X
ئ|

لۆک؛ مافەکانی فەرمانڕەواکان

فەرهەنگ

13/02/2021     165 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text


(لە نامەیەک لەبارەی لێکبوردنەوە، بەرهەمی لۆک)


و. ڕێبین هەردی

لۆک جیاکردنەوەی دەوڵەت لە کەنیسە بە مەرجی لێکبوردنی عەلمای دەزانێت و بڕوای وایە ئەم جیابونەوەیە لەسەر بنەمای ئەرکی هەر یەکێکیان و ئەو ئامانجەی بەدوایەوەن و ئەو ئامرازانەی بەشێوەیەکی ڕەوا بەکاری دێنن، دروست دەبێت. لێرەوە ئەرگۆمێنتی لۆک بە قازانجی لێکبوردن، لە بنەڕەتدا ئەرگۆمێنتێکی سیاسیە. بە بڕوای لۆک لێکبوردن دەرئەنجامی مافی نەمری تاک نیە، گەرچی قەبوڵی دەکات کە حوکمی ویژدان هەمیشە ئیلزامیە. لۆک بە پێچەوانە بێلەوە سەرەتا سنوور و ئاستی دەوڵەت و کەنیسە و هاوڵاتیان دیاری دەکات. پاشان باسی مافەکانی ویژدان (ئازادی بیروڕا و باوەڕ) دەکات. بنەمای تیوەرەکانی لۆک ئەو ئەرکەیە کە بۆ بونیادی سیاسی و مەزهەبی دایدەنێت. دەوڵەت و کەنیسە گەر بە ئەرکی خۆیان هەڵنەسن، و لە سنووری ئەو دەسەڵاتەی بەشێوەی ڕەوا هەیانە، زیاتر بڕۆن، دوچاری شکست دەبن. ڕونتر بڵێین لۆک دەست بۆ ئەرگۆمێنتێک دەبات کە دوو ڕەهەندی هەیە. دەڵێت نەک تەنیا بونیادە دنیایی و ڕەواکان مافی ئەوەیان نیە بڕوایەک بەسەر هاوڵاتیاندا بسەپێنن، بەڵکو لە بنەرەتدا توانای کاری وایان نیە: بڕوای هەر کەسێک لە ویژدانی خۆیەوە بەرهەم دێت، وهیچ ئامرازێکی ناچارکەرانە ناتوانێت، بڕوایەک بەسەر کەسێکدا بسەپێنێت. واتە کارێک بکات کە ویژدانی مرۆڤ شتێک کە بە هەقیقەتی نازانێت، وەک هەقیقەت قەبوڵ بکات. لەوڕوەوە کە بڕوا دەرئەنجامی ئیرادەی مرۆڤ نیە، هیچ کەس ئامرازی پێویستی نیە، تەنانەت بۆ خۆی بڕیار بدات کە ویژدانی دەبێت چ شتێک وەک هەقیقەت قەبوڵ بکات. کەوابوو ئەرگۆمێنتی سیاسی جیابونەوەی دەسەڵاتەکان بەتوندی بەستراوە، بە ئازادی ویژدانەوە، ئەگەرچی دەرئەنجامی جیابونەوەی دەسەڵاتەکان نیە.

لەگەڵ ئەمەشدا تێزی مافی نەمر بۆ ویژدان، ڕوبەڕوی دژایەتیەک دەبێتەوە: ئەگەر ئەرکی فەرمانوەرگرتن لە ویژدان لە پێشە، کەوابوو ڕەنگە سەرپێچی لە یاسا باوەکان و بایەخنەدان پێیان لە دۆخێکدا کە پێچەوانەی ویژدان بێت، بەو بیانووەی کە یاسای نادادپەروەر و سەرکوتکەرن، کارێکی ڕەوا و پاساوی هەبێت. ئایا لەم دۆخەدا ناگوترێت کە مرۆڤ دەبێت پەیڕەوی لە ویژدانی خۆی، واتە خودا بکات نەک لە حوکمڕانان؟ کاری دروست ئەوەیە کە هەم بۆ دەستتێوەردانی ڕەوای حوکمڕانان و هەم بۆ ئەو مافەی هاوڵاتیان هەیانە لە گەڕانەوەیاندا بۆ ویژدانیان بۆ ڕاکردن لە فەرمان وەرگرتن لە یاساکان  – کە ئەگەر نەبێت بناغەی کۆمەڵگا دەڕوخێت- سنوریک دیاری بکەین. مەسەلەی لۆک ئەوەیە مافەکانی ویژدان و ئەرکی فەرمانبەری دنیایی لەگەڵ یەکدا بگونجێنێت. واتە بۆ فەرمانبەری لە یاساکان بناغەیەک دیاری بکات و لەهەمانکاتدا ویژدان بە پێوەری ئەرکی هاوڵاتیان دانەنێت. بە ڕەوا زانینی لێکبوردن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سەرچاوەی ماف و فەرمانبەری دنیایی بناسین. دەوڵەت بەر لە هەموو شتێک کۆبونەوەی ئیرادی مرۆڤەکانە، بە مەبەستی سەقامگیرکردنی بەرژەوەندیە مەدەنیەکانی خود، کە ئازادانە بەشداری تیا دەکەن. ئەم کۆبوونەوەیە بەرهەمی ئیرادەی هاوبەشی هەمووانە. بەو مانایەی کە کۆتایهێنان بە حاڵەتی سروشتی ژیانی مرۆڤەکان، واتە حاڵەتێک کە مرۆڤەکان ناتوانن تیاییدا بە ئارامی و ئاسایش بژین و لە زیانگەیاندنی دوو لایەنە بەیەک پارێزراو بن. دەبێت دەوڵەت لەسەر بنەمای ئامانج و ئەو پاڵنەرانەی بوونەتە هۆی دروستبونی، پێناس بکرێت. دەوڵەت دەبێت پاسەوانی ژیان، ئازادی و موڵکایەتی ڕەوای داراییەکانی هاوڵاتیان بێت. حوکمڕان دەبێت تەنیا بەسەرنجدان لەم ئامانجانە، سزا بۆ ئەو کارانە دابنێت کە ڕەنگە زیانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندی مەدەنی هاوڵاتیان هەبێت. بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکەش، یاساکان و هێزە کۆمەڵایەتیەکانی لەبەردەستدایە. بەمشێوەیە ڕێگە خۆش دەبێت بۆ دیاریکردنی سنورێک کە دەستتێوەردانی دەوڵەت تیاییدا قەبوڵکراوە: لەو ڕوەوە کە دەوری حوکمڕانان تەنیا دنیاییە، نابێت دەست بۆ ئەو مەسەلانە بەرێت کە پەیوەندی بە ژیانی رۆحی هاوڵاتیانەوە هەیە و زیانیشی بۆ بەرژەوەندیە مەدەنیەکان نیە. لەبەر ئەوەی هیچ دین و هیچ بڕوایەک لە ڕووی پاراستنی بەرژەوەندیە مەدەنیەکانەوە پێویست نیە، کەوابوو حوکمڕان ناتوانێت لە بواری دیندا یاسا دابنێت یان سزایەک لەبەرچاو بگرێت. لۆک بەتەواوی بەرژەوەندیە مادیەکان لە بەرژەوەندیە مەعنەویەکان جیا دەکاتەوە و لەسەر بنەمای ئەم جیاکاریە سنورەکانی دەسەڵاتی حوکمڕان دیاری دەکات و وەک دەیبینین، سنوری دەسەڵاتی کەنیسەش دیاری دەکات.

دیاریکردنی سنوری مافی حوکمڕان ڕێگە بۆ ئەوە خۆشدەکات کە مافەکانی هاوڵاتیانیش دیاری بکرێت: هاوڵاتیان تا ئەوکاتەی زیانیان بە بەرژەوەندیە مادی و دنیایەکان نەگەیاندووە، بەتەواوی مافی ئازادی بیروڕا و دینی خۆیان هەیە. لێرەوە هەرکەس ئازادە هەر بیروڕایەک فێربکات یان بڵاو بکاتەوە، بەو مەرجەی ناکۆک نەبێت لەگەڵ بەرژەوەندی مەدەنیدا. سنووری ئازادی یان لێکبوردن، بەرژەوەندی مادی و دنیاییە، یان بە دەربڕینێکی تر هەمان وەزیفەی پەیڕەویکردنە لە یاساکانی حوکمڕان. ویژدانی تاکەکەس سنووری تایبەتی خۆی هەیە و لەو سنوورەدا ئازدی تەواوی هەیە، بەڵام ئەم ئازادیە ناتوانێت پاڵنەرێکی ڕەوا بێت بۆ یاخیبونی مەدەنی.

لۆک لێکبوردن بە بەرهەمی جیابونەوەی تواناکان و دەسەڵاتەکانی حوکمڕان لە مافەکانی هاوڵاتیان دەزانێت. لەبارەی کەنیسەشەوە وەک دەبینین، هەر هەمان بۆچونی هەیە. بەمشێوەیە ئەرگۆمێنتی لیبڕالانە دەورێکی سەرەکی لە تیورەکەی لۆکدا هەیە: دەسەڵاتێک کە حوکمڕان هەیەتی و ئەو ئامرازانەی بەشێوەی ڕەوا پێی سپێرراوە، بەتەواوی گونجاوە لەگەڵ ئەو ئامانجانەی کە دەوڵەت لە پێناویدا درووستکراوە و هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت جگە لەمە، هیچ ماف و ئیمتیازێکی بەسەر تاکەکانی خۆیەوە هەبێت.

دەق

بەبڕوای من دەوڵەت کۆبونەوەی مرۆڤەکانە کە تەنیا بە مەبەستی پاراستن و زیادکردنی داراییە مەدەنیەکانیان درووست بووە.

من دارایی مەدەنی بەم شتانە دەزانم: ژیان، ئازادی، تەندروستی و تیماری جەستە لەبەرامبەر ئازار و دەردا، موڵکایەتی دارایی وەک زەوی، پارە و کەلوپەل و شتی تر.

حوکمڕانی وڵات ئەرکی ئەوەیە بە هاوکاری ئەو یاسایانەی بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان بەکاری دێنێت، زەخیرەی دروست و موڵکایەتی هەموو ئەو شتانەی پەیوەستن بە ژیانی مەدەنی بۆ هەموو خەڵک بە گشتی و هەر یەک لە هاوڵاتیان بەتایبەتی زامنبکات. ئەگەر کەسێک بیەوێت یاساکان، جگەلەوەی رێگە پێدراو و ڕەوایە پێشێل بکات، دەبێت ترس لە سزادان ڕێگە لە سەرکیشیەکەی بگرێت. ئەم سزایەش بێبەشکردنێتی لە سەرجەم یان بەشێک لە داراییەکانی کە دەیتوانی یان دەبوو سودی لێ وەربگرێت. بەڵام لەبەرئەوەی هیچ کەس بە ڕەزامەندی و ویستی خۆی ناچێتە ژێر باری لەدەستدانی دارایی و ئازادی یان ژیانی خۆی، حوکمڕان بۆئەوەی سزای ئەو کەسانە بدات کە دەستدرێژی بۆسەر مافی کەسانی تر ئەکەن، چەکدارە بە هێزی یەکێتی سەرجەم هاوڵاتیان.

ئەوەی پاش ئەمە دێت دەریدەخات حوکمە یاساییەکانی حوکمڕان، تەنیا سەبارەت بە داراییە مەدەنیەکانە، و مافی موڵکایەتی دەسەڵاتی دنیایی کورت دەبیتەوە بۆ پارێزگاری و زیادکردنی داراییەکان و بەس. ناشبێت یان ناتوانێت بەهیچ شێویەکی پەیوەندی بە ژیانی ڕۆحیەوە هەبێت.

سەرەتا پەیامی تیمارکردنی رۆحی مرۆڤەکان، بە حوکمڕانی دنیایی و هیچ مرۆڤێکی تر نەدراوە: نە لەلایەن خوداوە کە هەرگیز نەبینراوە دەسەڵات بە گروپێک لە بەرامبەر گروپێکی تردا بدات، بۆ ئەوەی بتوانن ئەوانی تر بهێننە سەر دینی خۆیان، نە لەلایەن مرۆڤەکانەوە کە ناتوانن دەسەڵاتێکی وا بە حکومڕان بسپێرن. چونکە هیچ کەس ناتوانێت زامنی ڕزگاری ژیانی رۆحی یان دیاریکردنی دینەکەی خۆی یان سەپاندنی بڕوایەک بەسەر خۆیدا، بەکەسێکی دی بسپێرێت، جا ئەو کەسە شازادەیەک بێت یان هاوڵاتیەکی سادە. چونکە هیچ کەس ناتوانێت -تەنانەت گەر بیشیەوێت- بە فەرمانی کەسێکی تر ، بڕوای بە شتێک بێت. بەڵام هێز و کاریگەری دینی ڕاستەقینە لە باوەڕدایە، باوەڕ کە زامنی ڕزگاری رۆحیە. ئەگەر مرۆڤ لە دڵەوە بڕوای نەبێت بەڕاستی مەزهەبێک کە بەڕوکەش پابەندە پێوەی و تەنانەت بە زمانیش دانی پیا دەنێت، بشزانیت کە جێی رەزامەندی خوداش نیە، نەک هەر یارمەتی ڕزگاری رۆحی خۆی نادات، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕێگر لەبەردەمیدا درووست دەکات. بەمشێوەیە لەڕاستیدا مرۆڤ لەبری ئەوەی گوناهەکانی خۆی بە کرداری دینی بسڕێتەوە، ڕیاکردنی دینی و بێ ڕێزی بە دەسەڵاتی خوداییش، بۆ گوناهەکانی خۆی زیاد دەکات. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە دینێک پێشکەش خودای زۆر مەزن و زۆر میهرەبان دەکات، کە خۆی دەزانێت جێێ ڕەزامەندی خودا نیە.

دوهەم ئەوەی کە تیماری رۆحی مرۆڤەکان لە ئەستۆی حوکمرانی دنیایی نیە، چونکە هەموو دەسەڵاتی ئەم حوکمڕانیە لە ناچارکردندایە. بەڵام لەبەرئەوەی دینی ڕاستەقینە و ڕزگارکەر لە باوەڕی دەروونی رۆحی مرۆڤدایە، کە بێ ئەو هیچ شتێک لەبەرامبەر خودادا نرخی نیە، کەوابوو ماهیەتی ئیداراک و هەستی مرۆڤ بەشێوەیەکە کە هیچ هیزێک ناتوانێت لە دەرەوە ناچار بە شتێکی بکات. دەستبەسەراگرتنی دارایی، ئازاری جەستەیی بەهۆی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانەوە، ئەگەر بە مەبەستی گۆڕانی هەڵسەنگاندنی مرۆڤ بێت لەبارەی شتێکەوە، بێهودەیە. بەڵام ڕەنگە بڵێن حوکمڕان دەتوانێت بۆ رێنمای کافرەکان بۆ هەقیقەت و هێنانەوەیان بۆ ڕێگەی ڕاست، بەڵگە و سەلماندن بەکار بهێنێت. گەر وا بێت، ئەوا لەمڕوەوە لەگەڵ مرۆڤەکانی دیدا هیچ جیاواز نابێت: ئەگەر لەڕێگەی ئەرگۆمێنتەوە کەسێک پەروەردە و ریفۆرم و چاک بکات کە گومڕاهە، کارێکی کردووە کە هەر مرۆڤێکی باش دەبیت ئەنجامی بدات. لەبەرئەوە پێویست ناکات حوکمڕان سەرەڕای ئەوەی کە مرۆڤە و مەسیحیە، خەسڵەتێکی تایبەتی هەبێت. بەڵام قانعکردن شتێکە و فەرمانکردن شتێکی تر. یەکێکیان بەڵگە هێنانەوەیە و یەکێکیشیان فەرمان کردنە. یەکێکیان دەرئەنجامی چاکەخوازی مرۆڤە و ئەوی تریان دەرئەنجامی دەسەڵاتی دنیاییە. هەر بونەوەرێکی فانی ئەرکی ئەوەی هەیە ئەوانی تر هوشیار بکاتەوە، هەڵەکانیان ئاشکرا بکات، هانیان بدات و رێنماییان بکات بۆ بیروڕاکانی خۆی. بەڵام ئەرکی تایبەتی حوکمڕان ئەوەیە حوکم بکات و فەرمان بدات و بە شمشێر ناچار بکات. دەمەوێت بڵێم دەسەڵاتی دنیایی نابێت بە یاسایی دنیایی، چ لە زەمینەی حوکمە بڕاوەکانی شەرع و چ لەبارەی شێوەی دینی خودا، فەرمان بۆ باوەڕی خەڵک دەربکات. چونکە گەر ئەمکارە هاوڕی لەگەڵ سزاداندا نەبێت، یاسا دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات، و ئەگەر سزاش ڕەچاو بکرێت، بێگومان بێهودە دەبیت و هێزی قەناعەت پێکردنێکی لاوازی دەبێت. ئەگەر کەسێک بیەوێت، بۆ ڕزگاری رۆحی خۆی چەندان حوکم قەبوڵ بکات یان کار بە مەزهەبیک بکات، دەبێت لە قوڵایی دەرونیەوە باوەڕی بەوە هەبێت کە ئەو حوکمە ڕاستە و ئەو مەزهەبە قەبوڵکراوی خودایە. بەڵام هەرگیز هیچ سزایەک ناتوانێت باوەڕێکی لەم چەشنە درووست بکات. بۆ گۆرانی هەستێکی دەرونی، تیشکێک پێویستە کە هەرگیز سزادان ناتوانێت ئەم جۆرە تیشکە بپرژێنێت.

سێهەم ئەوەی کە چاودێریکردنی ڕزگاری رۆحی، کاری فەرمانڕەوای دنیایی نیە، چونکە تەنانەت گەر قەبوڵی بکەین دەسەڵاتی یاساکان و هێزی سزادان کاریگەری هەیە بۆ ناچارکردنی مرۆڤ بۆ قەبوڵکردنی باوەڕێک، دەبێت ئەوەش قەبوڵبکەین کە بێگومان هیچ کاریگەری لەسەر ڕزگاری رۆحی ئەو مرۆڤە نیە. لەبەرئەوەی مەزهەبی هەقیقی یەکێکە و لەوڕوەوە کە تەنیا یەک رێگە هەیە بۆ گەیشتن بە جێگەی بەختەوەرەکان، تەنانەت گەر هەموو مرۆڤەکان لە هەلومەرجێکدا دابنێین کە هەمویان ناچار بن فەرمانەکانی عەقڵ و ویژدانی خۆیان بخەنە لاوە و کوێرانە حوکمەکانی میر جێبەجێ بکەن و خوا بە پێی یاساکانی وڵاتەکەی بپەرستن، چ ئۆمێدیک بەوە هەیە کە ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان بە ڕزگاری رۆحی بگەن؟ بیروڕای مەزهەبی میرەکان زۆر جۆراوجۆرن و دەرگای ئاسمانیش زۆر باریک و تەنگە و تەنها بەڕووی گروپیکی کەمی پەیڕەوانی دینێکدا دەکرێتەوە. و ئەگەریش وا بێت – کە زۆر بێ مانایە و پێچەوانەی کاروباری خودایە-، ئەوا خۆشبەختی نەمر یان سزادانی ئەبەدی مرۆڤ، بەهۆی ڕێکەوتی لەدایکبونیەوە دیاری دەکرێت.

تەنیا ئەم هۆیانە بێ گوێدانە هۆی زیاتر کە دەمانتوانی بیهێنینەوە، بۆ وەرگرتنی ئەو ئەنجامە بەسە کە هەموو دەسەڵاتی دەوڵەت تەنیا و تەنیا پەیوەندی بە داراییە مەدەنیەکان، و سنووردارە بە کاروباری ئەم جیهانە و نابێت دەستوەردان لە هیچ شتێکدا بکات کە پەیوەندی بە ژیانی دوایی مرۆڤەوە هەیە.

سەرچاوە:

ژولی سادا ژاندرۆن: تساهل در اندیشە غرب. ترجمە عباس باقری. تهران، نشر نی ١٣٧٨

هەواڵی زیاتر

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 21 خولەک پێش ئێستا

ئیسرائیل ناو و وێنەی 30 سەركردەی كوژراوی حەماس و جیهادی بڵاوكردەوە

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 2 کاتژمێر پێش ئێستا

شەش منداڵ لە كاتی یاریكردنیان بە بۆمبێك بوونە قوربانی

هەواڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاووتوێكردنی ڕەوشی فەڵەستین كۆدەبێتەوە