X
ئ|

قه‌یرانی دارایی و دواكه‌وتنی مووچه‌ دۆخی گوزه‌رانی ھاوڵاتیانی هه‌رێمی‌ شپرزه‌كردووه‌

هەواڵی کوردستان

پێش 1 هەفتە     238 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت 
په‌رله‌مانتارێكی‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ ئه‌ركی حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌ كاربكات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری سیاسی ھه‌رێم نه‌ك خۆی بكات به‌ به‌شێك له‌ ململانێی سیاسی و به‌لێدوانی زبر زامی كۆنی ناكۆكیه‌كان قوڵتر و نوێ بكاته‌وه، ئاماژه‌ شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ قه‌یرانی دارایی و دواكه‌وتنی مووچه‌ دۆخی گوزه‌رانی ھاوڵاتیانی شپرزه‌كردووه‌‌.

لوقمان وه‌ردی په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ "ئاڵا ھێمای ووڵاته‌ سیمبولی پیرۆزی گه‌له‌، ئه‌ركه‌ وه‌ك بیلبیله‌ی چاوی خۆمان پارێزگاری له‌ ئاڵا بكه‌ین".

لوقمان وه‌ردی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت: "به‌ڵام ئاڵا به‌ چركردنه‌وه‌ی ھوتافی نه‌ته‌وه‌یی توند و به‌رچه‌كردار ناپارێزرێت، ئاڵا به‌ ته‌بایی و یه‌كڕیزی ناوماڵی كورد پاراستنی ھاوسه‌نگی له‌ نێوان ھێزه‌ سیاسیه‌كان ده‌پارێزرێیت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "ئاڵا به‌رێزگرتن له‌ ئازادی راده‌ربرین و پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و به‌رجه‌سته‌كردنی دیموكراسی و رێزگرتن له‌ رۆژنامه‌نووسان و دابینكردنی نان و ئازادی ده‌پارێزرێت، بیرمان نه‌چێیت لای خۆشمان جنسیه‌ و پاسپۆرت و ئاڵا سوتێنراوه‌؟".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "له‌ ئێستادا خه‌ڵكی له‌پاڵ پیرۆزی ئاڵا نانی ده‌وێت، قه‌یرانی دارایی و دواكه‌وتنی مووچه‌ دۆخی گوزه‌رانی ھاوڵاتیانی شپرزه‌كردوه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ وابروات چیتر به‌رگه‌ی ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ ناگرن".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "ده‌بێیت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ھه‌نگاوی كرداری به‌په‌له‌ بنێ بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و باره‌ سه‌خته‌ له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا پلانی ستراتیژی دور مه‌ودای بۆ باشكردنی دۆخی ئابوری و دارایی ھه‌رێم ھه‌بێیت ، ئه‌ركی حكومه‌ته‌ كاربكات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری سیاسی ھه‌رێم نه‌ك خۆی بكات به‌به‌شێك له‌ ململانێی سیاسی و به‌لێدوانی زبر زامی كۆنی ناكۆكیه‌كان قوڵتر و نوێ بكاته‌وه‌؟".

لوقمان وه‌ردی‌ راشیگه‌یاندووه‌ كه‌ "با سوتاندنی ئاڵا ھانده‌ربێیت بۆ به‌خۆداچونه‌وه‌ و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌سه‌ركێشی و قوڵكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان و كاركردن بۆ داهاتوویه‌كی گه‌شتر بۆ ووڵاته‌كه‌مان".