X
ئ|

داهاتی نەوت ...پرچی ئایشێ و فاتمە

سۆشیال میدیا

پێش 2 هەفتە     266 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

بێویژدانییەکی کوردانەیە ئەگەر پیاوەتییەکانی زانستمان لە بەرچاو نەبێ. شۆڕشی زانست و تەکنەلۆجیا بە دابینکردنی‌ میکرۆسکۆپ و تیلیسکۆپ بەشێکی زۆری نهێنییە ئەفسانەییەکانی سروشتیان بۆ ڕوون کردینەوە.بەڵام ژیانیشیان بێ مەعنا کردووە. تام و چێژیان لە هیچ شتێکدا نەهێشتووە. 

هەورە بروسکە شەڕەشمێری نێوان خوداوەندەکانی یۆنان بێت خۆشترە یان بەتاڵبوونەوەی بارگە ئەلکترۆنییەکانی هەور؟ پەلکە زێڕینە پرچی ڕەنگاو ڕەنگی دوو سیمبولی پیرۆز بێ جوانترە یان ڕەنگدانەوەی تیشکی خۆر لەسەر دڵۆپە وردیلەکانی ئاو؟، مەمک دوو کیلۆ بەز و چەوریی بن زیاتر خەیاڵ دەبزوێنن یان دوو بەهێی کاڵ ؟؟!.. 

دیارەهەر سەردەمێک پارادایمی تایبەت بە خۆی هەیە... ئەفسانەسازی ناونیشانی سەردەمی پێش زانستی یە کە نیوتن و جەماعەتەکەی هاتن بەتاڵیان کردەوە و سەنگ و مەترەو تەرازوویان بۆ هەموو شتێک دانا..

تیشکی خۆر وەک بامێ و تەماتە قابیلی کێشانە، زەوی داماو له چەقی گەردوونەوە پلەکەی دابەزێنرا بۆ ئەستێرەیەکی ئاسایی و بێ قیمەت کە لە گەڵ چەندین هەسارەی تردا بەدەوری خۆردادەسوڕێتەوە.


مۆدێرنیتە هەموو شتەکانی خستە نا دوو سندوقی دژ بەیەکەوە؛ ڕاست، هەڵە..باش ،خراپ..زانستی، خورافات.ڕەش ،سپی.... ئەم دابەشکردنە یەکلاکەرەویە خەیاڵ و ڕامان و جوانی و ڕاز ی زەڕبی سفر کرد... 


بەڵام دۆزینەوە تەکنەلۆجی و زانستییەکانی ئەمڕۆ شتێکی ترمان بۆ دەسەلمێنن. پێمان دەڵێن هەقیقەتی ڕەها لە گیرفانی زانستیشدا نی یە..


 نە خێرایی تیشک بەوجۆرەیە کە بڕبەنگی لێ بدەیت کەمی نییە، نە کەسیش ئەتوانێ تەڵاق بخوات بڵێ ئەزانم بیل زەبت ئەلکترۆن ڕێک لە کوێدایە.. یەعنی به کوردییەکەی خۆمان زانستیش ئەو وەیسە نەبوو کە بەتەمای بووین.. هێشتا زۆر مەسەلە هەن کەتائێستا بە هەڵە لێی تێگەیشتووین، ڕازو نهێنییەکی بێ سنوور ماون کە جارێ بۆمان لێک نادرێنەوە..


کەواتە خەیاڵ هێشتا ئێکسپایەر نەبووە، تائێستاش ڕامان و وێناکردنی شاعیرانە هەر زەرورن.. گوناحێکی گەورەیە ژیانمان بێ مەعنا دەکەن و لە خەونەکانمان جیامان دەکەنەوە.. هەرکەسێک بیکات گوناحکارە ..بیانووکە هەرچییەک بێت خراپە؛ زیادبوونی زانیاری بێت یان کەمبوونەوەی داهاتی نەوت.


لە فەیسبووکی د. شێرکۆ عەبدوڵا وەرگیراوە