گرنگ
رۆحانی: سه‌دام حسێن به‌نیازی ئه‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسیداره‌ بوو
بڕیارێكی نوێ لەوەزارەتی داراییەوە
كاندیدی دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا ژنێكی ره‌شپێستی كرده‌ جێگری‌

کراوەیی ئیسلامی

سکرتێری گشتیی هوداپار: بەرنامە و کارەکانی ئاک پارتی نیشانی دەدات کە پارتێکی ئیسلامیی نییە

پێش 2 هەفتە


گفتوگۆی: ئەحمەد قادر


ئیسحاق ساغڵام سکرتێری گشتیی هوداپار، لەم چاوپێکەتنەدا كە ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان لەگەڵی سازیداوە، تیشک دەخاتە سەر دامەزراندنی پارتەکە، ساغڵام لە كۆنگرەی سێیەمی پارتەكە لە 2018 وەكو سكرتێری گشتیی هەڵبژێردراوە، لەم گفتوگۆیەدا باسی ئامانجەکانی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و سیستەمی کەمالیزم دەکات. هەروەك جۆری پەیوەندییەکانی هوداپار لەگەڵ رێکخراوە ئیسلامییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو، ساغڵام رەخنەی جددی و بنەڕەتی لە سیستەمی کەمالیزم دەگرێت لە هەمانکاتدا دان بە ئاک پارتیدا وەک حیزبێکی ئیسلامی سیاسیی نانێت.


هوداپار كەی دروستبوو؟ لە پێناو چیدا خەبات دەكات؟

 ئیسحاق ساغڵام: لە ١٧/١٢/٢٠١٢ هوداپار دامەزراوە، ئامانجی هوداپار دووبارە داڕشتنەوە و جێبەجێکردنی چەمکی دادپەروەریە، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەین بۆ بەدەستهێنانی چەندین ئامانجی دیکە کە گرنگترینیان: دووبارە داڕشتنەوەی دەوڵەت و سیاسەت، سەربارکردنەوەی بەها و بنەما بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە لە سیاسەتدا، گونجاندنی سیستەمی حوکمڕانی لەگەڵ بنەما و بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە نەک گونجاندنی کۆمەڵگە لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی سیستەمی دەوڵەت و حوکم، دووبارە زیندوکردنەوەی بەها باڵاکانی مرۆڤایەتیی و ئیسلامیی کە لە راستیدا هۆکاری بوونی ئێمەیە، کە لە زانایی یان بە نەزانی بۆش و بێ بنەما کراوە، جێبەجێ کردنی ئاسایشی ژیان، ماڵ، ئایین، عەقل و رەگەزی، زەمینەسازی بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ، لابردنی رێگریەکان لە بەرامبەر ئازادی باوەڕی و عیبادەت، چارەسەرکردنی دۆزی کورد لە سەر بنەمای دادپەروەری، رێگریکردن لە رۆچوون لەناو جیهانی ماددیدا و دوور بوون لە ئەخلاق، جێبەجێکردنی دابەشکاری لەسەر بنەمای دادپەروەری کۆمەڵایەتی، لابردنی نادادپەروەریی داهات و جێگیرکردنی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری و سەربەخۆیی و بێلایەنکردنی دەزگا کۆمەڵایەتییەکان، جێگیرکردنی دادپەروەری لە پەیوەندیەکانی دەرەوەدا و بوونی پەیوەندیێکی باش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ.

راتانگەیاند ئامانجێكتان "دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتی دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانییە" و باس لەوە دەکەن کە "دەبێت دەوڵەت و سیستەم لەگەڵ بنەما و بەها باڵاکانی کۆمەڵگەدا خۆی بگونجێنێت". ئایا ئەمە بە تەواوی داواکاری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کەمالیزم و ئەو بنەمایانە نییە کە دەوڵەتی تورکیای نوێی لەسەر دامەزرا؟

 ئیسحاق ساغڵام: دەوڵەت لەسەر بنەما و بەها باڵا کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا دروست دەکرێت. لە مێژوودا نەبینراوە کە بەشێکی دەستەبژێر کۆببنەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگا و نەتەوەیەکی نوێ و پاشان دەوڵەتی لەسەر بنیادبنێن. تەنها کۆماری تورکیا نامۆیە بەو سیستەمە. کاتێک دامەزراوەکانی دەوڵەت دووبارە لەسەر بنەماگەلێکی بێگانەی خۆرئاوایی سیکۆلار بنیاتنرانەوە، ئیدی سەدەیەکە ئارامی و ئاسایش بە گشتی جێگیر نەبووە، لەبەر ئەوەی ئەو سیستەمە نوێیە کە هەوڵ دەدرێت بسەپێنرێت لە سەر تیروانینی دونیای ماتریالیستی رۆژئاوا بنیادنراوە، سیستەمێکە بەها و بنەما بنەڕەتییە ئەخلاقی و کۆمەڵایەتییەکانی تێدا رەچاو نەکراوە، هەوڵی سەپاندنی ئایدۆلۆجیا و شێوەی ژیانێکی نوێ دەدرێت، ئەو ئامانجە سەرەکییەی کە رامانگەیاندوە "گونجاندنی سیستەمی حوکمڕانی لەگەڵ بنەما و بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە نەک گونجاندنی کۆمەڵگە لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی سیستەمی دەوڵەت و حوکم"، باس لەوە دەکات کە دەبێت تەواوی ئیشوکارەکان بە پێی بنەما و بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگە بکرێن. ئێمە باس لەوە دەکەین ناتوانرێت بنەما و بەها بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەیەک بگۆڕدرێت، چونکە ئەوە کارێکی ستەمە. بەرگری لەوە دەکەین دەبێت تەواوی ئەو گۆڕانکاریانەی کە بە پێی ئەو رەوشە ئەنجام دراون دووبارە بەپێی بنەما و بەها باڵاکانی کۆمەڵگە دابڕێژرێنەوە و سیستەمی حوکمڕانی لەسەر بینا بکرێت.

پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسلام لەلایەک کە چەندین سەدە تورک، کورد، عەرەب و تەواوی نەتەوەکانی دیکەی لە ژێر چەترێکدا کۆکردوە و لەلایەکی دیکەوە هەژمارنەکردنی نەتەوەکانی دیکە جگە لە تورکەکان بە هۆکاری زیانگەیاندن بە ئارامی و ئاسیشی وڵات دەبینین، رەخنەمان لە سیستەم لەو روانگەیەوەیە. کەمالیزم ئایینێکە دواتر هێنراوەتە مەیدانەوە بۆ سەپاندنی تورکیزم و عەلمانیەت بەسەر گەلدا. بۆیە شتێکی ئاساییە کە ناکۆکی لە نێوان تیڕوانینەکانمان و کەمالیزمدا هەبێت، تاکە هێز کە بتوانێت ژیانێکی خۆش و ئارام بۆ تەواوی هاوڵاتیان مسۆگەر بکات سیستەمی دادپەروەرانەی ئیسلامە، کەواتە سیستەمێک پەسەند دەکەین کە دژایەتی بناغە و بەها باڵاکانی ئیسلام نەکات کە ئایینی بەشێکی گەورەی هاووڵاتیانی تورکیایە.

تا چەند کەوتوونەتە ژێر کاریگەری شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە؟ بە تایبەت باس لەوە دەکرێت کە پەیوەندیتان لەگەڵ ئێران زۆرباشە و ئێرانیش لە رێگەی هوداپارەوە هەوڵی ئەوە دەدات بیرۆکەی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بگەیەنێتە تورکیا؟

 ئیسحاق ساغڵام: ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تەواوی دەوڵەتان و کۆمەڵگاکانی ناوچەکە هەبێت جگە لە رژێمی سەهیۆنی. بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ دەدەین. شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵەکانی سەرەتای بە جۆرێک لە جۆرەکان کاریگەری بەسەر تەواوی مسوڵمانانی دونیاوە هەبوو. لە قۆناغێکدا کە مسوڵمانان لە نێوان دوو جەمسەری سۆسیالیستی و سەرمایەداریدا خۆیان دەبینییەوە، لە هەمانکاتدا ناچار نەبوون کە بچنە بەرەی هیچ یەکێک لەم دوو جەمسەرە، شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەم بابەتەدا نەک تەنها کاریگەری بە سەر دونیای ئیسلامیدا هەبووە بەڵکو کاریگەری بەسەر هەردوو جەمسەری سەرمایەداری و سۆشیالیستیش هەبووە.

بوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تەواوی وڵاتان، بە تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی بە کارێکی باش دەزانین. پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئێران جیاوازیی نییە لەگەڵ پەیوەندیەکانمان لەگەڵ عێراق، لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم نوێنەرایەتیمان لە دەرەوەی وڵات لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردوەتەوە.

بانگەشەی ئەوەی کە ئێران هەوڵ دەدات لە رێگەی هوداپارەوە بیرۆکەی شۆڕش هەناردەی تورکیا بکات، بۆ جاری یەکەمە لە ئێوە دەیبیستین، تا ئێستا پرسیارێکی بەم شێوەیە لە ئێمە نەکراوە، ئامانج و بەرنامەی پارتەکەمان و رەفتار و و قسەکانمان دیارن. لەگەڵ ئەوەی بەشێکی گەورەی رێکخستنی پارتەکەمان و ئەندامانمان ئەهلی سوننەن، بەڵام بەشێکی کەمی ئەندامانمان هەن کە پەیڕەوی لە مەزهەبی جەعفەری دەکەن، کەواتە جیاوازی لە نێوان مەزهەبەکان ئەنجام نادەین. بە هەمان شێوەی لە بەرنامەی پارتەکەماندا دیار کراوە دەمانەوێت خزمەتی کۆمەڵگاکەمان و مرۆڤایەتی بکەین. پەیوەندیەکانمان لەگەڵ دەوڵەتەکانی دیکە بە پێی پێویستی چالاکیەکانی پارتێکیی سیاسییە، بەرنامەیەکی دیکەمان نییە. ئەو جۆرە بانگەشانە تەنها بە ئامانجی ناشیرینکردنی هوداپار دەکرێن.

رابەرانی هوداپار پێشتر لە چوارچێوەی حیزبوڵا و موستەزعەفلاردا کاریان کردووە. ئێستاش شانازی بەو رابردووەوە دەکەن؟

 ئیسحاق ساغڵام: دامەزرێنەرانی پارتەکەمان و چالاکییە سیاسییەکانیان لە رابردوودا لە لایەن هاووڵاتیانەوە دەزانرێن، تەواوی دامەزرێنەرانی پارتەکەمان و تەنانەت ئەندامانمان لە شارۆچکەکان هەوڵیان داوە بۆ سوود گەیاندن بە کۆمەڵگا و خزمەتکردن بە گەلی مەزلوم و مەغدوور، دامەزرێنەرانی هوداپار لە پێش دامەزراندنی ئەم حیزبە و لە قۆناغی دامەزراندنیشیدا لە نزیکەوە ئاگاداری کێشە و ناکۆکیەکانی کۆمەڵگا دەبوون و لە رێگای جیاوازەوە خزمەتی کۆمەڵگەیان دەکرد، بە هەمان شێوە لە راگەیەندراوی دامەزراندنی هوداپاردا دەستنیشان کراوە، لەبەر ئەوەی دەرفەتی خزمەتکردن لە چوارچێوەی دەزگا و وەقفدا لێمان زەوتکرابوو، بزووتنەوەی موستەزعەفەکان و دواتر هوداپار دامەزران، ئەندامانمان بۆ بەجێهێنانی بەرپرسیارەتییان بەرامبەر بە حەق و گەل لە دوێنێ و ئەمڕۆدا لەسەر هەمان بنەما هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان دەدەن.

لە وێژەی ئیسلامیدا حیزبوڵا دوو واتای هەیە، یەکەم، بیرێکی حیزبوڵای بە واتای شێوە و رێبازێکی خەبات و رێبازی حیزبوڵا‌یە، کەواتە لەبەر ئەوەی حیزبوڵا وشەیەکی قورئانییە چەندین سەدە پێشتریش بەکارهێنراوە، ژمارەیەکی زۆر زانا و بیریاری ئیسلام خۆیان وەکو حیزبوڵا ناوبردوە. ئەمڕۆ کە باس لە حیزبوڵا دەکرێت لە سەرەتا جەماعەت و رێکخراوەکانی حیزبوڵا لە لوبنان و تورکیا بە بیر دێن، لە ئەندۆنیزیا تا مەغرب ژمارەیەکی زۆر رێکخراو و جەماعەت هەن کە خۆیان وەکو حیزبوڵا ناو دەبەن. بە پێی مەکتەب و رێبازێکی فکری کاتێک مسوڵمانێک وەکو "حیزبوڵا" ناو دەبرێت پێدەچێت وڵامەکەی "ئینشاڵا" بێت. دووەم، ئەگەر حیزبوڵا بە واتای هەبوون لە نێوان زنجیرەیەکی پلەبەندی رێکخراوێک بێت، هوداپار لەو واتایەدا هیچ پەیوەندیەکی لەگەڵ حیزبوڵا نییە.

لە ساڵەکانی ١٩٩٠ تەواوی ئەو کەسانەی کە دیندار بوون و لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خەباتیان دەکرد و وازیان لە ژیانی ئیسلامی نەدەهێنا وەکو  حیزبوڵا ناو دەبران، بۆیە تەواوی ئەو کەسانەی بەهۆی باوەڕ و بەها باڵاکانی ئایینەکەیان سەریان لە بەرامبەر ستەمەکانی پەکەکە نزم نەدەکرد بەو شێوەیە وەسف دەکران، بەوجۆرە لە ساڵەکانی ١٩٩٠ حیزبوڵا بە واتای هەڵبژاردنی ژیانێکی ئیسلامی بوو.

ئێوە لەسەر بنەمای `ئوممەت` سیاسەت دەکەن. ئەم بنەمایە نەبووەتە مایەی زیاندان لە نەتەوایەتی کورد و سودگەیاندن بە نەتەوەپەرستی تورک لە تورکیادا؟ ئایا تێڕوانینی ئوممەت و نەتەوایەتی کوردی پێکەوە هەڵدەکەن؟

 ئیسحاق ساعلام: بە داخەوە وشەی ئوممەت بە هەڵە  لێکدەدرێتەوە. تێڕوانینی ئوممەت زیانی بۆ هیچ نەتەوە و کەسێک نییە. تەنها هێز و ئاسایش دابین دەکات. کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا بە گشتی چەمکەکانی وەک ئوممەت و ئیسلام پشتگوێخران و تەنانەت وەک چەمکگەلێکی نامۆو دوژمن بە کۆمەڵگەی تورکیایان لێکرا، واتە، ئەو دەوڵەتەی دامەزرا لەبەر ئەوەی لە بیری ئوممەت دوور بوو تەواوی ئەو ناوچانەی لە سوریا، عێراق، فەلەستین، لوبنان، حیجاز و باکووری ئەفریقا پێشتر لەژێر کۆنترۆڵیدا بوو لە دەستیدا، ئەگەر ئەو گەلانەی لەو ناوچانە دەژین لە بری جیاکاری بتوانرایە وەکو ئوممەت جوڵەیان پێبکرێت ئەمڕۆ ئەو خاکانە داگیر نەدەکران و سامانی سەر زەوی و ژێر زەوییان تاڵان نەدەکرا، ژمارەیەکی زۆر گەلی وەکو کورد کە وەک کەمینە لەو وڵاتانەدا دەژین لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی و ئیسلامی بێبەش نەدەبوون، لەبەر ئەوەی واز لە بیری ئوممەت هێنرا کورد و تورک و عەرەبەکانیش شکستیان خوارد و زیانیان بەرکەوت، ئەمڕۆ هۆکاری زۆربەی کیشەکان لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا پێشخستنی بەرژەوەندی دەوڵەتێک، نەتەوە یان گروپێکە بەسەر دادپەروەری ئیسلامی بۆ چارەسەرکردنی جیاوازییەکان.

هۆکاری بوونی دەوڵەتی عەرەبەکان کە دروستیان کردوە لە سەرشۆڕیدا، وازهێنانیانە لە بیری ئوممەت، لەبەر ئەوەی تورک، عەرەب و فارسەکان لە بیری ئوممەت دوورکەوتوونەتەوە کوردەکان کە لە ناویاندا دەژین ناتوانن مافە سەرەتاییە مرۆڤایەتیی و ئیسلامییەکانی خۆیان بە دەست بهێنن، هەوڵەکانی هوداپار بۆ چارەسەری ئەو کێشانەی کە کورد تووشی دەبێت لەسەر بنەماکانی ئوممەت و پشتبەستن بە بنەڕەتەکانییەتی.

بە کورتی، بیری ئوممەت هیچ نەتەوەیەک بێهێز ناکات و لە دەست دانی بیری ئوممەت هیچ نەتەوەیەک بەهێز و سەردەست ناکات، رێگاچارەی تەواوی گەلان لە سیستەمێکی دادپەروەرانە و دووبارە بنیاتنانەوەی بیری ئوممەتدایە.

بە رای ئێوە دۆزی كورد لە توركیا دەبێت چۆن چارەسەر بكرێـت؟

 ئیسحاق ساغڵام: لە بەرنامەی پارتەکەمان وەڵامی ئەو پرسیارە دراوەتەوە كە خۆیدەبینێتەوە لە: بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی کۆمەڵایەتیی و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە؛ دەبێت لە سەرەتا بەهۆی تەواوی ئەو ستەمانەی ئەنجام دراون بەناوی دەوڵەتەوە داوای لێبوردن بکرێت و قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکرێتەوە. هەروەها واز لە بەتورکدانانی تەواوی ئەو کەسانە بهێنرێت کە وەک هاووڵاتی پەیوەندییان لەگەڵ کۆماری تورکیا هەیە، بە پێی دەستوور کوردەکان بناسێنرێن و تورک و کورد وەکو دامەزرێنەری سەرەکی دەوڵەت قبوڵ بکرێن.
دەبێت کوردی لەگەڵ تورکی وەکو زمانی فەرمیی دووەمی وڵات قبوڵ بکرێت و کوردی ببێتە زمانی پەروەردە. لەسەر بنەمای بوونی داخوازی و خەڵک مافی ئەوەی هەبێت بە کوردی بخوێنێت. دەبێت دروشمەکانی وەکو 'ئاندمز' Andımız (سوێندەکەمان) کە بۆنی نەژادپەرستی لێدێت و لە قوتابخانەکانی سەرەتایی بە قوتابیەکان دەخوێندرێت لابدرێن. دروشمی وەکو Ne Mutlu Türküm Diyene 'چەند خۆشحاڵە ئەو کەسەی دەڵێ تورکم' کە لە شوێنە جۆراوجۆرەکاندا نووسراون لابدرێن و کۆتایی بە وتەگەلێکی نەژادپەرستانەی وەکو  Bir Türk Dünyaya Bedel "تورکێک بەرامبەر هەموو دونیایە" بهێنرێت.

بە خێرایی دەبێت ناوی قوتابخانە، سەربازگە، شەقام، کۆڵان و شوێنەکانی تر بگۆڕێت کە بۆنی ستەم و جیاکارییان لێ دێت و دووبارە ناوەکانی پێشووی ئەو شوێنانە دابنرێتەوە کە پێشتر گۆڕدراون.

پێوستە واز لەو چەمکانە بهێنرێت کە دژایەتیکردن و جیاکاری پێوە دیارە و هەموو شتەکان لەسەر بنەمای تورکیبوون دادەڕێژن لە تەواوی ناوەندە فەرمییەکان و سیستەم و دەستووری وڵاتدا، بە تایبەت لەو بڕگانەی کە پەیوەستن بە پێناسەی هاووڵاتیبوونی تورکیاوە.

دەبێت هەرچی زووە "سیستەمی پارێزکاری"(1) هەڵبوەشێنرێتەوە کە بووەتە هۆکاری کێشەی فرە لایەنی لە ناوچەکە، بەڵام نابێت ببێتە هۆکاری چەوساندنەوە و زیانگەیاندن. چارەنووسی بێ سەروشوێنەکان کە ژمارەیان چەندین هەزار کەسە یەکلایی بکرێتەوە و بە لێبڕانەوە لێپرسینەوە لەسەر تاوانە بكەر نادیارەكان ئەنجام بدرێت و بەرپرسانی ئەو تاوانانە بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن.

دەبێت لێپرسینەوەی  لەسەر سووتاندنی گوندەکان و کۆچی بەزۆری دانیشتوان ئەنجام بدرێت، هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکاری رێکخراوەکانی وەکو ئەرگەنەکۆن و ژیتەم لە ناوچە کوردییەکان ئەنجام بدرێت.

بە فەرمی لەلایەن دەوڵەتەوە داوای لێبوردن لە کەسوکار و خۆشەویستانی شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانی بکرێت کە بە ناڕەوا لەلایەن دەوڵەتەوە لە سێدارە دران،  لەوەش زیاتر دەبێت شوێنی گۆڕی کەسایەتیەکانی وەکو سەعید نوورسی، شێخ سەعیدی پیران و سەید رەزا ئاشکرا بکرێن و ئەرشیفەکان پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو کەسایەتیانە ئاشکرا بکرێن بۆ رای گشتی.

چاکسازی لە مەدرەسەکاندا بکرێت و بگەڕێنرێنەوە بۆ سەر ئەرکە بنەڕەتییەکی خۆیان و ئەو ئیجازاتانەی کە لە مەدرەسەکان دەدرێن بە فەرمی دانی پێدا بنرێت.
دەبێت هەنگاو بنرێت بۆ گەشتنی ناوچەکە بە خۆشگوزەرانی ئابووری وەک ئەوەی لە رۆژئاوای تورکیادا هەیە کە ماوەیەکی دورودرێژ ناوچە کوردییەکان لە تەواوی ئەو خۆشگوزەرانییە بێبەش کراوە و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان ناوچە کوردییەکان و رۆژئاوای تورکیادا دەبینرێت.

دەبێت لێبووردنێکی سیاسی رابگەبەنرێت بۆ ئەو کەسانەی بە هۆکاری سیاسی تووشی سزا بوون یان بەهۆی ئەو سزایانەی کە بەسەریاندا سەپێنراوە بە ناچاری چوونەتە دەرەوەی وڵات، یان بەهۆی بۆچوونی سیاسیان لە زیندانەکاندا بەندکراون تاکو بگەڕێنەوە ناو کۆمەڵگا.

دەبێت کۆتایی بە بەڕێوبەرایەتی توندی ناوەندی بهێنرێت و بەڕێوبەرایەتییە خۆجێییەکان بەهێز بکرێن و تەواوی بەڕێوبەرانی خۆجێی لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێرێن.
دووبارەی دەکەینەوە کە رێگاچارەی کێشەکان جێبەجێکردنی دادپەروەری ئیسلامییە. بۆیە دەڵێین، "سەرەتا مرۆڤ، ئامانج دادپەروەری."

حیزبوڵا بۆ ماوەیەکی درێژ لە ململانێیەکی سەختا بوو لەگەڵ پەکەکە تا رادەی رووبەڕووبوونەوی چەکداری، دواتریش لەلایەن دەوڵەتەوە ئۆپەراسیۆن دژی حیزبوڵا کرا، دەوترێت دەوڵەت بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە حیزبوڵای دروستکرد، بۆچی دەوڵەت هەوڵی دەستگیرکردنی ئەندامەکانی ئێوەی دەدا؟

 ئیسحاق ساعڵام: دەبێت دەربارەی هێرشەکانی پەکەکە بۆسەر حیزبوڵا و ئەو رووداوانەی لەو قۆناغەدا رووی داوە لە پەکەکە بپرسن. قۆناغی سەپاندنی فشار و دەستبەسەرکردنی ئەندامەکانمان لە لایەن دەوڵەت لە کاتێکدایە کە فەتۆ (رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی)(2) لە ناو دادگادا باڵادەست بوو، ئەگەر شیکارییەکی وردی ئەو دۆسیانە بکرێت، دەبینرێت کە هەوڵەکان بە ئاراستەی لەناوبردنی هوداپارە، ئەوەش بەهۆی چالاکییەکانی کە دەکرێت وەک بنەماکنی کاری سیاسی هەر پارتێکی سیاسی هەژمار بکرێت، فێل و پلانەکان ئامادەکران و هەوڵەکانی لەناوبردنی هوداپار دەستی پێکرد، ژمارەیەکی زۆر بەڕێوەبەر و ئەندامەکانمان بە دروستکردنی دۆسیەی ناڕاست و بێبنەما دەستگیرکران؛ دەیان ساڵ سزا دراون. رێکخراوەکانی وەکو فەتۆ و ئەرگەنەکۆن ئامادە نەبوون هوداپار قبوڵ بکەن وەک پارتێک کە بۆ خزمەتی کۆمەڵگە دامەزراوە و چالاکیەکانمانیان وەک رێگر لەبەردەم کارەکانی خۆیاندا دەبینی، بۆیە لە دژی ئێمە فێل و پلانیان ئامادە کرد. بەڵام کارە نایاساییەکان تەنها لەگەڵ فەتۆدا سنووردار نییە. لە وڵات هەموو کاتێک تیمەکانی وەکو گلادیۆ(3) بوونی هەبوو، ئەو رێکخراوانەی خۆیان بە خاوەنی دەوڵەت دەبینی لە پێناو لەناوبردنی تەواوی ئەو کەسانەی کە بە مەترسییان دەزانی بۆ سەر خۆیان و مانەوەیان دەستیان کرد بە چالاکی نایاسایی و لەناوبردنی بی دادگایی.

بۆچی وازتان لە خەباتی چەکداری و چەک هێنا؟ پێتان وایە ئیسلام پێویستی بە شمشێر نەبێت؟

 ئیسحاق ساغڵام: هوداپار پارتێکی سیاسییە. خەباتی ئێمە لە چوارچێوەی چالاکی سیاسیدایە، بە پێی بەرنامەی پارتەکەمان کە رامانگەیاندوە، لە تورکیا بە هەمان شێوەی عێراق و لوبنان رێگە بە بوونی باڵی سەربازی پارتی سیاسی نادرێت. کەواتە هیچ خەباتێکی چەکداریمان نەبووە.

سەبارەت بە بابەتی پێویستی ئیسلام بە شمشێر، هەموو جارێک باس لەوە دەکەین دەبێت سەرکردەی وڵاتانی ئیسلامیی رێکبکەون لەسەر پێکهێنانی یەکێتیەکی سیاسی و ئابووری و سەربازی، هێزە سەربازییەکە لە دژی داگیرکەر بە کاربهێنن کە سامانی ژێرزەوی و سەرزەویی خاکی ئیسلامی تاڵان کردوە، ئەو شتەمان دەوێ و پێشنیازی دەکەین.

پەیوەندی و هەڵوێستتان دەربارەی گرووپی فەتۆ چۆن بوو؟ رووداوەکانی ١٧ کانوونی یەکەم، ١٥ تەمموز و هەوڵەکانی بنەبڕکردنی گرووپی فەتۆ لەلایەن دەوڵەتەوە چ کاریگەرییەکی لەسەرتان هەبووە؟

ئیسحاق ساغڵام: لە رۆژی یەکەمەوە تیڕوانینی فەتۆ بەرامبەر هوداپار ئەرێنی نەبووە. ئێمەش دەمانزانی کە ئەوان کۆمەڵەیەکی ئاسایی نین کە چالاکی بانگەواز بەڕێوەدەبەن. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢ کە دامەزراین بە قۆستنەوەی هێزی دەوڵەت هەوڵیاندا بە فشاری جۆراجۆر هوداپار لە ناوببەن. رامانگەیاندووە کە ئەو چالاکیانە یاسایی نین. لە کاتی هەوڵی کودەتای ١٥ تەمموزیشدا دوو ئەنداممان کوژران.

دوای هەوڵی کودەتای ١٥ تەمموز فێڵ و پیلانەکان دژی هوداپار ئەگەر کەمێکیش خاوبووبێتەوە، ئەوا بنەڕەتی ئەو بیروبۆچوونە لەلای دەوڵەت سەبارەت بە هوداپار لە کاتی کاریگەری باڵادەستی فەتۆ دروست کراوە هێشتا لە برەودایە، بۆیە ناتوانرێت بوترێت لە تورکیادا ئارامی و ئاسایشێکی گشتی هەیە.

 

ئایا ململانێی گرووپە ئیسلامییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە جیاوازەکان کاریگەری نەکردۆتە سەر دوورکەوتنەوەی خەڵکی تورکیا لە دین و دابەزینی شکۆی تورکیا لە جیهانی ئیسلامی و پاشانیش پاشەکشە و لاوازبوونی هێزی ئیسلامی لە تورکیادا؟

 ئیسحاق ساغڵام: ئەگەر شێوازی رەفتاری گروپ و جەماعەتە ئیسلامییەکان لە تورکیا بشگۆڕێت هەر لە سەرەتاوە لە چوارچێوەی هاوکاری و یەکگرتووییدا نەبوون، هەر کۆمەڵەیەک هەوڵ دەدات بە پێی ئەو رێگایەی خۆی بە راستی دەزانێت چالاکی و کاروبارەکانی خۆی بەڕێوەببات، دەکرێت لەناو ئەو کۆمەڵانەدا کەسانێک هەبن کە هەڵە ئەنجام دەدەن و لە ناو خەباتەکەیاندا کارگەلێک کە دژ بە بەنەما و ئامانجەکانیانە ئەنجام بدەن، هیچ کەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بکات کە کەسێکی یان کۆمەڵەیەکی پاک و خاوێنە لە تاوان و هەڵەو کەموکوڕتی، ئەنجامدەرانی هەڵە لە لایەن کەسانێک یان تەواوی گروپ و جەماعەتێک كەموكورتی ئیسلام و تەواوی مسوڵمانان نییە، ئەوە گوناه و كەموكورتی ئەو کەسانەیە کە هەڵەکەیان ئەنجام داوە، بۆیە تاوانبارکردنی تەواوی مسوڵمانان بەهۆی هەڵەی مسوڵمانێک راست نییە، ئەوە بیرێکە دوژمنەکانی ئیسلام هەوڵ دەدەن بڵاوی بکەنەوە، کاتێک ئەندازیار یان پزیشکێک هەڵەیەک ئەنجام دەدات تەواوی ئەندازیاران و پزیشکەکان شەرمەزار ناکرێن، نابێت کارێک بکرێت کە ببێتە هۆکاری وازهێنانی ئەو کەسانە لە کاری خۆیان، مسوڵمانان ئەو کەسانەن کە مرۆڤەکان لە دەست و زمانیان پارێزراون. ئەو کەسانەی سەرپێچی لەو بنەمایە بکەن وەسفی ئەمینبوونی خۆیان لە دەستدەدەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کەموکوڕتی لە ئیسلامدا هەبێت.

پەیوەندیتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان بە تایبەت ئیسلامییەکان چۆنە؟

 ئیسحاق ساعڵام: دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ تەواوی پارت و گروپەکان هەبێت، بۆیە یەکەم نوێنەرایەتیمان لە هەرێمی کوردستان کردەوە، مەیدانی چالاکیەکانمان تورکیایە، هوداپار بۆ سیاسەت ناچێتە هەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ ناسینی براکانی ئەوێ و هاریکاری و ئەگەر پێویست بێت پێکەوە خزمەتێک بکات لەوێ دەبێت، بۆیە لەگەڵ تەواوی حزب و پارتەکان پەیوەندییەکی باشمان هەیە. ئامانجمان ئەوەیە ئەو پەیوەندییە زیاتر بەرەوپێشەوە ببەین.

لە ماوەیەکدا کێشە و ناکۆکیتان لەگەڵ گروپی ئیسلامی عیزەدین یەڵدرم هەبووە و حیزبوڵا بە رفاندن و کوشتنی رێبەری ئەو گروپە تۆمەتبار دەکرێت. وەڵامتان چییە؟

 ئیسحاق ساغڵام: پێم وایە پرسیارەکەتان لە شوێنێکی هەڵە کرد، ئەگەر وەڵامدەرەوی پرسیارەکە حیزبوڵا بێت دەتوانن راستەخۆ لەوان پرسیار بکەن، ئێمە هیچ کێشە و ناکۆکییەکمان لەگەڵ گروپی عیزەدین یەڵدرم نەبووە، پارەتەکەمان لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە.

لە ئیستادا پەیوەندیتان لەگەڵ ئاک پارتی و حکومەتی تورکیادا چۆنە؟

 ئیسحاق ساغڵام: ئێمە بیر و کەلتووری ئۆپۆزسیۆنی ئەرێنی لە وڵات پەسەند دەکەین، پارتە سیاسییەکان رێکخراوگەلێکی خزمەتکارن کە بۆ خزمەت بە وڵات پێشبرکێ ئەنجام دەدەن، تەواوی پارتەکان لە سەر بنەمای سودمەندبوون لەو بۆچوونانەی کە بڕوایان پێیەتی کار و چالاکی ئەنجام دەدەن. ئەگەر پارتە سیاسییەکان رکابەری یەکتریش بکەن نابێت شەڕ بکەن، کەواتە دەمانەوێت گەشە بە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تەواوی پارتەکان بدەین، دوای دامەزراندن دەستی دۆستایەتیمان بۆ تەواوی پارتەکان درێژ کرد، هەوڵ دەدەین گەشە بە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ تەواوی پارتەکان بدەین، کەواتە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئاک پارتی باشە.

لە دوای ٢٠١٥ وتاری ئاک پارتی زیاتر بە ئاراستەی نەتەوەپەرستی تورکیە. خوێندنەوەتان چۆنە بۆ ئەو ئاراستەیە؟

 ئیسحاق ساغڵام: نەژادپەرستی/نەتەوەپەرستی سوودی بۆ هیچ کەس نییە. ئەگەر هەوڵێکیش لەسەر بنەمای نەتەوەپەرستی بدرێت لە پێناوی یەکگرتنی نەتەوەیەکی دیاریکراو لەسەر حسابی نەتەوەکانی دیکە ئەوە کارێکی راست نییە، ئەو رەوشە دەرگای ئالۆزی و فیتنە لە وڵات دەکاتەوە. بۆیە لە هەر دەرفەتێک باس لەوە دەکەین کە زمانی نەتەوەپەرستی زیانی هەیە و دەبێت تەرک بکرێت. دەبێت هێز لە بنەماو باوەڕە گشتییەکانی تەواوی کۆمەڵگە وەربگیرێت. نابێت لە بنەما و مافی برایەتی و یەکێتی ئیسلامی وەکو ناسنامەی سەرەکی دووربین.

کاتێک بە هۆکاری جۆراجۆر دامەزراوە سیاسییەکان وتاری نەتەوەیی پێش دەخەن دەبێتە هۆی ناکۆکیەکی قوڵی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە وڵاتدا و دروست سەردەکێشێت بۆ لایەنگیری و دەمارگیری مەترسیدار، هەر بۆیە هوداپار بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەسەر بنەمای دادپەروەری ئیسلامیی دەبێت وتاری نەتەوەیی وڵات دابڕءژرێت..

حکومەتی ئاک پارتی چۆن دەبینن؟ دەتوانرێت بگوترێت حکومەتێکی ئیسلامییە؟

 ئیسحاق ساغڵام: کەس و دامەزراوەکان تا کاتێک کردەوە و چالاکییەکانیان بە پێچەوانەی ئەوەوە نەبێت کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن و خۆیانی پێ دەناسێنن دەبێت هەر بەو شێوەیە بناسرێن و یاد بکرێن کە خۆیانیان ناساندووە، بەرپرسانی ئاک پارتی خۆیان وەک پارتێکی "پارێزکار دیموکرات" دەناسێنن. هەروەها بەرنامە و کارەکانی ئاک پارتی نیشانی دەدات کە پارتێکی ئیسلامی نییە، زۆر جار ئەو بنەمایانەی کە دامەزراوەکان لە سەریان دامەزراون و بۆچوونی بەرپرسانی ئەو دامەزراوانە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەگەر چی ئاک پارتی وەکو پارتێکی سیاسی خۆی وەکو پارتێکی ئیسلامی ناناسێنێت، بەڵام بەشێکی زۆری دامەزرێنەر و بەرپرسانی ئاک پارتی خۆیان وەکو کەسانێکی دیندار و رێزدار لە بەرامبەر بەها باڵاکانی ئیسلام دەناسێنن.

پەراوێز:

 1-سیستەمی پارێزکاری Korucu Sistem: حکومەتی تورکیا بە مەبەستی پاراستنی هاووڵاتیانی لادێ و شارۆچکەکان، هاووڵاتیانی ئەو ناوچانەی چەکدار دەکرد و لە کاتی پێویستدا رووبەڕووی چەکدارانی پەپەکە دەبوونەوە. ئامادەكار.

2-فەتؤ: لە هەرێمی کوردستان بە گرووپی خزمەت یاخود برایانی خزمەت ناسراون. کۆمەڵەیەکی ئایینی- کۆمەڵایەتی بوون لە ساڵانی هەشتای سەدەی رابردوو بە رابەرایەتی محەمەد فەتحوڵا گیولەن دەستیان بە بانگەوازی ئایینی کرد، هەرچەند لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم گرووپەوە تاوەکو ساڵی ٢٠١٣ وەک باڵێکی ناو کۆمەڵەی نوور لە تورکیا و جیهاندا دەناسران. بەڵام لەو ساڵە بەدواوە و دوای گرژبوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی دەسەڵاتداری تورکیا (پارتی دادو گەشەپێدان - ئاک پارتی) خۆیان وەک کۆمەڵەیەکی سەربەخۆ لە کۆمەڵەی نوور دەناساند، لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە بەرپرسیاری سەرەکی هەڵگەڕانەوە (انقلاب)ە سەرنەکەوتووەکەی ١٥ تەمموزی ٢٠١٦  تورکیا تاوانبار کراون، گرووپی فەتۆ تاوەكو ئەو كودەتا سەرنەكەوتوە لە سێکتەری سەربازی و تەندروستی و دادوەریدا خاوەن هێزی یەکلاکەرەوە بوون، لە دوای ئەوە ناویان وەک رێکخراوی تیرۆریستی فەتحولڵا (فەتۆ) Fethullah Terör Örgütü (FETÖ) دەرکردووە و دەوڵەت بە شێوەیەکی بەربڵاو و چڕوپڕ لە دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانیان بەردەوامە. ئامادەكار.

3-گلادیۆ: لە دوای جەنگی دووەمەوە جیهانی لەلایەن ئەمریکا و بەریتانیاوە وەک گرووپێکی سیخوڕی چەکدار دروستکران، بە تایبەت لە ماوەی جەنگی سارددا رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە دژایەتیکردنی یەکێتی سۆڤییەتدا، لە هەمانکاتدا وەک تۆڕێکی سیخوڕی چەکداری بەستراو بە رێکخراوی ناتۆوە ئەژمار دەکرێت، ئەم گرووپە لە تورکیادا بە "چەکداری کۆنترۆڵکراو Kontrollü Gerila" ناسراون، دواتر گۆڕدرا بۆ فەرماندەیی هێزە تایبەتەکان کە بەسترابوونەوە بە فەرمانگەی جەنگی تایبەتەوە. بە تایبەت لە ساڵانی نەوەدەکاندا رۆڵێکی کاریگەرییان هەبوو لە سەپاندنی هێزی دەوڵەت بەسەر هێزە ئیسلامیی و کوردییەکانی تورکیادا. هەڵبەت بە بێ ئەوەی دەربکەون و لە پشتی هێزی فەرمی سەربازی و مەدەنی دەوڵەتەوە چالاکییەکانیان ئەنجام دەدا، ئێستا وەک گرووپێکی چالاک لە تورکیادا کاریگەرییان نەماوە. ئامادەكار.

 

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە



ئه‌م بابه‌ته 697 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure