X

حەوتەمین ژمارەی ئیلیان... یەکەمین گۆڤاری تایبەت بە وێژەی گێڕانەوە

فەرهەنگ

18/01/2021     1004 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت- فەرهەنگ

ئیلیان یەکەمین گۆڤاری تایبەت بە وێژەی گێڕانەوە و ئەو بابەتە تیۆرییانەیە وا گرێدراوی ئەدەبییاتی گێڕانەوەن. لەو سۆنگەوە سەرباشقەی گۆڤاری تایبەتمەند بووە لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

لە ماوەی دوو ساڵدا، شەش ژمارە لە گۆڤارەکە و پەڕتووکێکی بڵاو کردووەتەوە

هاوینی ساڵی ٢٠١٥ لە دووتوێی ١١٨ لاپەڕەدا ژمارەی یەکەمی بڵاو بووەتەوە. لەو دەمەوە تاوەکوو هاوینی ٢٠١٧، واتا لە ماوەی دوو ساڵدا، شەش ژمارە لە گۆڤارەکە و پەڕتووکێکی بڵاو کردووەتەوە. بەهۆی خراپی دۆخی دارایی گۆڤارەکەوە، کە بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکە، خۆیان تێچووی چاپ و ئەرکی دیزاین و دابەشکردن لەئەستۆ دەگرن، پاش بڵاوبوونەوەی ژمارەی شەشەم، گۆڤاری ئیلیان لە وەشاندن وەستا.

دوای پتر لە سێ ساڵ وا دەیسان ژمارەیەکی تری ئیلیان بڵاو دەبێتەوە

خۆشبەختانە، دوای پتر لە سێ ساڵ وا دەیسان ژمارەیەکی تری ئیلیان بڵاو دەبێتەوە، سا بە هەندێ بەرنامە و پلانی تازەوە، درێژە بە وەشانی ئیلیان دەدەینەوە. دەکۆشین پڕۆژەکەمان بۆ درێژمەودا بێت.

گەر ژینگەی لەبار بێت، خەونی گەورەمان لەو چوارچێوەدا هەیە

لەو شەش ژمارەیەدا، ئیلیان لە دوو ئاستدا کاری کردووە، وەرگێڕانی چیرۆک و بابەتی تیۆریی پەیوەست بە گێڕانەوە. هاوشان لەگەڵ گرینگییدان بە چیرۆک و چیرۆکنووسانی هەموو زارە کوردییەکان و گێڕانەوەی کوردیی. کە ئەمەی دواییان دەکرێت بکرێتە پڕۆژەیەکی تایبەت، یان هەر لەنێو ئیلیاندا جێگایەکی تایبەت و مەودایەکی فراوانی بۆ تەرخان بکرێت. مسۆگەر گەر ژینگەی لەبار بێت، خەونی گەورەمان لەو چوارچێوەدا هەیە.

نزیک بە ٤٠٠ چیرۆک وەرگێڕدراون

تاوەکوو ئێستا لە گۆڤاری ئیلیاندا; لە نۆ زمانەوە بابەت وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردیی (فەڕەنسیی، ئینگلیزیی و سویدیی و ڕووسیی، ئەرەبیی و فارسیی، ئیسپانیی و تورکیی و ئەڵمانیی). کە نزیک بە ٤٠٠ چیرۆک وەرگێڕدراون. جگە لە وتار و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن.

گورزێک  چیرۆک و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن و لێکۆڵێنەوە و ڕاڤە

ئێستاش ژمارە حەوتی ئیلیان لە دووتوێی 425 پەڕەدا و بە گورزێک  چیرۆک و خوێندنەوە و چاوپێکەوتن و لێکۆڵێنەوە و ڕاڤەوە ئامادەیە و لە چاپخانە هاتووتەوە، لەم چەند ڕۆژەدا لە کتێبخانەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەست دەکەوێت.
ئەم ژمارەیە، لە تەنیشت ستافی بەڕێوەبەرانی گۆڤارەکەوە (36) وەرگێڕ کاریان لە ئامادەکردنیدا کردووە.

ڕۆستەم ئاغالە، ئەحمەد نەبەز و بەڵێن باقی

ڕووبەرگی گۆڤارەکە کاری هونەرمەندی بەناوبانگی کورد: ڕۆستەم ئاغالەیە و پشتبەرگیش کاری هونەرمەندی دەستڕەنگینی کورد: ئەحمەد نەبەز، هەروەها نەخشەسازیی ناوەوە: بەڵێن باقی.