گرنگ
به‌وێنه‌... له‌ رووداوێكی‌ هاتووچۆدا 4 كه‌س بوونه‌ قوربانی‌
هێزێكی تایبه‌تی عێراق گه‌یشته‌ ئه‌م ده‌روازه‌ سنوورییه‌
نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی‌ جیهاندا

کراوەیی ئیسلامی

بۆچی حوسییەكان هێرشەكانیان بۆسەر سعودیە زیاتركردووە؟

12/08/2020

 

ئیدریس سیوەیلی
وێڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و داواكاری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هێوركردنەوەی دۆخی یەمەن و راگرتنی جەنگ لەو وڵاتە، بەڵام حوسیەكان پەرەیانداوە بە هێرشەكانیان بۆسەر سعودیە، بە تایبەت لە رێگەی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە چەندین شوێنی ستراتیجی اە ناوخۆی سعویە بەئامانجگیران، بە گوێرەی زانیاریەكان لە سەرەتای جەنگی یەمەنەوە تا ئێستا حوسیەكان 322 موشەكیان ئاراستەی سعودیە كردووە و 379 هێرشیان لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ئەنجامداوە، هەرچەندە حوسیەكان رایانگەیاندوە هێرشەكانیان لە كاردانەوەی بوونی سعودیەیە لە وڵاتەكەیان، بەڵام بە بڕوای چاودێران هێرشەكان زیاتر لە هۆكارێكی لە پشتە و خوێندنەوەی جیاواز هەڵدەگرێت، لێرەدا هەندێك لەو هۆكارنە دەخەینەڕوو:

یەكەم: نمایشی هێز
لەوانەیە حوسیەكان بیانەوێت نمایشی هێز و تواناكانی سەربازی خۆیان بكەن لە بەرامبەر سعودیە، بەجۆرێك كە دەڵێن ئەوان خاوەنی موشەكی بەهێز و فڕۆكەی بێفرۆكەوانن و دەگەنە قوڵایی خاكی سعویە، هەروەك بە دیوێكی تریشدا دەیانەوێت بیسەلمێنن كە ئێران سەركەوتو بووە لە گەشەپێدان و گواستنەوەی تەكنەلۆجیای سەربازی بۆ حوسییە هاوپەیمانەكانی و دروستكردنی مەترسییەكی راستەقینە لەسەر سعودیە لە سنوری باشوریەوە.

دووەم: قۆستنەوەی ناكۆكی ناوخۆیی یەمەن
لە ئیستادا بەهۆی ناكۆكی لە نێوان نەیارەكانی حوسیەكان بە تایبەت لە نێوان (عەبد رەبە مەنسور هادی) و ئەنجومەنی راگوزەری باشوری یەمەن، چەند پێكدادانێك لە نێوان ئەو دوو هێزە روویداوە، حوسیەكان دەیانەوێت سود لەم پەرتەوازەییەی نەیارانیان و سەرقاڵیان بە یەكترەوە وەرگرن تا پەرە بە هێرشەكانیان بۆسەر سعودیە بدەن، سعودیەش لای خۆیەوە هەستی بەم مەترسییە كردووە، بۆیە لە هەوڵی بەردەوامدایە لە نێوان لاینە ناكۆكەكان تا لەیەكتریان نزیكبكاتەوە و پێكەوە دژی حوسیەكان بجەنگن.

سێیەم: قۆستنەوەی سەرقاڵی بە كۆرۆناوە
وەك هەر میلیشیایەكی تر، حوسیەكان دەیانەوێت سەرقاڵی جیهان و بە تایبەتیش سعودیە بە ڤایرۆسی كۆرۆناوە بقۆزنەوە و برەو بە چالاكییەكانیان بدەن، رەنگە بەهۆی گەورەیی مەترسی ڤایرۆسی كۆرۆنا و رێوشوێنەكانی خۆپارێزی و چارەسەر سعودیە نەتوانێت وەكو پێشتر بەرەنگاری حوسیەكان بێتەوە، ئەمەش دەبێتە دەرفەت بۆ ئەوان تا گورز لە سعویە بوەشێنن.

چوارەم: دەرخستنی هەژموونی ئێران
ئێران و سعودیە نوێنەرایەتی دوو بەرەی ئایینی مەزهەبی شیعە و سوننە دەكەن، هەریەكەیان خەونی سیاسیی و ئایدۆلۆجی هەیە كە لە ئایینەوە ئاڵێنراوە، ئەوان دەخوازن لە رێگەی گرووپە ئایینییەكان برەو بە هەژمونی خۆیان لە ناوچەكە بدەن، ئەوەی روونە، لەو پێناوەدا ئێران بەشێوەیەكی بەرفراوانتر و لە رێگەی میلیشیا چەكدارەكانەوە لە عێراق، سوریا، لوبنان و یەمەن پێگەیەكی بەهێزی بۆخۆی دروستكردووە، ئەو نەیارەكانی (ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی) لە ناوچەكە بە سیمبولی ئیستكیباری جیهانیی ناودەبات، هەروەك خۆیی و گرووپە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بە سیمبولی بەرگری و بەرەنگاربوونەوەی هەژمونی ئەمەریكا ناودەبات، بۆیە لە رێگەی پاڵپشتی حوسیەكان و هێرشكردنە سەر سعودیە دەیەوێت ئەو بەرەیە لاواز بكات.

هەرچەندە ئێران رەتیدەكاتەوە لەپشت هێرشی حوسیەكانەوە بێت بۆسەر سعودیە، بەڵام زیاتر لە ئاماژەیەك هەیە كە ئەوە پشتراست دەكاتەوە ئێران لە رێگەی حوسیەكانەوە دەخوازێت هەژمونی خۆی لە كەنداو پەرەپێبدات.

لە 12 حوزەیرانی 2020 ئەنتۆنیۆ جویتریش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەریانخستووە هێرشەكانی ساڵی رابردوی سەر كۆمپانیای ئارامكۆی سعویە بە موشەكی ئێرانی ئەنجامدراوە، دواتریش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش تایبەت بەو هێرشانە وتی "چەند پارچە چەك و كەرەستەی جۆاروجۆر دۆزراونەتەوە كە لە پۆلێنی ئەمەریكادا بە دروستكراوی ئێرانی ئەژماردەكرێن".

پێنجەم: دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی سعودیە
رەنگە سادەترین پەیامی حوسییەكان لە هێرشەكانیان بۆسەر سعودیە ئەوەبێت كە ئەوان نەك تەنها لە ناو خاكی یەمەن كە سعودیە هێزی سەربازی تێدا جێگركردوە لە دژی حوسیەكان سەركردایەتی هاوپەیمانییەك دەكات، بەڵكو لەناو خاكی خۆشیان سعودیەكان بە ئامانج دەگیرێن و بەرژەوەندیەكانیان لە مەترسیدایە، هەڵەبەتە حوسیەكان لە هێرشەكانیان دامەزراوەی نەوتی و فڕۆكەخانە و شوێنی ستراتیجی لەناو سعویە بە ئامانج دەگرن، ئەمەش كاریگەری گەورە لەدوای خۆی جێدێلێت.

شەشەم: لاوازكردنی میحوەری سعویە و هاوپەیمانەكانی
لە چەند بۆنەی جیاواز ئەمەریكا جەختیكردوەتەوە لەسەر گرنگی هاوپەیمانی و بەردەوامی هاوكاری سعودیە، هەر لەو چوارچێوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە بەیاننامەیەكدا لە 28 ئایار 2020 رایگەیاند "هێزەكانی ئەمەریكا پارێزگاری لە توانا سەربازییەكانی لە ناوچەكە دەكات، توانای بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی ئێرانی هەیە لە رێگەی هاوپەیمانی بەرگری دروومەودا لەگەڵ سعودیە".

لە لایەكی تریشەوە باس لە جۆرێك هاوكاری ئەمەریكا، سعودیە و ئیسرائیل دەكرێت بۆ بەرگرتن لە نفوزی ئێران لە ناوچەكە، هێرشە بەردەوامەكانی ئیسرائیل بۆسەر پێگە سەربازییەكانی ئێران لە سوریا لەو چوارچێوەدایە، بە جۆرێك ئێران ناچاربووە ژمارەی هێز و بارەگاكانی لەو وڵاتە سنوردار بكات،
لە بەرامبەریشدا ئێران لە رێگەی هێرشی حوسیەكانەوە دەیەوێت ئەو پەیامە بداتە ئەمەریكا كە ناتوانێت سعودیەی هاوپەیمانی لە نفوز و هێرشی ئێران بپارێزێت، هەروەك ئەوەش دەدات بە گوێی سعودیەكاندا كە هاوپەیمانی ئەمەریكا سودی نییە بۆیان و باجی خۆی هەیە.

داهاتویەكی نادیار
هەرچەندە ماوەی چەند مانگێكە نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی (مارتن گریفیت)ی نێردراوی تایبەتی خۆیەوە سەرقاڵی پرۆژەیەكە بۆ كۆتایهێنان بە شەڕ و ململانێ لە یەمەن، وەك هەندێك ئاژانسی هەواڵ بڵاویان كردوەتەوە رەشنوسی پرۆژەكە سێ تەوەر لەخۆدەگرێـت، ئەوانیش: راگرتنی تەواوی جەنگ لە سەرانسەری یەمەن، پاشان گرتنەبەری رێوشوێنی مرۆیی و ئابوری و پاشان دەستپێكردنی راوێژ سەبارەت بە بەردەوامی دانوستان لە نێوان لایەنە ناكۆكەكان. دیارە پێشتریش رێكەوتن لە نێوان لایەنەكان كراوە وەكو رێكەوتنی ستۆكهۆڵم كە لە كانونی یەكەمی 2018 ئیمزا كرا، بەڵام جێبەجێنەكرا، بۆیە لە سایەی ئەم دۆخەی ئێستا و ناكۆكی بەهێزی لایەنەكانی یەمەن و دەستێوەردانی دەرەكی بە تایبەت سعودیە و ئێران زەحمەتە دەستپێشخەری نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنجامێكی ئەوتۆی هەبێت و كۆتایی بێنێت بە نەهامەتی و دۆخی سەختی یەمەنییەكان.


ئه‌م بابه‌ته 1063 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure