گرنگ
به‌ڤیدیۆ..توركیا چركه‌ساتی بۆردومانه‌كه‌ی پاسه‌وانی سنووری عێراقی بڵاوكرده‌وه‌
رۆحانی: سه‌دام حسێن به‌نیازی ئه‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسیداره‌ بوو
بڕیارێكی نوێ لەوەزارەتی داراییەوە

گفتوگۆ

ئاڵدار خەلیل، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری تەڤدەم: ڕازی نابین هەموو شتێک لەگەڵ ئەنەکەسە بکەین بە دوو بەشەوە

پێش 4 هەفتە

میللەت

ئاڵدار خلیل سەرۆکی شاندی دانوستانکاری تەڤدەم بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنەکەسە ڕایدەگەیەنێت، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەنەکەسە گرنگن، بەڵام “ڕازی نین هەموو شتێک لەگەڵ ئەوان بکەین بە دوو بەشەوە.”


لە ماوەکانی ڕابردوودا بە دەستپێشخەریی مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە  و بە چاودێریی ئەمەریکا، هەردوو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سوریا “ئەنەکەسە” و بزووتنەوەی جڤاتی دیموکراتیک “تەڤدەم” بە مەبەستی ڕێککەوتن کۆبوونەوە.


ئاڵدار خەلیل، لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاژانس وردەکاریی کۆبوونەوەکە ئاشکرا دەکات و دەشڵێت: “ڕێککەوتنەکەی دهۆک دەکەین بە بنەمای گفتوگۆ.”


دەمەوێ لە تازەترین کۆبوونەوەی ئێوە و ئەنەکەسە دەست پێ بکەم، ئەو کۆبوونەوەیە چۆن بوو ئەنجامەکەی چی بوو؟

ئاڵدار خەلیل: ئەو گفتوگۆیانەی دەستی پێ کردووە زۆر گرنگن، بۆ ئەوەی کوردان لە ھەر جێیەک بن بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان ببن بە یەک، بەیەکەوە کۆبوونەوەیەکی ڕاشکاو و گرنگمان کرد تەوەری ئەو شتانەمان باس کرد کە دەبێت لە داھاتوودا لەسەریان ڕێک بکەوین، ئەوانیش پرسی بەشدارییە لە ئیدارەی خۆسەر، پرسی سەربازییە، پرسی سیاسییە، بۆ ھەر یەکە لەوانە پڕۆژە و گفتوگۆی لەسەر ئامادە دەکرێت، بەڵام لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە ڕێککەوتنی دھۆک بکەین بە بنەمای ڕێککەوتن.

ئەوەندەی ئێمە زانیاریمان ھەبێت ئەنەکەسە تەنیا دەیەوێت لەگەڵ پەیەدە گفتوگۆ بکات نەک لایەنەکانی تری ڕۆژئاوا؟

ئاڵدار خەلیل: بەڵێ ڕاستە، ئەوان دەڵێن ئێمە وەک ئەنەکەسە دێین لەگەڵ پەیەدە گفتوگۆ دەکەین، بەڵام ئێمە وتوومانە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان تەنیا پەیەدە بوونی نییە، بیستوچوار حزبی دیکەش لە ڕۆژئاوا ژیان دەکەن و بەشدارن لەو ئەزموونەی دروست بووە، ڕاستە پەیەدە حزبی سەرەکی و خاوەن پێگە و سەنگی خۆیەتی، بەڵام بەڕاستی لایەنی دیکەش ھەیەن، خۆ ناکرێ ئەو لایەنانە پەراوێز بخرێن  لە کاتێکدا ڕۆڵی مەزنیان ھەبووە لە خەبات و تێکۆشانی دوای شۆڕشی سوریا. بشمانەوێت پەراوێزیان بخەین ناتوانین، چونکە ئەوانیش خاوەنی ھێز و سیاسەت و پێگەی خۆیانن، بۆیە ئەو مەرجەی ئەنەکەسە شتێکی زۆر ناڕاستە و قبووڵکراویش نییە، ئێمەش قبووڵی بکەین ئەو لایەنانە قبووڵی ناکەن.

ئێوە ئەوەتان بە ئەنەکەسە وت کە مەرجەکەتان قبووڵکراو نییە؟

ئاڵدار خەلیل: بەڵێ پێمان وتن، وتمان ئێوەش ئەگەر وەک پارتی دێن گفتوگۆ بکەین ئەوا ئێمەش وەک پەیەدە قسە دەکەین، بەڵام ئەگەر ئێوە وەک ئەنەکەسە بێنە سەر مێز ئەوا دەبێت لایەنەکانی دیکەش بێن بەشدار بن، چونکە ئەوان شەریکی ئێمەن بەیەکەوە ئەم ئەزموونەمان دروست کردووە بەیەکەوە ئەو بەڕێوەبەرییەمان دامەزراندووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وتمان باشە ئێمە ژمارە ناکەینە کێشە با نەڵێن ئەوە پەیەدە لە بەردەم دانوستانەکان گرفت دروست دەکات، ئێمە ئەوەمان قبووڵە، بەڵام خۆ دەبێت پرس بە ئەوان بکەین.

ئەو لایەنانەی دیکە ھەڵوێستیان چی بوو لەسەر داواکارییەکەی ئەنەکەسە؟

ئاڵدار خەلیل: ئێمە پێمان وتن کە ئەنەکەسە شتێکی ئاوا دەڵێت، لایەنەکان وتیان باشە ئێوە بچن گفتوگۆ بکەن نەک وەک پەیەدە، بەڵکوو ناوێک بۆ ھەموو لایەنەکان ھەڵدەبژێرین کە ناوی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردان بێت لۆگۆیەکیش دروست دەکەین کاتێک ئەوەمان کرد، ئەوان چوونە ھەولێر و گەڕانەوە وتیان گرفتیک ھەیە با قسەی لێ بکەین، ئێمەش وتمان باش فەرموون، ئەوان وتیان ئێمە ئەو ناوە قبووڵ ناکەین دەبێت ناوی پەیەدەی ھەر تێدا بێت، ئێمە پێمان وتن ئەمە ناکرێت، چۆن تۆ ناوی من قبووڵ ناکەی لەبەر چی لە ڕووی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤیشەوە نابێت تۆ بە لایەنی بەرامبەر بڵێیت نابێت ناوت ئەوە بێت، وتمان ئێمە بە ئێوەمان نەوتووە بۆچی ناوتان ئەنەکەسەیە ئێوە بۆچی قبووڵتان نییە ئێمە ئەو ناوەمان ھەبێت.

ئەوانەی نێوەندگیر بوون کە مەزڵوم کۆبانێ و نوێنەری ئەمەریکا بوون لەسەر ئەو داواکارییەی ئەنەکەسە چییان وت؟

ئاڵدار خەلیل: بەڕاستی ئەوانیش شۆک بوون، ئیتر وتیان ئەمەی ئێوە دەیڵێین پەیوەندیی بە پرسە سەرەکییەکەی ئێمەوە نییە کە دروستکردنی یەکێتیی کوردان و چارەسەرکردنی کێشەکانە، تەنانەت نوێنەری ئەمەریکا بە پێکەنینەوە وتی، لە ئەمەریکا کەس کێشەی لەگەڵ ناوی کەسێکی تر نییە، ئێستا مەسەلەکە لای ئەنەکەسەیە و بزانین ئەوانەی لە نێواندان چۆن چارەسەری ئەم داواکارییەی ئەنەکەسە دەکەن، ئێمە چاوەڕێی ئەوانین.

لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ ئەنەکەسە باس لەوە کراوە ڕێککەوتنی دھۆک دەکەنە بنەما بۆ ڕێککەوتن، پێتان وایە ئێوە لەسەر ئەو بنەمایە ڕێک بکەون؟

ئاڵدار خەلیل: لە ڕێککەوتنی دھۆکدا وتمان دەبێت بەرەیەکی کوردان دروست ببێت کە ئەرکی ئەوەیە پشتیوانیی ئیدارەی بەڕێوەبەری دەکات و نەخشە و سیاسەتی ڕۆئاوای کوردستان دادەڕێژن، ھەڵوێستیان لەسەر  ئەو ڕووداوانە دەبێت کە لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، بۆ نموونە گفتوگۆ لەگەڵ ڕژێم یان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن دەست پێ بکات ئەو بەرەیە ھەڵوێستی خۆی دەردەبڕێت کە کورد چی داوا دەکات و چی  دەوێت، واتە ئەو بەرەیە ببێتە مەرجەعێک، مەبەستەکە چییە ئەوە نییە کە ئەنەکەسە ھاتنە ناو ئیدارەی بەڕێوەبەری بڵێن ئەو وەزیرە بۆ تۆ ئەوە بۆ من، بەڵکوو دەبێت ھەڵبژاردن بکرێت، بۆ ئەوەی ھەرکەس حەقی خۆی وەربگرێت و دەزگا و دامەزراوەیەکی ھەڵبژێردراومان ھەبێت کە گەلەکەمان پەسەندی کردبێت.

بەرپرسانی ئەنەکەسە دەڵێن پەیەدە جددی نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئێوە بەجددی دەتانەوێ بگەنە ڕێککەوتن؟

ئاڵدار خەلیل: بەڕاستی ئێمە ھەرچی ھەبووە کردوومانە بۆ ئەوەی بگەینە ڕێککەوتن، ھیچ بەربەست و لەمپەرێکمان نەھێشتووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنەکەسە، ئێمە بە دڵ و گیان کار بۆ یەکێتیی کوردان دەکەین، دەمانەوێت ناکۆکییەکان ببڕێنەوە و کورد لە دەوری یەک کۆببنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا نامانەوێت ئەو بەیەکەوەبوون و ڕێککەوتنە لەسەر حسابی پێکھاتەکانی تر بێت و بۆ دژایەتیی ئەوان بێت، نابێت بە ئەنانییەتەوە مامەڵە لەگەڵ پێکھاتەکانی تر بکەین.

لەم گفتوگۆیانەی ئەم دواییە ئێوە و ئەنەکەسە لەسەر چی ناکۆکن و لەسەر چی ڕێککەوتوون؟

ئاڵدار خەلیل: ھەردوولامان لەسەر ھەندێ بۆچوونی سیاسی کۆدەنگین؛ ئەویش لەسەر ئەوەی کە سوریای داھاتوو سوریایەکی دیموکراتی و نا ناوەندی بێت، لەسەر پرسی کورد لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کورد، لەسەر دۆخی گەلی ئێمە لەسەر ناوچە داگیرکراوەکان، لەسەر ئەمانە لە ڕێککەوتنی دھۆک ڕەشنووسێکمان نووسی ھەردوولا کۆک بووین ھیچ ناکۆکییەک بوونی نەبوو، ئەمە سەرەتایەکی باش بوو، بەڵام دوای ئەوەی کە لایەنەکانی دیکەش ھاتنە ناوەوە ئیدی گفتوگۆکان تەنیا پەیەدە نەما، بەڵکوو ئەوانیش ھاتنە پێشەوە، ئەمە بۆ ئەنەکەسە بووە بە کێشەیەک، ئێستا ئەوەشیان قبووڵە دەستمان کردووە بە گفتوگۆ، سەرەتا لەسەر ھەندێ شتی گشتی وەکو یەک بیر دەکەینەوە، ھەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی ڕێککەوتنی دھۆک ئەساس بێت، ئەمە باشە، بەڵام ڕێککەوتنی دھۆکیش زۆر بەش و خاڵی تێدایە کاتی دەوێت ھەمووی گفتوگۆ بکەین و لەسەری ڕێک بکەوین، کۆبوونەوەی کۆتایی کە لەم مانگەدا کردمان ئەمە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی بچینە ناو وردەکاریی شتەکانەوە لەسەر ھیچ شتێکی ئەوتۆ ڕێک نەکەوتووین، بەڵکوو لەسەر شتە گشتییەکان بۆچوونەکانمان وەک یەکە.

ئێوە کاتێک باسی ڕێککەوتنی دھۆک دەکەن ئێستا بە ھەمان شێوەی ٢٠١٤ گفتوگۆ دەکەن؟

ئاڵدار خەلیل: بێگومان جیاوازە وەکو یەک نابێت، ئەمڕۆ ٢٠٢٠ـە ئێمە و ئەنەکەسەش پێمان وایە دوو کاتی جیاوازن و ھەلومەرج و ھاوکێشەکان جیاوازترن، ئەوکات یەپەگە و یەپەژە ھەبوون، زۆر ناوچە لەژێر دەستی داعشدا بوون، ئێستا ھەسەدە ھەیە و ئیدارەی بەڕێوەبەری ھەیە، ئەو ناوچانەی لە دەستی داعش بوون ڕزگار کراون، ئێستا عەفرین و سەرێکانی و گرێسپی لەژێر دەستی تورکیا و چەتەکانیدان، بۆیە گۆڕانکاری ڕووی داوە، ئێمە دەڵێین ڕێککەوتنی دھۆک ئەساس دەبێت، بەڵام ناڵێین ڕێک وەک ئەو ڕێککەوتنە دەبێت.

ئەنەکەسە دەڵێت کە دەیانەوێت نیوەبەنیوە لەگەڵ پەیەدە بەشیکەن بە ئیدارە و سەربازی و ھەموو شتەکانی تر؟

ئاڵدار خەلیل: لە ڕێکەکەوتنی دھۆکدا باسی ئەوە کرا کە سەدی چل بۆ تەڤدەم و ئەو پارتانەی لەگەڵیدان سەدی چلیش بۆ ئەنەکەسە و ئەو پارتانەی لەگەڵیدان، سەدی بیست بۆ ئەو پارتانەی لە دەرەوەی ئەو دوو بەرەیەدان لەگەڵ کەسانی سەربەخۆ، بەڵام ئێستا جۆرێکی دیکەیە ئەمە ڕوو ناداتەوە، بەڵام ئەو ڕێژەیە بۆ ئەوە نییە ببنە بەڕێوەبەری ڕۆژئاوا و خاوەن دەسەڵات، بەڵکوو ئەمانە دەبنە نوێنەری کوردان کە بۆچوونە سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ کوردان دەخەنە ڕوو، لەم چەند ڕۆژەدا لە ڕاگەیاندن بیستم کە گوایە ئێمە و ئەنەکەسە پەنجا بە پەنجا دابەشی دەکەین، نەخێر شتی وا نییە، ئێمە تا ئێستا گفتوگۆکان لەسەر ئەوانە نەکردووە، بەڵام ڕێژەکە وەک خۆی بێت یان زیاتر و کەم ھەرچەندێک بێت ئەوانە دەبنە نوێنەری کوردان نەک بەڕێوەبەر، بەوە ڕازی نابین و نەشمان وتووە لەگەڵ ئەنەکەسە ھەموو شتێک بکەین بە دوو بەشەوە.

پێتان وایە ئەنەکەسە بەوە ڕازی بێت؟

ئاڵدار خەلیل: جارێ نەکەوتووینەتە ناو ئەو گفتوگۆیانەوە ،حەتمەن ئەوان وەرەقەی خۆیان بۆ گفتوگۆ ئامادە کردووە، بەڵام ئێمە سیاسەتی نیوەبەنیوە ڕەت دەکەینەوە، بەڵام ھەڵبژاردن دەبێت بکرێت لە جەوێکی دیموکراسیدا ئینجا دێین قسە لەسەر پەرلەمان و بەڕێوەبەری دەکەین، ناکرێت پێش ھەڵبژاردن ھەموو شتێک دابەش بکەین، ئەوە لە ڕووی ئەخلاقی و سیاسی و ئوسوڵیشەوە نابێت، چونکە ناکرێت بڵێین ئێمە و ئەنەکەسە ڕێککەوتین با پێکھاتەکانی تر بخەینە لاوە.

لە ڕووی سەربازییەوە چۆن ڕێککەوتوون؟

ئاڵدار خەلیل: جارێ زووە لەسەر پرسی سەربازی قسە بکەین، چونکە باسی ئەوەمان نەکردووە، بەڵام لە ڕووی مەبدەئییەوە شتێک ھەیە نەک لای ئێمە لە ھەموو دونیا ئەویش ئەوەیە بۆ ئەوەی بەھێز بیت و نەکەویت و نەڕووخێیت دەبێت یەک ھێزی سەربازیت ھەبێت، ئەگەر ببێت بە دوو ئەوا ڕەنگە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ دروست ببێت، بۆیە لە بەرژەوەندیی ھەموانە کە یەک ھێزی سەربازی ھەبێت تا ئێمەش و ئەوانیش بپارێزن.


ئه‌م بابه‌ته 907 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure