گرنگ
رۆحانی: سه‌دام حسێن به‌نیازی ئه‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسیداره‌ بوو
بڕیارێكی نوێ لەوەزارەتی داراییەوە
كاندیدی دیموكراته‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌مریكا ژنێكی ره‌شپێستی كرده‌ جێگری‌

هەواڵی کوردستان

رۆڵی كورد له‌ ده‌سه‌ڵاتی روسیای خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا

پێش 2 هەفتە

میلله‌ت

روسیا ده‌ستیكردوه‌ به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ ململانێ و سیاسه‌ت و پرسی وزه‌ی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌م سه‌روبه‌نده‌شه‌دا پێویسته‌ ئه‌مریكاش حسابێك بۆ په‌یوه‌ندییه‌ك ره‌گداكوتیوه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ گروپه‌ كورده‌كانی وڵاتانی ناوچه‌كه‌دا بكات، لێره‌شدا پرسیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دروست ده‌بێت كه‌ ئایا رۆڵی كورد له‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی روسیادا چی ده‌بێت كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ ناوچه‌كه‌دا بیبینێت.

ئانا بۆرشیڤیسكایا، توێژه‌ر و لێكۆڵه‌ر له‌ په‌یمانگای واشنتن بۆ سیاسه‌تی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ راپۆرتێكی شیكاریدا باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌بێت روسیا له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ ناوچه‌كه‌دا دۆسییه‌ی كوردسیش فه‌رامۆش نه‌كات و له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی هه‌وڵ بدات نه‌ك ته‌نها پشتیوانی له‌ كورد بكات، به‌ڵكو ده‌بێت كورد زیاتر له‌ ئه‌مریكا دابماڵێت و لێی دوور بخاته‌وه‌.

هه‌ڵوێستی روسیا له‌ رابردوودا به‌رامبه‌ر كورد
توێژه‌ره‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ مێژوو و باسی له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی روسیا به‌رامبه‌ر كورد كردوه‌ وه‌ك پشتیوانیكردن له‌ ئۆتۆنۆمیی ناوچه‌یه‌كی كورد له‌ ئازه‌ربایجان له‌ سه‌رده‌می یه‌كێتی سۆڤیه‌ت.

باسی له‌ كۆماری مهابادیش كردووه‌ كه‌ دوای رووخانی ئه‌و كۆماره‌، مسته‌فا بارزانیی وه‌ك په‌نابه‌ر له‌خۆگرت و دواتریش كه‌ بارزانی پارتی دیموكراتی كوردستانی دامه‌زراند هانی حكومه‌تی ئه‌وكاته‌ی عێراقی دا له‌گه‌ڵ كورد رێككه‌وتن بكه‌ن، هه‌ر له‌ ماوه‌ی رابردوودا یه‌كێتیی سۆڤیه‌ت له‌ دژی توركیا پشتیوانیی له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان و عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی سه‌رۆكه‌كه‌ی كردووه‌ و دوای ئه‌وه‌ش كه‌ سوریا ئۆجه‌لانی ده‌ركرد، روسیا ئه‌و ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی كوردی له‌خۆگرت.

روسیا و پشیتوانیی ئێستای مۆسكۆ له‌ كورد
چۆن روسیا كورد له‌ ده‌ستی ئه‌مریكا دابماڵێت، چۆن بتوانێت بۆ بەرژەوەندیی خۆی پشتیوانی لە کورد بکات

ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ئێستای روسیا و به‌رپرسانی تری مۆسكۆ جه‌خت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانیان له‌گه‌ڵ كورد ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وان ستایشی هه‌ڵوێستی كورد ده‌كه‌ن كه‌ روبه‌ڕوی چاره‌نووسێكی قورسی خۆیان به‌رامبه‌ر تیرۆر بوونه‌ته‌وه‌ و پێش ئۆپراسیۆنه‌كانی توركیا بۆسه‌ر رۆژئاوای كوردستان، روسیا بۆ ئه‌وه‌ی كوردانی ئه‌و وڵاته‌ له‌ پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا دابماڵێت، هه‌وڵیدا كورد و به‌شار ئه‌سه‌د بخاته‌ ناو گفتوگۆیه‌وه‌، مۆسكۆ ئه‌مریكاشی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی كه‌ رێگه‌نادات كورد و به‌شار ئه‌سه‌د كێشه‌كانی نێوانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، تا روسیاش كورد له‌ چه‌نگی ئه‌مریكا ده‌رنه‌كات، ئاماده‌ نییه‌ پشتیوانیی لێ بكات.

له‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 2017ی هه‌رێمی كوردستانیش، روسیا رۆڵی بێلایه‌نانه‌ی گێرا، له‌كاتێكدا ئه‌مریكای دۆستی كورد دژایه‌تیی ریفراندۆمه‌كه‌ی كرد، له‌گه‌ڵ ئه‌و بێلایه‌نییه‌شدا، روسیا له‌ هه‌مان ساڵدا گرێبه‌ستێكی گه‌وره‌ی بواری وزه‌ی له‌ رێگه‌ی كۆمپانیای رۆسنه‌فتی وڵاته‌كه‌یه‌وه‌ به‌ به‌های 3 ملیار و 900 ملیۆن دۆلار له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا كرد.

له‌ ساڵی 2018ش رۆسنه‌فت گرێبه‌ستێكی تری له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا كرد بۆ راكێشانی بۆریی نه‌وت بۆ روسیا و ئه‌مه‌ش وایكرد مۆسكۆ بێته‌ناو هاوكێشه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی تایبه‌ت به‌ وزه‌ی نێوان توركیا و هه‌رێم، له‌گه‌ڵ له‌شكركێشییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی توركیاش بۆسه‌ر خاكی هه‌رێم به‌بیانووی په‌كه‌كه‌، روسیا خۆی ئاماده‌كردووه‌ سوود له‌ گرژیی ناوچه‌كه‌ ببینێت و زیاتر بێته‌ ناوه‌وه‌ و رۆڵی خۆی پته‌وتر بكات.

له‌ ساڵی 2019ش سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌شار ئه‌سه‌د ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی سوریایدا بگرێته‌وه‌، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه‌ ده‌بێت ئه‌سه‌د تێگه‌یشتنی خۆی بۆ مافه‌كانی كورد له‌ ناوچه‌كانیاندا هه‌بێت، ئێستاش روسیا رۆڵی ناوبژیوان بۆ كوردانی سوریا ده‌گێڕێت و سووره‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت مه‌فه‌كانی كوردس له‌ ده‌ستووری نوێی سوریادا هه‌بێت.

ده‌رئه‌نجام
سه‌ره‌ڕای به‌رژه‌وه‌ندییه‌ كاتییه‌كانی روسیا له‌ سوریا كه‌ زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌كتیكین، كوردانی رۆژئاوا ته‌واو له‌ پشتیوانیی روسیا دڵنیا نین، ئه‌وه‌ش به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی ساڵی 2018 سه‌دان كوردی رۆژئاوا به‌ هێرش و په‌لاماره‌كانی "ئپۆراسیۆنی چڵه‌ زه‌یتون"ی توركیا بۆسه‌ر شاری عه‌فرین رۆژئاوای كوردستان گیانیان له‌ده‌ستدا و ئه‌گه‌ر به‌ ره‌زامه‌ندیی روسیا نه‌بوایه‌ توركیا نه‌یده‌توانی ئه‌و كاره‌ بكات.

سه‌ركرده‌كانی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل له‌ سوریا روسیایان تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی نه‌یتوانی توركیا له‌ ئۆپراسیۆنه‌كانی رابگرێت و ناپاكییان لێكردوون، روسیاش تۆمه‌ته‌كه‌ی خسته‌ ئۆباڵی ئه‌مریكا كه‌ گوایه‌ پشتی له‌ كورد كردووه‌. هاوكات له‌ له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیاش بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان، روسیا هیچی پێنه‌كرا.

له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو بگره‌ و بێنه‌یه‌شدا كه‌ روسیا ده‌مێك پشتیوانی له‌ كورد و ده‌مێك پشتی تێده‌كات، هێشتا په‌یوه‌ندی و هاوكاری نێوان كورد و روسیا مایه‌ی تێگه‌یشتنه‌ و وه‌ك راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی له‌ دۆخی ئێستای كوردا بێت، هاوكاری و پشتیوانیی هه‌ر لایه‌نێكی ده‌ره‌كیی پێ قبووڵه‌ كه‌ بیه‌وێت ده‌ستی یارمه‌تیی بۆ درێژ بكات"، بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ش راپۆرته‌كه‌ وته‌یه‌كی پێشووی مسته‌فا بارزانیی هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت بارزانی جارێكیان وتویه‌تی "من وه‌ك سواڵكه‌رێكی كوێر وام كه‌ ده‌ستی پان كردوه‌ته‌وه‌..گوێ به‌وه‌ ناده‌م كێ پاره‌ ده‌كاته‌ ده‌ستمه‌وه‌".

له‌ كۆتاییشدا راپۆرته‌كه‌ باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ نابێت به‌رپرسانی خۆرئاوا كاریگه‌رییه‌كانی روسیا له‌سه‌ر كوردی سوریا و عێراق فه‌رامۆش بكه‌ن، چونكه‌ كرملین به‌رده‌وامه‌ له‌ سوود وه‌رگرتن له‌ پشێوییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بۆیه‌ ده‌بێت خۆرئاوا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كورد توندتر بكات و به‌ سه‌پاندنی زیاتری هه‌ژموونی خۆی، گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ روسیا چۆڵ نه‌كات.


ئه‌م بابه‌ته 1063 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure