X
ئ|

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و ڕوانگەیەك!

کراوەیی ئیسلامی

پێش 2 هەفتە     157 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

ئیبراهیم مەلازادە

وێڕای پیرۆزباییم بۆ ئەو هەنگاوانەی کە کۆمەڵ لەو کۆنگرەیەدا هاوێشتوونی، جێگای دەستخۆشیشن.
لێتان ناشارمەوە، لێکردنەوەی پاشناوی ئیسلامی بۆمن چاوەڕوانکراو نەبوو، بە حوکمی شارەزاییم لە بیرکردنەوەی ئیسلامییەکان بەگشتی و وابەستەبوونییان بەهەندێك سیمبۆڵ و ڕواڵەت، وێڕای ئەو پیرۆزگەراییەی کە لەدەوری ئەوناوە ئاڵێندراوە. دێتە بیرم، ئەگەر هەڵە نەبم، لە 2002 لە سەفەرێکم بۆ کوردستان، کاک زانا ڕوستایی لەماڵەوە سەردانی کردم، دوای گفتوگۆیەکی چڕ و پڕ، پێم گوت: ئەگەر کۆنگرەیەك ببەستن و دوو کار لەو کۆنگرەیەدا ئەنجام بدەن، خۆتان لەزۆر کێشەی گەورە ڕزگار دەکەن و لەکاروانی سیاسیدا دواناکەون:

یەکەم: لەکۆنگرەکەدا بڕیار بدەن چەك دابنێن، چونکە ئەگەر چەك لە قۆناغێکدا پێویستیی بووبێت، بەڵام لەمەودوا هەرێمی کوردستان بەرەو قۆناغێکی تازە و "دامەزراوەیی" دەچێت و دەتوانن ئەندامانی چەکدارتان لەپڕۆسەیەکدا بخزێننە ناو وەزارەتی پێشمەرگە. ئەگەر وانەکەن، لەوانەیە چەك بەدوڕیانێکی مەترسیداردا بتانبات، بەتایبەتیش ئەوکاتە پرسی گۆڕانکاری گەورە لەعێراق زۆر چاوەڕوانکراو بوو.

دووەم: ناوی پاشگری ئیسلامی لەخۆتان بکەنەوە، دەبێتە هەنگاوێك کە پێشتر ڕووی نەداوە، چونکە خۆجیاکردنەوە بەو ناوە لە خەڵك، زۆر پەیامی نێگەتیڤ بەخۆیەوە هەڵدەگرێت، بەتایەبتیش جیاوازییەکی ئەوتۆیان نابێت لەگەڵ یەکگرتوو. ئەوکاتە، کەم و زۆر قسەکەم بستێكیش بڕی نەکرد. بەپێچەوانەوە دەربڕینی هەندێك ڕاوبۆچون لەوکاتەدا لەوانەش لەئامێزگرتنی ئاڵای هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی کۆمەڵێك ڕەخنەیان کردمەوە، کە لەو قسانە حاڵی نەدەبوون و دواییش هەرزوو ئاڵایان بەرزکردەوە. وەکو ئەوەی ئەمڕۆش کە ڕایەك دەردەبڕین، هەندێك کەس کە سەلکی سیر و پیاز لێك ناکەنەوە، دێن و دەست بە دابەشکردنی تۆمەت دەکەن.

پەیامی یەکەمم کاتێك ڕووی دا کە کۆمەڵ ڕووبەڕووی ژمارەیەك کێشەی ترسناك بووەوە، خەڵکێکی زۆری لە پڕۆسەی (ئازاد)کردنی عێراق لێ کوژران، پاشانیش ئەمیری کۆمەڵ دەستگیرکرا و کۆمەڵی خستە دۆخێکی خراپەوە.

دیارە، گۆڕانکاری بەتایبەتی لە بیرکردنەوەدا، میکانیزمێکی کتوپڕ نیە، بەڵکو پڕۆسەیەکە و پێویستی بە سازکردنی هەڵومەرجی تایبەت هەن. واپێدەچێت، لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە بیرکردنەوە و زیهنییەتی ئەندامانی کۆمەڵ ڕووی دابێت. بەڵام ئەم هەنگاوە هەر ڕواڵەتییە، ئەگەر هەنگاوی دیکەی گرنگی بەدوادا نەیەت. هەڵبەت، گرنگی گۆڕیینی ناوی ئەمیر، هیچی لە لادان و گۆڕینی پاشگرە ئیسلامییەکە کەمتر نیە، چونکە پەیامەکانی پشت ناوەکەی ئەمیر، چەقبەستووترن لەپاشگرە ئیسلامییەکە.

ئەمن لەجێگای کۆمەڵ بوام، تەنانەت وشەی کۆمەڵیشم دەگۆڕی بۆ بزووتنەوە و دەمکردە بزووتنەوەی دادگەری، نەك کۆمەڵی دادگەری. چونکە لەلایەك دادگەریش کتوپڕ ڕوونادات، دووەمیش، دادگەری تەنها بۆ ئەو کۆمەڵە نیە و بۆی هەیە خەڵكێك لەناو کۆمەڵیش هەبن کە زۆر نادادگەر بن، بەڵکو دادگەری بۆ کۆمەڵگەیە، بۆیە ئەوسا ئەو پڕۆسەی کارکردن بۆ گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، لەناوێکی سنوورداری هەڵگری ژمارەیەك ڕەهەندی مێژووییەوە، دەگۆڕدرا بۆ پانتاییەکی کۆمەڵایەتی سیاسی و ئابووری، بۆی هەبوو سنوورە ئایدیۆلۆژییەکان ببڕێت بۆ بزووتنەوەیەکی مەدەنی بەرفراوان و پێویستییەکی هەنووکەیی کۆمەڵگەی کوردی و ڕەنگدانەوەی بەشێك لەو چەمك و ڕستانە دەبوو کە سەرۆکی کۆمەڵ لەوتاراکەیدا جەختی لەسەر کردنەوە. هەڵومەرجەکان بۆ وەها بزووتنەوەیەك لەهەرێمی کوردستان هێندە لەبارن، نەبێتەوە.

دیارە، ئەو گۆڕانکارییە، هەر سنوورە ڕواڵەتییەکانی نابڕێت ئەگەر ئاسۆی بیرکردنەوەی سەرکردایەتی کۆمەڵ، نەگوازرێتەوە بۆ پانتاییەکی مەدەنی هاوچەرخ، بە ئەنجامدانی دوو هەنگاو:

یەکەم: داڕشتنی ستراتیژییەتێکی نیشتمانی ڕۆشن، پێمان بڵێن، دەیانەوێت چی بکەن. ئەگەر لە هەڵبژاردندا بردیانەوە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ ببەن؟ ڕاوبۆچوونییان سەبارەت بە پرسی کورد و داخوازییە نیشتمانییەکانی خەڵكی کوردستان چین؟ ڕوانگەیان بۆ پێکهاتە دینییەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چیە؟ پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و هەنگاوە تاکتیکی و ستراتیژییەکانی ئەو پەیوەندییە چی دەبن.

دووەم: گۆڕانکاری ڕیشەیی لەچەند شتێك، لەوانەش؛
1- کرانەوە لەبەردەم هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەچاوپۆشین لە موسولمانبوون و نەبوون. بە مانای کردنەوەی دەرگای ئەندامبوون بۆ هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
2- خۆڕزگارکردن لەزمانی دینی، وەکو ئەهلی ذیممە و تاد، کۆمەڵە چەمکێك زادەی مێژوون نەك شتێکی دیکە. لەوانەش چەمکی ئەمیر بوو کە لەو کۆنگرەیە گۆڕدرا.
3- جەختکردنەوە لەسەر هەنگاونان بەرەو دامەزراندنی دەستەڵاتێکی مەدەنی، لەچوارچێوەی دەستورێكی مەدەنیدا. ئەمەش بەدوورخستنەوەی دەستی حیزب لەدامەزەراوە ڕەسمییەکان، دوورخستنەوەی هەموو جۆرە ئایدیۆلۆژیایەكیش بەمانای گەڕاندنەوەی جۆری سیستمی سیاسی، بۆ دەستەڵاتی خەڵك.

بەمەش دینداری و دەوڵەتداری لەیەك جیادەکەنەوە، کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گۆڕینی مکایزمی بیکردنەوەی خەڵکەکە دەبێت، بەوەی دەکرێت سەرۆكی وڵات کەسێکی دیندار بێت، خاوەنی بزووتنەوەیەکی دینداریش بێت، بەڵام سیستمی سیاسی وڵات موڵکی هەموو خەڵکە و تێکەڵ بە ئایدیۆلۆژیا و دین و پرسە سیاسییە تایبەتییەکان ناکرێت.

بەوەش، کۆمەڵ پانتاییەکی گەورەی لەنێوان خۆیان و یەکگرتووی ئیسلامی دروست دەکرد. هەڵبەت بە لابردنی پاشناوی ئیسلامی، کۆمەڵ گرەوی لە یەکگرتووی ئیسلامی بردەوە و پێشی کەوتەوە، ئەگەر لەوە تێگەیشتبن کە حیزب میکانیزمێکی سیاسییە نەك دینی!