X
ئ|

12 پرسیار له‌باره‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا؛ بایدن وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌...

گفتوگۆ

پێش 2 هەفتە     694 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

ئەنجامدانی چاوپێکەوتن Council on Foreign Relations :
وەرگێڕان: بێستون حسین عارف


ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان بانگێشتی کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکای بۆ ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠ کردووە بۆ وەڵامدانەوەی دوانزە پرسیاری زۆر گرنگ لە بارەی پرسە دەرەکیەکانەوە، لێرەدا وەڵامی پرسیارەکان لەلایەن جۆ بایدنەوە سەرۆکی ھەڵبژێراو بەم شێوەیە دراوەتەوە. 

پرسیاری یەکەم: چۆن مامەڵەی چین لەگەڵ ئیغۆریەکان و بارۆدخی ھۆنگ کۆنگ کاریگەری لەسەر سیاسەتی فراوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر چین دەبێت ؟ 

وەڵام: پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان دژ بە سیستەمی زۆرداری چین بووەستێتەوە، لە کاتێکدا ئێمە دەمانەوێت ھاریکاری بکەین لەو بوارانەی کە لە بەرژەوەندی ھەردوو لامانە. ئەوە جێگەی دڵخۆشییە کە خەڵکی چاونەترسی ھۆنگ کۆنگ بە شێوەی ئاشتیانە خۆپیشاندان دەکەن بۆ ئازادی مەدەنی و ئۆتۆنۆمی کە لەلایەن بەیجینەوە بەڵینی جێبەجێکردنی دراوە. جیھان چاودێری دەکات، ئێمە پێویستە ھەموومان پشتگیری بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی بکەین. 
بەزۆر دەست بەسەرکردنی زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی ئیغۆری لە ڕۆژئاوای چین جێگەی قبوڵکردن نیە. ئەمریکا پێویستە بێتە وه‌ڵام لە دژی ئەو کەمپانەی  ناوچەی سنجان کە زیندانی سیاسی و سەربازی تێدایە و لێپرسینەوە لە ھەموو ئەو کەس و کۆمپانیانەی بەشدارن لەم سەرکوتکردنە جا لە ڕێگەی سەپاندنی سزاوە بێت یان جێبەجێکردنی یاسای ماغنیتسکی. ئاڵەنگارییەکان لە سنورەکانی چین ناوەستێن. ئازادییەکان  لە سەدەی بیستویەکدا دەکرێت فەراھەمبکرێت یان لە باربیرێت لە ڕێگەی ھێرشی ئەلیکترۆنی و ئاسایشی ئینتەرنێتیەوە. جیھانی ئازاد پێویستە بەیەکەوە کێبرکێ بکەن لە بەرامبەر ھەوڵەکانی چین بۆ بڵاوکردنەوەی شێوازی ئاست بەرزی تەکنەلۆجی ستەمکاری. ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە ڕۆڵی سەرکردایەتیکردنی ھەبێت لە داڕشتنی ڕێسا و عورف و دامەزراوەکان کە بە بەکارھێنانی تەکنەلۆجیای نوێ ڕێکدەخرێرن، بۆ نمونە زیرەکی و بیرکردنەوەی دەستکرد (Artificial intelligence). لە ڕێگەی پشتگیری دیبلۆماسی و گەشەپێدانەوە، ئێمە دەتوانین لەگەڵ ھاوپەیمانە دیموکراتیەکانمان کار بۆ بەردەستخستنی جێگرەوەی دیجیتاڵی بکەین بۆ وڵاتانی تر لە بەرامبەر سیستەمی چاودێری و سانسۆری خراپی چین. ئەم ھەوڵانە دەکرێت لە کۆبوونەوەی لوتکەی دیموکراسی دەستپێبکات کە من پلانم ھەیە میوانداری بکەم لە یەکەم ساڵی دەستبەکاربوونم وەک سەرۆکی ئەمریکا. 
 گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە جارێکی تر سەرکردایەتی جیھان دەکەین بە ھێزی نمونە و ئەزموونەکەمان. ئەوەی ئێمە لە وڵاتی چین جیا دەکاتەوە بریتیە لە پاپەندبوونەکانی ئەمریکا بە بەھا جیھانیەکان. دیموکراسیەکەمان دووبارە دبووژێنمەوە بە ھەڵوەشانەوەی بڕیاری ترەمپ بۆ  قەدەغەی ھاتنی موسڵمانان بۆ ئەمریکا، زیادکردنی پەسەندکردنی وەرگرتنی  پەنابەران و کۆتاییھێنان بە جیاکردنەوەی خێزانەکان لە سەر سنورەکان. ئەمە ئەو شێواز و مۆدێلەیە کە ئەوانی تر دەیانەوێت چاوی لێبکەن، نەک شوێن کەوتنی شێوازی ستەمکاری چین. 

پرسیاری دووەم: ئایا  تۆ دووبارە دەچیتەوە ناو ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە ٢٠١٥؟ ئایا چی گۆڕانکاریەک لە ڕێکەوتنەکەدا دەبێت، ئەگەر ھەبێت، ئایا تۆ دەیکەیت بە پێشمەرج  بۆ پەیوەندیکردن بە ڕێکكەوتنەکەوە؟

ئێران ئاکتەرێکی تێکدەری سەقامگیریە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە ھەرگیز ڕێگە نەدرێت چەکی ناوەکی پەرە پێبدات. سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە ڕێکەوتنامە ناوەکیەکە کشایەوە – ڕێکەوتنێک کە ڕێگر بوو لەوەی ئێران بگات بە چەکی ناوەکی، کە بەردەوام لە لایەن پشکنەرە نێودەوڵەتیەکانەوە دووپاتکراوەتەوە -  لەگەڵ نەبوونی پلانێکی کرداری بۆ دەرەنجامێکی باشتر. کردارەکانی سەرۆک ترەمپ قەیرانێکی قوڵی لە پەیوەندییە كیشوه‌ربڕه‌كاندا دروستکردووە و پاڵی بە ڕووسیا و چینەوە ناوە بۆ نزیک بوونەوەی زیاتر لە ئێران. لەدەرەنجامدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر لە ئێران گۆشەگیرکراوە. بە پێی پشبینیەکان ئێران پرۆگرامە ناوەکیەکەی دەستێپکردۆتەوە و زیاتر شەرانگێز بووە، ناوچەکە نزیکراوەتەوە لە جەنگێکی کارەساتاوی تر. بەکورتی، بڕیارەکانی ترەمپ بارودۆخێکی زۆر خراپی بۆ ئێمە جێھێشتووە. 
ئەوەی ئێران دەیکات مەترسیدارە، بەڵام ھێشتا دەتوانرێت پێچەوانە بکرێتەوە. ئەگەر ئێران بگەڕێتەوە بۆ پاپەندییەکانی لە ژێر ڕێکەوتنامەی ناوەکی، ئەوا من دووبارە دەچمەوە ناو ڕێکەوتنامەی ناوەکی ئێران وەک خاڵی دەستپێک بۆ کارکردن لە گەڵ ھاوپەیمانە ئەوروپیەکانمان لە ئەوروپا و ھێزە جیھانیەکانی تر بۆ درێژکردنەوەی کۆت و بەندەکانی ڕێکەوتنامە ناوەکیەکە. ئەمە دەبێتە ھۆی گەڕانەوەی متمانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئاماژە دانێک بە جیھان کە پەیمانی ئەمریکا و پاپەندییەکانی جارێکی تر واتای خۆی ھەیە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ھەروەھا من سوود دەبینم لە کۆدەنگی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران – دووھێندەکردنی پاپەندی دیبلۆماسی بۆ وەڵامدانەوەیەکی کاریگەر لە دژی ڕەفتارە ناپەسەندەکانی ئێران لە ناوچەکە. 

پرسیاری سێیەم: ئایا ڕێکەوتنێک واژۆ دەکەیت لە گەڵ کۆریای باکور کە بەشێک لەسزاکانی سەری سوک بکات لەبەرامبەر داماڵینی ھەندێک لە پرۆگرامی چەکە ناوەکییەکەی بەڵام نەک چەک داماڵینی تەواوەتی؟ 

بەدڵنیایەوە سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا ئاڵەنگاری چەکی ناوەکی کۆریای باکوری ڕووبەڕوو دەبێتەوە کە بارودۆخەکەی خراپترە لەو کاتەی کە ترەمپ سەرۆکایەتی گرتە دەست. دوای سێ ساڵ لە پیشاندانی کۆبوونەوەی لوتکەی خۆھەڵکێشان لە تەلەفیزۆنەکانەوە، ئێمە ھێشتا یەک بەڵێنی کۆنکرێتی کۆریای باکورمان نەدیووە. یەک مووشەک یان چەکێکی ناوەکی لە ناو نەبراوە، تەنانەت یەک پشکنەر لەسەر زەمینی کۆریای باکور بوونی نیە. ئەگەر ھەر شتێک ڕوویدا بێت، بارودۆخەکە بەرەو خراپتر ڕۆیشتووە. لەمرۆدا کۆریای باکور توانای زیاترە لەو کاتەی کە ترەمپ دەستی کرد بە چیرۆکی دانوستان و دەربڕینی خۆشەویستی بۆ کیم جۆن ئون کە سەرکردەیەکی دڕندەیە و لە سایەیی ترەمپدا ئەو چیتر قێزەونێکی گۆشەگیر لە سەر ئاستی جیھانی نیە. 
دیبلۆماسی گرنگە، بەڵام دیبلۆماسی پێویستی بە پرۆسەی ستراتیجی و سەرکردایەتی لێھاتووە بۆ ئەنجامدانی. لەبەرئەوە، پاپەندبوونم وەک سەرۆک نوێدەکەمەوە بۆ کۆنترۆڵی چەک بۆ سەردەمێکی نوێ – لە ناویدا لەسەر کۆریای باکور. ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کە ئیدارەی ئۆباما-بایدن ئەنجامیاندا ڕێگری لە ئێران کرد چەکی ناوەکی بەدەست بھێنێت – و نەخشە ڕێگایەکی خستە بەردەست بۆ گفتوگۆیەکی بەرھەمدار. وەک سەرۆک، دەسەڵات دەدەم بە تیمی دانوستکارەکان و دەستپێکردنی کەمپینێکی ھاریکاری لە گەڵ ھاوپەیمانەکانمان و ئەوانی تر لە ناویاندا وڵاتی چین – بۆ پێشخستنی ئامانجە ھاوبەشەکان لە داماڵینی چەکی ناوەکی کۆریای باکور. 

پرسیاری چوارەم: ئەو ھەنگاوانە چین کە دەیگرێتە بەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا؟ 

یەکەم، ئۆکرانیا دەکەم بە ئەولەویەتی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان. لە بواری سەربازیشەوە، یارمەتی ئەمنی زیاتر لە ناویاندا چەک پێشکەش دەکەم – لە پێناو بەھێزکردنی تواناکانی ئۆکرانیا بۆ پارێزگاریکردن لە خۆی. ھەروەھا ئەرکی مەشقپێکردنی سەرکەوتووانە بۆ ھێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا فراوان دەکەم کە لەلایەن ئیدارەی ئۆباما-بایدنەوە دەستی پێکرا.  
لە ڕووی ئابورییەوە، کاردەکەم لە سەر زیادکردنی وەبەرھێنانی ڕۆژئاوا و یارمەتیەکان بۆ سەربەخۆی وزەی ئۆکرانیا لە ڕووسیا ، بەتایبەتی ئەگەر ھێلێ گواستنەوەی بۆری نورد ستریم دوو بنیات بنرێت لە ساڵانی داھاتوودا، لەبەرئەوەی ئەم پرۆژەیە کاریگەری زۆری لە سەر دەستڕاگەیشتنی ئۆکرانیا بە غازی سروشتی ڕووسیا دەبێت. 
ھەروەھا دڵنیا دەبمەوە لەوەی کە ھەموو یارمەتیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ئۆکرانیا مەرجدار بکرێت و ببسترێتەوە بە ڕیفۆرمی دژە گەندەڵی، لە ناویاندا دیاریکردنی دادگا و داواکاری گشتی سەربەخۆ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. 
لە کۆتایدا پشتگیری ڕۆڵێکی بەھێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەم لە ڕووی دیبلۆماسیەوە، ھاوشان لەگەڵ فەرەنسا و ئەڵمانیا، لە گفتوگۆکان لە گەڵ ڕووسیا. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ ئەوەی دیبلۆماسی کاری خۆی بکات، پێویستمان بە ھەژموونی زیاترە بەسەر ڕووسیاوە، ئەوەش بەواتای لە نزیکەوە کارکردن لەگەڵ ھاوبەشە ئەوروپیەکانمان و ھاوپەیمانەکانمان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ڕووسیا باجێکی قورس دەدات بۆ بەردەوامی جەنگەکەی لە ئۆکرانیا. ئامانجی ستراتیجی ئێمە لە پێناو گەشپێدانی ئوکرانیایەکی دیموکراسی، یەکگرتوو و سەربەخۆیە و ھەروەھا بۆ ناچارکردنی کرملینە بۆ ئەوەی باجێکی قورس بدات لەبەرامبەر ھێرشە بێ کۆتاکانی بۆ سەر سیستەمی نێودەوڵەتی. 

پرسیاری پێنچەم: ئایا تۆ پاپەند دەبیت بە کشانەوەی تەواوی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان تا کۆتایی یەکەم ساڵی سەرۆکایەتیەکەت، یان تۆ ھیچ چاوەڕێی بارودۆخێکی دیاریکراو دەکەی بە دیبێت پێش ئەوەی بکشێیتەوە؟ 

من سەربازە ئەمریکیەکان دەگەڕێنمەوە نیشتیمان لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتیمدا. مانەوەی ھەر ھێزێکی ئەمریکی لە ئەفغانستان تەنھا پەیوەست دەبێت بە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم. ئێمە پێویستە بەرچاومان تەواو ڕوون بێت سەبارەت بە بەرژەوەندییە ئەمنیە سنوردارە دڕیژخایەنەکانمان لە ناوچەکە: ئێمە ناتوانین ڕێگە بدەین پاشماوەکانی ئەل قاعیدە لە ئەفغانستان و پاکستان خۆیان ڕێکبخەنەوە، و ئێمە پێویستە بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکە لە ناوبەرین. ئەمریکیەکان بە ڕاستی ماندووبوونە لە جەنگە درێژخایەنەکانمان، منیش ھەروەھا. بەڵام ئێمە پێویستە جەنگ بە شێوەیەکی لێپرسراوانە کۆتایی پێ بھێنین، بە شێوازێک کە دڵنیایی بدات لەوەی کە ھەردوولامان پارێزراوین لە بەرامبەر ھەڕەشەکان بۆ سەر خاکەکەمان و ھەرگیز نەگەڕێنەوە. 
من دەست بە ھەوڵێکی دیبلۆماسی چڕ و ئاست بەرز دەکەم لە پێناو کۆتایھێنان بە جەنگ. وەزارەتی دەرەوە لە چەند مانگی ڕابردوودا پێشڕەوی ھەوڵێکی لەم جۆرەی کردووە، بەڵام سەرۆک ترەمپ بە شێوەیەکی سیستەماتیکی دانوستکارەکانی ڕاگرتووە و ھیچ ئەنجامێک لە پرۆسەکە بەدەست نەھاتووە. حکومەتی ئەفغان و خەڵکەکەی پێویستە بەھێز بکرێن لە ھەر گفتوگۆیەکدا لەگەڵ یاخیبووەکانی تاڵیبان، و مافی ئافرەتان و کچانی ئەفغانستان پێویستە بپارێزرێت. ھەروەھا گرنگە بەوریاییەوە کار لە گەڵ دراوسێ نزیکەکانی ئەفغانستان بکرێت لە ناویاندا، پاکستان، ئێران، چین، ھندستان و ڕووسیا – ئەوان ھەموویان خاوەن بەرژەوەندی گرنگن لە ئەفغانستان و پێویستە ھانبدرێن بۆ پشتگیری لە چارەسەری ئاشتی دڕیژخایەن. 

پرسیاری شەشەم: بەلەبەرچاوگرتنی تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی و تێوەگلانی سعودیەی عەرەبی لە جەنگی ناوخۆ لە یەمەن، ئایا تۆ چی گۆڕانکاریەک دەکەی لە سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرامبەر سعودیەی عەرەبی؟ 

من کۆتای بە پشتگیری ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ جەنگی کارەساتاوی لە یەمەن بە سەرکردایەتی سعودیە دەھێنم و فەرمان بە دووبارە پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانمان لە گەڵ سعودیە دەکەم. ئێستا کاتی ئەوەیە ھاوسەنگی بگەڕێنینەوە و متمانە ببەخشینەوە بە بەھاکانمان لە پەیوەندییەکانمان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. سەرۆک ترەمپ بڕیاری چەکێکی بەتاڵی مەترسیداری بە سعودیە داوە ( واتە ترەمپ سعودیەیی تەواو دەستکراوە کردووە لە ڕەفتارەکانی لە ناوچەکە - وەرگێڕ). سعودیەی عەرەبی ئەمەی بەکارھێناوە بۆ فراوانکردنی جەنگ لە یەمەن کە خراپترین قەیرانی مرۆیی جیھانی دروستکردووە، خواستی جەنگی سەرکێشانەی ھەیە و خەڵکەکەی خۆی دەچەوسێنێتەوە. شەرم ھێنەرترین کاتەکان لە ماوەی سەرۆکایەتی ترەمپدا لە دوای کوشتنی دڕندانەی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچی بوو، ھەروەک ترەمپ بەرگری لە ھاوڵاتیەکی ئەمریکی نەکرد بەڵکو پشتگیری بکوژەکەی کرد. ئەولەویەتەکانی ئەمریکا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێویستە لە واشنتۆنەوە دیاری بکرێت نەک لە ڕیازەوە. 
یەکەم سەردانی دەرەکی سەرۆک ترەمپ بۆ سعودیەی عەرەبی بوو. من جیھانی دیموکراسی  و ھاوپەیمانەکانمان کۆدەکەمەوە لە جیھانێکی ئازادا. ئێمە ڕوونی دەکەینەوە کە ئەمریکا جارێکی تر پرەنسیپ و بەھاکانی لەو دیو دەرگاکان جێناھێلێت تەنھا لە پێناو کڕینی نەوت و فرۆشتنی چەکدا.  ئێمە پێویستە درک بە بەھای ھاریکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم و بەرپەرچدانەوەی ئێران بکەین. بەڵام ئەمریکا پێویستە سور بێت لەسەر ئەوەی کردارەکانی سعودیە بەرپرسیارانەیە و سزای سەرکێشیەکانی دەدات. من دەمەوێت نیەتی سعودیە بزانم بۆ گۆڕینی شێوازی کارکردنی لەگەڵ ئیدارەیەکی ئەمریکی کە زیاتر بە بەرپرسانەوە مامەڵە دەکات وەک لەوەی پێشوو. 

پرسیاری حەوتەم: ئایا تۆ پشگیری لە چارەسەی دوو دەوڵەت بۆ کێشەی ئیسرائیل – فەڵەستین دەکەیت، ئەگەر وایە، تۆ چۆن ھەوڵدەدەیت بەدەستی بھێنیت؟ 

من پێم وایە چارەسەری دوو دەوڵەت تەنھا دەروازەی ئاسایشی دوور مەودایە بۆ ئیسرائیل، لە کاتێکدا ھێشتنەوەی شوناسەکەی وەک دەوڵەتێکی جولەکە و دیموکراتی. ھەروەھا ئەوە تەنھا ڕێگەیە بۆ بەدیھێنانی شکۆی فەڵەستینیەکان و بەرژەوەندی شەرعیان لە مافی چارەی خۆنوسین. زۆر پێویستە سوودی تەواو لەو کرانەوەیەیی کە لە نێوان ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبیەکان بۆ ھاریکاری گەورەتر ھەیە ببینرێت . 
وادەردەکەوێت لە ئێستا، نە سەرکردە ئیسرائیلیەکان و نە سەرکردە فەڵستینیەکان نایانەوێت ئەو مەترسیە سیاسیانە بگرنە بەر بۆ پێشخستنی پرسەکە لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆوە. ئەم ئاڵەنگاریە تەنانەت قورستر بووە بەھۆی سیاسەتی تاک لایەنەی سەرۆک ترەمپەوە، وەک ھەنگاوەکانی بۆ بڕینی یارمەتیەکان لەسەر فەڵستینیەکان و یاریکردن بە  چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ پرسەکە. 
من متمانەی بەشداریکردنی ھەردوولا دەگەڕێنمەوە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکیەکە. ئەمریکا پێویستە پاپەندی ئاسنینی بۆ پاراستنی ئیسرائیل بھێڵێتەوە – لە ناویاندا ئەو پشتگیریە بێوێنەیەیی کە فەراھەمکرابوو لە لایەن ئیدارەکەی ئۆباما- بایدنەوە. ھەروەھا گرنگە پێشکەشکردنی یارمەتیەکان بۆ دەسەڵاتی فەڵەستینی دەستپێبکاتەوە کە پشتگیری لە ھاریکاری ئاشتیانەی ئیسرائیلی – فەڵەستینیەکان دەکات، کە پرۆگرامی خەڵک بۆ خەڵک، گەشەسەندنی ئابوری و یارمەتی مرۆیی و بیمەیی تەندروستی بۆ ھاوڵاتیانی فەڵەستینی لەخۆدەگرێت. 
ئیدارەکەم ھانی ھەردوولا دەدا بۆ ھەنگاونان بە ئاڕاستەی پاراستن و  بەزیندوو ھێشتنەوەی تێروانینی چارەسەری دوو دەوڵەت. پێویستە سەرکردەکانی فەڵەستین کۆتایی بە ھەراسانکردن و شانازیکردن بە توندوتیژیەوە بھێنن، و ئەوان پێویست  لەگەڵ خەڵکەکەیان نەرم بن سەبارەت بە شەرعیەت و بەردەوامی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جولەکەنیشن لەسەرخاکی مێژوویی خۆیان و خەڵکی جولەکە. پێویستە سەرکردە ئیسرائیلیەکان فراوانکردنی ناوچەی نیشتەجێبوونەکان لە وێست بانک بوەستێنن و باسی پێکەوە لکانی ئەو بەشە نەکەن کە چارەسەری دوو دەوڵەتی مەحاڵ دەکات. ئەوان پێویستە دان بە شەرعیەت بوونی خواستی فەڵەستینیەکان بۆ دەوڵەتداری بنێن. ھەردوولا پێویستە کاربکەن بۆ زیاتر حەسانەوەی خەڵکی غەزە، لە کاتێکدا کارکردن بۆ لاوازکردن و لە کۆتایدا شوێنگرتنەوەی بزوتنەوەی حەماس. وڵاتانی عەرەبی پێویستە ھەنگاوی زیاتر بنێن بەرەو ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و زیادکردنی پشتگیریە دارایی و دیبلۆماسیەکانیان بۆ بنیاتنانی دامەزراوە فەڵستینیەکان. 

پرسیاری ھەشتەم: ئایا ھیچ ھەنگاوێکی زیادە ھەیە کە پێویست بێت ویلایەتە یەکگرتووەکان بیگرێتە بەر بۆ لابردنی نیکولاس مادورو لە دەسەڵات لە فەنزوێلا؟ 

ئامانجی سەرەکی لە فەنزوێلا پێویستە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بێت بەو شێوەیەیی کە خەڵکی فەنزوێلا بتوانن دیموکراسیەکان بگەڕێننەوە و وڵاتەکەیان بنیات بنێنەوە. نیکولاس مادورو ستەمکارێکە کە ھەڵبژاردنەکانی دزیوە و دەسەڵاتەکەی خراپ بەکارھێناوە، ڕێگەی داوە خزمەکانی خۆیان دەوڵەمەند بکەن و ڕێگربووە لە گەیشتنی خواردن و دەرمان بۆ ئەو خەڵکانەی ئەو بانگەشەی سەرکردایەتی کردنیان دەکات. من لە نێو ئەو یەکەم دەنگانەی سیاسەتی دەرەوەی دیموکراتەکان بووم کە دانم بە خوان غوایدو وەک سەرۆکی شەرعی فەنزوێلادا نا و ھەروەھا داوامکرد لە مادورو بۆ وازھێنان لە دەسەڵات. 
مادورو ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ٢٠١٨ تەزویر کرد، و لە ئێستادا ڕژێمەکەی لە ڕێگەی توندوتیژی و سەرکوتکردنەوە دەسەڵاتەکەی دەپارێزێت و دواین نەفەسەکانی دیموکراسی لە فەنزوێلا لەباربردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئیدارەکەی ترەمپ وادەردەکەوێت کە زیاتر بەلای بەکارھێنانی قەیرانی فەنزوێلایە بۆ پەیداکردنی پشتگیری ناوخۆی وەک لە گەڕان بە دوای ڕێگای کرداریدا بۆ گۆڕانێکی دیموکراتی لە فەنزوێلا. 
پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان فشار دروست بکات بۆ سزای فرەچەشن بەشێوەیەک کە ڕژێمەکە  نەتوانێت بەردەوام بێت و موڵک و ماڵیان لە ئەمریکا و ئەوروپا و ئەمریکای لاتین بشارنەوە و مامەڵەی پێوە بکەن. پێویستە ئێمە بەشێوەیەکی کاتی مافی پەنابەری بدەین بەو فەنزوێلانەی لە ئەمریکان و یارمەتی وڵاتانی وەک كۆلۆمبیا بدەین، کە ملیۆنان ھاوڵاتی فەنزوێلی لە خۆگرتووە کە وڵاتەکەیان لە ناچاریا جێھێشتووە. ھەروەھا من سەرپەرشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ یارمەتی فەنزوێلا بۆ بنیاتنانی وڵاتەکەیان لە دوای ڕۆشتنی مادورو دەکەم. لە کۆتایدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە ئەم فشارە بەکاربھێنێت و بەڵێنی بەدەستھێنانی دەرەنجامێکی ئاشتیانە و قایلەکەر بدات کە سەر بکێشێت بۆ ئازادکردنی زیندانیە سیاسیەکان و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی نوێی متمانە پێکراو. مادورو لە ڕابردوودا گفتوگۆکانی وەک تاکتیک بەکارھێناوە بۆ بەھێزکردنی پێگەی خۆی، لەبەرئەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە فشاری سزاکان بەکاربھێنرێت تاوەکو دانوستانەکان دەرەنجامی دەبێت. 

پرسیاری نۆیەم: تا ساڵی ٢٠٥٠، ، ئەفریقا لە سەدا ٢٥ دانیشتوانی جیھان پێکدەھێنێت بە پێی پێشبنیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. لێکەوتەکانی ئەم گۆڕانە دیموگرافیە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی چی دەبێت، و ئێمە چۆن سیاسەتەکانمان بە پێی پیشبنیەکانی ئەوان ڕێکدەخەین؟ 

یارمەتی دانی ئەفریقا بۆ سوود وەرگرتن لە دەرفەتەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵەنگارییەکانی زیادبوونی دانیشتوان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانمانە. ئەفریقا زۆرترین دانیشتوانی گەنج و دەستی کاری ھەیە لە کاتێکدا وڵاتانی تر ڕووبەڕووی دانیشتوانی بەساڵاچوو و کەمی دەستی کار دەبنەوە. ئەمە دەرفەت بۆ بازرگانی ئەمریکایەکان دەرەخسێنێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە بازاڕ و بەکاربەری نوێ، لە ناویشیاندا شارە گەشەکردووەکانی ئەفریقا. ئەفریقا بە قۆناغێکی خێرای گەشەسەندنی ئابوریدا دەڕوات، بەڵام ئەو گەشەسەندنە دەبێت گشتگیر و بەردەوام بێت. 
ویلایەتە یەکگرتووەکان پێویستە لە گەڵ ھاوبەشە ئەفریقیەکانی کاربکات بۆ: 
• ئەولەویەت دان بە گەشەسەندی ئابوری بە بەھێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و پتەوکردنی ھەلی کاری خزمەتگوزاری بازرگانی دەرەکی بۆ یارمەتیدانی پەیوەندی ئابوری و کارکردن لە نێوان ئەمریکا و ئەفریقا. 
• بەھێزکردنی پێگەی ژنانی ئەفریقا لەبەرئەوەی ئێمە دەزانین کە ژنانی خوێندەوار و بەھێز کلیکی سەرەکیە بۆ گەشەسەندن لە پەرەسەندنی ئابوریەوە بۆ تەندروستی. 
• دەستکردن بە دەستپێشخەری بەشارستانیکردن، لە ناویاندا ھاوبەشیکردن لە گەڵ شارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆ یارمەتیدانی پلانی شارەکانی ئەفریقا بۆ گەشەسەندن لە ڕووی بوارە گرنگەکانی وەک فەراھەمکردنی وزە، خۆگونجاندنی گۆڕانکاری گەشوھەوا، گواستنەوە و بەرێوەبردنی ئاو و ئاوەڕۆ. 
• پیشاندنانی مودێلی دیموکراسی و گەشەسەندنی ئابوری ئەمریکا. ویلایەتە یەکگرتووەکان ناتوانێت بەرگەی لەدەستدانی ئەم کاتە بگرێت بۆ بەشداریکردن لەگەڵ گەنجەکانی ئەفریقا و ڕەخساندنی دەرچەیەک بۆیان بۆ ھاتنە ناو مودێلی دیموکراسی ئەمریکا. 

پرسیاری دەیەم: لە ژێر چی بارودۆخێکدا، ئەگەر ڕوویدا، ئایا پشتگیری بەشداریکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەیت لە ڕێکەوتنی گشتگیر و گەشەسەندنی ھاوبەشی سنوربڕی زەریای ھێمین ؟ 

کاتێک دێتە سەر باسی بازرگانی، یان ئێمە یاساکان دەنوسین بۆ ڕێنوێنیکردنی جیھان یان چین ئەوە دەکات – بەشێوەیەک کە لەبەرژەوەندی بەھاکانی ئێمەدا نیە. ئەوە ئەوەیە کە ڕوویدا کاتێک ئێمە پشتگیری ئەو ڕێکەوتنەمان کرد – ئێمە وڵاتی چینمان لە پێگەی پێشڕەویکردن دانا. ئەوە باش نیە بۆ بەرژەوەندیە نەتەوەیەکانمان یان بۆ دەستی کارەکانمان. ئەو ڕێکەوتنە نمونەیی نیە بەڵام بیرۆکەکەی پشت ڕێکەوتنەکە باش بوو: لە پێناو کۆکردنەوەی وڵاتەکان لە چواردەوری ستاندارێکی بەرز بۆ کڕێکاران، ژینگە، سامانی زھنی، شەفافیەت و بەکارھێنانی قورسایمان بۆ ڕێگریکردن لە زیادەڕەوییەکانی چین. لەمەوبەدوا، تەرکیزی من لەسەر کۆکردنەوەی دۆستەکانمان دەبێت لە ئاسایا و ئەوروپا لە دانانی ڕێساکانی سەدەی بیست و یەک و بەیەکەوە توندتر مامەڵە لەگەڵ چین و خراپ بەکارھێنانی تەکنەلۆجیا و بازرگانیەکەی دەکەین. ئەوە زۆر کاریگەرترە لەو ڕێبازەی کە سەرۆک ترەمپ پێی دەگوت (یەکەمین ئەمریکا) کە لە کرداریدا ئەمریکا بەتەنھا بوو، لە ھاوپەیمانەکانمان دوور دەکەوتینەوە و ھەژموونی ھێزی کۆدەنگیمان فەرامۆشکردبوو. سیاسەتی بازرگانیمان لە ناوخۆوە دەستپێدەکات بە وەبەرھێنان لە بەھێزکردنی سامانە بە بەھاکەمان – کە ئەویش چینی ناوەندیمانە. من ھیچ مامەڵەیەکی بازرگانی نوێ واژۆ ناکەم تاوەکو ئێمە وەبەرھێنانی گەورە نەکەین لە دەستی کاری خۆمان و ژێرخانی ئابوریمان. ھەروەھا ھیچ مامەڵەیەک واژۆ ناکەم ئەگەر نوێنەری کرێکاران و ژینگەیەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ لە خۆ نەگرێت بۆ پارێزگاریەکی بەھێز لە کرێکارەکانمان. 

پرسیاری یانزەیەم: ئایا تۆ چۆن ڕێگری دەکەیەت لە بڵاوبوونەوەی ئەو وێستگانەی کە بە خەڵوز لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوو کاردەکەن؟ 

لە مانگی حوزەیران، پلانی بایدنم بۆ شۆرشی وزەی پاک و دادپەروەرانەی ژینگەیی ڕاگەیاند. ئەو پلانە ئەنجێندایەکی گشتگیری بەردەست خستووە بۆ چارەسەرکردنی ئاڵەنگارییەکانی گۆڕانی کەش و ھەوا ھەم لە ناوخۆ و لە سەرانسەری جیھان. وەک بەشێک لە پلانی بایدن، من ڕامگەیاندووە کە کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی تایبەت لەدەرەوە، بانکە ھاوردەکەرەکان یان ھەناردەکەرەکان، و دامەزراوەیی تەمویلی گەشەسەندنی نێودەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان قەدەغە دەکرێن لە تەمویلکردنی ھەر وێستگەیەک کە بەھێزی سوتانی خەڵوز کاربکات لەبەرئەوە تەمویلی ویلایەتە یەکگرتووەکان چیتر شوێنگرەوەیەکی خراپتر نابێت لەوەی بانکی نێودەوڵەتی پەیڕەویی دەکات. بۆ بەردەستخستنی ھاندان و سوکردنی کۆسپەکانی سەر وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان، ڕامگەیاندووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان جارێکی تر پابەندەبێتەوە بە سندوقی ژینگەی سەوز و کارکردن لەگەڵ دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتیەکان بۆ سوکردنی قەرزە ھاوبەشەکان بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەکاری دەھێنن بۆ گەشەسەندن بەڵام گەشەسەندنێک کە دوستی ژینگە بێت. ھەروەھا پلانی بایدن دەستدەکاتەوە بە ھەوڵەکانی (جی-٢٠) لە ماوەی ئیدارەی ئۆباما-بایدن بۆ ڕێگریکردنی پشتگیری جیھانی بۆ وزەی بەردی و خەڵوزی. 

پرسیاری دوانزەیەم: گەورەترین دەسکەوتی سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە چی بووە؟ گەورەترین ھەڵە چی بووە؟
 
گەورەترین ھەڵە بڕیاری سەرۆک ترەمپ بوو لە کشانەوەی ڕێکەوتنی پاریس بۆ ژینگە. گۆڕانی کەش و ھەوا ھەڕەشەیەکی مەترسیدارە. ئەگەر ئێمە ئەمە ڕاست نەکەینەوە، ھیچ شتێکی تر پرس نیە. 
گەورەترین دەسکەوت لە دوای جەنگی جیھانی دووەمەوە کارکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ھاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانمان بوو بۆ بنیاتنانەوە لە دوای پێکدادانە جیھانیە وێرانکەرەکە. ئەو وەبەرھێنانەی ئێمە کردوومانە لە ئاسایشی بە کۆمەڵ و ئەو قازانجە زۆرەی ئێمە دەستمان کەوتووە زۆرجار لە بازاڕە نوێیەکان بۆ بەرھەمەکانمان، و ھاوبەشی نوێ بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئاڵەنگاریە جیھانیە ئاڵۆزەکان و ھاوپەیمانی نوێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژیەکان. ئێمە ھەمیشە بە دروستی ئەنجامان نەداوە، بەڵام ئێمە یارمەتی بنیاتنانی ھاوپەیمانی سەربازی و سیاسی و ئابوریمان داوە کە ڕێگربووە لە ھەڵگیرسانی جەنگی جیھانی سێیەم ، ڕووبەڕووی ھەژموونی سۆڤیەت بووینەوە و سەدان ملیۆن ھاوڵاتی لە ھەژاری ڕزگارکراون و فەراھەمکردنی رەفایەت و خۆشگوزەرانی بۆ ملیۆنان ھاوڵاتی کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەژین.  

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ ململانێ و قه‌یرانه‌كان وه‌رگیراوه‌