گرنگ
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا 4 كه‌س بوونه‌ قوربانی‌
هێزێكی تایبه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌
نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا

کراوەیی ئیسلامی

كەتیبەكانی حزبوڵای عێراق، له‌ نێوان شه‌رعیه‌تی مه‌زهه‌بی و چه‌كوشی مسته‌فا كازمیدا‌

07/07/2020

ئیدریس سیوەیلی

پێشەكی


جارێكی تر باسوخواسی گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران لەسەر شانۆی سیاسیی عێراق مشتومڕی گەرموگوڕی بەخۆیەوە بینوە، بە تایبەت كەتیبەكانی حزبوڵا، ئەمەش دوای ئەوەی لە رابردودا چەندجار لەلایەن ئەو گرووپانەوە موشەكبارانی باڵیۆزخانە و بنكەی سەربازی ئەمەریكییەكان كرا، لەم توێژینەوەدا هەوڵ دەدەین  رێگوزەرێك بە مێژووی دروستبونی كەتیبەكانی حزبوڵا بكەین و پێكهاتە و دامەزراوەكانی بخەینەڕوو.


مێژوو و پێكهاتە

رووخانی حكومەتی بەعس لە 2003، وێستگەی گۆڕانكاری گەورەبوو لە مێژووی عێراق، چەندین هێزی نوێ هاتنە گۆڕەپانەكەوە و بە شێوازی جۆرلوجۆر خۆیان نمایش كرد، هەندێك لەو هێزانە لە چوارچێوەی ئەجێندای وڵاتانی تردا بوون، یان بە ئیلهاموەرگرتن لە هێزی تر دامەزراون، یەكێك لەو هێزانە كەتیبەكانی حزبوڵای عێراقە، كە دروشم و ئامانجه‌كانی وێنه‌یه‌كی هاوشێوەن له‌وانه‌ی حزبوڵای لوبنان، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگ و لۆگۆی ئاڵاكه‌شیان چوونیه‌كه‌، هه‌ردوولاشیان مه‌سه‌له‌ی كوژرانی ئیمام حوسێن و مه‌رگه‌ساته‌كانی تری شیعه‌ به‌كارده‌هێنن بۆ جۆشدانی كۆیاده‌وه‌ریی شیعه‌كان و كۆكردنه‌وه‌یان له‌ ده‌وری ئامانجه‌كانی خۆیان(1). ریشەی دروستبوونی كەتیبەكانی‌ حزبوڵای‌ عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی‌ 2003 كە یەكەمجار بەناوی‌ كەتیبەكانی‌ "ئەبو فەزل‌ عەباس"ەوە خۆی‌ راگەیاند، یەكەم چالاكیشی لەژێر ئەو ناوەدا لە (23/10/2003) بوو دژی هێزەكانی ئەمەریكا(2).

دوای تێپەربوونی چوار ساڵ، كەتیبەی ئەبوفەزل عەباس لەگەڵ كەتیبەكانی تری كەربەلا، زەیدی كوڕی عەلی، عەلی ئەكبەر و سەجاد لە (21/8/2007) لە ژێر ناوی (كەتیبەكانی حزبوڵا) خۆیان راگەیاند.(3). لە بەیاننامەی خۆڕاگەیاندن، كەتیبەكانی حزبوڵا ئاشكرایكردوە كە لەپێناو ئەم ئامانجانەدا خەبات دەكات:

1- رزگاركردنی عێراق و دەركردنی داگیركەران و پیلانداڕێژەران.
2- پاراستنی ناسنامەی ئیسلامیی، گەل، خاك و سەروەتەكانی عێراق.
3- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو پەیماننامانەی لەلایەن داگیركەرەوە بەسەر  گەلی عێراق سەپێنراوە.

4- دەرخستنی رووی ناشیرین و گومڕاكەرانەی ئەوانەی بەرگی ئایینیان پۆشیوە و لەپشت بەڵێنی داگیركەرانەوەن.
5- سەرخستنی دۆزی موسڵمانانی چەوساوە لە تەواوی جیهان(4).

دواتر ئەو هێزە وا خۆی دەناسێنێت كە "پێكهاتەیەكی جیهادی ئیسلامیی بەرگریكارە، بڕوای بە پرەنسیپەكانی ئیسلام هەیە و مەنهەجی ئیسلامیی محەمەدی و ئالوبەیت پەیڕەو دەكات لە رەتكردنەوەی ستەم و سەرخستنی ستەملێكراوان و حاكمیەتی ئیسلام، لە هەموو بوارەكان و لە هەموو كات و شوێنێك، تێدەكۆشێت بۆ چەسپاندنی ئیسلام، لە سەردەمی دیارنەبوونی مهدی چاوەڕوانكراو ولایەتی فەقیهـ بە رێگەچارەی نمونەیی دەزانین. وایدەبینێت كە كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستكەوتێكی مەزنە و هەنگاوێكە بەرەو پێكهێنان و چەسپاندنی حوكمی خوایی لەسەر زەوی و نمونەیەكە لە حاكمیەتی ئیسلام و ویلایەتی فەقیهـ،"، لەبەر رۆشنایی ئەو راستییە ئامانجی بزووتنەوەكە بریتییە لە:

1- پەرەپێدانی رۆڵی بەرگریكار و بنەدۆزكردنی رۆشنبیری بەرگری لە داهاتوی عێراق.
2- خستنەڕوو و بەرەنگاربوونەوەی پرۆژەی دەوڵەتانی خۆبەزلزان كە لەژێر ناوی جۆراوجۆر دەیخەنەڕوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان.
3- پارێزگاری لە یەكپارچەیی عێراق و جەختكردنەوە لە ناسنامەی ئیسلامەتی.

4- كاركردن بۆ دروستكردنی زۆرینەی سیاسیی كە توانای هەبێت گۆڕانكاری ریشەیی لە دەستور و پرۆسەی سیاسیدا بكات بە رێگەی دیموكراسی.
5- گەشەپێدان و بنیادنانەوەی وڵات و دەستەبەركردنی ئاسایش و سپاردنی جومگەكانی دەسەڵات و ناوەندەكانی بڕیار بە كەسانی لێهاتوو دەستپاك(5)..

باس لەوە دەكرێت هەردوو ئەبومەهدی موهەندیس و عیماد موغنیە رۆڵی سەرەكیان هەبووە لە دروستكردنی كەتیبەكانی حزبوڵا(6)، ئەبومەهدی موهەندیس لە حەفتاكانی سەدەی رابردودا پەیوەندی‌ بە حیزبی دەعوەی ئیسلامییەوە كردوە و لە هەشتاكانی سەدەی رابردودا پەنای‌ بردوەتە بەر ئێران ‌و بووتە سەركردەی سوپای بەدر، دوای‌ روخانی‌ حكومەتی بەعس لە 2003 گەڕاوەتەوە عێراق‌ و رۆڵێكی بەرچاوی بینیوە لە بەهێزكردنی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران، یەكێك بوو لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی تا لە كانونی دووەمی 2020 لە هێرشێكی فرۆكە ئەمەریكییەكان لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودس لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغداد كوژرا. عیماد موغنیە بەرەگەز لوبنانبە و سەركردەیەكی دیاری حزبوڵا بوو، رۆڵی هەبووە لە پێكهێنان و راهێنانی چەكدرانی حزبوڵای عێراق، لە 2008 لە سوریا كوژراوە.

لە 2007- 2008 كەتیبەكانی حزبوڵا چەندین هێرشی موشەكی جۆراوجۆریان كردە سەر هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەمە وێڕای بەكارهێنانی بۆمبی چێنراو لە چەند هێرشی تردا. هەر ئەمەش وای كرد كە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە (2/7/2009) كەتیبەكانی حزبوڵا بخاتە لیستی تیرۆرەوە، بە گوێرەی بەیاننامەی وەزارەت، حزبوڵا كۆمەكی لە سوپای قودسی ئێران وەرگرتوە و هەر لەلایەن ئەو سوپایەوە راهێنان بە ئەندامەكانی كراوە و لە نێوان ساڵانی 2007- 2008 هێزەكانی ئەمەریكای بە موشەك بۆردومان كردووە.(7).

پەیكەری رێكخراوەبی حزبوڵا روون نییە و بەشێوەی شاراوەیی ماوەتەوە، لە ئابی 2011 سەرچاوەیەك لە ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەشێك لە پێكهاتەی سەركردایەتی حزبوڵای ئاشكرا كرد، بەڵام هیچ سەرچاوەیەكی تر دڵنیایی لەو زانیاریانە نەدا و هەروەكو كەسیش رەتینەكردەوە، كە بەم جۆرە بوو: ئایەتوڵا محەمەد سەنەد نیشتەجێی لوبنان سەرپەرشتیاری گشتیی حزبوڵا و دوو یاریدەدەری هەیە ئەوانیش: جەعفەر عەلەوی بە رەگەز عێراقی نیشتەجێی لوبنان و ئەحمەد سەعدی ناسراو بە ئەحمەد كازمی كە وەكو موفتی كەتیبەكان ناودەبرێت. ئەحمەد فەرتوسی، جەبار عەبدولحسێن بەرپرسی نووسینگەی پارێزگاكانی باشوور (بەسرە، ناسریە، كوت و عەمارە)، موئەیەد بەهادلی بەرپرسی نووسینگەی بەغداد (رەسافە) كە چەند یاریدەدەرێكی هەیە ئەوانیش: سەعدە سوارە، ئەمجەد باحی، سەدر ئەعرەجی و لەیس نوری كە هەمویان پێشتر لە ناو سوپای مەهدی كاریان كردوە. ئەحمەد سەعدی بەرپرسی نووسینگەی بەغداد (كەرخ) كە (حەمید ساعیدی، محەمەد عەبدسادە، فازیل فەریش و ویسام فەتلاوی) یاریمەتیدەرنی و هەمویان پێشتر لە ریزی سوپای مەهدی بوون. كەمال فەرتوسی بەرپرسی كارگێڕی  دارایی و یاریدەدەرەكانی: محەمەد كەعبی، عامر خواجە و موفتەدا ئەنساری(8).

لە بەیاننامەیەكیشدا كە لە (31/4/2012) بڵاویكردەوە، حزبوڵا پیرۆزبایی سەركەوتن بەسەر ئەمەریكا لە ژمارەیەك چەكداری رێكخراوەكە دەكات بێ ئەوەی هیچ زانیاریەك لەسەر پلە و رۆڵی ئەو چەكدارانە بخاتەڕوو، ئەوانیش: زولفەقار مەجید دەراجی، زیا جومعە هەلیجی، محەمەد موحسین سەرای، ئەحمەد ئەبوزوهرە مالیكی، عەمار عەبدولسەید حەمیداوی، محەمەد عەبدولحسێن ماجدی و حەیدەر جومعە رەبیعی(9).

دوای بەهاری عەرەبی و هەڵایسانی شۆڕش لە سوریا، كەتیبەكانی حزبوڵا لە چەند بۆنەی جیاواز پشتیوانی خۆیان بۆ حكومەتی بەشار ئەسەد دەربڕیوە، بە كردەوەش لە (2013)وە چەكدارەكانیحزبوڵا لە ناوچە جۆراوجۆرەكانی سوریا لەپاڵ سوپای حكومەتی ئەو وڵاتە دەجەنگن، لە سایتی حیزبدا كوژراوانیان لە سوریا بە (شەهیدی عەقیدە و شكۆ) ناودەبەن، بەشداریكردنیشیان لە شەڕی سوریا بە پاساوی پارێزگاری لە پیرۆزییە ئایینییەكانە، بە نمونە رایانگەیاندوە ئەوان چونەتە سوریا تا پارێزگاری لە مەزاری سەیدە زەینەب لە باشوری دیمەشق بكەن.(10).

جگە لە پاڵپشتی لە حكومەتی سوریا، كەتیبەكانی حزبوڵا لە بەیاننامەیەكدا لە (26/3/2015)  پشتیوانی خۆی بۆ بزووتنەوەی ئەنساروڵای حوسی دەربڕی، لە بەیاننامەكەدا هاتووە: دڵ، دەست و چەكی شۆڕشگێڕان و رزگاریخوازان لە جیهان لەگەڵتانە و پشتیوانتانن لە جەنگەكەتان(11).
هێرشەكانی داعش و گرتنی موسڵ دەرفەتێكی مێژوویی بوو بۆ گروپە چەكدارەكانی عێراق تا ئەسپی خۆیان تاو بدەن و پێگەی خۆیان بەهێزتر بكەن، كەتیبەكانی حزبوڵا لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی لە 2014 بەدواوە رۆڵیان بینی لە جەنگان دژی داعش، بە تایبەت لە كاتی گەمارۆی ئامرلی لە لایەن داعشەوە كە نزیكەی 100 رۆژی خایاند و دواجاریش هێزەكانی ئەمەریكا هاوكاری عێراقی كرد لە شكاندنی ئەو گەمارۆیە(12).

بەوپێیەی حزبوڵا چەندین ساڵ بەر لە دروستكردنی حەشدی شەعبی دامەزراوە، لە رووی پێكهاتە و تواناوە لە گرووپەكانی تری ناو حەشدی شەعبی تۆكمەتر و لەپێشتر بوون، هاوكاری و پشتیوانیەكانی ئێران و حزبوڵای لوبنانیش بۆیان پێگەی بەهێزی لەناو حەشدی شەعبی پێبەخشین. ژمارەی چەكدارانی كەتیبەكانی حزبوڵا بە حەوت هەزار چەكدار دەخەمڵێنرێت، لەو ژمارەیە 2500 كەسیان بە فەڕمی لەناو ریزەكانی حەشدی شەعبی تۆماركراون، بەهۆی ئەو پاڵپشتیەوە كە ئێران لێیان دەكات لەخۆیان رادەپەڕمون لەناو عێراق وەك خاوەن نفوز مامەڵە بكەن، رەنگە بەشداری و رۆڵیان لە رفاندنی ژمارەیەك راوچی بنەماڵەی میری قەتەر لە 2015 كە بۆ راوی باڵندەی دەگمەن رویان لە عێراق كردبوو، ئاماژەیەكی ئەو لەخۆڕابینینە بێت لای ئەو هێزە، دەوترێت لە بەرامبەر ئازادكردنی رفێنراوەكان بڕی یەك ملیار دۆلاریان لە حكومەتی قەتەر وەرگرتووە(13)، هەروەك دەستیانگرت بەسەر شارۆچكەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل بە بیانوی پارێزگاری لە زیارەتكارانی كەربەلا لە مەترسی داعش، بێ ئەوەی حساب بۆ هێزەكانی حكومەتی عێراق بكەن ئەو شارۆچكەیان كردە ناوەندێكی چالاكیی جۆراوجۆری خۆیان(14).

بە كۆتایهاتنی داعش، حزبوڵا وەكو لایەنێكی سەركەوتوی بەشداری شەڕ خۆی نمایش دەكرد، هەرچەندە نەیانتوانیوە هاوشێوەی حزبوڵای لوبنان وەك ئەكتەرێكی سیاسیش رۆڵبگێڕن، ئەمان زۆرتر لە بواری سەربازی رۆڵیان بینیوە، لە رووە سیاسیەكەوە وێڕای پەیوەندی توندوتۆڵیان لەگەڵ زۆرێك لە حیزبە شیعەكان، زۆرتر لە شێوەی هەڕەشە و دەركردنی بەیاننامە ویستویانە كاریگەری لەسەر رووداوەكان و كۆی گشتیی سیاسەتی عێراق جێبێڵن(15). بە نمونە لە كانونی دووەمی 2020 هەڕەشەیاان لە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرد كە ئەگەر لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆبێتەوە لە پەراوێزی كۆڕبەندی داڤۆس ئەوا لە بەغداد دەریدەكەن، هەروەك دوای كوژرانی قاسم سلێمانی هەڕەشەیان لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد ئەگەر هەڵوێستی شیاوی نەبێت بەرامبەر مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق(16). بەپێی راپۆرتێكی (فۆرین پۆلیسی) لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا لە كۆتایی ساڵی رابردو لە بەغداد و شارەكانی تر، كەتیبەكانی حزبوڵا ترسیان لەناو خۆپیشاندەران بڵاوكردەوە و چەند چالاكوانیشیان تیرۆر كرد. ئاماژەی ئەوەش هەیە كە بەو هۆیەوە پێگەی جەماوەری ئەو گرووپە لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق رووی لە لاوازی كردوە(17).

لە سەروبەندی كاندیدكردنی مستەقا كازمی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێڕاق، لە ئازاری 2020، گروپێكی ناو حزبوڵا هەڕەشەیان لە ناوبراو كرد، لە بەرامبەردا  دەزگای هەواڵگری عێراق پێنج سەركردەی حزبوڵای دەستگیر كرد، حەشی شەعبیش بێبەریبوونی خۆی لەو لێدوان و هەڵوێستانە دەربڕی. ئەو گرووپە رایانگەیاند كازمی دەستی هەبووە لە تیرۆركردنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدیی موهەندیس(18)، بەگوێرەی راپۆرتێكی (فۆرین پۆلیسی) كەتیبەكانی حزبوڵا ئاڵنگاریەكی گەورەیە لەبەردەم مستەفا كازمی، ئەوان كازمی بە هاوكاری ئەمەریكا لە كوشتنی سلێمانی و ئەبو مەهدیی موهەندیس تۆمەتبار دەكەن، هەندێك راپۆرتیش باس لەوە دەكەن لەم دواییانەدا دەستیان گرتوە بەسەر چەند شوێنێك لە ناوچەی سەوز لە بەغداد كە بارەگای حكومەت و باڵیۆزخانەكانی تێدایە، هەرچەندە نووسینگەی سەرۆكوەزیران ئەو هەواڵەی رەتكردەوە(19).

جموجوڵەكانی حزبوڵا ئەمەریكای تەواو نیگەران كردووە، بۆیە لە (26/2/2020) ئەمەریكا بە فەرمی ئەحمەد حەمیداوی ئەمینداری حزبوڵای خستە لیستی تیرۆرەوە. بەپێی راگەیەنراوەكەی ئەمەریكا ناوبراو بە ئەبوحوسێن و ئەحمەد موحسین ناسراوە، هەروەك ئاماژەش بەوە دراوە حزبوڵا لە پشت هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمەریكاوەیە لە عێراق(20). بە كردەوەش ئەمەریكا لە 2019 بەدواوە چەندجار هێرشی كردوەتە سەر بارەگاكانی حزبوڵا لە عێراق، بە نمونە لە وەڵامی هێرشی حزبوڵا بۆسەر بنكەی سەربازی تاجی كە بووە هۆی كوژرانی دوو سەربازی ئەمەریكی و بەریتانیەك و برینداربوونی چەندانی تر، لە (13/3/2020) ئەمەریكا پێنج بارەگا و گەنجینەی تەقەمەنی حزبوڵای لە جەرف سەخەر كردە ئامانج(21).

دوایەمین پێشهاتیش لە شەوی (25/6/2020) هێزێكی دژە تیرۆری عێراق هەڵیانكوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵا لە بەغداد و (14) كەسیان دەستگیر كرد، بە گوێرەی (ئاژانسی هەواڵی عێراق) ئەو تۆمەتبارانە ویستویانە بە موشەك هێرش بكەنە سەر ناوچەی سەوز(22)، لە ئێستادا ململانێی حكومەتی عێراق لەگەڵ حزبوڵا لە ئاستێكی بەرزدایە، كازمی دەخوازێت سنورێك بۆ ئەو هێزە دابنێت و چی تر رێگەنەدات موشەكبارانی هێزەكانی ئەمەریكا بكەن، لە بەرامبەریشدا حزبوڵا دەیانەوێت هێزی بازوی خۆیان نمایش بكەن و بەرەنگاری ویستی مستەفا كازمی ببنەوە و پارێزگاری لە هێز و هەژمونی خۆیان بكەن.

توانای ئابورى و سەربازی

لاوازی حكومەتی عێراق، رێگەی خۆشكردوە بۆ حیزب و هێزەكان پێگەی خۆیان بەهێز بكەن، لەو نێوەندەشدا حزبوڵا ئەو هەلەی قۆستەوە و لە رووی سەربازی و ئابوریەوە پێگەی خۆی بەهێزكرد لە عێراق، بەپێێ چەند راپۆرتێك حزبوڵا لە چەندین بواردا چالاكیی ئابوری هەیە، بە تایبەت لە بواری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و كەرەستەكانی بیناسازی و چیمەنتۆ، هاوكات لە بەیروت پایتەختی لوبنان چەند كۆمپانیای هەیە و چەند ئەندامێكی بازرگانی دەكەن، بەمەش خاوەنی تۆرێكی بەهێزی ئابورییە لە عێراق و لوبنان، خاوەنی چەندین پرۆژەی وەبەرهێنان و دامەزراوەیە، چەندین ناوەندی رۆشنبیری و ئایینی هەیە، پەیوەندی سیاسیی لە ئاستێكی باڵادایە لەگەڵ حیزبە شیعەكان(23).

لە بواری سەربازیش توانایەكی بەهێزی هەیە، هاوكاری چەك و دارایی لە ئێران وەردەگرێت، بەپێی هەندێك سەرچاوە زیاتر لە 3000 ئەندامی ئەو گرووپە لە ئێران راهێنانیان لەسەر جەنگی پارتیزانی و بەكارهێنانی موشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان كردووە، لە كاتی شەڕی داعشیش زۆرجار قاسم سلێمانی دەچووە مەیدانی شەڕەكان و رێنمایی و تەكنیكی سەربازی دەدایە گرووپەكانی حەشدی شەعبی لەناویشیاندا كەتیبەكانی حزبوڵا(24).

كەتیبەكانی حزبوڵا چەندین جۆر چەكی سوك و قورسیان هەیە و بەكاریدەهێنن، وایان راگەیاندوە هەندێك لەو چەكانە لەسەردەستی شارەزایانی گرووپەكە بەرهەمهێنراون یان گەشەیان پێدراوە، بە تایبەت موشەكی ئەشتەر، زولفەقار و كەرار(25)، هاوكات شارەزایی باشیان هەیە لە چاندنی مین، وێڕای چەندجۆر موشەك كە هەندێكی دروستكراوی خۆیانە، حزبوڵا لە (ئەیلولی 2014) بەرهەمهێنانی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی راگەیاند، بە ناوی (بەسیر1) كە بەپێی راگەیەنراوەكە ئامانج لێی چاودێریكردنی جموجۆڵ و چالاكیی داعش بوو(26). هەروەك دامەزراوەی هەواڵگری تایبەت بە خۆیان هەیە.

دەزگا و دامەزراوەكانی

حزبوڵا جگە لە بواری سەربازی كە تێیدا چالاكە، لە چەندین بواری تریش چالاكی هەیە،  لە بواری راگەیاندن خاوەن چەندین كەناڵە لەوانە: كەناڵی ئاسمانی و ئێزگەی ئیتیجاهـ و كەوسەر، رۆژنامەی مواقیبی عێراقی. ئەمە وێڕای دەیان پەیج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پێگەی ئینتەرنێتی تایبەت(27). هاوكات چەندین دامەزراوەی تری سەربەخۆی هەیە بۆ بواری جۆراوجۆر چالاكیی دەنوێنن، ئەوانیش:

1- دەستەی مزگەوت و حوسەینیەكان
لە سایتی فەڕمی حزبوڵا هیچ زانیاریەك دەربارەی ئەم دامەزراوە نەنووسراوە كە كار و ئامانجی چییە، بەڵام بە ناوەكەی لەوەدەچێت تایبەت بێت بە سەرپەرشتی مزگەوت و حوسەینییەكان لە پارێزگا جۆراوجۆرەكانی عێراق.

2- ناوەندی توێژینەوەی هەدەف
ناوەندێكی تایبەتە بە توێژینەوەی فیكری ئیسلامیی لەم بەشانە پێكهاتووە: بەشی توێژینەوەی سیاسیی، بەشی وەرگێڕان، بەشی نامەی زانكۆیی، بەشی كتێبخانە، بەشی پەیوەندییە گشتییەكان.

3- دەزگای زەینەبیات
دەزگایەكی ئیسلامیی رۆشنبیری ئافرەتانە، ساڵی 2008 دامەزراوە، وا خۆیدەناسێنێت كە "لە رێگەی كردنەوەی خول، كۆڕ و ڤیستیڤاڵ هۆشیاری لەناو چینی ئافرەتان بڵاودەكاتەوە و هانیان دەدات و پەروەردەیان دەكات لەسەر ئایینی ئیسلام تا رۆلی راستەقینەی خۆیان بگێڕن، هەوڵیش دەدات بەرەنگاری هەڵمەتی رۆشنبیری دوژمنانی ئیسلام بێتەوە لەسەرویانەوە پرۆژەی زایۆنیزمی ئەمەریكی".

4- دەزگای دەستەبژێری ئەكادیمی
ئەم دەزگایە هەوڵدەدات چینی قوتابیان ئەوانەی خاوەن بەهرە و لێهاتوین هەڵبژێرێت و لە رێگەی كردنەوەی خول و مەشق و ناردنیان بۆ خوێندن لە دەرەوەی عێراق ئامادەیان بكات بۆ داهاتوو تا ببنە كەسانی سەركردە و دەزگاكە لە چەندین بوار خول دەكاتەوە لەوانە: راگەیاندن، زانستە ئیسلامییەكان، مێژووی سیاسیی، كارگێڕی و ئابووری، جوگرافیا، كۆمپیوتەر، زانستی سیاسیی و ... تاد.

5- دەزگای رێی رۆشن
لە سایتی فەڕمی حزبوڵا هیچ زانیاریەك دەربارەی ئەم دامەزراوە نەنوسراوە كە كار و ئامانجی چییە(28).

ئەنجام


كەتیبەكانی حزبوڵا، یەكێكە لە گرووپە چەكدارەكانی عێراق و ناو حەشدی شەعبی نزیك لە ئێران، ریشەی دروستبوونی ئەو حیزبە دەگەڕێتەوە دوای رووخاندنی حكومەتی بەعس لە 2003، لە رووی سەربازی و ئابووریەوە

 توانایەكی بەرزیان هەیە، پڕچەكن بە چەكی سوك، مانمناوەند و موشەك، نەیارێكی سەرسەختی بوونی هێزەكانی ئەمەریكان لە عێراق، دەخوازن پێگەی خۆیان لە ئێستا و داهاتوی عێراق بەهێز و پارێزراوبێت، بۆیە لە ململانێیەكی سەختدان لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی عێراق.

 

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە

سەرچاوە و پەراوێز
1- حمزة مصطفى: كتائب حزب الله في العراق.. جدلية الدين والسياسة، شرق الاوسط، ئینتەرنێت.
2- مركز الروابط لبحوث والدراسات السیاسیة: كتائب حزب الله العراق، الذراع الإيرانية الاقوى، ئینتەرنێت.
3- كتائب حزب الله، ئینتەرنێت.
4- سەرچاوەی پێشوو.
5- كتائب حزب الله، ئینتەرنێت.
6- مركز الروابط لبحوث والدراسات السیاسیة: كتائب حزب الله العراق، الذراع الإيرانية الاقوى، ئینتەرنێت.
7- مهند الغزي: كتائب حزب الله العراق، الحوار المتمدن، ئینتەرنێت.
8- سەرچاوەی پێشوو.
9- سەرچاوەی پێشوو.
10-مزار كمال: مليشيا كتائب حزب الله.. القتل لتحقيق دولة «العدل الإلهي» في العراق وسوريا، ساسةبوست، ئینتەرنێت
11-مركز الروابط لبحوث والدراسات السیاسیة: كتائب حزب الله العراق، الذراع الإيرانية الاقوى، ئینتەرنێت.
12-سەرچاوەی پێشوو.
13-ما هي كتائب حزب الله في العراق؟، بي بي سي عربي، ئینتەرنێت،
14-فورين بوليسي: هل بدأت كتائب حزب الله العراقي تفقد نفوذها؟، الجزیرة، ئینتەرنێت.
15-عبد الله آل هيضه: حزب الله العراق، صورة حول الفرات بأهداف تتجاوز الأصل اللبناني، شرق الاوسط، ئینتەرنێت.
16-مجاهد الطائي: حزب الله العراقي، أداة إيرانية فوق القانون، نون بوست، ئینتەرنێت.
17-فورين بوليسي: هل بدأت كتائب حزب الله العراقي تفقد نفوذها؟، الجزیرة، ئینتەرنێت.
18-أسامة مهدي: حملة اعتقالات طالت قياديين في حزب الله العراق, إيلاف, ئینتەرنێت.
19-فورين بوليسي: هل بدأت كتائب حزب الله العراقي تفقد نفوذها؟، الجزیرة، ئینتەرنێت.
20-أميركا تدرج زعيم كتائب حزب الله العراقي بقائمة العقوبات، الجزیرة، ئینتەرنێت.
21-الجيش الأمريكي يقصف 5 مواقع لحزب الله العراقي ردا على مقتل جندييه بقاعدة التاجي، فرانس24، ئینتەرنێت.
22-العمليات المشتركة تصدر توضيحا بشأن اعتقال جهاز مكافحة الارهاب 14 متهما، وكالة الأنباء العراقية، ئینتەرنێت.
23-مركز الروابط لبحوث والدراسات السیاسیة: كتائب حزب الله العراق، الذراع الإيرانية الاقوى، ئینتەرنێت.
24-يوسف قليان: فرع "حزب الله" التابع لإيران في العراق: دروس من الأحزاب الشيعية في لبنان، معهد وشنطن، ئینتەرنێت.
25-مركز الروابط لبحوث والدراسات السیاسیة: كتائب حزب الله العراق، الذراع الإيرانية الاقوى، ئینتەرنێت.
26-مهند الغزي: كتائب حزب الله العراق، الحوار المتمدن، ئینتەرنێت.
27-مجاهد الطائي: حزب الله العراقي، أداة إيرانية فوق القانون، نون بوست، ئینتەرنێت.
28-كتائب حزب الله،، ئینتەرنێت.




ئه‌م بابه‌ته 1015 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure