گرنگ
وه‌زیری كشتوكاڵ پرۆژه‌یه‌كی بۆ فرۆشتنه‌وه‌ی گه‌نمی جووتیاران راگه‌یاند
عه‌دنان حه‌مه‌د یانه‌یه‌كى به‌هێزى ره‌تكرده‌وه‌
ژماره‌یه‌ك تووشبووی‌ كۆرۆنا له‌م شاره‌ چاكبوونه‌وه‌

هەواڵی کوردستان

هەڕەشەی وەزیرەكانی یەكێتی، حكومەتی هەرێمی بردە لێواری هەڵوەشان

پێش 2 هەفتە

میللەت
پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ پێچه‌وانه‌ی رێككه‌وتنه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی (٩)ی حكومه‌تی هه‌رێم، پشتی كردبووه‌ ته‌وافوقی سیاسی و ده‌یویست له‌ناو حكومه‌ت و په‌رمانی كوردستان، به‌بێ ره‌چاوكردنی ته‌واوفوق و هاوسه‌نگی، حوكمڕانی بكات. به‌ڵام یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سنورێكی بۆ ئه‌م شێوازه‌ له‌ كاری سیاسی دانا، و له‌ دوا رووداویشدا، یه‌كێتی شكستی به‌ بنه‌مای زۆرینه‌ی سیاسی هێنا.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو، پارتی نه‌یتوانی ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌نجام بدات، و هه‌رچه‌نده‌ پێشتر هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و موناقه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان و ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان وایان به‌خه‌ڵك راگه‌یاندبوو كه‌ "به‌ هیچ جۆرێك كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ دواناخرێت، و ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و حزبه‌كانی تریش به‌شداری نه‌كه‌ن، ئه‌وا پارتی ده‌توانێت له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی خۆی، زۆرینه‌ مسۆگه‌ر بكات و به‌ هه‌ر نرخێك بێت كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كات"، به‌ڵام هه‌ڵوێستی تووند و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی تیمی یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بارودۆخه‌كه‌ی به‌سه‌ر پارتی دا قڵپ كرده‌وه‌.

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو به‌ میلله‌ت گه‌یشتووه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، فراكسیۆنی یه‌كێتی و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی یه‌كێتی به‌شدارییان له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان هه‌ڵپه‌سارد، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریاندا كه‌ تا دروستكردنی هاوسه‌نگی و كاركردن به‌ ته‌وافوقی سیاسی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان زه‌مانه‌ت نه‌كرێت، یه‌كێتی ناچێته‌ ژێر باری هیچ دانیشتنێكی په‌رله‌مان و ده‌ره‌وه‌ی.

له‌م بارودۆخه‌دا و شه‌وی رابردوو، وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی له‌ ناو حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاریاندا كه‌ ئه‌گه‌ر پارتی بیه‌وێت به‌ تاكڕه‌وی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان رێكبخات و گوێ له‌ داواكانی خه‌ڵك نه‌گرێت، كه‌ داوای چاكسازیی ریشه‌یی ده‌كه‌ن له‌ بواری شه‌فافییه‌تی نه‌وت و كۆمپانیا بیانییه‌كان و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، ئه‌وا وه‌زیره‌كانی یه‌كێتییش ناچنه‌ په‌رله‌مان و به‌شداری هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تر ناكه‌ن.

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ توند و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌دا، به‌پێی زانیاریی سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كه‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌ران بووه‌ و ئه‌م بارودۆخه‌ی به‌ "رووخانی كابینه‌ی ٩" ناوبردووه‌ و رایگه‌یاندووه‌ " حكومه‌ته‌كه‌م شكست ده‌هێنێت".

بۆ رێگرتن له‌و داڕمانه‌ش، به‌ره‌به‌یانی ئەمرۆ، پارتی نه‌رمیی نواندووه‌ و ئاماده‌یی نیشانداوه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان دوا بخات و به‌بێ یه‌كێتی و لایه‌نه‌كای تر نه‌یكات، "به‌و مه‌رجه‌ی وه‌زیره‌كانی یه‌كێتی، له‌ نێوان بڕیاری یه‌كێتی و بڕیاری حكومه‌تدا، حكومه‌ت بێ ئیعتبار نه‌كه‌ن".

میلله‌ت زانیوویه‌تی، پارتی پێشوازیشی كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باڵای نێوان یه‌كێتی و پارتی و به‌ڵێنی داوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر بنه‌مای سه‌ره‌كی پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ په‌یڕه‌وكردنی ته‌وافوقی سیاسی، و پابه‌ند بوون به‌ باڵانسی هێز، و ئاماده‌یی نیشانداوه‌ كه‌ كراوه‌ بێت له‌ گوێگرتن له‌ داواكارییه‌ گشتییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ داوای چاكسازی و شه‌فافییه‌ت و هاوسه‌نگیین له‌ بڕیار و به‌ڕێوه‌بردنی كوردستاندا.



ئه‌م بابه‌ته 25981 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure