X
ئ|

شه‌نگالییه‌كان له‌ ده‌ستوه‌ردانی پارتی له‌ دانانی (بابه‌شێخ) نیگه‌رانن

هەواڵی کوردستان

پێش 2 هەفتە     771 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ره‌سمی ده‌ستوه‌ردان له‌دانانی بابه‌شێخی ئێزدیان ده‌كات و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش نیگه‌رانی و ناڕه‌زایی توندی شه‌نگالییه‌كانی لێكه‌وتۆته‌وه‌و هۆشداریان به‌ حازم به‌گی میری ئێزدیان داوه‌ كه‌ هه‌تا سه‌عات 9ی ئه‌مشه‌و ئه‌گه‌ر له‌ دانانی شێخ ئه‌لیاس وه‌كو بابه‌شێخی نوێی ئێزدیان پاشتگه‌ز نه‌بێه‌وه‌، ئه‌وا ئه‌وان میرو بابه‌شێخی نوێ بۆخۆیان هه‌ڵده‌بژێرن، لای خۆشیه‌وه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ راگه‌یاندراوێكدا هێرشی توندی كردۆته‌ سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌و به‌ تێكده‌رو دژه‌ پارتی ناوی بردوون.

ئه‌مڕۆ له‌شه‌نگال ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شێخ و كه‌سایه‌تی و خاوه‌ن بڕیاری ئێزدی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌ دژی دانانی بابه‌شێخی نوێ راگه‌یاندو له‌ چه‌ند خاڵێكیشدا هۆشداریان داوه‌ به‌ حازم به‌گ میری ئێزدیان كه‌ له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ پشتگیری ده‌كرێت و رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر میر حازم له‌ دانانی شێخ ئه‌لیاس وه‌كو بابه‌ شێخی نوێ پاشتگه‌ز نه‌بێت، ئه‌وا له‌ شه‌نگال هه‌ڵوێتسی توندیان ده‌بێت.
به‌پێی زانیارییه‌كانی بادینان میدیا ئه‌مڕۆ له‌شه‌نگال كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فروانی شێخ و كه‌سایه‌تی ئێزدییه‌كان هه‌بووه‌و له‌سه‌ر چه‌ند خالێك رێككه‌وتوون و تا سه‌عات 9ی ئه‌مشه‌و موڵه‌ت دراوه‌ به‌ حازم به‌گ میری ئێزدیان كه‌ له‌ بڕیاری دانانی شێخ عه‌لی ئه‌لیاس وه‌كو بابه‌شێخی نوێ پاشتگه‌ز بێته‌وه‌و هه‌روه‌ها راشیانگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌وان قبوڵی ناكه‌ن چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو رێوره‌سمی دانانی بابه‌شێخ له‌ په‌ره‌ستگای لالش به‌ڕيوه‌بچێت.
ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر میر حازم پابه‌ند نه‌بێت به‌ بڕیاره‌كانیانه‌وه‌ ئه‌وا له‌ شه‌نگال جڤاكی روحانی نوێی ئێزدیان پێكده‌هێنرێت و میرو بابه‌شێخی نوێ هه‌ڵده‌بژێرن.

دوابه‌دوای ئه‌م نیگه‌رانی و ناڕه‌زاییه‌ی ئێزدییه‌كانی شه‌نگال، پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ره‌سمی ده‌ستوه‌ردانی خۆی له‌و پرۆسه‌یه‌ ئاشكراكردو رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وانه‌ جگه‌ له‌ زیان هیچ سودێكیان بۆ شنگالییه‌كان نه‌بووه‌، هه‌وڵی تێكدانی په‌یوه‌ندیی پته‌وی نێوان شنگالییه‌كان ده‌ده‌ن و ده‌یانه‌وێ وه‌كو ڕێچكه‌ی مێژوویی خۆیان بۆ تێكدانی یه‌كڕیزی، تانه‌ و ته‌شه‌ر له‌ چۆنیه‌تی دیاریكردنی (بابه‌شێخ) ی خوشك و برایانی ئێزدی بده‌ن و مه‌رامی سیاسی و گرێ ده‌روونییه‌كانیان له‌ په‌نای ئه‌م بابه‌ته‌وه‌ له‌ دژایه‌تیكردنی پارتیمان بهێننه‌دی. 

مه‌حمود محه‌مه‌د، وته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان وتویه‌تی: ئه‌وان له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دوور و نزیكه‌وه‌ ته‌ده‌خول و په‌یوه‌ندیيان به‌ چۆنیه‌تی دیاریكردنی پله‌ و پایه‌ جڤاكی و ئاینیه‌كانی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی نه‌بووه‌، به‌ڵكو رێز له‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ی شێوازی هه‌ڵبژاردنی بابه‌شێخ و بڕیاره‌كانیان ده‌گرین.

ئه‌م لێدوانه‌ی وته‌بێژی پارتی له‌كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر مه‌سرور بارزانی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پیرۆزبایی له‌ میر حازم به‌گ كردبوو به‌ بۆنه‌ی دیاریكردنی شێخ عه‌لی ئه‌لیاس وه‌كو بابه‌شێخی نوێی ئێزدییه‌كان و پشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ میرو بابه‌شێخی نوێ ده‌ربڕی بوو.