گرنگ
ره‌وشی كه‌شوهه‌وا و پله‌كانی گه‌رمای ئه‌مڕۆ و سبه‌ینێ راگه‌یه‌ندرا
دەوڵەتی تورک له‌ گەلیی زیلان چلوحەوت هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی کوردی کۆکوژکرد
به‌ڤیدیۆ... په‌رله‌مانتارێك له‌ قافدا گیرا

کراوەیی ئیسلامی

هۆکارەکانی زیادکردنی پاداشت لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ دەستگیركردنی رێبەری داعش

02/07/2020

میللەت


لە 25 حوزەیرانی ئەمساڵ، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕی ئەو پاداشتەی كردووەتە دوو هێندە كە بۆ پێدانی زانیاری، یان دەستگیركردنی خەلیفەی نوێی داعش دایناوە، رێبەری نوێی داعش حاجی عەبدوڵا ناسراو بە "ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەیشی" تۆمەتبارە بە پێشێلكاری دژی كەمینە ئایینییەكانی عێراق.


ئەژماری فەڕمی "پاداشت لە پێناو دادپەروەری" سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە تویتەر، تویتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند: پاداشتی پێدانی زانیاری یان دەستگیركردنی حاجی عەبدوڵا بۆ دە ملیۆن دۆلار زیادكراوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سورە لەسەر دۆزینەوەی سەركردە تاوانبارەكان، وەزارەتی دەرەوە ئەو سەركردەی داعش بە رفاندن، سەربڕین و بازرگانیكردن بە ئێزیدیەكان لە باكوری عێراق تۆمەتبار دەكات.

ئەم هەنگاوە نوێیە، تویتێكی تری لە لایەن هەمان ئەژمارەوە بەدواداهات كە نووسیبووی "وێنەی حاجی عەبدوڵا جوان نییە"، داوای لێكردبوو رێنمایی هاوڕێكانی بكات وێنەیەكی جواتری بنێرن، لێرە پرسیار دروستدەبێت كە رەنگدانەوەی ئەو بڕیارەی ئەمەریكا لەسەر داعش چیدەبێت؟ بە تایبەت كە ئەو هێزە زیانی زۆری لێكەوتووە لە رابردوودا و لە ئێستادا دەخوازێت خۆی رێكبخاتەوە و جارێكی تر لە گۆڕەپانەكە چالاكی دەنوێنێت و لەم ماوەدا بەرپرسیاریەتی هەندێك هێرشی لەخۆگرتووە.

جێكەوتە جۆراوجۆرەكان

دەتوانین بڵێین بڕیاری ئەمەریكا بە زیادكردنی پاداشت بەو كەسەی زانیاری دەبارەی رێبەری نوێی داعش "ئەبو ئیبراهیم قوڕەیشی" بداتە هێزەكانیان، ئەمەش كاریگەری و جێكەوتەی لەسەر داعش دەبێت، بە تایبەت لەم كاتەدا كە داعش دەیەوێت رێژەی ئەو زیانانە كەم بكاتەوە كە بەریدەكەوێت، گرنگترین جێكەوتەكانی ئەم بڕیارەش:

1-توندكردنی گەمارۆ: كوژرانی خەلیفەی پێشووی داعش "ئەبوبەكر بەغدادی" لە هەڵمەتێكی سەربازی هێزەكانی ئەمەریكا لە 27 تشرینی یەكەمی 2019 ئەو راستییەی دەرخست كە ئەو رێكخراوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە خەرق كراوە، هەرچەندە رێوشوێنی توندی بۆ پاراستنی سەركردەكانی گرتەبەر، ئەو شوێنەی كە بەغدادی لێبوو وا گریمانە دەكرێت، كە تەنها چەند كەسێكی كەمی نزیكی ناوبراو ئاگاداری بن. ئەمەش وادەكات ئەو رێكخراوە تووشی دڵەڕاوكێ بكات و بترسێ هەمان سیناریۆ بۆ سەركردەی نوێی رێكخراوەكە دووبارەبێـەوە، بۆیە دەبێت رێوشوێنی زۆر توند بگرێتەبەر تا ئەگەری كوژرانی یان دەستگیركردنی لاوازبێت، بێگومان ئەمەش كاریگەری دەكاتە سەر جوڵەكانی، بەوهۆیەشەوە توانای راپەڕاندنی كارەكانی لاواز دەبێت و ناتوانێت بەپێی پێویست سەرپەرشتی كاروبار و لقەكانی رێكخراوەكەی بكات، بۆیە پێدەچێت بۆ راپەڕاندن و رایكردنی كارەكانی و كاروباری كارگێڕی رێكخراوەكە پشتببەستێت بە ژمارەیەك بەرپرس، ئەمەش بە تێپەڕبونی كات توانانی رێكخراوەكە لاواز دەكات بۆ جۆرێك كە لە شێوەی گرووپی لێكدابڕاو كاربكات.

2-دابەزینی مەعنەویات: كاریگەری كوژرانی خەلیفەی پێشوی داعش "ئەبوبەكر بەغدادی" ئەوەی دەرخست كە رێكخراوەكە توانای بەرگەگرتنی زیانێكی هاوشێوەی ئەوەی نییە، بێگومان زیادكردنی پاداشت بۆ پێدانی زانیاری دەبارەی خەلیفەی نوێ، فشارێكی زۆرتر دەخاتە سەر رێكخراوەكە سەبارەت بە زانیاری دەبارەی شوێنی خەلیفەی نوێ، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی دابەزینی مەعنەویانی ئەندامانی رێكخراوەكە كە لە ئێستادا دەخوازن ریزەكانی خۆیان رێكبخەنەوە و لەگەڵ پێشهاتە نوێیەكان بگونجێن كە دوای كوژرانی بەغدادی دروستبووە و ئەو زەوی و ناوچانەیان لەدەستدا كە پێشتر لەدەستیاندابوو.

3-زیادبوونی خەرقی رێكخراوەكە: رێكخراوەكە رووبەڕووی خەرقێكی ئەمنی گەورە بوەتەوە، ئەو شكستانەی لە ساڵانی رابردوو تووشی هات، بووە هۆی لێكترازانی زۆری ریزەكانی رێكخراوەكە و هەندێك لە كادیرەكانی وازیان هێنا  و پەیوەست بوون بە رێكخراوەكانی ترەوە. ئەمەش پەیوەستبوونی ناوخۆیی رێكخراوەكەی پەرێشان كردووە، لەناوخۆدا كێبڕكێ دروستبووە لەسەر بەڕێوەبردنی كاروبارەكان و ئەو بڕەی داهات كە هێشتا لەدەست رێكخراوەكەدایە.

4-پرۆژەیەكی ئەمەریكی: دانانی ئەو پاداشتە زۆرە لەلایەن ئەمەریكاوە لەبەرامبەر گرتن یان پێدانی زانیاری لەسەر خەلیفەی نوێی داعش، دەبێتە هۆكارێك بۆ لاوازبوونی پێگەی داعش و شانە نوستووەكانی لە عێراق و وڵاتانی تری رۆژهەلاتی ناوەڕاست. ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر چالاكی ئەو رێكخراوە، چونكە نەبوونی سەركردە هەروەك لە دوای كوژرانی بەغدادی هەستیپێكرا رێگەخۆشدەكات بۆ لێكترازانی زیاتری رێكخراوەكە.


لەبەر رۆشنایی ئەوەی باسكرا، زیادكردنی پاداشت بەرامبەر دەستگیركردن یان پێدانی زانیاری لەسەر خەلیفەی نوێی داعش، گورزێكی كاریگەرە لەم كاتەدا لەو رێكخراوە دەدرێت، لە كاتێكدا رێكخراوەكە خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە، ئەم پاداشتە وادەكات ئەمەریكا دەستی بگاتە سەركردەكانی رێكخراوەكە، ئەمەش لە كۆتایدا دەبێتە دارمانی زیاتری رێكخراوەكە لە عێراق و سوریا، هاوكات كاریگەریەكانیشی لەسەر گرووپەكانی تری سەر بە رێكخراوەكە لە وڵاتانی تر دەردەكەوێت، بە تایبەت ئەوانەی لە رابردودا هەوڵیانداوە قەرەبوی ئەو زیانانە بكەنەوە كە بەر رێكخراوەكە كەوتوە.


سەرچاوە:
المستقبل للابحاث والدراسات المتقدمة


ئه‌م بابه‌ته 886 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure