X
ئ|

گۆرانی بابە : باوكێكی پاكژ لە دونیایەكی پڕپۆخڵەواتدا

لایف ستایڵ

6 رۆژ پێش ئێستا     326 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

تا ڕادەیەكی زۆر وێنەی باوك لە ئەدەبیاتی ئێمەدا غائیبە ، ئەو بەشە كەمەش كە هەیە وێنەی پارتیاركێكی بێڕەحم و نابەرپرسیارمان نیشان دەدات. وێنەی پیاوێكی دڵڕەق، خاوەن دەسەڵاتێكی گەورە و هەمەلایەن، ستمەگەرێك لە ناو چوار دیواری ماڵدا. 

 

 ڕەنگە دیارترین وێنەیەكی لەم بابەتە بۆ باوك، وێنەی باوك بێت لە ئەدەبیاتی شێرزاد حەسەندا, باوك لای ئەم نووسەرە پاتریاركێكە لە ترۆپكی دڵڕەقی و دەسەڵاتی ڕەهای خۆیدا. باوكێكە لەسەر مۆدێلی خودا، خوادەیەكی دڵڕەق، كە دەسەڵاتی بەخشین و سەندنەوەی ژیانی لە منداڵەكانی هەیە. 

 

ئەوەی ئەدەبیاتی شێرزاد حەسەن داوایدەكات ئەنجامدانی ”تاوانی كوشتنی باوكە“ بەمانا فرۆیدیەكەی كە تاوانی كردنەوەی دەرگایە بەرەو دوو شت: ئازادیی و هەستكردن بە گوناه. 

 

وێنەیەكی دیكەی باوك لە ئەدەبیاتی ئێمەدا وێنەی كەسێكی خەباتگێڕ و بەرگریكارێكی سیاسییە، بەڵام شەهیدكراو، باوك وەك كەسێك بەرگرییكردن لە نیشتیمان لە بەرگرییكردن لە منداڵەكانی جیاناكاتەوە. ئەم باوكە زۆربەی جار باوكێكی شەهیدكراوە، باوكێكی كوژراو. وێنەی ئەم باوكە شەهیدە بەشێكی بەرچاوەی ئەدەبیاتی شێركۆ بێكەسە.  

 

بەرگریكردن لە كوردبوون وەك شوناسی سەرەكیی ئەو باوكە كوژراوانە. شێركۆ باوك لە فۆرمی شۆڕشگێڕێكدا نمایشدەكات كە سنوورێك لەنێوان شۆڕش و خێزان و میللەتەكەیدا دانانێت. 

 

ئەم گۆرانییەی كاریگەر وێنەیەكی تری باوكمان نیشان دەدات باوكێك كە نە دەتوانێت پاتریارك بێت، نە دەشتوانێت شۆڕشگێڕ بێت و نە دەسەڵاتێكی خودایانەی هەیە نە لە خەمی شۆڕش و یاخیبووندایە نە ستەمگەرە و نە پاڵەوان باوكی ناو ئەم گۆرانییە باوكێكە نەیتوانیوە باوك بێت.

 

باوكێكە ھەستدەكات ”لە مێژە مردوو“ە و دەرەقەتی ئەو دونیا پڕ غەدر و خراپەكارییە نایەت كە دروستكراوە. ئەم باوكە پیاوێكە ئیشكەر و ڕەنجدەر، ماندوونەناس و كۆڵنەدەرە، بەڵام باوكێكە هەژار و خەمبار و برسییە. 

 

ئەوەشی ئەم فۆرمە تایبەتەی باوكی لەو دونیا پیس و بۆگەنەدا دروستكردوە: پاكژییە. باوكێكی پاكژ كە دەیەوێت هەم خۆی بە پاكژیی بژیی و هەم منداڵەكانی بە پاكژیی بەخێوبكات. دەرەنجام : باوكێكی پڕوكاو و دەرقەت نەهاتوو  و باوكێكی پیر و پاكژ لەناو جیهانێكی بۆگەندا. 

 

ئەم فۆرمە لە باوك فۆرمە فرۆیدییەكەی باوك نییە، پاتریارك و ستەمگەرێك نییە، باوكێكە ناكۆك بەو باوكەی شێرزاد حەسەن نیشانمان ئەدات . هاوكات ئەم باوكە باوكێكی پاكژیی ناو نیشتیمانێكی پڕ پۆخڵەواتە، نیشتیمانێك بۆگەنیكردووە. 

 

بۆیە ھیچ شتێك نایباتەوە سەر وێنەی ئەو باوكەی لە ئەدەبیاتی شێركۆ بێكەسدا ئامادەیە باوكی ناو ئەم گۆرانییە كەسێكە تەنها دەرەقەتی ئەوە دێت كە نەهێڵێت پۆخڵەواتی نیشتیمان پیسی بكات و پاكژیی خۆی بە ڕەنج و ماندووبونێكی گەورە بپارێزێت. 

 

لەم گۆرانییەدا هەستێكی تراژیدیی گەورە بە لە دەستدانی باوك هەیە لە كاتێكدا ئەو باوكە بەجەستە و بە ئاكار ئامادە و حازرە و بە مانایەك لە ماناكان ئەم گۆرانییە گۆرانی ناشتنی باوكە لە پاڵ خۆشەویستییەكی زۆردا بۆی . ئەو تاوانەی ئامادەیە تاوانی كوشتنی باوك نییە، بەڵكو تاوانی دەرقەت نەهاتنی ژیانە، تاوانی ڕاستگۆیی و پاكژیی لەناو جیهانێكی گڵاودا. ئەوەی دەیبینین باوكێكە نایەوێت پیس بێت، لەكاتێكدا پیسبوون تاكە ئەگەری بەردەمی دروستبوونی پاتریارك و تاكە ئامرازیی پاراستنی دەسەڵاتی باوكە وەك باوكسالارێك. 

 

ئەم گۆرانییە ئەو وێنە تازەیەی باوكمان لە كۆمەڵگای كوردیدا نیشان دەدات كە نە پاتریاركە و نە شۆڕشگێڕە، نە ستەمگەرە، بەڵكو باوكێكی پاكژە و ئامدەیە باجی ئەو پاكژبوونەش بدات.

 

لەناو گۆرانیەكەشدا وێنەی كوڕێكی توڕە ئامادەیە، بەڵام توڕە لە باوك نا، بەڵكو لەو دونیا پۆخڵەی باوك لەناویدا وەك ڕەنجدەرێكی پڕوكاو ئامادەیە. باوك وەك قوربانییەك، بەڵام قوربانیی پاكژبوون و پیسنەبوون. ئاشكرایە ئەم كوڕە توڕەیە نایەوێت بەردەوامیی و درێژەكەرەوەی باوكی بێت، بەڵام ئەم بەردەوام نەبوونە لە ڕێگای ئەنجامدانی تاوانی كوشتنی باوكەوە نا، بە مانا فرۆیدییەكەی، بەڵكو لەڕێگای ئیدانەكردنی ئەو جیهانییەوە كە هەم ئەو باوكە و هەم ئەو كوڕەی دروستكردووە. یاخیبوون لە باوك لەم گۆرانییەدا گۆڕاوە بۆ توڕەبوون لەو دونیایەی ئەو باوكەی دروستكردووە. 

 

 

لە فەیسبووكی مەریوان كانی ....وەرگیراوە