میللەت
ئەندامێكی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی ڕایدەگەیەنێت لەپێناو باشكردنی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستاندا سێ داواكارییمان هەبووە و جەختیشدەكاتەوە هەڵویستی مامۆستایان خۆڕسكانەیە و ئێمە تەنها پشتیوانی داواكارییەكانیان دەبین.
عادل حەسەن ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی نارازیی بە"میللەت"ی ڕاگەیاند بڕیارە ڕۆژی شەممەی داهاتوو خوێندنی قۆناغی 12ی ئامادەیی دەستپێبكاتەوە و پێشتریش ئەو قۆناغە دەوامیان بۆ ماوەیەك هەركردووە دواتر ڕاگیراوە.
ڕونیكردەوە وەكو ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی هەموو هەوڵێكمان پێشخستنی پرۆسەی پەروەردە و خزمەتكردنی مامۆستایان بووە و لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا سێ داواكارییمان هەبووە كە حكومەتی هەرێم بۆمانی جێبەجێبكات.
ئاشكرایكرد داواكارییەكانمان بریتیە لە دابەشكردنی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران مانگانە لەكاتی خۆیدا و داواكاری دووەم یەكلاكردنەوەی چارەنووسی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی مامۆستایانە و كۆتا داواكارییمان لێبڕین و پاشەكەوت لە مووچە پەیڕەونەكرێت.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازیی ئاماژەی بەوەكرد هەڵویستی مامۆستایان لە ڕابردوودا و لە داهاتووشدا خۆرسكانەیە و ئێمە تەنها پشتیوانی داواكاریی مامۆستایان دەبین و ناتوانین فشار بكەین كە مامۆستایان بایكۆت بكەن یاخود دەست بە پرۆسەی خوێندن بكەنەوە.