X
ئ|

لیژنەی دارایی : بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە گۆڕانكاری لە بەهای دۆلار بەرامبەر دینار ناكرێت

هەواڵی کوردستان

6 رۆژ پێش ئێستا     3185 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت 
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی جارێكی دیكە كەمناكرێتەوە و جەختیشدەكاتەوە ئەمرۆ لە لیژنەی دارایی بەهیچ شێوەیەك تێبینی لەسەر ئەو بڕگەیە نەبووە چونكە دیاریكردنی بەهای دۆلار ئەركی پەرلەمان نییە و ئەمساڵ بەو نرخە دەمێنێتەوە كە بانكی ناوەندی دیاریكردووە.

 

 دكتۆر جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە"میللەت"ی ڕاگەیاند بەهیچ شێوەیەك بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا بڕیارەكەی بانكی ناوەندی پێداچوونەوەی پێدا ناكرێت و ئەوەی پێشتر باسی لێوە كراوە تەنها دەنگۆیەك بووە كە نرخی نەوت بەرزبۆتەوە و بەهای دۆلار بەرامبەر دینار كەمدەكرێتەوە ,وتیشی دیاریكردنی بەهای دۆلار لە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە و نرخی نەوتیش حكومەت و وەزارەتی دارایی لە پرۆژەكە دیاری دەكەن و پەرلەمان ناتوانێت گۆرانكاری لەو دوو بڕگەیەدا بكات.

 

ئاماژەی بەوە كرد ئەمرۆ یەك شەممە لە لیژنەی دارایی ئەو بڕگەیەی تایبەت بوو بە دیاریكردنی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار لە پرۆژەی بودجەدا هیچ گفتوگۆیەكی لەسەر نەكراو چونكە دەسەڵاتی بانكی ناوەندییە و ئەمساڵ بەو نرخەی دیاریكراوە وەك خۆی دەمێنێتەوە و كەمناكرێتەوە.

لەبارەی دیاریكردنی پشكی هەرێمی كوردستانیش ئەندامەكەی لیژنەی دارایی باسی لەوەكرد لە پرۆژەكەدا پشكی هەرێم لە 14 ترلیۆن دینار نزیك دەبێتەوە ,بەڵام نازانرێت كە ئاخۆ بەو شێوازەی ئامادەكراوە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت. 

 

ڕاشیگەیاند پەرلەمان لە پرۆژەی بودجە دەسەڵاتی گواستنەوە و كەمكردنەوەی هەیە و دەتوانێت گۆڕانكاری لە چەند بڕگەیەكدا بكات بەو مەرجەی بارگرانی نەبێت لەسەر حكومەت.