X
ئ|

ماڵپەڕی ئینتەرسێپتی ئەمریكی: كۆبوونەوەی ئیتڵاعات و سیخوڕێكی ئێران لە هەولێر بەڕێوەچووە

ڕاپۆرت

پێش 3 هەفتە     582 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت
ماڵپەڕێكی ئەمریكی راپۆرتێكی دەربارەی هەوڵەكانی ئێران بۆ بەكارهێنانی سیخوڕی عێراقی لە دژی بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بڵاوكردەوە و روونیشیدەكاتەوە كە ئێران بۆ پاراستنی كارەكانی رێگەی كلاسیكی بەكاردەهێنێت وەك كۆبوونەوەیەك كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچووە.


بە پێی راپۆرتەكە كە ماڵپەڕی ئینتەرسێپتی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، ئەو كەسانەی كە لە عێراقدا بۆ ئێران كاریانكردووە دەبوو زۆر هەوڵیان بدایە تاوەكو بۆ ئەفسەرەكەی لێپرسراوایان لە ئیتڵاعات بسەلماندایە كە بۆ ئەو كارە شیاون.

باس لە هاووڵاتییەكی عێراقی كراوە كە ساڵی 2015 سەرباری ئەوەی لە دەزگای ئاسایشی عێراق كاریكردووە، بەڵام پێویستی بە پارە بووە بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ لای ئێرانییەكان بۆ ئەوەی وەكو سیخوڕێكی دووسەر كاربكات.

بە هۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆر بەسەر دوایین سیخوڕیكردنی بۆ ئێران تێپەڕی بوو و دەبوو بۆ لێپرسراوە نوێیەكەی بسەلمێنیێت كە بۆ ئەو كارە گونجاوە، بۆیە ئەفسەرەكەی هەواڵگری ئێران داوای لە هاووڵاتییە عێراقییەكە كرد ئەوەی دەیزانێت و بۆ ئێران بە سوودە پێی بڵێت.

عێراقییەكە ئەوەی بە ئەفسەرە ئێرانییەكە راگەیاند كە هاوڕێیەكی لە  بنكەی ئینجەرلیك هەیە و خوازیارە سیخوڕی بۆ ئێران بكات، ئەمەش سەرنجی ئەفسەرەكەی راكێشاوە.

زانیارییەكان راپۆرتەكە لەو نووسراوە هەواڵگرییانەی ئێران وەرگیراون كە دەست ماڵپەڕە ئەمریكییەكە كەوتوون و فراوانی هەژموونی ئێران لە عێراق و چۆنێتی چاندنی سیخوڕەكان لە نێو جومگەكانی وڵاتەكە دەخەنەڕوو.

ئەفسەرە ئێرانییەكە ، هاووڵاتییە عێراقییەكەی راسپاردووە بۆ سەلماندنی تواناكانی، سەردانی توركیا بكات بۆ قسەكردن لەگەڵ هاوڕێكەی لە بنكەی ئینجەرلیك. هاووڵاتییە عێراقییەكە دوای ئەوەی سەردانی توركیا كردووە و لەگەڵ هاوڕێكەی كۆبووەتەوە، بە ئەفسەرە ئێرانییەكەی راگەیاندووە كە بە هۆی رێوشوێنە ئەمنییە توندەكانی بنكەكە هاوڕێكەی ناتوانێت بە بەردەوامی پەیوەندی لەگەڵیان هەبێت، باشترە تا دوو مانگی دیكە چاوەڕێ بكەن، چونكە بۆ خوولێكی مەشق دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا و پاشان كارەكەی دەگوازرێتەوە بۆ بنكەی عەین ئەسەد لە ئەنبار، ئەو كاتیش پەیوەندیكردن لەگەڵیدا ئاسان دەبێت.

بە هۆی سەرسامبوونی ئەفسەرە ئێرانییەكە بە كاری عێراقییەكە، وەك سیخوڕ قبوڵ دەكرێت و ژمارەی 364ی پێدەدرێت.

نووسراوە نهێنییەكانی ئێران دەریدەخەن كە یەكێك لە هۆكارەكانی سەركەوتنی كارە هەواڵگرییەكانیان لە دژی ئەمریكا لە عێراق ئەوەیە كە رێگەی كلاسیكی بەكاردەهێنن لە كاتی چاوپێكەوتن لەگەڵ سیخوڕەكانیاندا، وەكو بازاڕەكان و سەردان بۆ شوێنە ئاینییەكان.

ئەفسەرە ئێرانییەكە لە یەكێك لە راپۆرتەكانیدا باسی لە كۆبوونەوەی خۆی و سیخوڕەكەی كردووە كە لە شاری هەولێر بەڕێوەچووە و دوای ئەوەی لە ماجدی مۆڵ یەكتریان بینیوە، بە ئۆتۆمبێلی سیخوڕەكە چوونەتە دەوروبەری هەولێر و قسەیان كردووە. سیخوڕەكە داوای لێكردووە پارەكەی بۆ زیادبكەن.

بۆ بینینی دەقی راپۆرتەکە بە ئینگلیزی کلیک لێرە بکە: