X
ئ|

عیزەت سابیر: 70% داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكانە و رێككەوتنیش لەگەڵ بەغدا نەكرێت دۆخەكە باش نابێت

ڕاپۆرت

پێش 4 هەفتە     377 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
د. عیزەت سابیر شارەزای ئابووری لە سیمینارێكدا سەبارەت بە پرسی رێككەوتنی هەرێم و بەغدا و لامەركەزی لە هەرێمی كوردستان قسەی كرد و رایگەیاند هەتا دۆسێی نەوت بەو شێوەیەی ئێستا بەڕێوەببرێت، دۆخی كورد بە خراپی دەمێنێتەوە.


د. عیزەت راپۆرتەكانی كۆمپانیای دیلۆیتی بۆ ساڵی 2019 وەكو نمومەنە وەرگرت و رایگەیاند لەو ساڵەدا هەرێمی كوردستان 171 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە كە 160 ملیۆنی بە نرخی 53 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك هەناردە كردووە و 11 ملیۆنیشی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی بووە. 

بەڵام كێشە لە چۆنێتی بەكارهێنانی داهاتەكەدایە كە بڕكەی هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە و بەمشێوەیە خەرج كراوە:
700 ملیۆن دۆلار بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیاكان
25 ملیۆن دۆلار بۆ سوودی قەرزەكان
2.5 ملیار دۆلار خەرجی كۆمپانیاكانی نەوت
644 ملیۆن دۆلار كرێی بۆری نەوت لە هەرێمی كوردستان
494 ملیۆن دۆلار كرێی بۆری نەوت لە توركیا
610 ملیۆن دۆلار بۆ دانەوەی قەرزی كۆمپانیای توركی
780 ملیۆن دۆلار بۆ قەرزی كۆمپانیاكانی كارەبا و پاڵاوتگەكان

بەو پێیەش شەش ملیار دۆلاری داهاتەكەی رۆشتووە و تەنیا 2.5 ملیاری بۆ خەڵك ماوەتەوە كە دەكاتە تەنیا 30%ی ئەو داهاتەی لە نەوت دەستدەكەوێت و 70%ی بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات.

د. عیزەت بەراوردێكی ساڵی 2019 و 2013ی كرد كە لە یەكەمیان هەرێم پشتی بە داهاتی خۆی بەستووە و لەوەی دووەمیشیان لە بەغداوە پارە نێردراوە و رایگەیاند، لە 2019دا هەرێم بە داهاتی نەوت و نانەوتی و ئەوەی لە بەغداوە هاتووە 15 ملیار دۆلاری دەستكەوتووە، بەڵام تەنیا 3%ی بۆ خەڵك بووە و نۆ مووچەش بە لێبڕینەوە دراوەتە فەرمانبەران.

لە 2013شدا كە 14 ملیار دۆلار لە بەغداوە بۆ هەرێم هاتووە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو بۆ خەڵك بووە، 12 مووچە بە تەواوی دراوە و هەزاران پرۆژەش جێبەجێكراون و خۆشترین ساڵی ژیان و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان بوو.

لە بەشێكی دیكەی سیمینارەكەدا د. عیزەت باسی لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند بودجەی ئەمساڵی عێراق بە 164 ترلیۆن دانراوە ئەگەر هەرێم پابەندبێت بە رادەستكردنی 250 هەزار بەریملی رۆژانە، ئەوا 10 ترلیۆنی بۆ رەوانە دەكرێت و لەو 200 هەزار بەرمیلەی دیكەش كە هەناردەی دەكات چوار ترلیۆنی دەستدەكەوێت و یەك ترلیۆنیشی لە داهاتی نانەوتی بۆ دەمێنێتەوە كە كۆی گشتی دەگاتە 15 ترلیۆن كە هەموویشی بۆ خەڵك دەبێت.

جەختیشیكردەوە كە كێشەی دۆسێی نەوتی هەرێم لە بەڕێوەبردنەكەیدایە و جەختیكردەوە كە ئەگەر ئەو دۆسێیە شەفاف بووایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هەرێم پێویستی بە بەغدا نەدەبوو.

د. عیزەت لە دوایین بەشی سیمینارەكەیدا باسی لە پرۆژەی لامەركەزی دارایی و ئیداریی هەرێمی كوردستان و رایگەیاند لامەركەزی بریتییە لە شۆڕكردنەوەی دەسەڵات بۆ پارێزگا و یەكە ئیدارییەكان و نەك هەر بە مانای دوو ئیدارەیی نایەت، بەڵكو دژیشێتی، روونیشیكردەوە كە لامەركەزی دەبێتە هۆی نزیككردنەوەی خەڵك و حكومەت و دروستكردنی متمانە كە چەندین بنەمای یاساییش پشتیوانی دەكات.

نزیكترین نمونەی سەركەوتوویی لامەركەزی بەو بەو نەخۆشخانانە هێنایەوە كە لە كاتی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا دروستكران و رایگەیاند بە هۆی ئەوەی دەسەڵاتی تەواو درابووە پارێزگار و یەكە ئیدارییەكان، توانرا لە ماوەی 60 رۆژدا پێنج نەخۆشخانە لە هەرێمی كوردستاندا دروست بكرێت ئەمەش لە كاتێكدایە كە چەندین ساڵە بڕیاری دروستكردنی نەخۆشخانە لە چەمچەماڵ و ئیدارەی راپەڕین دراوە، بەڵام بە هۆی رۆتینی مەركەزی و گەڕانەوەی هەموو بڕیارەكان بۆ هەولێر، جێبەجێ نەكراون.

د. عیزەت سابیر ئەوەشی بەبیرهێنایەوە كە ئەو كاتەی لە سەرەتاكانی یەكگرتنەوەی هەردوو ئیدارەدا لامەركەزی هەبوو، پارێزگاكان كێبڕكێیان دەكرد بۆ جێبەجێكردنی پرۆژە و زۆربەی پرۆژەكانی ژێرخانی سلێمانیش لەو كاتەدا دروستكران.