X
ئ|

چاره‌نووسى ئه‌ردۆغان له‌ به‌رده‌م ڕكابه‌ره‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كانیدا

توێژینەوە

10/08/2020     1225 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

ئارام هادى

پێشه‌كى
چاره‌سه‌رى پرسى كورد، ئه‌ندامبوون له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا، فراوانكردنى فه‌زاى دیموكراسى له‌ ناو خۆى وڵات، به‌رزكردنه‌وه‌ى داهاتى تاك، سفركردنه‌وه‌ى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و جیهان، به‌رهه‌م هێنانى ئیسلامی میانڕه‌و له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌، مه‌یلى زیاتر بردنى توركیا به‌ره‌و جیهانى ڕۆژئاوا، لاوازكردنى ڕۆڵى سوپا و فاشیست و نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كان له‌ ڕه‌سمى سیاسه‌تى ده‌وڵه‌تدا،  شكستپێهێنانى بیرى كوده‌تاچیه‌كان له‌ ناو وڵاتدا، ئه‌مانه‌ بانگه‌شه‌ى ئاشكراى ئه‌ردۆغان و هاوڕێكانى بوون له‌ سه‌ره‌تاى هاتنه‌ سه‌ركارى ده‌سه‌ڵات له‌ ساڵى 2002  له‌م پێناوه‌شدا چه‌ند هه‌نگاوێكى ئه‌رێنیان نا و هه‌ڵبژاردن دواى هه‌ڵبژاردن ڕێژه‌ى ده‌نگ و كورسى په‌رله‌مانیان زیاتر ده‌بوو، به‌ڵام دواتر پاشه‌كشه‌یان له‌ به‌ڵێنه‌كانیانكرد و ده‌وڵه‌ت و كێشه‌كانیان برده‌وه‌ چوار گۆشه‌ى یه‌كه‌م.

له‌ 2015 مێزى گفتوگۆى ئاشتیان له‌گه‌ڵ كورد هه‌ڵپه‌سارد، له‌و ڕێکەوتەش به‌ دواوه‌ تا ئێستا شانزه‌ هه‌زار له‌ هاوسه‌رۆك و په‌له‌مانتار و سه‌رۆك شاره‌وانى و ڕۆژنامه‌نوس و میدیاكار و ڕێكخستنى هه‌ده‌په‌یان خسته‌ زیندان، ده‌ستبه‌ردارى ئه‌وروپا بوون و ڕووه‌و (ئیران. ڕوسیا. چین) هه‌نگاویان نا، ئابوورى وڵاتیان به‌ره‌ و هه‌ڵئاوسانى گه‌وره‌ برد كه‌ له‌ ئێستادا نزیكه‌ى 430 ملیاد دۆلارى ناوخۆ و ده‌ره‌كى قه‌رزارن، كێشه‌ى ده‌ره‌كیان له‌گه‌ڵ وڵاتانى (عیراق. سوریا. یۆنان. لیبیا. جیهانى عه‌ره‌بى. به‌شێك له‌ وڵاتانى ئه‌وروپا) برده‌ لێوارى ته‌قینه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ به‌شێكى زۆرى به‌رپرسانى ئه‌مریكیش ناكۆكن، وازیان له‌بیرۆكه‌ى به‌رهه‌م هێنانى ئیسلامى میانڕه‌و هێنا و چه‌ندین گرووپى توندڕه‌ویان دروستكرد و هاوپه‌یمان و هاوكارى داعشیش بوون، ته‌نانه‌ت گومان هه‌یه‌ خودى ئه‌ردۆغان له‌ شه‌وى كوده‌تاكه‌ى 15_16/7/2016 له‌ ئاسمانى توركیادا و له‌ ناو فرۆكه‌كه‌یدا به‌ڵێنى ته‌سلیمبوونى به‌ (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى و سوپا) دابێت و له‌و ڕێکەوته‌ش به‌دواوه‌ فۆڕمى (ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ په‌رستى) تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر كرد و له‌ سیسته‌مى حوكمڕانیدا ئه‌داى ده‌كات.

لێكه‌وته‌كانى سیاسه‌ته‌ تاكڕه‌ویه‌كانى ئه‌ردۆغان وایكرد ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌ هاوڕێكانیشى له‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ر و به‌رپرسانى پارته‌كه‌ لێى كشانه‌وه‌ و دوان له‌ كاریگه‌رترینیان (على باباجان و ئه‌حمد داود ئۆغلۆ) ئێستا خاوه‌نى حزبى خۆیانن و به‌پێى وته‌كانیان ئه‌م دوانه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوى توركیا خۆیان به‌ ڕكابه‌رى سه‌رسه‌خت و به‌دیلى ئه‌ردۆغان و داد و گه‌شه‌ ده‌زانن، هه‌رچى (HDP) و (JHP) یه‌ ڕه‌نگه‌ سیناریۆى ڕێككه‌وتنه‌ نیمچه‌ فه‌رمیه‌كه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كانى 31/3/2019 فراوانتر و به‌هێزتر له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوى په‌رله‌مانى توركیادا دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌، به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌ردۆغان نیه‌، به‌پێى بۆچونى چاودێرانى سیاسى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى توركیاش بێت بۆ ئه‌ردۆغان قورسه‌ خولێكی تر له‌ كۆشكى چانقایا فه‌رمانڕه‌وای وڵات بكات، چونكه‌ تادێت كێشه‌كان له‌ به‌رده‌م (ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى) هاوپه‌یمانى زه‌قتر و زۆرتر ده‌بن و ئه‌مه‌ش چانسى ڕكابه‌ره‌كانى به‌هێزتر ده‌كات، بۆ بردنى ده‌نگى ئه‌كه‌په‌ و كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌ ناڕازیه‌كان.

ڕكابه‌ره‌ به‌هێزه‌كانى ئه‌ردۆغان (هه‌ده‌په‌. جه‌هه‌په‌. دیڤا. گه‌له‌چه‌ك. كوده‌تا)
بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتووى توركیا كه‌ ساڵى 2023ئه‌نجام ده‌درێت، چوار پارتى به‌هێز ڕكابه‌رایه‌تى پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مانه‌ن (هه‌ده‌په‌. جه‌هه‌په‌. دیڤا. گه‌له‌چه‌ك).

یه‌كه‌م: پارتى دیموكراتى گه‌لان (HDP)
ئه‌م پارته‌ پارتێكى سه‌رتاسه‌رى توركیایه‌ و له‌ 16/10/2012 دامه‌زرا و زیاتر كورده‌كان ڕێبه‌رایه‌تى ده‌كه‌ن، له‌ یه‌كه‌م به‌شداریكردنیان له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى توركیا له‌ 7 حوزه‌یرانى 2015 به‌ربه‌ستى %10 تێپه‌ڕاند و %13.2ى ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستهێنا به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ 80 كورسى په‌رله‌مانى توركیایان برد و بوونه‌ سێ یه‌مین پارتى گه‌وره‌ى توركیا، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش وه‌ك چۆن یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنى سه‌ركه‌وتنى كورده‌كان بوو، ئاواش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بوو كه‌ به‌ شكستى گه‌وره‌ بۆ ئه‌ردۆغان گه‌ڕایه‌وه‌ له‌دواى دامه‌زراندنى داد و گه‌شه‌وه‌ بۆ یه‌كه‌م جاربوو ده‌نگى داد و گه‌شه‌ له‌برى زیاد بكات كه‌میكرد.

هه‌ر دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ش له‌ كاتێكدا هێشتا لایه‌نه‌براوه‌كان سه‌رقاڵى پێكهێنانى كابینه‌ى حكومه‌ت بوون، (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى) سه‌رۆكى پارتى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ژاد په‌رست (MHP) و ناسراو به‌ پیاوى ده‌وڵه‌تى قوڵى توركیا، ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت هه‌ڵبژاردن دووباره‌ بكرێته‌وه‌، (مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى قسه‌كه‌ى ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى قبوڵنه‌كردنى سه‌ركه‌وتنى هه‌ده‌په‌ییه‌كان بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌دا و دروستبوونى مه‌ترسى بوو له‌سه‌ر سیسته‌مى حوكمڕانى ده‌وڵه‌ت) سه‌ر ئه‌نجام له‌ 1/11/2015 هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌ ژێر زه‌خت و زۆرى ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌چوو له‌ هه‌ر 21 پارێزگا كوردیه‌كانى باكورى كوردستان هێزێكى تایبه‌تى ده‌وڵه‌ت به‌ تانك و چه‌كى گه‌وره‌ له‌ناو شاره‌كان بڵاوه‌یان پێكرا و هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن و زیندانیكردن و ڕفاندن ده‌ستى پێكرد ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ به‌بڵندگۆ له‌ ناو شه‌قام و گه‌ڕه‌كه‌كان بانگه‌وازیان ده‌كرد كه‌س ده‌نگ به‌ هه‌ده‌په‌ نه‌دات، به‌جۆرێك ڕۆژى ده‌نگدانه‌كه‌ش هه‌ركه‌س ده‌چووه‌ بنكه‌ى ده‌نگدان به‌نیازى گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌بوو خۆى بۆ كوشتن یان زیندانیكردن دانابوو، دواجار هه‌ڵبژاردن له‌ژێر ڕه‌حمى لوله‌ى تفه‌نگه‌كان به‌ڕێوه‌چوو تیایدا جارێكیتر هه‌ده‌په‌ به‌ربه‌ستى %10ى بڕى به‌ڵام كورسیه‌كانى له‌ 80وه‌ كه‌میكرد بۆ 59 کورسی.

ئه‌ردۆغان هه‌ڵبژاردنى به‌ تامى شكست برده‌وه‌
له‌دواى كه‌مكردنى ده‌نگه‌كانى ئه‌ردۆغان له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى 7ى حوزه‌یرانى 2015 جارێكی تر و له‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌كان له‌ 31/3/2019 ئه‌ردۆغان شكستێكی ترى له‌ سه‌ر ده‌ستى هه‌ده‌په‌ییه‌كان به‌ركه‌وت ئه‌مه‌ش به‌ ڕێككه‌وتنێكى ناڕاگه‌یه‌ندراوى نێوان هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ كه‌ تیایدا هه‌ده‌په‌ییه‌كان له‌ شاره‌ گه‌وره‌كانى ڕۆژئاواى توركیا و چه‌ند شارێكی تر له‌ دژى ئه‌ردۆغان ده‌نگه‌كانى خۆیاندا به‌ نوێنه‌ره‌كانى جه‌هه‌په‌ ئه‌و شارانه‌ش بریتی بوون له‌ (ئه‌سته‌نبوڵ. ئه‌نقه‌ره‌. ئه‌نتالیا. ئه‌ده‌نه‌. مێرسین. هاتاى)، له‌ هه‌ریه‌ك له‌م شارانه‌ش به‌هۆى ده‌نگه‌كانى هه‌ده‌په‌وه‌ جەهه‌په‌ییه‌كان به‌سه‌ر كاندیده‌كانى ئه‌ردۆغاندا سه‌ركه‌وتن، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ر ئاستى توركیا یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بوو، به‌ڵام بردنه‌وه‌ى به‌ تامى شكست به‌ده‌ست هێنا، هه‌ر زوو ئه‌ردۆغان ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى به‌تایبه‌ت له‌ ئه‌سته‌نبوڵ ڕه‌تكرده‌وه‌ و دووباره‌ هه‌ڵبژاردن بۆ شاره‌وانى ئه‌و شاره‌ كرایه‌وه،‌ به‌ڵام جارى دووه‌میش سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى شاره‌كه‌ى له‌ ده‌ستدا.

دووه‌م: پارتى گه‌لى كۆمارى (JHP)
ئه‌م پارته‌ هاوشێوه‌ى نازیه‌كانى ئه‌ڵمانیا و فاشیسته‌كانى ئیتالیایه‌ له‌ 9/9/1923 له‌لایه‌ن (مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك)ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ (سۆسیالیست و كه‌مالیه‌كان)پێكهاته‌ى ئه‌م پارته‌ن، به‌ڵام به‌ درێژایى نزیك به‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ ته‌مه‌نى ئه‌م پارته‌ هه‌ردوولایان دژى مافه‌كانى كوردبوون، له‌دواى هاتنه‌ سه‌ركارى داد و گه‌شه‌ ئه‌م پارته‌ وه‌ك دژبه‌رى سه‌رسه‌ختى ئه‌و حزبه‌ تائێستا به‌رده‌وامه‌، كه‌مێك بۆچونیان گۆڕاوه‌ سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ى كورد و پێیانوایه‌ ده‌بێت ئه‌و پرسه‌ به‌ دیموكراسى له‌ ناوخۆى توركیا چاره‌سه‌ر بكرێت، تادێت سۆسیالیسته‌كانى ناو پارته‌كه‌ به‌سه‌ر باڵى كه‌مالیه‌كاندا به‌هێزتر ده‌رده‌كه‌ون، ئێستا ئه‌م پارته‌ له‌لایه‌ن (كه‌مال كڵیچدار ئۆغلۆ)وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت كه‌ كوردێكى عه‌له‌وییه ‌و خه‌ڵكى پارێزگاى ده‌رسیمى باكورى كوردستانه‌ و باوكى یه‌كێك بووه‌ له‌ به‌شدارانى شۆڕشى ده‌رسیم، به‌ڵام خۆى وه‌ك توركمان حساب كردووه‌ و هه‌ڵوێستى نه‌ته‌وه‌یى سفره‌، ئه‌م پارته‌ دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى توركیا و سه‌رجه‌م سیسته‌مى حوكمڕانى كۆماره‌كه‌یه‌، خاوه‌ن دروشمى (یه‌ك ئاڵا و یه‌ك نه‌ته‌وه‌)یه‌ و كه‌سی تریان له‌ ده‌ره‌وه‌ى تورك و توركبوون قبوڵ نییه‌، په‌كه‌كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیه‌وه‌ له‌ 1978ه‌وه‌ دژایه‌تى بیرى نه‌ته‌وه‌په‌رستى و تاكڕه‌وى ئه‌م حزبه‌ى به‌ بنه‌ما گرت تا دواجار له‌ 2002 ئه‌م حزبه‌ به‌ ته‌واوى تێكشكا و تا ئێستاش له‌ ده‌ره‌وه‌ى حكومه‌ته‌ و به‌ ئۆپۆزسیۆنى ماوه‌ته‌وه‌.

هه‌ڵوێسته‌كانى پارتى گه‌لى كۆمارى سه‌باره‌ت به‌ كورد
به‌درێژایى 97 ساڵ له‌ ته‌مه‌نى ئه‌م پارته‌، دژایه‌تى سه‌رسه‌ختى كوردبوون و له‌و ماوه‌شدا 38 شۆڕشى كوردیان به‌ زه‌بر و زه‌نگ له‌ باكورى كوردستان كۆتایى پێهێناوه‌ و به‌ هه‌رچى له‌ ده‌ستیان هاتبێت له‌ سه‌ركوتكردنى كورد درێغیان نه‌كردووه‌، پاش كوده‌تاكه‌ى 12/9/1980 ئه‌م پارته‌ش وه‌ك هه‌موو پارته‌كانترى توركیا چالاكیه‌كانى قه‌ده‌غه‌كرا، ئه‌مه‌ش وایكرد به‌ كۆمه‌ڵ بچنه‌ ناو (پارتى سۆسیالیستى خه‌ڵك)، له‌وكاته‌شدا سه‌باره‌ت به‌ پرسى كورد ڕاپۆرتێكیان له‌سه‌ر كێشه‌ى كورد بڵاو كرده‌وه‌ و ئاماژه‌یان به‌وه‌دابوو (ده‌بێت شوناسى كورد قبوڵ بكرێت)، ئێستاش گه‌وره‌ترین پارتى ئۆپۆزسیۆنى توركیایه‌ و بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات له‌ داد و گه‌شه‌ جار و بار باسى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كورد ده‌كه‌ن، سه‌ركرده‌ سۆسیالیسته‌كانى ئێستاى ئه‌م پارته‌ش هه‌وڵى پۆكانه‌وه‌  یان ده‌ركردنى باڵى كه‌مالیه‌كانى ناو حزبه‌كه‌یان ده‌ده‌ن.

سێ یه‌م: پارته‌كه‌ى على باباجان به‌ناوى دیموكراسى و پێشكه‌وتن (DEVA) دیڤا
على باباجانى هاوڕێى ڕه‌جه‌یب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى پارتى داد و گه‌شه‌ پێدان كه‌ له‌ كابینه‌ یه‌ك له‌ دواى یه‌كه‌كانى داد و گه‌شه‌پێدان هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پۆسته‌كانى وه‌زیرى ئابوورى توركیا و سه‌رۆكى تیمى دانوستانكارى توركیا بۆ بوون به‌ ئه‌ندامى توركیا له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران، باباجان به‌وه‌ ناسراوه‌ له‌ ناو پارتى داد و گه‌شه‌ خاوه‌ن پێگه‌یه‌كى به‌هێزبووه‌، به‌ڵام له‌م دواییانه‌دا نێوانى باباجان و ئه‌ردۆغان ساردى تێكه‌وت و هه‌ردووكیان یه‌كتریان تۆمه‌تبارده‌كرد، ده‌رئه‌نجام باباجان به‌ هاوكارى و پاڵپشتى سه‌رۆككۆمارى پێشووتر (عەبدوڵا گول) له‌ 9/3/2020 هه‌نگاوه‌ قورسه‌كه‌ى ناو پارته‌كه‌ى به‌ناوى پارتى دیموكراسى و پێشكه‌وتن (DEVA) ڕاگه‌یاند ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌ى له‌ 8/7/2019 ده‌ستى له‌ پارتى داد و گه‌شه‌ كێشایه‌وه‌، باباجان چه‌ندین كه‌سایه‌تى كاریگه‌رى توركیاى له‌ پارته‌كه‌ى كۆكردۆته‌وه‌ دیاریترینیان ئه‌مانه‌ن ( عەبدوڵا گول سه‌رۆك كۆمارى پێشوترى توركیا. هاشم كلیج سه‌رۆكى پێشوى دادگاى ده‌ستورى توركیا) له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (سادوڵا ئێرگین و نیهات ئێرگون مسته‌فا ێنێر ئۆغلۆ) په‌رله‌مانتارى پێشوى ئه‌كه‌په، هه‌روه‌ها نوسه‌ر و ڕۆژنامه‌نوس (گولاى گۆگتوك و ڕامیز ئۆنگۆن) كه‌ پێشتر له‌ پارتى مه‌هه‌په‌ ئه‌ندام بوون، یه‌كێكیش له‌ناوه‌ گه‌وره‌كانى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ى 2016 جه‌نه‌ڕاڵ (محمد شانڤێر) ئه‌م ناوانه‌ له‌و 90 كه‌سه‌ن كه‌ دامه‌زرێنه‌رى پارته‌كه‌ن و27یشیان ژنن و به‌شدارى گه‌نجانیش %50یه‌.

هه‌روه‌ها باباجان ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ پارته‌ نوێیه‌كه‌ى هاوشێوه‌ى ئه‌و پارته‌ ته‌قلیدیانه‌ نابێت كه‌ له‌ ڕابردوو دروستبوون، وه‌ك به‌شێكى جیابوه‌وه‌ش له‌ پارتى داد و گه‌شه‌ ده‌رناكه‌وێت، به‌گوێره‌ى زانیاریه‌كانى (خه‌به‌ر تورك) له‌زارى سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتوه‌ باباجان كارده‌كات بۆئه‌وه‌ى له‌ په‌رله‌مانى توركیا كۆده‌نگى دروست بكات تا هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ له‌ وڵات ئه‌نجام بدات، له‌كاتى ناساندنى پارته‌كه‌شى باباجان ڕایگه‌یاند"ئه‌نجومه‌نى خوێندنى باڵا دروست ده‌كه‌ن و كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیار و یاساكانى ڕیفراندۆمه‌كه‌ى 2017 ده‌كه‌ن كه‌ ده‌ستكارى ده‌ستورى توركیاى كرد، هه‌روه‌ها گێڕانه‌وه‌ى سیسته‌مى ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى، له‌ باره‌ى كوردیشه‌وه‌ باباجان وتى، ده‌بێت به‌پێى مافه‌كانى مرۆڤ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورد بكرێت و به‌ گفتوگۆ و پێكه‌وه‌ له‌ڕێى دیموكراسیه‌وه‌ چاره‌سه‌رى پرسى كورد بێته‌دى"، به‌پێى په‌یڕه‌وى پارته‌كه‌ش سه‌رۆكى پارته‌كه‌ تا 10ساڵ ده‌توانێت كه‌سى یه‌كه‌مى پارت بێت، به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ چاودێران ڕایان وایه‌ كه‌ باباجان به‌ سه‌ربه‌خۆ بچێته‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى توركیاوه‌ قورسه‌ به‌ربه‌ستى %10 تێپه‌ڕ بكات و ئه‌وكات له‌ ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان ده‌مێنێته‌وه‌ به‌ڵام گه‌ر بێت و به‌ هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ چه‌ند پارتێكیتر به‌شدارى په‌رله‌مان بكات نزیكه‌ى 35كورسى په‌رله‌مانى به‌ده‌ست دێنێت.

چواره‌م: پارته‌كه‌ى ئه‌حمد داود ئۆغلۆ به‌ناوى ئاینده‌ (GELECEK) گه‌له‌چه‌ك
ئه‌حمد داود ئۆغلۆش یه‌كێكیتره‌ له‌ هاوڕێكانى ئه‌ردۆغان و ئه‌ندامى ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانه‌ و پێشتر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆكوه‌زیران بووه‌ له‌و پارته‌ و چه‌ند ساڵێكه‌ هاوشێوه‌ى (عبدالله‌ گول و باباجان) و به‌شێكیتر له‌ دامه‌زرێنه‌ر و به‌رپرسانى داد و گه‌شه‌ ڕه‌خنه‌ى له‌ ئه‌ردۆغان هه‌یه‌ و دواجار له‌ ڕۆژى هه‌ینى 13/9/2019 له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى له‌ حزبه‌كه‌ى ڕاگه‌یاند و له‌ 13/12/2019 پارتێكى نوێى سیاسى  به‌ناوى گه‌له‌چه‌ك (ئاینده‌)له‌ توركیا ڕاگه‌یاند، هه‌ر 154 دامه‌زرێنه‌ره‌كه‌ى پارته‌كه‌ى ئه‌حمد داود ئۆغلۆ له‌ كۆى 81 پارێزگاى توركیا نوێنه‌رایه‌تى 50 پارێزگا له‌ خۆده‌گرن و سه‌رجه‌میشیان پێشتر ئه‌ندام و به‌رپرس و په‌رله‌مانتارى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان بوون و ژماره‌یه‌ك له‌مانه‌ش ئه‌و كوردانه‌ن كه‌ پێشتر له‌ ڕیزى پارته‌كه‌ى ئه‌ردۆغان كاریانكردووه‌ و ئه‌م كوردانه‌ پێیان وایه‌ ئه‌ردۆغان و حزبه‌كه‌ى له‌ هێڵه‌ گشتیه‌كانى ساڵى 2002 كه‌ هاوكاتى ساڵى هاتنه‌ سه‌ر حوكمیانه‌ دووركه‌وتونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ باوه‌ڕیان به‌و پارته‌ نه‌ماوه‌ كه‌ چاره‌سه‌رى پرسى كورد و گرفته‌كانى به‌رده‌م ماف و دیموكراسیه‌ت بكات، دواى ئه‌م كارانه‌ش و له‌ سه‌ره‌تاكانى ساڵى داهاتوو ئه‌م پارته‌ یه‌كه‌م كۆنگره‌ى خۆى ده‌به‌ستێت و له‌ كۆى 154 كه‌سه‌كه‌ش به‌ فه‌رمى ته‌نها 10 كه‌سیان ده‌بنه‌ دامه‌زرێنه‌رى حزبه‌كه‌ى داود ئۆغلۆ، به‌شێك له‌ چاودێرانى سیاسى توركیاش پێیان وایه‌ ئه‌م حزبه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى داهاتوى په‌رله‌مانى توركیا به‌ ته‌نها ناتوانێت به‌ربه‌ستى %10تێپه‌ڕێنێت، به‌ڵام به‌ هاوپه‌یمانێتى نزیك به‌ 45 كورسى په‌رله‌مان به‌ده‌ست ده‌خات.

پارتى بزوتنه‌وه‌ته‌ى نه‌ته‌وه‌ په‌رستى توركیا (MHP) مه‌هه‌په‌
پارتى بزوتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌ په‌رستى توركیا (مه‌هه‌په‌)ئه‌م پارته‌ له‌ 9/2/1969 له‌لایه‌ن (ئه‌ڵپ ئه‌رسه‌لان توركش)دامه‌زراوه‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنیان زۆر توندبوون له‌ زیندوكردنه‌وه‌ى بنه‌ماكانى نه‌ته‌وه‌په‌رستى توركی و زاڵبوونى تورك به‌سه‌ر هه‌ر 39نه‌ته‌وه‌كه‌یترى توركیادا، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا ئه‌م پارته‌ دروستكراوى (ئه‌مریكا و به‌ریتانیا)بوو بۆ لێدان له‌ چه‌په‌كانى توركیا تا ساڵى 1990 و ڕوخاندنى بلۆكى ڕۆژهه‌ڵات، له‌و ڕێکەوته‌ به‌دواوه‌ تا ئێستا ئه‌م پارته‌ خۆى له‌ دژایه‌تى نه‌ته‌وه‌ى كورد دا ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ پێناوى سه‌ركوتكردنى كورد درێژه‌ به‌ خه‌باتى خۆى ده‌دات، ئێستا ئه‌م پارته‌ له‌لایه‌ن (ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى) سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت كه‌ به‌ پیاوى ده‌وڵه‌تى قوڵى توركیا ناسراوه‌ و هاوپه‌یمانى ئه‌ردۆغانه‌ له‌ سیسته‌مى حوكمڕانى توركیادا.

مێژووى كوده‌تاكان له‌ توركیا و مه‌ترسى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى
له‌ مێژووى نزیك به‌ سه‌ده‌یه‌كى كۆمارى توركیادا پیاوانى سوپا كه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌رى كه‌مالیزم داده‌نێن چوار كوده‌تاى سه‌ربازیان به‌سه‌ر حكومه‌ته‌كانى توركیادا ئه‌نجامداوه‌ دواترینیشان له‌ 15ى ته‌موزى 2016 هه‌وڵى كوده‌تا درا، به‌ڵام سه‌ركه‌وتونه‌بوو، ئه‌م كوده‌تایانه‌ش له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت كه‌ كاتى خۆى (مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك)ى دامه‌زرێنه‌رى كۆمارى توركیا له‌ چه‌ندین شوێن وه‌ك ئامۆژگارى به‌ پیاوانى سوپاى ڕاگه‌یاندووه‌ هه‌ركات له‌لایه‌ن حزب و حكومه‌ته‌كانى توركیاوه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر پایه‌كانى سیسته‌مى حوكمڕانى ده‌وڵه‌تى توركیا دروستبوو به‌بێ گوێدانه‌ هیچ شتێك كوده‌تا بكه‌ن به‌سه‌ر حكومه‌تدا، پیاوانى سوپا نزیك به‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ نه‌وه‌ دواى نه‌وه‌ كار به‌ ئامۆژگاریه‌كه‌ى ئه‌تاتورك ده‌كه‌ن، یه‌كه‌مین كوده‌تاى سه‌ربازى ساڵى 1960 له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى پارتى دیموكرات (ده‌په‌)ڕوویدا تیایدا به‌شێك له‌ ئه‌فسه‌رانى سوپا به‌بیانوى ئه‌وه‌ى پارتى ده‌سه‌ڵات توركیا به‌ره‌ و ڕژێمێكى سه‌ركوتكار و شه‌ڕى ناوخۆ ده‌بات ده‌سه‌ڵاتیان گرته‌ ده‌ست، دواتر (سه‌رۆك كۆمار. سه‌رۆكوه‌زیران. كابینه‌ى حكومه‌ت. په‌رله‌مانتاران)دادگایى كران، هه‌روه‌ها به‌كۆى ده‌نگ سزاى له‌ سێداره‌دان بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (جلال بایارى سه‌رۆككۆمار. عدنان مه‌نده‌ریس سه‌رۆكوه‌زیران. فاتین ڕِوشتوزۆرلو وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌. حه‌سه‌ن پۆڵاتكان وه‌زیرى دارایى) ده‌ركرا و به‌هۆى هه‌ڵكشانى ته‌مه‌نیشه‌وه‌ سزاى له‌ سێداره‌دانى جه‌لال بایار گۆڕدرا بۆ زیندانى هه‌تا هه‌تایى.

دواى یانزده‌ ساڵ و له‌ساڵى 1971دووه‌مین كوده‌تاى سه‌ربازى له‌لایه‌ن سوپاوه‌ ئه‌نجام درا، تیایدا پیاوانى سوپا (جه‌وده‌ت سوناى) سه‌رۆككۆماریان ناچاركرد حكومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و (سلێمان ده‌میره‌ل)ى سه‌رۆكوه‌زیران ناچار ده‌ستى له‌كاركێشایه‌وه‌ و (نیهاد ئه‌ریم) په‌رله‌مانتارى جه‌هه‌په‌ بووبه‌ سه‌رۆكوه‌زیران و حكومه‌تى پێكهێنا، بۆ جارى سێ یه‌م سوپا ده‌ستوه‌ردانى له‌ كاروبارى سیاسى وڵاتدا ئه‌نجامدا و له‌ 12ى ئه‌یلولى 1980 (كه‌نعان ئیڤره‌ن) سه‌رۆك ئه‌ركانى سوپا كوده‌تاى ئه‌نجامدا و هۆكاره‌كه‌ى گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ كێشه‌ى ئه‌منى، جارێكیتر و ساڵى 1997 بۆجارى چواره‌م له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى (نه‌جمه‌دین ئه‌ربه‌كان) كوده‌تایه‌كیتر ڕوویدا كه‌ به‌ كوده‌تاى "پۆست مۆدێرن" ناوده‌برێت ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نیشتمانى توركیا هاوشێوه‌ى كوده‌تاكه‌ى 1971 حكومه‌تى ناچاركرد ده‌ست له‌ كاربكێشێته‌وه‌.

جیاواز له‌ كوده‌تاكانى ڕابردوو له‌ 15ى ته‌موزى 2016 هه‌وڵى كوده‌تایه‌كی ترى سه‌ربازى درا، به‌ڵام كوده‌تاكه‌ سه‌ركه‌وتو نه‌بوو، گومانى ڕێككه‌وتنى ژێربه‌ژێر له‌م شكست پێهێنانه‌ى كوده‌تادا له‌ هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ى نادیاره‌وه‌ به‌رگوێمان ده‌كه‌وێت كه‌ چیرۆكه‌كه‌ به‌م جۆره‌ ده‌گێڕنه‌وه‌، " گوایه‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى سه‌رۆكى پارتى نه‌ژاد په‌رستى توركیا (mhp) سوپاى توركیا پێكه‌وه‌ كوده‌تاكه‌یان ئه‌نجامداوه‌ و له‌ شه‌وى كوده‌تاكه‌شدا له‌ كاتێكدا ئه‌ردۆغان له‌ فرۆكه‌ تایبه‌تیه‌كه‌ى خۆیدا ده‌بێت له‌ ئاسمانى توركیا دوو فرۆكه‌ى (f16) ئه‌ملاولاى لێده‌گرن و ئاگادارى ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ن له‌ فرۆكه‌تایبه‌تیه‌كه‌ى ئه‌ردۆغان بده‌ن هه‌مان كاتیش له‌ سه‌ر ئه‌رزه‌وه‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى و سه‌رۆك ئه‌ركانى سوپا له‌ڕێگه‌ى بێ ته‌له‌وه‌ قسه‌ى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێك له‌گه‌ڵیا ڕێكده‌كه‌ون ئاگاداریشى ده‌كه‌نه‌وه‌ گه‌ر له‌گه‌ڵیان ڕێكنه‌كه‌وێت ئه‌وا هه‌ر ئێستا له‌لایه‌ن ئه‌و دوو فرۆكه‌ شه‌ڕكه‌رەوە‌ (f16) ده‌خرێته‌ خواره‌وه‌، له‌دواى كوده‌تاكه‌شه‌وه‌ تادێت هاوپه‌یمانى كۆمار كه‌ له ‌نێوان ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى پێكهاتووه‌ به‌ره‌ و به‌هێزى ده‌ڕوات شێوه‌یه‌ك له‌ یه‌كگررتویى پێوه‌دیاره‌، ئه‌مه‌ش تاڕاده‌یه‌ك مه‌ترسى كوده‌تای ترى له‌م نزیكانه‌ دوورخستووه‌ته‌وه‌، هۆكاره‌كه‌شى بۆ لاوازبوونى كه‌مالیه‌كان له‌ سیسته‌مى حوكمڕانى توركیا و هاوپه‌یمانێتى كۆمار ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.

 چاره‌سه‌ر:
توركیا چۆن به‌ره‌ و كرانه‌وه‌ و چاره‌سه‌رى كێشه‌كان هه‌نگاو ده‌نێت؟
به‌درێژایى نزیك به‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ ته‌مه‌نى كۆمارى توركیا سیسته‌مى حوكمڕانى و ئه‌قڵى ده‌سه‌ڵاتدارێتى و به‌ڕێوه‌به‌ردن له‌و وڵاته‌دا به‌رامبه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ و پێكهاته‌كانى ناو توركیا كه‌ پێكدێن له‌ 39 نه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ كورد نه‌گۆڕاوه‌ و هه‌رچى دێته‌ ده‌سه‌ڵات دروشمى (یه‌ك نه‌ته‌وه‌ و یه‌ك ئاڵا) به‌رز ده‌كاته‌وه‌ و به‌هیچ ڕێگه‌یه‌ك ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ ناڕه‌خسێنن كه‌ نه‌ته‌وه‌كانیتر ته‌عبیر له‌ ڕاى خۆیان بكه‌ن و مافه‌كانى خۆیان به‌ده‌ست بهێنن، له‌ دروستبوونى كۆماره‌وه‌ تا ساڵى 2002 سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ توركیا تێكه‌ڵه‌یه‌ك بوو له‌ (نه‌ته‌وه‌ په‌رست و فاشیسته‌كان) كه‌ دژایه‌تى كوردیان ده‌كرد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی تریان له‌ بۆته‌ى توركبووندا ده‌توانه‌وه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ كه‌ جه‌هه‌په‌ییه‌كان سه‌ركردایه‌تیان ده‌كرد له‌ ساڵى 2002دا شكستى هێنا و له‌وه‌ به‌دواوه‌ (ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ په‌رستیان) له‌ سیسته‌مى حوكمڕانیدا په‌ره‌پێداوه‌ و نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كان دژایه‌تى سۆسیالیسته‌كان ده‌كه‌ن و هه‌رچى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانیشه‌ كه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌كانن دژایه‌تى كورد ده‌كه‌ن و تا ئێستاش له‌سه‌ر حوكمن.

ئێستاش چه‌ند هۆكارێك وایكردووه‌ به‌شێك له‌ حزبه‌كانى توركیا دژایه‌تى ئه‌ردۆغان بكه‌ن و به‌نیازن له‌ هه‌ڵبژاردنى ئاینده‌ به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێى ئه‌ردۆغان ده‌ربكه‌ن به‌ڵام ئه‌ردۆغانیش هه‌رچى هێزى ده‌وڵه‌ته‌ گرتویه‌تیه‌ ده‌ست وه‌ك (حكومه‌ت. سوپا. میت. ئابوورى. ڕاگه‌یاندن. په‌یوه‌ندیه‌ ده‌ره‌كییه‌كان. ته‌نانه‌ت جڵه‌وى گرووپه‌ توندڕه‌وه‌كان)یشى تاڕاده‌یه‌ك گرتووه‌ته‌ ده‌ست، سه‌ربارى ئه‌مه‌ش ئێستا ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ دژایه‌تى ئه‌ردۆغان ده‌كه‌ن و پارتى سیاسیان له‌ ڕابردوو هه‌بووه‌ یاخود پارتى سیاسى نوێیان دروستكردووه‌ ته‌نها مه‌به‌ستیان به‌ده‌ستهێنانى كورسى زیاترى په‌رله‌مانه‌ سه‌ره‌تا بۆ تێپه‌ڕاندنى به‌ربه‌ستى %10ى په‌رله‌مانى و دواتر پێكهێنانى حكومه‌ت به‌ته‌نها بێت یاخود به‌ هاوپه‌یمانێتى، به‌ڵام له‌ ڕاستیدا جگه‌ له‌ هه‌ده‌په‌ و كه‌مێكیش پارته‌ چه‌په‌كانى توركیا هیچ كام له‌و حزبانه‌یتر دژایه‌تى سیسته‌م و هه‌وڵى گۆڕینى سیسته‌م و ئه‌قڵیه‌تى به‌ڕێوه‌بردن ناده‌ن، بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگى كوردانیش جار و بار و لێره‌ و له‌وێ باس له‌ مافى كورد ده‌كه‌ن و دواتر به‌ڵێنه‌كانیان نابه‌نه‌ سه‌ر، لێره‌دا تێڕوانینى ڕكابه‌ره‌كانى ئه‌ردۆغان بۆ شێوازى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ توركیا ده‌خه‌ینه‌ ڕوو.

كه‌مال قڵیچدار ئۆغلۆ
ئه‌م پیاوه‌ پیاوى سیسته‌مى ئێستاى توركیایه‌ و له‌ژێر ڕه‌حمى ئه‌و سیسته‌مه‌دا گه‌وره‌كراوه‌ و هه‌مان عه‌قڵیه‌تى هه‌یه‌ كه‌ سیسته‌مى ئێستا په‌یڕه‌وى لێده‌كات و خۆشى به‌ پارێزه‌ره‌ى سیسته‌مه‌كه‌ داده‌نێت، ئه‌و پارته‌ش كه‌ ئێستا سه‌ركردایه‌تى ده‌كات هه‌مان پارته‌كه‌ى مسته‌فا كه‌ماله‌ و پارته‌كه‌ى خاوه‌نى سیسته‌مى حوكمڕانى توركیایه‌، ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئه‌م پیاوه‌ و حزبه‌كه‌ى ته‌نها دژى ئه‌ردۆغان و دادوگه‌شه‌ پێدانه‌.

 ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى
به‌هه‌مان شێوه‌ى كه‌مال قڵیچدار ئۆغلۆ ئه‌م پیاوه‌ش یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ى سیسته‌مى سیاسى توركیا دروستى كردووه‌ و له‌ هه‌ناوى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ته‌ ده‌ر و له‌ كه‌مالیه‌كان زیاتر خۆى به‌ پارێزه‌رى سیسته‌مى حوكمڕانى توركى (یه‌ك ئاڵا و یه‌ك نه‌ته‌وه‌) داده‌نێت و له‌ ئیستاشدا هاوپه‌یمانى ئه‌ردۆغانه‌ گه‌ر سبه‌ى له‌ هاوپه‌یمانى ئه‌ردۆغانیش نه‌ما ته‌نها دژایه‌تى ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ى ده‌كات نه‌ك سیسته‌مى حوكمڕانى، له‌لایه‌كیتره‌وه‌ ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى له‌ هه‌ڵبژاردنى حوزه‌یرانى 2016دا كه‌ تیایدا بۆ یه‌كه‌م جار پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ ده‌نگه‌كانى هاڕه‌ى كرد و له‌ به‌رامبه‌ریشدا بۆیه‌كه‌م جار له‌ مێژووى كورددا هه‌ده‌په‌ وه‌ك حزب به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یكرد و به‌ربه‌ستى %10ى بڕى و 80كورسى په‌رله‌مانى هێنا، لێره‌دا پیاوانى ده‌وڵه‌ت زوو هه‌ستیان به‌ مه‌ترسیه‌كه‌ كرد و بۆ یه‌كه‌م جار و پێش ئه‌ردۆغان ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى له‌ كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌ونیدا وتى ده‌بێت هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان دووباره‌ بكرێته‌وه‌.

 ئه‌حمد داود ئۆغڵۆ
ئه‌م پیاوه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى ده‌ستپێكردنى ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌یه‌وه‌ تا ئێستاش كه‌ حزبێكى نوێى دروستكردووه‌ دژایه‌تى حزبى داد و گه‌شه‌پێدان ناكات، به‌ڵكو ته‌نها دژایه‌تى ئه‌ردۆغان ده‌كات و ده‌ڵێ ده‌كرێت ئه‌ردۆغان له‌ سه‌ركردایه‌تى حزب دووربخه‌ینه‌وه،‌ به‌ڵام پارتى داد و گه‌شه‌ هیچ كێشه‌ى نیه‌، كه‌وابێت ئه‌م پیاوه‌ نه‌ك دژایه‌تى سیسته‌م ته‌نانه‌ت دژایه‌تى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆغانیش ناكات به‌م حاڵه‌شه‌وه‌ جگه‌ له‌ جێگۆڕكێ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر چاوه‌ڕوانى بچوكترین هه‌نگاوى چاره‌سه‌رى پرسه‌كانى توركیاى لێناكرێت.

عەبدوڵا گول و على باباجان
ئه‌م دوو پیاوه‌ش هاوڕێى دێرینى ئه‌ردۆغان و ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌رى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان بوون، ئێستاش گول هاوكارى باباجانه‌ له‌ دروستكردنى حزبه‌ نوێ یه‌كه‌ى و هیچ كێشه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ سیسته‌مى حكومڕانى و ته‌نانه‌ت ئه‌و سیسته‌مه‌ ئیسلامیه‌ سیاسیه‌ ئیخوانیه‌ش نیه‌ كه‌ باگگراوندى داد و گه‌شه‌ى له‌سه‌ر به‌نده‌ ته‌نها پێیان وایه‌ داد و گه‌شه‌ وه‌ك حزب و ئه‌ردۆغان وه‌ك سه‌ركرده‌ گۆڕانكارى پێناكرێت.

بوڵنت ئارنج: ئه‌م سیاسیه‌ش یه‌كێكیتره‌ له‌ به‌رپرسه‌ باڵاكانى داد و گه‌شه‌پێدان و ڕه‌خنه‌ى له‌ سیاسه‌تى ئه‌ردۆغان هه‌یه‌ و پێى وایه‌ ده‌بێت ئه‌ردۆغان گۆڕانكارى له‌ سیاسه‌ته‌كانیدا بكات.

سوپاو ئه‌نجامدانى كوده‌تا
لاوازى كه‌مالیه‌كان له‌ سوپا و سیسته‌مى حوكمڕانى وڵاتدا، هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى (ئه‌ردۆغان) له‌ شه‌وى كوده‌تاكه‌ى 2016 له‌گه‌ڵ سوپا و نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كان، هاوكات جه‌نگه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى ئێستاى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌ساڵى ئاینده‌ش كۆتایى یان نه‌یه‌ت، وایكردووه‌ ئه‌گه‌رى ڕوودانى كوده‌تا و مه‌ترسیه‌كانى له‌م نزیكانه‌ لاوازبێت.

هه‌ده‌په‌ و سۆسیالیسته‌كان
ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ته‌نها كورده‌كان كه‌ هه‌ڵسوڕێنه‌رى هه‌ده‌په‌ن، له‌گه‌ڵ پارته‌ سۆسیالیسته‌كانى توركیا دژى سیسته‌مى حوكمڕانى توركیان كه‌ ده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر به‌نده‌، چونكه‌ كورد و چه‌په‌كان له‌ بنیادنانى ده‌وڵه‌ت و سیسته‌مى حوكمڕانیدا هیچ پرسێكیان پێنه‌كراوه‌ و به‌شدارى سیسته‌مه‌كه‌نین و ته‌نانه‌ت سیسته‌مه‌كه‌ قبوڵیشیان ناكات ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ ئه‌م دوو لایه‌نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى سیسته‌م و حوكمڕانى توركین، گه‌ر هه‌ڵبژاردنى داهاتووى توركیا كه‌ ساڵى 2023 ئه‌نجام ده‌درێت هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ پارت و كه‌سایه‌تیه‌ چه‌په‌كان بچێته‌ هاوپه‌یمانێتى بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه،‌ ته‌نها ده‌توانن ببنه‌ فشارێكى جدیتر له‌سه‌ر سیسته‌مى حوكمڕانى توركى، چونكه‌ ئاواش ڕێژه‌ى كورسیه‌كانیان هێنده‌ زیاد ناكات تا حكومه‌ت پێكبهێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ توركیا هه‌موو شتێك به‌ده‌ست ده‌وڵه‌ت و ده‌وڵه‌تیش سیسته‌مێكى حكومڕانى به‌ڕێوه‌ى ده‌بات كه‌ زۆرینه‌ خۆى به‌ پارێزه‌رى داده‌نێت، به‌ڵام ده‌كرێت گه‌ر بۆ گۆڕینى سیسته‌مه‌كه‌ش نه‌بێت و ته‌نها له‌به‌ر لاوازكردنى ئه‌ردۆغان و داد و گه‌شه‌ بێت، هه‌ده‌په‌ و چه‌په‌كان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكیتر هاوپه‌یمانێتى گه‌وره‌تر دروست بكه‌ن و پێكه‌وه‌ كابینه‌ى حكومه‌ت پێكبهێنن.

گۆڕانكارى ده‌ره‌كى
به‌هۆى هێرش و په‌لاماره‌ داگیركاریه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى توركیا و بوونى سوپاى توركیا و دانانى بنكه‌ى سه‌ربازى له‌ 9 نۆ وڵات تادێت ناڕه‌زایه‌تیه‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش به‌رامبه‌ر به‌م سیاسه‌ته‌ى توركیا له‌ هه‌ڵكشانه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌م هه‌وڵه‌ فراوانخوازیه‌ له‌لایه‌ن  هه‌ریه‌كه‌ له‌ (فه‌ره‌نسا. مصر. سعودیه‌) ڕه‌تكراوه‌یه‌ و هه‌وڵى پێشگرتن به‌ خه‌ونه‌ فراوانخوازیه‌كانى توركیا ده‌ده‌ن، ڕه‌نگه‌ له‌ ئاینده‌دا ئه‌مه‌ هۆكارێك بێت بۆ هه‌ڵگیرساندنى جه‌نگێكى نێوده‌وڵه‌تى، ئه‌وه‌ش وابكات كاریگه‌رى گۆڕانكارى ده‌ره‌كى هۆكارێك بێت بۆ زووتر هێنانى گۆڕانكارى له‌ شێوازى سیسته‌مى حوكمڕانى ناوخۆیى توركیا. 

هەواڵی زیاتر