X
ئ|

دوای ده‌نگۆی كوژرانی كه‌سی دووه‌می قاعیده‌، ئه‌م رێكخراوه‌ چیی پێ ده‌كرێت

کراوەیی ئیسلامی

پێش 2 هەفتە     231 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا هه‌واڵی كوژرانی كه‌سی دووه‌م رێكخراوی تیرۆرستیی قاعیده‌ بڵاوبووه‌وه‌، چه‌ند راپۆرتێكی تریش باسیان له‌ گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری، رێبه‌ری رێكخراوه‌كه‌ كردووه‌.

به‌رپرسانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ قاعیده‌ هێشتا هه‌ر مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و رێكخراو له‌ پاشه‌كشه‌یه‌كی گه‌وره‌ و دۆخێكی لاوازدایه‌، ناسان سیڵز، گه‌وره‌ به‌رپرسی بنبڕكردنی تیرۆر له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ده‌ڵێت كه‌ رێكخراوی قاعیده‌ بێگومان له‌ لێواری هه‌ره‌س و كۆتایی دایه‌.

ئه‌و گه‌وره‌ به‌رپرسه‌ وتی "له‌ ماوه‌ی 20 ساڵی رابردوودا چه‌ندین سه‌ركرده‌ی باڵای رێكخراوی قاعیده‌مان كوشتووه‌ و رێكخراوه‌كه‌ لاواز بووه‌".

هه‌وره‌ها رۆبه‌رت ئۆبراین، راوێژكاری ئاسایشی نه‌وته‌وه‌یی ئه‌مریكا له‌ توانای رێكخراوی قاعیده‌ی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ بتوانێت زیانی گه‌وره‌ بگه‌یه‌نێت و وتی "به‌هۆی ئه‌و فشاره‌ زۆره‌ی ئه‌مریكا له‌سه‌ر قاعیده‌ی داناوه‌، ئێستا رێكخراوه‌كه‌ ناتوانێت هێرشی ئاڵۆز و به‌رفراوان له‌ دژی ئه‌مریكا بكات و له‌ داهاتووشدا فشاره‌كان له‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌رپرسانی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مریكا بۆ رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزیان ئاشكراكردبوو كه‌ سیخوڕه‌كانی ئیسرائل ئه‌بو محه‌مه‌د میسری، كه‌سی دووه‌می ناو رێكخراوی قاعیده‌یان له‌ ئێران كوشتووه‌ و ئه‌م رووداوه‌ش له‌ رۆژی 7ی ئابی ئه‌مساڵدا بووه‌.

ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌فغانستانیش مانگی رابردوو ئاشكرایكرد كه‌ حوسام عه‌بدولره‌ئوف، ناسراو به‌ ئه‌بو موحسین میسری، سه‌ركرده‌ی دیاری قاعیده‌ له‌ نمیچه‌ كیشوه‌ری هندستان، كوژراوه‌.

چەند لاپەڕەیەکی سەر بە رێكخراوی قاعیدە لە ناویشیاندا پەیجەكانی گرووپی حوراسودین (باڵی رێكخراوی قاعیدە لە سوریا) بڵاویان كردەوە ئەیمەن زەواهیری رێبەری رێكخراوی قاعیدە كۆچی دوایی كردووە، هۆكاری مردنەگەشی دەگەڕێتەوە بۆ تووشبونی بە شێرپەنجەی جگەر.

بە گوێرەی بڵاكراوەی لاپەڕەکان، زەواهیری نزیكەی چەند هەفتەیەكە پەیوەندی لەگەڵ حوراسودین پچڕاوە و هیچ رێنماییەكی بۆ نەناردون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە چەند هەفتەیەكە كۆچی دوایی كردوە، دوا رێنمایی زەواهیریش ئەوە بووە كە داوای لە حوراسودین كردووە خۆیان لە رووبەڕووبونەوەی سەربازی لەگەڵ هەیئەی تەحریری شام لە سوریا بە دوور بگرن.

جێی ئاماژەیە تا ئێستا رێكخراوی قاعیدە بە ره‌سمی هیچی لەوبارەیه‌وه‌وە رانەگەیاندوە، پێشتریش لە كاتی كوژرانی سەركردەكانی هەمیشە دوای زیاتر لە مانگێك هەواڵی كوژرانیانی بڵاوكردوەتەوە، لە ئەگەری مردنی زەواهیری پێشبینی دەكرێت محەمەد سەلاحەدین زێدان ناسراو بە سەیفولعەدل شوێنی ناوبراو بگرێتەوە و ببێتە رێبەری رێكخراوی قاعیدە.