گرنگ
نرخی دراوه‌كان له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا 4 كه‌س بوونه‌ قوربانی‌
هێزێكی تایبه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌

کراوەیی ئیسلامی

شه‌ش ساڵ دوای كاره‌ساتی شنگال، هێشتا چارەنووسی ڕفێنراوانی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە نادیارە

03/08/2020

میللەت

حه‌لا سه‌فیل سێ ساڵه‌ له‌ داعش رزگاری بووه‌، به‌ڵام هێشتا له‌ تاڵاوی سه‌رده‌می دیلێتیدا ده‌ژی‌، چونكه‌ چاره‌نوسی دایك و باوك و سێ برای نادیاره‌.
ته‌نیا حه‌لا به‌ دوای چاره‌نوسی كه‌سوكارییه‌وه‌ نییه‌، كه‌م هاوڵاتی ئێزیدی هه‌یه‌ ئازیزێكی بێسه‌روشوێن نه‌بێت، سه‌رباری تێپه‌ڕینی شه‌ش ساڵ به‌سه‌ر رفاندنیاندا له‌لایه‌ن (داعش)ـه‌وه‌.

حەلا نە ما:پەڕی (کەرکوک ناو) ی ڕاگەیاندووە "راسته‌ له‌ دۆزه‌خی داعش رزگارم بوو، به‌ڵام شه‌و و رۆژ به‌ خه‌مه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێنم، چه‌ند ساڵێكه‌ من چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی دایك و باوك براكانم ده‌كه‌م".
حه‌لا سه‌فیل له‌ ته‌مموزی 2017دا رزگاری بوو، ئێستا له‌ كه‌مپی بێرسیڤ-ی دهۆك ده‌ژی.

"قسه‌ و هاواری ئێمه‌ سودی نییه‌، هه‌موو دنیا ده‌زانێت چی به‌سه‌ر ئێزیدییه‌كاندا هات، به‌ڵام بێده‌نگن‌ و كه‌س هه‌ڵوێستی نییه‌، دوای شه‌ش ساڵ هیچ بۆ رزگاركردنی ئێزیدییه‌كان نه‌كراوه‌".
حه‌لا به‌بێ ئومێدییه‌وه‌ وتی "كه‌س پشتگیری ئێمه‌ ناكات، ته‌نیا خوامان هه‌یه‌، چاوه‌ڕێی ره‌حمی خوا ده‌كه‌ین ده‌رگایه‌كمان لێبكاته‌وه‌ و به‌ ئازیزانمان شادبینه‌وه‌".

داعش لە 3ی ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شنگال – زێدی مێژویی ئێزیدییەكان لە خۆرئاوای موسڵ- و خەڵكەكەی رووبەڕووی كوشتنی بە كۆمەڵ، رفاندن و ئاوارەبوون كردەوە؛ شەش هەزار و 417 ئێزیدی رفاند لە نێویاندا ژن و منداڵ.

له‌ كۆی رفێنراوانی ئێزیدی، تائێستا سێ هه‌زار و 530 كه‌س رزگاركراون، له‌ نێویاندا زیاتر له‌ هه‌زار ئافره‌ت و نزیكه‌ی دوو هه‌زار منداڵ له‌ هه‌ردوو ره‌گه‌ز، چاره‌نوسی دوو هه‌زار و 887 كه‌سیش به‌ نادیاری ماونه‌ته‌وه‌، به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

حسێن قائیدی، لێپرسراوی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی وتویەتی "شه‌ش ساڵه‌ ‌بێ وه‌ستان كارده‌كه‌ین له‌ پێناو رزگاركردنی رفێنراوانداو به‌رده‌وامیش ده‌بین تا یه‌ك كه‌س مابێت له‌ ژێر ده‌ستی داعش".
بە وتەی قائیدی كۆرۆنا كاریگه‌ری له‌سه‌ر كاره‌كانیان داناوه‌، به‌وپێیه‌ی به‌شێك له‌ رزگاربوانی ئێزیدی له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عیراقن و ناتوانن وه‌ك پێویست به‌دواداچون بۆ دۆزینه‌وه‌و هێنانه‌وه‌یان بۆ نێو كه‌سوكاریان بكه‌ن.

به‌ نادیاری مانه‌وه‌ی چاره‌نوسی رفێنراوانی ئێزیدی له‌ كاتێكدایه‌، نزیكه‌ی سێ ساڵه‌ كۆتاییهاتنی داعش له‌ عیراق راگه‌یه‌نراوه‌ و له‌ سوریاش كه‌مترین ناوچه‌ به‌ده‌ست ئه‌و رێكخراوه‌وه‌یه‌.

سامیا قاسم چاالکوانی ئێزیدی وتویەتی "تاكه‌ داواكاریمان رزگاركردنی ته‌واوی ژن و كچانی ئێزیدییه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، وادیاره‌ شه‌ره‌فی ئێزدییه‌كان لای حكومه‌تی عیراق گرنگی نییه، چونكه‌ راست ناكه‌ن له‌ هه‌وڵه‌كانی رزگاركردنی رفێنراواندا".

بە وتەی سامیا کە لە‌ كه‌مپی چه‌مشكۆی زاخۆ نیشته‌جێیه‌، "تائێستاش چه‌كدارانی داعش كڕین و فرۆشتن به‌ كچ و ژنانی ئێمه‌وه‌ ده‌كه‌ن، له‌به‌رانبه‌ر رزگاركردنی هه‌ر رفێنراوێكدا داوای پاره‌ی خه‌یاڵی ده‌كه‌ن، كه‌سوكاری قوربانیانیش پاره‌یان نییه‌، بۆیه‌ زۆرێكیان رزگارنه‌كراون".

به‌شێك له‌ رفێنراوانی ئێزیدی له‌رێی پێدانی پاره‌وه‌ به‌ هاوكاری نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان له‌ده‌ستی داعش رزگاركراون.

داود موراد، لێپرسراوی راگه‌یاندنی جڤاتی كه‌سوكاری قوربانیانی ئێزیدی ئاماژەی بەوە کردووە، کە "به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تائێستا رزگارنه‌كراون شه‌هید بون،‌ به‌تایبه‌ت پیاوان، ئه‌وانه‌شی له‌ ژیاندا ماون زیاتر منداڵ و ئافره‌تانن، كه‌ به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی ئێمه‌ به‌شێكیان له‌ توركیاو سوریان".

لە یەكەم رۆژی هێرشی داعش بۆ سەر ئێزیدییەكان؛ هەزارو 293 كەس لەو پێكهاتەیە كوژران، به‌پێی ئاماره‌كانی نوسینگه‌ی رزگاركردنی رفێنراوان، 68 مەزارگەی ئەو پێكهاتەیە خاپوركراون و تائێستاش 80 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزیدییه‌كان دۆزراونەتەوە.

به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم، ژمارەی ئێزیدیەکان لە عیراق 550 هەزار كەس بووە، 360 هەزار هاوڵاتی ئەو پێكهاتەیە ئاوارە بوون ‌و زیاتر لە 100 هەزار كەسیش كۆچیان كردووە له‌ دوای هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ بۆ شنگال.


ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure