X
ئ|

نێچیرڤان بارزانی بەبێ ئاشكراكردنی ناوەڕۆكەكەی داندەنێت بەڕێككەوتنی ‌50 ساڵەی‌ هەرێم‌ و توركیا

ڕاپۆرت

پێش 2 هەفتە     698 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

 میللەت
رێكەوتنێك بۆ ماوەی‌ پەنجا ساڵ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان‌و توركیای‌ پەیوەستكردووە بەیەكەوەو ئەو رێككەوتنەش بووەتە رێگر لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرو بەغدا و بەشێك لە پەرلەمانتارانی كوردستان و هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەكان رەخنەی توندیان لە گرێبەستی نێوان توركیا و هەرێم گرتووەو بە "ناشەفاف" وەسفی دەكەن، كە ناوەڕۆكەكەی ماوە چەندین ساڵە ئاشكرا نەكراوە.

كۆتایی ساڵی‌ 2013، كاتێك حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بەسەرۆكایەتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌ حكومەتێكی‌ كار بەڕێكەربوو، رێككەوتنێكی‌ لەگەڵ حكومەتی‌ توركیا واژووكرد بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە بۆ ڕایی گشتی و هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئاشكرا بكرێت.

واژووكردنی‌ ئەو رێككەوتنە، نیگەرانییەكی‌ زۆری‌ حكومەتی‌ ئەوكاتی‌ عێراقی‌ بەدواوە هات، كە نوری‌ مالیكی‌ سەرۆكایەتی‌ دەكرد، تا كار گەیشتە ئەو رادەیەی‌ مالیكی‌ رێكەوتنەكەو فرۆشتنی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كردە بیانوو بۆ ئەوەی‌ بودجەی‌ هەرێمی‌ كوردستان ببڕێت، ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە.

ئەوەی جێگەی پرسیارو سەرنجە لەو كاتەوە تائێستا حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بۆچ‌ ناوەڕۆكی‌ رێككەوتنەكەی بۆ دەزگا فەرمییەكان ئاشكرانەكردووەو هەر ئەوەشە بووەتە رێگر لەبەردەم حكومەتی هەرێم‌و عێراق كێشەی بودجەو نەوت چارەسەربكەن.

نێچیرڤان بارزانی داندەنێت بەڕێككەوتنی ‌50 ساڵەی‌ لەگەڵ توركیا

هاوكات نێچیرڤان بارزانی‌ كە بەئەندازیاری رێككەوتنی نێوان هەولێر وتوركیا دادەنرێت بۆ یەكەمین جار رۆژی یەك شەممە لەدوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم لەمیانەی وەڵامی رۆژنامەنوسێك سەبارەت بە رێككەوتنەكە وتی، "نە رێككەوتنی ئێمە لەگەڵ توركیا و نە رێكەوتنمان لەگەڵ رووزنەفت رێگر نین لە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا" بەبێ ئەوەی هیچ شتێكی دیكە لەبارەی ئەو رێككەوتنەوە بڵێت.
لەوبارەیەوە ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری كورد لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكدا بۆ "میللەت" ئاشكرایكرد، نێچیرڤان بارزانی ئەگەر دەیەوێت مامەڵەكانی شەفاف بن  پێویست بوو لەكاتی گرێبەستەكەدا ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكردایە، بۆ ئەوەی بمانزانایە كە لە ڕاستیدا  ئەم رێككەوتنە رێككەوتنێكی باشە یان خراپە.

وتیشی، ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە پێمان دەڵێت كە ئەركی هەرێم چییە، لەئێستادا كە ئێمە دەڵێن هەرێم نەوتی لە دەست نەماوە كۆمەڵێك لێكدانەوەیە كە رێككەوتنەكە هەرێم التزام كردبێت بەوەی كە پێویستە هەرێم لە رێگەی ئەم گرێبەستەوە بڕوات فعلەن رێككەوتنێكی خراپە بۆیە نازانین ناوەڕۆكی رێككەوتنەكە بۆیە كاك نێچیر با كەرمبكات ناوەڕۆكەكەیمان بۆ ئاشكرابكرێت.

ئەحمەدی حاجی رەشید: رێككەوتنەكە تایبەتە بە حزبێكی سیاسی

جەختیشكردەوە، ئەو رێككەوتنە تەنها رێككەوتنێكی نەوتی نییە بەشێكی پەیوەستە بەوەوە و خاڵەكانی دیكەی رێككەوتنەكە ئەمنی و حزبییە، بۆیە ئەم رێككەوتنە ناشەفافە و بەندەكانی نازان كە ئایە ئەم رێككەوتنە تایبەتە بە حزبێكی سیاسی یان لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان كراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە بارەی رێككەوتنەكە بڵاوكراوەتەوە لەڕێككەوتنەكەدا بواری‌ پرۆسەی‌ ئاشتی‌ وا باسكراوە، كە دەبێت پارتی رۆڵی‌ ئەرێنی‌ هەبێت لەپرۆسەیەدا هاوكاری‌ توركیاو پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان بكات بۆ لێكنزیكبوونەوە، كەئێستا ئەو پرۆسەیە لەنێوان ئەو دوو لایەنە كۆتایی هاتووەو جارێكی تر شەڕ دەستیپێكردوەتەوە.

رێككەوتنە 50 ساڵییەكە بوەتە رێگر لەبەردەم هەرێم و بەغدا

ئێستاو دوای زیاتر لە حەوت ساڵ لەرێككەوتنەكە بەغداو هەولێر جارێكی تر روویان لەیەك كردووە، بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، بەڵام ئەو رێككەوتنە 50 ساڵییە بووەتە رێگرێكی گەورە لەبەردەم هەردوولا.

بەپێی زانیارییەكان، رێككەوتنەكە كۆمەڵێك پابەندی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە، كە ئێستا ناتوانێت دەستبەرداری پابەندییەكانی ببێت، چونكە توركیا رازی نییە لەپاشگەزبوونەوەی هەولێر لەرێككەوتنەكە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لایەنی عێراقیش ئامادە نییە بەجێبەجێكردنی پابەندییەكان لەگەڵ هەرێم رێككەوتن بكات، چونكە بەغدا پێیوایە بەجێبەجێكردنی پابەندییەكانی رێككەوتنە 50 ساڵییەكە زیانێكی زۆر دەكات.
  

نێچیرڤان بارزانی بڕیاریدا نەوت راستەوخۆ هەناردە بكات‌و لەبازاڕەكان بیفرۆشێت؛

بیرۆكەی‌ سەرهەڵدانی‌ ئەنجامدانی‌ ئەو رێككەوتنە پەنجا ساڵییەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە نێچیرڤان بارزانی‌ سەرۆكی‌ ئەوكاتی حكومەتی هەرێم دوای‌ ئەوەی‌ نەیتوانی‌ لەگەڵ نوری‌ مالیكی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ عێراق بگاتە رێككەوتن لەبارەی‌ پرسی‌ هەناردەكردنی‌ نەوت لەڕێگەی‌ عێراقەوە، بڕیاریدا نەوت راستەوخۆ هەناردە بكات‌و لەبازاڕەكان بیفرۆشێت.

بەپێی‌ دەستووری‌ عێراق، هەرێمەكان دەتوانن نوێنەرایەتی‌ لەوڵاتانی‌ جیهان بكەنەوەو لەڕێگەی‌ ئەو نوێنەرایەتیانەشەوە دەتوانن پەیوەندی‌ لەچەند بوارێك دروستبكەن، بەتایبەتی‌ بواری‌ بازرگانی‌‌و كەلتوری‌، بەبێ‌ ئەوەی‌ بگەڕێنەوە بۆ حكومەتی‌ ناوەند.

لەبواری‌ نەوتدا رێككەوتنەكەی‌ هەرێم لەگەڵ توركیا لەگەڵ كۆمپانیای‌ دۆكتاشی‌ توركی‌ واژووكراوە، كە ئەركی‌ ئەو كۆمپانیایە سەرپەرشتیكردنی‌ هەناردەكردنی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستانە لەكێڵگە نەوتییەكانەوە بۆ بەندەری‌ جەیهان لەسەر دەریای‌ ناوەڕاست‌و عەمباركردنی‌، كە تائێستا دیار نییە بەشی‌ ئەو كۆمپانیایە لەو كارە چەندە.

پەرلەمانتارانی‌ هەرێم باس لەوە دەكەن، كە ناوەڕۆكی‌ ئەو رێككەوتنە تەنیا لەنێوان چەند كەسێكدا زانراوە، ئەوانیش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری‌ توركیاو ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی‌ ئەوكاتی توركیاو تانەر یەڵدز وەزیری‌ وزەی‌ ئەوكاتی توركیاو نێچیرڤان بارزانی‌‌و ئاشتی‌ هەورامی‌ وەزیری‌ سامانە سروشتییەكانی‌ ئەوكاتی هەرێم و چەند بەرپرسێكی پارتی.