموو شتانەی تێیدایە لە دروستکراوەکان کە لەسەر شێوەیەکی ڕێکخراوی تۆکمە دامەزرێندراون و هۆ و دەرئەنجامەکان پێکەوە گرێدراون، دروسکراوەکان بەیەکتری گەیەندراون، هەندێ دروستکراو دراونەتە پاڵ هەندێکی تریان، هەرگیز شتە سەرسوڕهێنەرەکانی ئەم وجودە بەتاڵناکرێنەوە.، پاشان سەیری جیهانی دروسکردن و بەدیهێنراو بکە چۆن لە کانزاوە دەستپێدەکات و پاشان ڕووەک و دوای ئەویش ئاژەڵ لەسەر جوانترین شێوەی پلەپلە و یەک لەدوای یەک داندراون بەشێوەیەک کۆتا خاڵی کانزا پەیوەستە بە سەرەتای دەرکەوتنی ڕووەکەوە وەک گیا و ئەو ڕوەکانەی تۆویان نییە، کۆتا خاڵی گەشەسەندنی ڕووەک کە دارخورما و مێوەیە پەیوەستە بە سەرەتای دەرکەوتنی ئاژەڵەوە وەک لولپێچ و گوێچکەماسی کە جگە لە هێز و هەستی بەرکەوتن هیچی تریان نییە، واتای پەیوەستبوون لەم دروستکراوانەدا ئەوەیە کە کۆتا خاڵی ئەم دروسکراوە بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ئامادەکراوە کەببێتە سەرەتای دەرکەوتنی ئەو دروستکراوەی تر کە لەدوای ئەوەوەدێت، جیهانی ئاژەڵەکان فراوانبووە و جۆرەکانی جیاوازن. کۆتا پلەی دروسبوونیشی سەرەتای دەرکەوتن و دروستبوونی مرۆڤە کە خاوەنی فکر و بیرکردنەوەیە کە لە جیهانی مەیمونەوە سەرچاوەیگرتووە و بۆی هەڵکشاوە! کە خاوەنی هەست و ئاگاییە، بەڵام بەشێوەیەکی کرداری نەگەیشتووە بە فکر و تێڕامان، ئەوەش یەکەم خولگەی دەرکەوتنی مرۆڤە. ئەمەش مەبەست و کۆتا خاڵی بینینی ئێمەیە(22). لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە (ئیبن خەلدون)یش هەمان تێڕوانینی ئیخوانوسسەفای وەک تەفسیرکردنی دەرکەوتنی زیندەوەرەکان قبوڵکردووە بێدەستکاری و هیچ گرفتێکی تێدانابینێت لەوەی دژی نەگۆڕێکی قورئانی بێت. (ئیبن خەلدون) جگە لەوەی فەیلەسوفە، موتەکەللیمێکی سەرسەختی ئەشعەرییەکانیشە.

بەهەمان شێوە (دکتۆر مەعن زییادە - ئیبن باجەناسی ناودار) هاوڕایە لەسەر ئەوەی ئەم تێڕوانینە سەرەتای دەرکەوتنی تیۆری پەرەسەندنە، چونکە لەکتێبەکەیدا (الحركة من الطبيعة الى ما بعد الطبيعة دراسة في فلسفة ابن باجة الأندلسي)دا لەژێر ناونیشانی (سستمی پلەبەندی لە خولگەی ژێر مانگدا و تیۆری پەرەسەندن) باس لە تێڕوانینی (ئیبن باجەی ئەندەلوسی) بەوردی دەکات کە ئەویش هاوڕای ئەرستۆ و ئیخوانوسسەفایە لەم تیۆراەدا، تەنانەت باوەڕی وایە کە ئەو ڕووەکانەی لە قوڵایی دەریاکاندا دەژین رووەکی کامڵ نین، بەڵکو ئەو ڕووەکانەی لەسەر ڕووی زەوی دەژین کامڵن، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە مەیمون ئەو ئاژەڵەیە دەکەوێتە نێوان ئاژەڵی عاقڵ و نا-عاقڵ(23)، واتە مەیمون ئەڵقەی گواستنەوەی ئاژەڵە لە قۆناغی ئاژەڵییەوە بۆ قۆناغی مرۆڤبوون، چونکە لە نێوان ئاژەڵی خاوەن عەقڵ کە مرۆڤە و ئاژەڵی نا- عاقڵ کە کۆی ئاژەڵەکان دەگرێتەوە دایە. مەیمون لە جەستە و رەفتاریدا زۆر لە مرۆڤەوە نزیکە، بەڵام لە زۆر سیفاتی تردا جگە لە ئاژەڵێکی ئاسایی هیچی تر نییە.

دەرەنجامە


1- تیۆری پەرەسەندن لە ڕێگەی بزووتنەوەی وەرگێڕانەوە هاتوەتە ناو فکری ئیسلامییەوە بەهەردوو باڵی فەلسەفە و عیرفاندا شۆڕبۆتەوە و هەریەک لە فارابی و ئیبن سینا و میسکەوەیهی، لە فەیلەسوفەکان و ئیبن عەرەبی لە عاریفەکان وەریانگرتووە.

2- ئیخوانوسسەفا نەک تەنها دابەشکارییەکەی ئەرستۆ وەردەگرن، بەڵکو زیادەشی دەخەنە سەر و بەشێوەیەک ڕێکیدەخەن کاتێک لێی ورد دەبیتەوە سەرنجت بۆ ئەوەدەچێت کە ئەمان چەند سەدە پێش (داروین) باسیان لە تیۆری گەشەسەندن کردبێت. هەوڵیانداوە میتۆدێکی زانستی لەسەر بەرمەبنای ئەزمونکاری بۆچونەکەیان بسەلمێنن و بۆ دەربڕینی بابەتە زانستییەکە بە زمانێکی کاریگەری فەلسەفی دایانڕشتووە و چەمکەکانیان بەوردی بەکارهێناوە.

3- میسکەوەیهی کە هاوسەردەمی ئیخوانوسسەفابوون، و ئیبن عەرەبی کە دوو سەدە دوای ئەوان ژیاوە و ئیبن خەلدون کە دواتر ژیاوە، ئەم تیۆرەی ئیخوانوسسەفایان قبوڵکردووە و لە ڕێگەی ئەمانیشەوە خۆی خزاندۆتە ناو سستمی ئەپستمۆلۆژی ئیسلامییەوە.

4-سەرەڕای ئەوەی پێمانوابێت کەم تێڕوانینە سەرەتاکانی دەرکەوتنی تیۆری گەشەسەندنبێت یان هاوڕانەبین، بەڵام هیچیان لەو ڕاستییە کەمناکەنەوە کە فەیلەسوفە موسڵمانەکان تەنها وەرگرێکی کوێرانەی فەلسەفەی گریک نەبوون، بەڵکو زیادەشیان خستۆتە سەر و هەوڵیانداوە وەڵامی پرسیارەکانی سەردەمی خۆیانی پێبدەنەوە، هەروەها بوونی تێگەیشتنێک لەم جۆرە لەسەر هەردوو ئاستی فەلسەفی و عیرفانی و نەبوونی هیچ کاردانەوەیەکی نێگەتیڤانە بەرامبەر بەم تێڕوانینە بەوەی کە دژی نەگۆڕەکانی قورئانە، پیماندەڵێت کە فەیلەسوفەکان و عاریفەکانی ئەم ژیارە سەرەڕای پابەندبوونی جدییان بە کەلام و شەریعەتی ئیسلامییەوە، بەڵام هیج کات خاوەنی عەقڵێکی داخراونەبوون لە وەرگرتنی بابەتێک لە دەرەوەی بیرکردنەوەی خۆیان، بەڵکو تا ئەوپەڕی گەڕانیان بەدوای حەقیقەتدا عەقڵکراوەبوون، گرفت لە ئێستادایە کە تاچەندە موسلمانی ئەم سەردمە خاوەنی عەقڵیکی داخراو و بێ ئاگا لە مێژوو و مەعریفە و ئەو تایپە لە بیرکردنەوەیە کە بەرهەمی ژیارکەی خۆیەتی.

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە

سەرچاوە و پەراوێز:
١- هەیولا: وشەیەکی یۆنانیە بەواتای بنەڕەت، ماددە دێت. لە فەلسەفدا بریتییە لەو گەوهەرەی لەهەر تەنێکدا هەیە و هەرشتێک لەسەر ئەو تەنە دەربکەوێت لە یەکگرتن و جیابوونەوە هەیولا قبوڵیدەکات، هەروەها شوێنی دەرکەوتنی هەردوو وێنەی جسمی و جۆرییە. بڕوانە:
الجرجاني، على بن محمد بن على، كتاب التعريفات. دار المعرفة للطباعة والنشر و التوزيع بيروت - لبنان. الطبعة الثانية 2013.  ص 224.
2- سارتون، جورج. تاريخ العلم، ترجمة نخبة بإشراف  د. ابراهيم بيومي مدكور و آخرون. المركز القومي للترجمة 2010. ج3 ص 257 - 258.
3- الفارابي، أبونصر الفارابي. آراء أهل المدينة الفاضلة. دار و مكتبة الهلال للطباع و النشر 1995. ص 59.
4- هەمان سەرچاوەی پێشوو لا 72 - 74.
5- الرازي، فخر الدين محمد بن عمر. شرح عيون الحكمة. الجزء الثاني في الطبيعيات ، المطبعة اسماعلييان، مؤسسة الصادق للطباعة و النشر  ايران - طهران، الطبعة الأولى 1415 هـ .ق . ص 213.
6- هەمان سەرچاوەی پێشوو لا 213 - 242.
7- ابن مسكويه، الشيخ الأمام أبي على أحمد.  الفوز الأصغر.  منشورات دار مكتبة الحياة  بيروت - لبنان بدون تأريخ.  ص 58 -91.
8- ابن مسكويه، أبي علي أحمد بن يعقوب.  تهذيب الأخلاق دراسة وتحقيق: عماد الهلالي. منشورات الجمل، بغداد - بيروت/ لبنان الطبعة الأولى 2011.  ص 295 - 302.
9- ابن عربي، الشيخ الأكبر و النور الأبهر أبو عبدالله محي الدين محمد بن علي بن محمد بن عبدالله الحاتمي الطائي.  الفتوحات المكية. قراه و قدمه  نواف الجراح.  دار الصادر بيروت - لبنان  بدون تأريخ. ج4، ص 97- 111.
10- اخوان الصفا و خلان الوفا.  رسائل اخوان الصفا.  دار الصادر  بيروت - لبنان بدون تأريخ. ج3، ص 224.
11- هەمان سەرچاوەی پێشوو لا 224.
12- سەرچاوەی پێشووە لا 224 -227.
13-  سەرچاوەی پێشوو لا 226.
14 - سەرچاوەی پێشوو لا 227 - 228.
15-  ابن سينا. الشفاء.  المطبعة ذوي القربى مركز التوزيع قم 1443 هـ . ق ج6، ص 6.
16- هەمان سەرچاوە لا 7.
17- ابن عربي. شرح الجامي على فصوص الحكم. تحقيق : د. عاصم ابراهيم الكيالي.  دار الكتب العلمية بيروت - لبنان الطبعة الثانية 2009. ص 178 - 179.
18- سارتون، جورج. تأريخ العلم. ترجمة نخبة بإشراف ابراهيم بيومي مدكور و آخرون.  المركز القومي للترجمة 2010. ج3، ص 258.
19-  معصوم، الدكتور فؤاد.  اخوان الصفا فلسفتهم و غايتهم. دار المدى للثقافة و النشر  دمشق - سورية، الطبعة الثالثة 2008. ص 225.
20- دي بور.  ت.ج . تأريخ الفلسفة في الأسلام  ترجمة محمد عبدالهادي أبوريدة. تقديم:  مصطفى لبيب. المركز القومي للترجمة  الهيئة العامة لشئون الطبع الأميرية.  القاهرة 2010. ص 182.
21- السواح، فرح.  طريق اخوان الصفا المدخل الى الغنوصية الأسلامية.  دار علاء الدين للنشر والتوزيع  و الترجمة.  دمشق - سورية.  الطبعة الأولى 2008.  ص 92.
22- خيون، رشيد.  اخوان الصفا المفترى عليهم إعجاب و عجب.  دار المدارك للنشر دبي - الأمارات المتحدة العربية. الطبعة الأولى 2013. ص 244- 245.
23- زيادة، د. معن. الحركة من الطبيعة الى ما بعد الطبيعة دراسة في فلسفة ابن باجة الأندلسي.  رؤية للنشر والتوزيع، قاهرة - مصر، الطبعة الأولى 2014. ص 254 - 260.


ئه‌م بابه‌ته 730 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure