گرنگ
نرخی دراوه‌كان له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا 4 كه‌س بوونه‌ قوربانی‌
هێزێكی تایبه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌

کراوەیی ئیسلامی

ئێران و نێوەندگیریی نێوان دوو بەرەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی

25/07/2020

میللەت


کۆماری ئیسلامیی ئێران نێوەندگیریی نێوان دوو لایەنە ناکۆکەکەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان دەکات، بەڵام بە وتەی بەرپرسێکی ئەو دوو بەرەیە "ھەوڵی ئەو وەفدەی ئێرانیش بۆ یەکخستنەوەی دوو بەرە ناکۆکەکە بێئەنجام بووە"، چونکە قسەکانیان زیاتر لە بەرژەوەندیی عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی ڕابەری بزوتنەوە بووە.

بە پێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی ئاژانس وەفدێکی ئێران بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان دوو بەرە ناکۆکەکەی بزووتنەوەی ئیسلامی و گەڕانەوەی سەرکردە ناڕازییەکان، سەردانی ھێڵی گۆڕانکاریی بزووتنەوەی ئیسلامییان کردووە لە سلێمانی.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە یەکێک لەو دوو بەرەیە، کە لەبەر ھەستیاریی دۆخەکە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە "ھەوڵی ئەو وەفدەی ئێرانیش بۆ یەکخستنەوەی دوو بەرە ناکۆکەکە بێئەنجام بووە."

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩دا، ژمارەیەک ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامانی سەرکردایەتیی بزووتنەوە، بە پاساوی خراپیی ئەدای خودی ڕابەری ئەو بزووتنەوەیە و شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەکەیان، ھێڵی گۆڕانکارییان لەنێو پارتەکە ڕاگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەو ساڵەدا بە ھەمان ئاڵا و ناوی بزووتنەوەی ئیسلامی/ ھێڵی گۆڕانکاری، لە شاری سلێمانی بارەگایان کردەوە، کە بە قسەی خۆیان ژمارەیان لەسەر ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی لە ١٩ کەس پێکھاتووە.

بەکر تاماس، ئەندامی مەکتەب سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی/ ھێڵی گۆڕانکاری، بۆ ڕۆژنامەی ئاژانس وتویەتی “لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو ئەندامانی مەکتەبی ھێڵی گۆڕانکاری لە سلێمانی کە پێکھاتبووین لە بەندە و کەمال نووری، کاروان عەلی ساڵح، ئاسۆ نامیق، پێشوازیمان لە وەفدێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بە مەبەستی ھەوڵدان بۆ ئاشتەوایی ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی."

بە وتەی بەکر تاماس "بە داواکاریی ئێرانییەکان ڕازی نەبووین، چونکە قسەکانیان زیاتر لە بەرژەوەندیی عیرفان عەلی عەبدولعەزیزی ڕابەری بزوتنەوە بوو، کە دەیانویست سەرکردایەتیی بزووتنەوە لە بازنەی بنەماڵەدا بێت، بەڵام ئێمە ڕاشکاوانە وتمان لەم سەرکردایەتی و شێوازی بەڕێوەبردنەی ئێستای بزووتنەوە ناڕازین، بۆیە دەمانەوێت بە ڕێککەوتن بێت یان ھەڵبژاردن، دەستەیەکی نوێ بۆ سەرکردایەتی دابنرێت، وەفدی ئێران پێش ماڵئاوایی کردنیان وتیان لە نێوەندگیریی نێوانتان بەردەوام دەبین، سەردانی خودی ڕابەر دەکەین، پاشان جارێکی تر دەگەڕێینەوە بۆ لای ئێوەش."

لە بەرانبەردا بەرەکەی دیکەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە، کە ئەو وەفدەی ئێران سەردانی کردبن.

عەبدوڵڵا وەرتێ، وتەبێژی فەرمیی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە "ئێرانییەکان سەردانی ئێمەیان نەکردووە".


ئه‌م بابه‌ته 736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure