گرنگ
لێپرسراوێكی دیكە لە گەرمیان بە هۆی كۆرۆناوە گیانی لە دەست دا
لیرەی توركی و تمەنی ئێرانی دابەزینی گەورەیان تۆماركرد
به‌ڤیدیۆ... په‌رله‌مانتارێكی‌ عێراقی‌ ئاماده‌یی ده‌ربڕی‌ بۆ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی‌ كوشتنی‌ قاسم سوله‌یمانی‌ له‌ ئه‌مریكا

ڕاپۆرت

بازنەی هەڵبژاردنەكان... شەڕی سیاسیی نوێی نێوان سوننە و شیعەكان

پێش 3 هەفتە

میللەت
كۆمەڵێك سیناریۆ بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی حوزەیرانی داهاتووی عێراق لە  ئارادان كە هەریەكەیان لەبەرژەوەندی لایەك و لایەكەی دیكەش بە زیان بۆ پێگەی خۆی لێیدەڕوانێت.

ئێستا جەنگێکی سیاسی لە نێوان هێزە عێراقییەكاندا سەریهەڵداوە سەبارەت بە چۆنێتی دەستنیشانكردنی بازنەی هەڵبژاردنەكان.

دابەشكردنی پارێزگایەك بۆ چەند بازنەیەكی هەڵبژاردن ئەو بژاردەیەیە كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كار بۆ جێگیركردنی دەكات و ماوەیەكیشە جموجوڵێكی سیاسی بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی لایەنەكانی دیكە دەستپێكردووە، بەڵام ئەم خواستەی بەر بەرژەوەندی هەندێك لە جەمسەرە سیاسییەكانی شیعەكان دەكەوێت كە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رێبەرییان دەكات.

مالیكی دەیەوێت هەر پارێزگایەك بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن بە بێ لەبەرچاوگرتنی ژمارەی كورسییەكانی ئەو پارێزگایە لە پەرلەماندا.

ژمارەیەك لە سەركردە دیارەكانی سوننەكان پشتیوانی لە هەوڵەكانی حەلبوسی دەكەن و دەیانەوێت ئەو كورسییانە بەدەستبهێننەوە كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا بۆ لایەنە كوردییەكان و شیعەكان رۆیشتوون و ژمارەشیان بە نزیكەی 20 كورسی دادەنرێت.

تاوەكو 2010 سوننەكان نزیكەی 90 كورسییان لە پەرلەماندا هەبوو، بەڵام لە هەردوو هەڵبژاردنەكەی 2014 و 2018 نزیكەی 20 كورسییان بە هۆی دۆخی ئەمنی و دیمۆگرافی پارێزگاكانیانەوە لە دەست دا.

بەو پێیەی دابەشكردنی پارێزگاكان بۆ چەند بازنەیەك كاریگەری ئەوتۆی لەسەر ژمارەی كورسییەكانی كورد نابێت، تا ئێستا دژایەتییان بۆ ئەو پێشنیازە دەرنەبڕیوە.

هەوڵەكانی حەلبوسی لەگەڵ خواستی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر بۆ دابەشكردنی پارێزگاكان بۆ چەند بازنەیەك تاڕادەیەك یەكدەگرێتەوە كە هێزە شیعەكانی دیكە وەكو مەترسی لەسەر پێگەی خۆیان تەماشای دەكەن.

چاودێران پێیانوایە سەدر براوەی یەكەمی فرە بازنەیی دەبێت، چونكە جەماوەرەكەی بەسەر چەندین پارێزگادا دابەش بوون و هەندێك قەزا و ناحیەشیان بە تەواوی لەژێر دەستدایە.

بە بۆچوونی هەندێك سیاسەتمەداری عێراقی، لە ئەگەری پەسەندكردنی فرە بازنەیی پارێزگاكاندا موقتەدا سەدر دەتوانێت ژمارەیەكی زۆر كورسی بەدەست بهێنێت و ئەوەش ئەو ئەگەرەیە كە نوری مالیكی لێی دەترسێت، هەر بەو هۆیەشەوەیە كە هاوپەیمانییەكەی شەڕی مان و نەمان دەكات بۆ ئەوەی هەر پارێزگایەك بكرێتە یەك بازنەی هەڵبژاردن، چونكە جەماوەری مالیكی لە پارێزگاكاندا پەرشوبڵاون، نەك وەكو لایەنگرانی سەدر لە ناوچەیەكی دیاریكراودا كۆبووبێتنەوە.

دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانیش بە زوویی مشتومڕی بازنەی هەڵبژاردنەكان یەكلابكاتەوە ئەگەر بیەوێت پرۆسەكە لە كاتی دیاریكراوی خۆی كە مانگی ئابی 2021ە، بەڕێوەبچێت.


ئه‌م بابه‌ته 904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

زۆرترین خوێنراو

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە

Millet copyright 2015 © . All right reserved
Avesta Group and powered by Microsoft Azure