میللەت
ئەندامێكی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە هێرشدەكاتە سەر پێشمەرگەی ڕۆژ و بە مورتەزەقەی توركیا ناویان دەبات و دەشڵێت كار بۆ بەرژەوەندییەكانی توركیا دەكەن و ناتوانرێت ئەوان وەك هێزێكی نیشتمانی قبوڵبكرێن.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی "یەنی ئوزغور پۆلەتیكا" هێرشی كردە سەر پێشمەرگەی ڕۆژ و وتیشی كە كار بۆ بەرژەوەندییەكانی توركیا دەكەن و بە فەرمانی ئەو وڵاتە لە قەندیل و شەنگال و لیبیا و ئازەربایجان بۆ توركیا شەڕ دەكەن.
سەبارەت بە دانوستانەكانی نێوان پارتەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردی - پەیەنەكە و ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی لە سوریا – ئەنەكەسە (ئاڵدار خەلیل) ئاماژە بەوەدەكات نزیكدەبێتەوە لە ۳ مانگ هیچ كۆبوونەوەیەك لە نێوان ئەنەكەسە و پەیەنەكە بەڕێوەنەچووە.
هاوكات سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لە ڕاگەیاندراوێكدا وەڵامی ئاڵدار خەلیلی دەداتەوە و ڕایگەیاند لێدوانەكەی ئاڵدار خەلیل هەوڵدانە بۆ شكست پێهێنانی دانوستانەكان.
لە ڕاگەیانداوەكەدا هاتووە ووتەكانی ئاڵدار خەلیل سەبارەت بە پێشمەرگەی ڕۆژ زیان بە یەكڕیزی كورد دەگەیەنێت و پێشمەرگەی ڕۆژ لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریی بوون لەخاكی هەرێمی كوردستان و نابێت ئەوەمان لەیاد بچێت و كردەوەكان و مێژوو ئەوە دەسەلمێنن كە كێ نۆكەری وڵاتانە.