X
ئ|

گروپەكەی خەزعەلی هەڕەشەی راگەیاندنی جەنگ دەكات

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پێش 4 هەفتە     3281 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
سەرۆكی كوتلەی سادیقون سەر بە میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق هەڕەشەی راگەیاندنی جەنگ لە دژی هێزەكانی ئەمریكا دەكات ئەگەرهاتوو لە عێراق نەكشێنەوە.

عەدنان فەیحان سەرۆکی کوتلەی سادیقون كە بە باڵی سیاسی میلیشیای عەئاسیب دادەنرێت، رایگەیاند ئەگەر لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دۆسێی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق یەكلانەكرێتەوە، ئەوا وەكو هێزێكی داگیركەر مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەین.

فەیحان ئەوەشی خستەڕوو كە لە پێناو جێبەجێكردنی بڕیارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان و گەڕاندنەوەی شكۆ بۆ دەوڵەت، پەنا دەبەینە بەر بەرەنگاریی (مقاوەمەت) و هێزەكانی ئەمریكا دەكەینە ئامانج.

بە وتەی سەرۆكی كوتلەی سادیقون، عەمار حەكیم سەرۆكی خاوپەیمانی عێراقییون، موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر و قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیب لەسەر (بەرەنگاربوونەوەی داگیركەر) یەكدەنگن.

فەیحان راشیگەیاند پاساوی هێرشە مووشەكییەكان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا ئەوەیە كە ئەمریكییەكان پابەندنەبوون بە بڕیاری پەرلەمان بۆ كشانەوەیان لە عێراق، بەڵكو بە پێچەوانەوە "پێیان زیاتر راكێشاوە و باڵیۆزخانەكەیان درووە بە شوێنی تێكدانی سەقامگیری و كردوویانە بە بنكەیەكی سەربازیی".