گرنگ
هێزێكی تایبه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌
نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا
نەخۆشییەکەی فاتیح حەمە خان لە نەخۆشیەکەی دیار ره‌حمان قورستره‌

کراوەیی ئیسلامی

پسپۆڕێکی هەواڵگری: زەرقاوی لە هەرێمی کوردستان بووە

15/07/2020

 

میللەت


بەشیر ئەڵوەندی، پسپۆڕی ھەواڵگریی عێراقی چەندین نھێنی سەبارەت بە شێوازی دروستبوون و کارکردنی گرووپە تەکفیرییەکانی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس ئاشکرا دەکات و دەڵێت: “ئەبو مسعەب زەرقاوی ساڵی ٢٠٠١ لە ھەرێمی کوردستانەوە چووەتە بەغدا و پەیوەندیی لەگەڵ مەلا کرێکار ھەبووە.”


بەشیر ئەڵوەندی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاژانس، باس لە شێوازی کارکردنی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق و گرووپە ھاوشێوەکانی دەکات لە ڕووی ھەواڵگرییەوە و ئاماژە بەوەش دەکات؛ کە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی پێشوو ڕۆڵیان ھەبووە لە پەرەپێدانی ئەندامانی ئەو گرووپە لە ڕووی توانای ھەواڵگرییەوە.


سەرەتا لەوەوە دەست پێ دەکەین، کە ئایا دەستی دەرەکی ڕۆڵی ھەبووە لە پێکھێنان و دروستبوونی ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد، ئایا ڕێکخراوی قاعیدە ڕۆڵی ھەبووە لەوەی ئەندامەکانی ئەو گرووپە بنێرێت بۆ عێراق و ڕێنوێنیکردنیان لە ڕووی ھەواڵگرییەوە؟

بەشیر ئەڵوەندی: بەر لە مانگێک لە ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، سێ ھەزار چەکداری عەرەب ھاتوونەتە خاکی عێراقەوە بە پاساوی بەرگریکردن لە عێراق و ھەر ئەوانیش دواتر بوونە ھەوێن و سەرچاوەی ڕێکخراوەکەی زەرقاوی و تەوحید و جیھاد، ئەبو مسعەب زەرقاوی ساڵی ٢٠٠١ ھاتووەتە عێراقەوە لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە و لە بەغدا نیشتەجێ بووە و ھاوکاریشی کراوە لە لایەن دەزگای ھەواڵگریی عێراقەوە و پەیوەندییەکی باشیشی ھەبووە لەگەڵ گرووپی ئەنساڕولئیسلام و مەلا کرێکار لە سلێمانی و لە ساڵی ٢٠٠١دا ژمارەیەک لە چەکدارەکانیشی لەنێو گرووپی ئەنساڕولئیسلام بەجێ ھێشت لە سلێمانی و بەشێکیان لە بۆردوومانەکانی ناوچەی ھەواراماندا کوژراون.
ئەوکاتە ڕێکخراوی قاعیدە پەرشوبڵاو بووە و ورەڕووخاو بوون و ئەندامەکانی ھەڵاتبوون بۆ پاکستان و ئێران و بەشێکی دیکەشیان توانیبوویان خۆیان بگەیەننە وڵاتە عەرەبییەکان و ئەوانی دیکەش لە لایەن ھێزەکانی ئەمەریکاوە دەستگیر کرابوون یان لە شاخەکانی تۆرابۆرا دیارنەمان.

ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد لەسەر بنەمای ئەمنی و ھەواڵگری دامەزرا؟

بەشیر ئەڵوەندی: ھەموو گرووپێکی چەتەگەری بە شێوەیەکی نھێنی و ھەواڵگری دادەمەزرێت، تیرۆر بە پێنج قۆناغدا تێپەڕ دەبێت، فیکر، ڕێکخراو، ئامادەگی، نەخشەکاری، و جێبەجێکردن، ئەمە سروشتی دروستبوونی ھەموو گرووپێکی چەکدارە.

سەرچاوە و بزوێنەری ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد لە بواری ئەمنی و ھەواڵگری بە تەنھا بە بیرۆکەی جیھادی پشتی دەبەست یان سەرچاوەی دیکەش ڕۆڵی گێڕاوە تێیدا؟

بەشیر ئەڵوەندی: سەرچاوەکانیان زۆرن؛ لەوانە یەکێک لە دیارترین تیۆرزان و بانگخوازەکانیان کە ئەبو مسعەب سووری بووە و بە یەکێک لە دیارترین بیرمەندەکانی قاعیدە دادەنرا، کە لێرەدا مەبەست ئەبو مسعەب بەغدادی نییە، ئەو گرووپە سەرچاوەکانیان لە عێراق بریتی بوون لە ھەواڵگریی زیاتر لە ھێزێک و جەنگی چەتەگەری کە پشتبەستوو بە دەستپێشخەری و ھەوڵی ھەواڵگری و خۆحەشاردانیان لە ڕۆژئاوای عێراق کە دەیتوانی لەو ڕێگەیەوە زانیاریی بە دەست بگات.

لێرەدا تێبینییەک دەخەمە ڕوو، جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەنێوان فیکرەی ئوسامە بن لادن و زەواھری لەگەڵ زەرقاوی لە عێراق، زەواھری و بنلادن بڕوایان بە شەڕکردن بووە لەگەڵ دووژمنی دووری خاچپەرستەکان و جوولەکە، بەڵام زەرقاوی لەسەر بنەمای شەڕکردن لەگەڵ دووژمنی نزیک کاری کردووە، کە بە ئامانجگرتنی شیعە و کورد و ئەمەریکییەکان بووە لە عێراق و پێکھاتە ئایینییەکانی دیکە بووە، تەنانەت ئەو سوننانەش کە لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق کاریان دەکرد.

لە کام قۆناغدا کارمەندانی ئەمن و دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی پێشووی عێراق پەیوەندییان بە ڕێکخراوی تەوحید و جیھاد و باڵی ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق و گرووپی بەناو دەڵەتی ئیسلامی لە عێراقەوە کرد؟

بەشیر ئەڵوەندی: پێم وایە سترایژییەتی ئەمەریکا ئەو دۆخەی ھێنایە کایەوە لە ڕێگەی ھەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقەوە، کە زۆرینەی ئەفسەرە سوننەکان و فەوجەکانی فیدایی سەدام و ئەمنی تایبەت و ھەواڵگریی ڕژێمی پێشووی تووڕە کرد و ھەڵوێستی ئەوانەش سەبارەت بە داگیرکاریی ئەمەریکا بوو بە بناغەی کارکردنیان و ئەو کاتەش ئەمەریکا پێی باشتر بوو شەڕ لەگەڵ تەوندڕەوەکاندا بکات لە عێراقدا لەبری ئەفغانستان، بۆیە سنووری بە کراوەیی ھێشتەوە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵ. بۆیە ئەو بیروباوەڕەش گواسترایەوە بۆ عێراق و ئەندامانی دەزگاکانی ڕژێمی بەعسیش پەیوەندییان بە گرووپە توندڕەوەکانەوە کرد.

سەرەڕای جیاوازیی شێوازی کارکردنی زەرقاوی لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە لە شەکڕکردن لەگەڵ نەیارانیان، بەڵام زەرقاوی ھاوبۆچوونی قاعیدە بوو لەوەی کە دەوڵەت ڕانەگەیەنن و تەنھا بە نھێنی کار بکەن بەبێ دەرکەوتن و کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەیەک و بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەت لە پاش ئەوە ھاتە ئاراوە کە ئەبو عومەر بەغدادی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوەکەی وەرگرت لە پاش کوژرانی زەرقاوی بەو پێیەی ئەبو عومەر ئەفسەرێکی سوپای پێشووی عێراق بوو، کە ویستی بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی ھەبوو وەک چۆن بزووتنەوەی تاڵیبان ھەمان ویستی ھەبوو کە لەگەڵ ڕێکخراوی قاعیدە لەو پرسەدا ھاوڕا نەبوو، کە ئەوکاتە مەلا عومەری سەرکردەی تاڵیبان بڕوای بە دەوڵەت ھەبوو، ئوسامە بنلادنیش بڕوای بە ڕێکخراوی نھێنی ھەبوو .

بەعسییەکان ڕۆڵیان ھەبوو لە دامەزراندن و پارێزگاری لە سیستمی ئەمنی و ھەواڵی گرووپە تەکفیری و جیھادییەکان لە عێراق؟

بەشیر ئەڵوەندی: لە پاش چەند ساڵێکی کەم عێراقییەکان زۆرینەی ئەندامانی ڕێکخروای قاعیدە لە عێراق و بەشێک لە سەرکردەکانیان پێک ھێنا، لە کاتێکدا لە سەردەمی دەسەڵاتی زەرقاویدا زۆرینەی سەرکردەکانی ئەو گرووپە لە عێراق سعودی و لیبی و یەمەنی و توونسی و سوری و ئەفغانی بوون، بەڵام دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبو عومەر بەغدادی و بەو پێیەش کە عێراقی بوو عێراقییەکان نیوەی سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوەیان پێک دەھێنا و لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەبوبەکر بەغدادی-ش لە داعشدا عێراقییەکان لەسەدا ٩٠ی سەرکردەکانیان پێک دەھێنا کە بێگومان زۆرینەی ئەوانەش بەعسییەکان بوون .

ئایا لیبی و جەزائیری و سورییەکان و ئەوانەی کە لە ئەورووپاوە دەگەڕانەوە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٠ ڕۆڵیان ھەبوو لە نوێکردنەوەی سیتسمی ئەمنی و ھەواڵگریی ئەو گرووپانە؟

بەشیر ئەڵوەندی: سوریا پارەدار و مەشقپێکەری ئەو گرووپانە بوو لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٠، وەک چۆن پاکستان ھەمان ڕۆڵی بۆ ئەفغانستان ھەبوو، زۆرێک لە عەرەبەکان لە ڕێگەی خاکی سوریاوە پەیوەندییان بە گرووپەکەی زەرقاوییەوە کرد کە لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٠ ژمارەیان گەیشتە نزیکەی ١٢ ھەزار کەس .

ئایا سەدام حسێن سوپای محەمەدی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاریی دەرەکی دروست کردووە، ئایا ئەو گرووپە ژێرخانی ھەواڵگریی ھەبووە ؟

بەشیر ئەڵوەندی: ئەو زانیارییە ڕاست نییە.

تایبەتمەندیی ھەواڵگریی گرووپە جیھادییەکان چۆن بوون کە لەژێر ناوی بەرگری کاریان دەکرد کاتێک ھاوپەیمانان ھاتنە عێراقەوە؟

بەشیر ئەڵوەندی: گرووپە بچووکەکان لەسەر بنەمای شەڕی گەڕۆک و جوڵاو و جەنگی چەتەگەری و ھەڵکوتان کاریان دەکرد کە خەسڵەتێکی تووندڕەویی ھەبوو، لەوانە دانانی بۆمبی کاتی و تیرۆرکردن.

ئایا ڕێکخراوی قاعیدە لە عێراق دەزگایەکی تایبەتی ھەبوو بۆ ڕێگری لە سیخوری کە بە دژە ھەواڵگری ناسراوە؟

بەشیر ئەڵوەندی: نەخێر دەزگای بنەبڕکردنی سیخوڕییان نەبوو، بەڵکوو بەشێک لە ئەفسەر و کارمەندە کۆنە بەعسییەکان کە لە دەزگا ئەمنییەکانی عێراقدا کاریان دەکرد ھاوکارییان دەکردن .

ئایا ڕێکخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق توانای تەکنەلۆژیی ئەوەیان ھەبووە کە چاودێریی سیخوڕی بەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانەوە بکەن و گوێیان لێ بگرن؟ ئایا توانای دزەکردنە نێو تۆڕەکانی پەیوەندییان ھەبووە؟

بەشیر ئەڵوەندی: توانای چاودێری و گوێگرتنیان نەبوو، بەڵام گرووپی داعش سوودی لە ژمارەیەک لە گەنجە مسوڵمانەکانی ئەورووپا وەرگرت بۆ ئەنجامدانی کاری ھاککردن.

ئەی ڕێکخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق کاریان بۆ ئەوە کردووە کە دەزگایەکی ھەواڵگریی ستراتیژی دابمەزرێنن؟ ئایا یەکەیان ھەبووە بۆ ھەڵسەنگاندنی زانیارییەکان؟

بەشیر ئەڵوەندی: گرووپی داعش دەزگای ھەواڵگریی ھەبوو کە بارەگاکەی لە موسڵ بووە و پشتیان بە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگری و سیخوڕی ڕژێمی پێشووی بەعس بەستووە.

ڕێکخراوی قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق ھۆبەی سەرچاوەی کراوەیان ھەبووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری؟

بەشیر ئەڵوەندی: بەڵێ ئەو گرووپانە چەند سەکۆیەکیان ھەبووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بۆ گەیاندنی بانگەواز و زانیاری و ھاوکاری و گرووپی داعشیش کاری لەسەر ئەوە کرد کە تێلیگرام بە کار بھێنێت بۆ پەیوەندی لەگەڵ ھاووڵاتییان و لایەنگر و سەرچاوەکانیان.

ڕێکخراوی قاعیدە ڕۆڵی ھەبووە لە مەشقپێکردنی گرووپە تەکفیرییەکان لە بواری ھەواڵگری و کۆکردنەوەی زانیاریدا؟

بەشیر ئەڵوەندی: نەخێر بە پێچەوانەوە توانا و لێھاتوویی گرووپەکەی زەرقاوی و داعش لە کاتی بوونیان لە عێراق پێشکەوت و پەرەی پێ درا، لە ئەفغانستان ھیچ ئەفسەرێک پەیوەندیی پێوە نەکردن چەند کەسێکی کەمی میسری و سعودی نەبێت، بەڵام لە عێراق زۆرێک لە ئەفسەرانی دەزگای ھەواڵگریی ڕژێمی پێشوو پەیوەندیی پێوە کردن و ئەوەش ھۆکار بوو بۆ ئەوەی تواناو زانیارییان لە زانستی ئەمنی و ھەواڵگری لە ڕێگەی ئەو ئەفسەرانەوە زیاد بکات.

ئایا گرووپە تەکفیرییەکان ئەندامیان لەنێو دامەزراوە حکومییەکان و پەرلەماندا و ھێزە ئەمنییەکان و ڕاگەیاندندا ھەبووە لە عێراق؟

بەشیر ئەڵوەندی: بەڵێ بێگومان ھاوکاریان ھەبوو لە ئەفسەران و سیاسەتمەداران و فەرمانبەران.

لە ڕووی ھەواڵگرییەوە ڕێکخراوی قاعیدە لە سەردەمی ئەبو مەسعەب زەرقاوی بەھێزتر بوو یان ڕێکخراوی دەوڵەتی عێراقی ئیسلامی لە سەردەمی ئەبو عومەر بەغدادی یان بە پێچەوانەوە؟

بەشیر ئەڵوەندی: دۆخەکە بەو شێوەیە نییە، ھەموو ڕێکخراوێکی نھێنی کەمتر مایەی ئەوەیە کە تووشی زیان بێت و زیاتر سوود لە زانیاری وەردەگرێت، دۆخی زەرقاوییش بەو شێوەیە بوو، لە کاتێکدا ڕێکخراوە ئاشکراکان کە ناوچەیەکیان بە دەستەوە بوو وەک بزووتنەوەی تاڵیبان و داعش، سەرقاڵن بە کاروباری دەوڵەتەوە و توانستی ئەمنی و ھەواڵگرییان کەم دەبێتەوە، ئەوە جگە لەوەی سووپا و ھێزە ئەمنییەکان ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ ئەو گرووپانە دەکەن کە زەوییان بە دەستەوەیە، وەک دووژمنێک دەیبینن لە کاتێکدا گرووپی نھێنی نابینرێت و بەھێزتر دیارن، جیاوازییەکە لە جۆری ڕێکخراوەکەدایە نەک توانا ھەواڵگرییەکەی .

ئەو گرووپانەی باسمان کردن دەزگای ھەواڵگیرییان ھەبووە و ئایا ئەو دەزگایە بەشێک بووە لە کردە سەربازییەکانیان یان سەربەخۆ بووە؟

بەشیر ئەڵوەندی: بەڵێ داعش دەزگایەکی ھەواڵگریی سەربەخۆی ھەبووە کە پەیوەست بووە بە یاریدەدەری خەلیفە و نەدەچووە ژێر دەسەڵاتی والیی شارەکان کە ناوی لێنرابوو دیوانی ئەمن.


ئه‌م بابه‌ته 5776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure