ن: بێستون عه‌باسی
و: به‌ختیار ئه‌حمه‌د
ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان سه‌رۆك كۆمارى توركیا
له ساڵى 2001 و به‌ر له دامه‌زراندنى پارتى دادوگه‌شه‌پێدان (AKP)
به دروشمى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى له داموده‌زگانى ده‌وڵه‌ت، بۆ 18 ساڵه
پارته‌كه‌ى حوكمڕانى ده‌كات، ڕاگه‌یاند كه بڕى داراییه‌كه‌ى (430) هه‌زار لیره‌ى
توركییه كه به له‌به‌رچاوگرتنى دۆخى ئابوورى ئه‌و كاته‌ى توركیا و به‌هاى لیره،
وه‌ك ژماره‌یه‌كى ئاسایی ده‌هاته پێش چاو (ئه‌و ژماره‌یه به پێى به‌هاى لیره
له ئێستادا لێكدراوه‌ته‌وه).
هه‌ر له‌و كاته‌وه گومان له‌سه‌ر ئاستى
دارایی ڕاسته‌قینه‌ى ئه‌ردۆگان دروست بوو و ئه‌و گومانه تا ئه‌مڕۆكه به‌رده‌وامه
و هه‌ر كاتێك كه باس له سامانى بێشومارى ئه‌ردۆگان ده‌كرێت كه به شێوه‌ى نایاسایی
به‌ده‌ست هاتووه، دووبارى ئه‌م پرسه دێته‌وه به‌ر باس و خواس. ڕه‌حمى مسته‌فا
كوچ، به‌ڕێوه‌به‌رى هۆڵدینك كوچ كه به‌یه‌كێك له گه‌وره زنجیره كۆمپانیاكانى
(كنگلومرا) داده‌نرێت له توركیا، یه‌ك مانگ دواى ڕاگه‌یاندنى سامانه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان
به ڕۆژنامه‌ى حورییه‌تى ووت كه ئه‌و توانیویه‌تى یه‌ك ملیار دۆلار كۆبكاته‌وه
به شێوه‌یه‌ك كه بۆ دامه‌زراندنى پارته‌كه‌ى هیچ گرفتێكى دارای نه‌بێت.
ئه‌ردۆگان له ساڵى 2006 ڕایگه‌یاند كه
خاوه‌نى 1.3 ملیۆن لیره‌یه و له ساڵى 2007 و دواى فرۆشتنى به‌شێك له پشكه‌كانى
خۆى له سێ كۆمپانیاى گه‌وره‌ى توركیا، ئه‌و ژماره‌یه به‌رز بۆوه بۆ 1.8 ملیار لیره.
له ساڵى 2010 ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاند كه 2.2 ملیۆن لیره سامانهكهیهتى و له ساڵى
2011 ئه‌و ژماره‌یه به‌رز بۆوه بۆ 4 ملیۆن
لیره ، واته له ماوه‌ى 10 ساڵدا ئه‌و سامانه‌ى كه ئه‌ردۆگان ئاشكراى كرد بوو
10 هێنده زیادى كردووه.
له‌مساڵانه‌ى دواییدا گومان له ڕاستى ژماره‌كان
هه‌ڵكشانى به‌خۆیه‌وه بینی. له ساڵى 2013 كه دۆسێی گه‌نده‌ڵى دارایی به‌رپرسانى
ده‌وڵه‌ت له سیسته‌مى دادوه‌رى توركیا خرایه به‌ر باس و خواس، پرسه‌كه خێزانى
ئهرۆدگانیشی گرته‌وه و هیچی نه‌مابوو كه بیلال ئه‌ردۆگان (كوڕه‌كه‌ى ئهرۆگانیش)
ده‌ست گیر بكرێت، ئه‌گه‌ر چی ئه‌ردۆگان ده‌سه‌ڵاتى خۆى به‌كار هێنا بۆ ڕێگرى كردن
له ده‌ستگیر كردنى كوڕه‌كه‌ى به‌ڵام تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى دارایی هیچ كات به‌رۆكى خێزانه‌كه‌ى
ئه‌ردۆگانى به‌رنه‌دا.
ساڵى 2014 تۆمارێكى ده‌نگى ئه‌ردۆگان و بیلالى
كوڕى دزه‌ى كرده ده‌ره‌وه و به تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاو بووه‌وه، له‌و
تۆماره‌دا ئه‌ردۆگان داوا له كوڕه‌كه‌ى ده‌كات كه 10 ملیۆن دۆلار له بازرگانێك
به‌ناوى (سیتكى ئا‌یان) وه‌رنه‌گرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌و بڕه پاره‌یه هیچ نییه
و زۆر كه‌مه به به‌رارود به‌و كارانه‌ى كه بۆى كراوه، ناوبراو خاوه‌نى كۆمپانیاى
(Petrol Som)ه كه له به‌رامبه‌ر دروست كردنى هێڵى بۆرى
گواستنه‌وه‌ى نه‌وت له ئێرانه‌وه بۆ توركیا به‌خشرابوو له دانى باج به حكومه‌ت.
له ساڵى 2015 ڕۆژنامه‌ى زه‌مانى له ئێستادا
له چاپ قه‌ده‌غه‌كراو، هه‌ر یه‌ك له بیلال ئه‌ردۆگان، مسته‌فا ئه‌ردۆگانى براى ڕه‌جه‌به
ته‌یب ئه‌ردۆگان و زیا ئیلگین زاواى تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ى كه سوودیان له ده‌سه‌ڵاتى
سیاسی خێزانه‌كه‌یان وه‌رگرتووه بۆ زیاتر كردنى سامانی كۆمپانیایه‌كى هاوبه‌شیان.
له كۆتاییه‌كانى ساڵى 2015 و 2016 ، ئه‌ردۆگان
و زاواكه‌ى بورات ئه‌لبایراك تۆمه‌ت بار كران به بازرگانى نه‌وت له‌گه‌ڵ داعش و
به‌ده‌ست هێنانى داهاتێكى ساڵانه‌ى نزیك به 500 ملیۆن دۆرۆ, ڤلادییمێر پۆتین سه‌رۆك
كۆمارى ڕوسیا كه له‌و كاته‌دا په‌یوه‌ندییه‌كى باشی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا نه‌بوو،
ئه‌و تۆمه‌ته‌ى به‌چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك پشت ڕاست كرده‌وه.
له ساڵى 2017، پارتى ئۆپۆزسیۆنى كۆمارى گه‌ل
(CHP) چه‌ند به‌ڵگه نامه‌یه‌كى بڵاو كرده‌وه له‌سه‌ر
ئه‌وه‌ى كه خێزانى ئه‌ردۆگان بۆ نه‌دانى باج و وه‌به‌رهێنان له ده‌ره‌وه‌ى
سنووره‌كانى توركیا، بڕێكى زۆر پاره‌ی نایاساییان له ڕێگه‌ى كۆمپانیایه‌كى سوری
گواستووه‌ته‌وه بۆ دورگه‌ى (Man of Isle).
له هه‌مان ساڵدا ڕۆژنامهیهكى (بیلد)ى ئه‌ڵمانى
گومانى له‌سه‌ر سامان و چالاكى بازرگانى ئه‌ردۆگان و خێزانه‌كه‌ى دروست كرد و
تاوانبارى كردوون به به‌كارهێنانى ده‌سه‌ڵات له به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان.
له ساڵى 2018 ، (زولفه‌قار دۆغان)ى ڕۆژنامه
نوس ڕایگه‌یاند كه كوڕه‌كان، زاواكان و هاوسه‌رى خوشكه‌كانى ئه‌ردۆگان له ده‌وڵه‌مه‌ند
ترین كه‌سه‌كانى توركیان. ئه‌و پێى وابوو كه ئه‌ردۆگان ئه‌ندامانى كابینه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى
به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵبژاردووه كه هه‌رچی زیاتره له خزمه‌ت بازرگانییهكهى خۆی و
خێزانه‌كه‌ی دابن.
له دواهه‌مین ڕۆژه‌كانى ساڵى ڕابوردوو،
گروپیى نێوده‌وڵه‌تى ههكهرهكانى (ئه‌نۆنیمۆس) ڕایگه‌یاند كه سامانى سه‌رۆك كۆمارى
توركیا ده‌گاته 350 ملیارد دۆلار و تۆمه‌تباریشی كرد به‌پاره شۆردنه‌وه. ئه‌م
گروپه ناوى ئه‌و بانكانهشی خسته ڕوو كه ئه‌ردۆگان و خێزانه‌كه‌ى سامانه‌كه‌یان
تیایدا هه‌ڵده‌گرن.
عه‌بدوڵا بوزكورت، ڕۆژنامه‌نوس و ڕهختنهگرى
ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاند كه سامانى ئه‌ردۆگان ته‌نها پاره نییه و ته‌واوى پاره‌كه
له بانكه‌كاندا هه‌ڵناگیرێت. ئه‌و له ڕاپۆرتێكیدا كه له 9 كانونى دووه‌مى ئه‌مساڵ
له مۆنیتۆر بڵاوى كرده‌وه ده‌ڵێت: (ئه‌ردۆگان به‌شێك له سامانه‌كه‌ى به شێوه‌ى
دراو و ئاڵتون له چه‌ندین قاسه‌ى گه‌وره كه له شێوه‌ى ژوردا دروست كراوه، هه‌ڵگرتووه).
بوزكورن ده‌ڵێت ئه‌و قاسانه به شێوه‌ى تایبه‌ت دروست كراون بۆ ژێرزه‌مینی ڤێلا
تایبه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆگان و ڤێلاى خێزانه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان له ئه‌سته‌مبوڵ.
به‌ڵگه‌ش له‌سه‌ر بوونى ئه‌و قاسانه ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ ساڵى 2013، ئه‌و كاته‌ى كه فه‌رمانى ده‌ستگیر كردن بۆ بیلالى كوڕى ئه‌ردۆگان
ده‌ركرا. به‌ڵگه‌كه‌ش ئه‌و تۆماره ده‌نگییه‌یه كه ئه‌ردۆگان به نیگه‌رانییه‌وه
به كوڕه‌كه‌ى ده‌ڵێت ئه‌و پاره‌یه له ماڵ بباته ده‌ره‌وه. له تۆمارێكى ده‌نگى
دیكه‌دا كه له ساڵى 2014 له لایه‌ن پارتى (CHP)
ه‌وه بڵاوكرایه‌وه، ده‌بیسترێت كه ئه‌ردۆگان یه‌ك ملیار دۆلارى له ڤێلاكهى له
ئه‌سته‌مبوڵ هه‌ڵگرتووه، ئه‌م جاره‌ش له تۆماره ده‌نگییه‌كه‌دا ئه‌ردۆگان داوا
له كوڕه‌كه‌ى ده‌كات ئه‌و پاره‌یه له ماڵ به‌رێته ده‌ره‌وه تا ده‌ست پۆلیس نه‌كه‌وێت.
ئه‌ڵبه‌ته ته‌واوى سامانكهى ئه‌ردۆگان ته‌نها
ئه‌وانه نین كه له‌سه‌ره‌وه باسیان لێوه كرا، به شێك له داراییه‌كه‌ى به‌ناوى
ئه‌ندامانى خێزان و كه‌سانى باوه‌ڕپێكراو له ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كانى توركیا هه‌ڵگیراون
و هه‌ندێكیشان كراون به‌ناوى ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه كه ته‌نها به‌ناو هه‌ن.
ئه‌ردۆگان له‌لایه‌ن ڕهخنهگرهكانیهوه
به‌وه تۆمه‌تباره كه ده‌سه‌ڵاتى له به‌رژه‌وه‌ندى خۆى به خراپی به‌كارهێناوه.
ئه‌و هه‌روه‌ها تۆمه‌تباره به‌وه‌ى كه بۆ قوتار كردنى خۆی، خێزانه‌كه‌ى و كه‌سانى
نزیك له خۆی له لێپرسینه‌وه، تا دێت زیاتر چنگ له ده‌سه‌ڵات گیرتر ده‌كات. ڕكابهرهكانى
ئه‌ردۆگان پێیان وایه كه خه‌رج كردنى 615 ملیار دۆلار بۆ كۆشكی ئاك ساراى سه‌رۆكایه‌تى كۆمار له ئه‌نقه‌ره و 85 دۆلار
بۆ كۆشكى هاوینه‌ى سه‌رۆك كۆمار له‌سه‌ر كه‌ناراوه‌كانى مه‌ڕمه‌ڕه گه‌نده‌ڵى تیادا
كراوه و شایانى لێپرسینه‌وه‌یه و پێیان وایه كه شكستى ئه‌ردۆگان له هه‌ڵبژاردنه‌كانى
سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى داهاتوى توركیا، زۆر قورس ده‌كه‌وێت له‌سه‌ر ئه‌ردۆگان.
سه‌رچاوه
https://kurdpress.com/fa/news/3802/%D8%AB%D8%B1%D9%88%D8%AA-%D8%A7%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%DA%86%D9%82%D8%AF%D8%B1-%D8%A7%D8%B3%D8%AA-%D9%88-%DA%A9%D8%AC%D8%A7-%D9%86%DA%AF%D9%87%D8%AF%D8%A7%D8%B1%DB%8C-%D9%85%DB%8C-%D8%B4%D9%88%D8%AF/