X
ئ|

توركیا به‌ڕەسمی چووە ناو شەڕی ئەرمەنستان و ئازەربایجانەوە

هەواڵی جیهان

پێش 4 هەفتە     6742 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌ راشكاوی پشتیوانیی سه‌ربازیی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئازه‌ربایجان دووپاتكرده‌وه‌ و ئەرمەنستان-یش ده‌ڵێت كه‌ ئازه‌ربایجان به‌ پشتیوانیی سیاسی و سه‌ربازیی توركیا هێرشه‌كانی بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌ی به‌رفراوان كردووه‌.

مه‌ولود چاوشئۆغڵۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 29ی ئه‌یلول رایگه‌یاند كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئاماده‌یه‌ پشتیوانیی سه‌ربازی پێشكه‌ش به‌ ئازه‌رباجیان بكات له‌و جه‌نگه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی ناگۆرنی قه‌ره‌باغی سنووری له‌دژی ئەرمەنستان ده‌ستپێكردووه‌.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەرمەنستان پشتڕاستكرده‌وه‌ كه‌ ئازه‌ربایجان به‌ پشتیوانیی  سیاسی و سه‌ربازیی توركیا هێرشه‌كانی بۆسه‌ر وڵاته‌كه‌ی به‌رفراوان كردووه‌ و گوێ به‌ بانگه‌وازه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش نادات بۆ راگرتنی هێرشه‌كانی.

حكومه‌تی ئەرمەنستان- یش رایگه‌یاندوه‌ كه‌ له‌ هێرش و بۆردومانه‌كانی ئازه‌ربایجاندا 10 هاوڵاتیی مه‌ده‌نیی وڵاته‌كه‌ی كوژراون.

ماوه‌ی چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌كه‌ كێشه‌ و ململانێی له‌نێوان ئەرمەنستان و ئازه‌ربایجاندا هه‌یه‌ تا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابدوو هێزه‌كانی هه‌ردوولا ململانێكانیان برده‌ گۆڕه‌پانی جه‌نگ و یه‌كتریان بۆردومان كرد.

شه‌وی رابردووش شه‌ڕ له‌نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ هێڵی روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نێوانیان له‌ هه‌رێمی ناگۆرنی قه‌ره‌باغ ده‌ستپێكرده‌وه‌ و به‌پێی میدیا جیهانییه‌كان سوپای ئەرمەنستان هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی داوه‌ كه‌ له‌ میحوه‌ره‌كانی فزولی و جبرائیل و ئاغداره‌ و تارتار له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ده‌ستی دابوون.

حكومه‌تی ئازه‌ربایجان له‌ باكۆی پایته‌خت ده‌ڵێت كه‌ سوپای یه‌ریڤان له‌ ئەرمەنستان پارێزگایه‌كی وڵاته‌كه‌ی بۆردومان كردووه‌ كه‌ دووره‌ له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕه‌وه‌، سوپای ئەرمەنستان- یش دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ چه‌ندین سه‌ربازی سوپاكه‌ی له‌ به‌ره‌ی شه‌ڕدا كوژراون.