گرنگ
نرخی ئه‌مڕۆ دراوه‌كان له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستان
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا كه‌سێك بریندار بوو
نرخی‌ نه‌وت گۆڕانكاری‌ به‌سه‌ردا هات

هەواڵی کوردستان

چیرۆكی‌ تراژیدی ئه‌و كورده‌ی‌ رۆژهه‌ڵات كه‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیر كرا

5 رۆژ پێش ئێستا

میلله‌ت 
كوردێكی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیر ده‌كرێت و بۆ ماوه‌ دووساڵ‌ به‌ بێ‌ دادگاییكردن ده‌مێنێته‌وه‌ و دواتر سزای‌ 4 ساڵ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت.

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ په‌رله‌مانتاری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان چیرۆكی تراژیدی كوردێكی ڕۆژهه‌ڵات بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسانی‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌ و ده‌ڵێت "كورد بوون چه‌ند سه‌ختی!؟".

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ نووسیویه‌تی‌: "(حسێن عه‌بدولره‌حمان محێدین) كوردێكی دانیشتووی شاری (بانه‌)یه‌ و به‌تۆمه‌تی سیخوڕی كردن بۆ( پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق)، دادگای شاری (سنه‌) سزای ده‌ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا داوه‌ و دوای به‌سه‌ر بردنی چوارساڵ له‌ حوكمه‌كه‌ی كه‌ به‌بارمته‌ مۆڵه‌ت ده‌درێت بۆ سه‌ردانی ماڵه‌وه‌یان، له‌وكاته‌دا ڕاده‌كات بۆ باشوور وخۆی ڕاده‌ستی un ده‌كات، دواتر به‌قسه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌كه‌مپی un ده‌ستگیر ده‌كرێت و نزیكه‌ی دووساڵ بێ دادگایی كردن ده‌مێنێته‌وه‌".

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ ده‌ڵێت: "كه‌سوكاری ناوبراو هانایان هێنا بۆ نوسینگه‌ی سلێمانی په‌رله‌مان و دواتر یاداشته‌كه‌مان گه‌یانده‌ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان وبه‌نده‌ش به‌ شێوه‌ی(پرسیاری نوسراو)له‌ڕێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لایه‌نی په‌یوه‌ندیدارم كرد كه‌ به‌داخه‌وه‌ له‌مانگی شوباته‌وه‌ هێشتا وه‌ڵامه‌كه‌م وه‌رنه‌گرتۆته‌وه‌".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "دوو رۆژ پێش ئێستا له‌ڕێگه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌یه‌وه‌ ئاگادار كرامه‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ ناوبراو له‌دادگاكانی هه‌رێمی كوردستان (هه‌ولێر) به‌تۆمه‌تی سیخوڕی بۆ ئێران به‌ چوارساڵ حوكم دراوه‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌شڵێت: "تراژیدیای ئه‌م خانه‌واده‌ ئه‌وه‌یه‌ كوڕه‌كه‌یان له‌ئێران و له‌باشووری كوردستان به‌تۆمه‌تی سیخوڕی حوكم دراوه‌ و ئه‌و خانوه‌ی كه‌ پیره‌دایكی ناوبراوی تێدا نیشته‌جێیه‌ وه‌ك بارمته‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ و لێیان سه‌نراوه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "بڕیاره‌ تۆمه‌تبار ته‌مییزی بڕیاری حوكمه‌كه‌ی بكاته‌وه‌ و داواكارم ئه‌ندامانی دادگای ته‌مییز پێداچوونه‌وه‌ به‌حوكمه‌كه‌یدا بكه‌ن و ئه‌م خانه‌واده‌ له‌م تراژیدیایه‌ ده‌رباز بكه‌ن".

هه‌ڵه‌دنی‌ ده‌پرسێت: "ئایا ده‌كرێت كه‌سێك له‌ دوو ووڵاته‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی سیخوڕی حوكم بدرێت!؟ كێ ده‌ڵێت له‌هه‌ردووكیان بێ تاوان نیه‌!؟ كه‌ له‌ ئێران حوكم دراوه‌ و هه‌ڵهاتووه‌ چۆن سیخوڕی بۆ ئێران ده‌كاته‌وه‌!؟ ئه‌مانه‌ هه‌مووی پرسیارن به‌ وته‌ی كه‌سوكاره‌كه‌ی، له‌لایه‌كی تر به‌م دۆخه‌ سه‌خته‌ ئابوریه‌ی ئێران وهه‌رێم هاتوچۆی كه‌سوكاری زۆر قورس و گران ده‌كه‌وێت. یان ئه‌مه‌ش یه‌كێكی تره‌ له‌ دۆخه‌ سه‌ختیه‌كانی كوردبوون؟".


ئه‌م بابه‌ته 2608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure