X
ئ|

كۆرۆناو دوو په‌یامی جیاواز له‌هه‌رێمی كوردستان

سۆشیال میدیا

پێش 2 هەفتە     238 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت
 له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانیكیدا باسی له‌ زێده‌بوونی رێژه‌ی په‌تای كۆرۆنا له‌ ناوچه‌كه‌و عێراق ده‌كرد ، ئه‌مه‌ وه‌ك زه‌مینه‌ خۆشكردنێك بۆ چه‌سپاندنی ھه‌ندیك رێكاری نوێ بۆ خۆپاریزی خویندنه‌وه‌ی بۆ كرا، كه‌چی ھه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی رێك پێچه‌وانه‌ی ئه‌م لێدوانه‌ ھاوولاتیانی دلنیا كرده‌وه‌، كه‌ جارێكی تر سلێمانی كه‌ره‌نتینه‌ ناكرێت وه‌ دۆخی شاره‌كه‌ی به‌باشه‌ ناوبرد! ئه‌م پارادۆكسه‌ هانیدام چه‌ند شتێك ده‌رباره‌ی  كۆڕۆنای نوێ له‌كوردستان بنووسم. به‌هۆی ئه‌و ئه‌زموونه‌ی له‌ماوه‌ی ساڵێك كاركردن له‌سه‌ر كۆڕۆنا خوێندنه‌وه‌ی نوێترین ئه‌و توێژینه‌وه‌ ئه‌كادیمیانه‌ی ده‌رباره‌ی ئه‌و په‌تایه‌ ده‌نووسرێن په‌یدامان كردووه‌، به‌پێویستم زانی ئه‌و چه‌ند خاڵه‌ بخه‌مه‌ روو:

1-ئه‌وه‌ی به‌ روونی ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ژماره‌ی تووشبووانی په‌تای كۆڕۆنا  له‌ژماره‌یه‌كی زۆری شاره‌كانی عێراق به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له‌ ھه‌ڵكشانه‌و رۆژانه‌ ئه‌و ژماره‌ زێده‌تر ده‌بێت.

2-كۆڕۆنای گۆڕاو به‌ تایبه‌ت جۆری به‌ریتانیا به‌ شێوه‌یه‌كی خێرا زیاتر له‌ په‌نجا وڵات بڵاوبۆته‌وه‌ ، له‌وانه‌  ‌ئێران، كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی ئه‌و هاموشۆیه‌ زۆره‌ی له‌نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌دا هه‌یه‌،  گومانی تیا نییه‌ په‌تاكه‌ په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ عیراق،  به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ئه‌و توانایه‌ی نیه‌ رێژه‌كه‌ به‌وردی دیاری بكات.

3-رێژه‌ی كۆرۆنا  له‌ كوردستان راسته‌وخۆ په‌یوه‌سته‌ به عێراق ‌ وڵاتانی دراوسێی، له‌و خاڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ھاوڕام، كه‌  ترسی زیادبوونی ڤایرۆسه‌كه‌ ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه‌ و ده‌بێت به‌ وردی چاودێری بكرێت.
4-كۆرۆنای گۆڕاو ھه‌مان نیشانه‌كانی كۆرۆنای كۆنی ھه‌یه‌ و به‌ ھه‌مان شێوه‌ش چاره‌سه‌ر ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی به‌ته‌واوی ده‌رباره‌ی ئه‌و جۆره‌ یه‌كلابۆته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌، كه‌ خێراتر بڵاوده‌بێته‌وه‌و و به‌ رێژه‌یه‌كی زیاتر تووشی منداڵ‌ و كه‌سانی گه‌نج ده‌بێت.

5-له‌ ئێستادا شاره‌زایه‌كی زیاترمان ده‌رباره‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ھه‌یه‌و به‌ شێوه‌یه‌كی باشتر ده‌توانرێت چاره‌سه‌ری تووشبوانی په‌تاكه‌ بكرێت وه‌ ھه‌ندێك چاره‌سه‌ر له‌ژێر ده‌سته‌، كه‌ رێژه‌ی مردن كه‌م ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌م خاڵه‌شدا له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی ھاوڕام، كه‌ پێویست به‌ تۆقاندنی خه‌ڵك ناكات.

6-به‌ بۆچونی هه‌ندێك له‌ ھاوكارانم له‌ كوردستان خه‌ڵكێكی زۆر له‌ شه‌پۆلی یه‌كه‌می په‌تاكه‌ تووشی كۆڕۆنا بوون، ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵكێكی زۆر به‌رگریان  به‌رامبه‌ر ڤایرۆسه‌كه‌ دروست كردوه‌ ھه‌ر بۆیه‌ رێژه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ ئێستادا زۆر زیادی نه‌كردووه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی رێكاره‌كانی خۆپاراستن تا راده‌یه‌كی زۆر پشتگوێ خراون.

7-گرتنه‌به‌ری رێكاری توندی خۆپاراستن و كه‌ره‌نتینه‌كردنی خه‌ڵك،  كاریكی سه‌خته‌ بۆ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌موو وڵاتان، چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ژیانی خه‌ڵك و ئابووری وڵات، بۆیه‌ ده‌بێت دوای لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و له‌ژێر رۆشنایی ئامار و راستیه‌ زانستییه‌كانه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بدرێت و تیایدا ره‌چاوی دۆخی بێزاربوونی خه‌ڵك بكرێت، كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی زیاتر له‌ساڵێكه‌ به‌و دۆخه‌ ناهه‌مواره‌ تێده‌په‌ڕێت و له‌بنه‌ڕه‌تدا بێزاره‌و له‌ بارێكی ده‌روونی نائاسایی ژیان به‌سه‌ر ده‌بات.

8-رێژه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌، كه‌ له‌ زانستی پزیشكی به‌ (R) ده‌ناسرێت گرنگترین فاكته‌ره‌ بۆ بڕیاردان ده‌رباره‌ی توندكردنی ھۆكاره‌كانی خۆپاراستن و كه‌ره‌نتینه‌كردن . ھه‌ر كاتێك ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ سه‌رووی ژماره‌(1) بوو، ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت، كه‌ كه‌سی تووشبوو به‌ كۆرۆنا له‌ كه‌سیك زیاتر تووشی په‌تاكه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌تاكه‌ زۆر به‌خێرایی بڵابێته‌وه‌ و  مه‌ترسی ئه‌وه‌ درووست بێت، كه‌ نه‌خۆسخانه‌كان فریای  ژماره‌ی زۆری نه‌خۆشه‌كان نه‌كه‌ن. بۆیه‌ پیویسته‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ یارمه‌تی ناوه‌نده‌ زانستیه‌كان  به‌ وردی چاودێری ژماره‌ی تووشبوان بكات و له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و ژماریه‌وه‌ بڕیاری گونجاو بدات .

9- ھه‌موو لێكدانه‌وه‌كان ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ چه‌ند ھه‌فته‌ی داھاتوودا ژماره‌ی تووشبون به‌ كۆڕۆنا زیاد ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی داتای پێویست، رێژه‌ی زێده‌بوونه‌كه‌ نازانرێت.

10- دوا لێكۆڵینه‌وه‌كان وا ده‌رده‌خه‌ن، كه‌ له‌ داھاتوو ئه‌و ڤایرۆسه‌ له‌گه‌ڵ‌ مرۆڤایه‌تی ده‌ژێت و ده‌بێت خۆیان له‌گه‌ڵی رابێنن ، هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆی به‌كارھێنانی ڤاكسین له‌ چه‌ند مانگی داھاتودا ڤایرۆسه‌كه‌ به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو روو له‌كه‌می بكات.

له‌ كۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌م، كه‌ ئه‌ركی ھه‌موو تاكێكی كورده‌ مه‌ترسیه‌كانی ئه‌و ڤایرۆسه‌ به‌ هه‌ند وه‌رگرێت، به‌ڵام به‌ ھیچ شێوه‌یه‌ك پێویست به‌ تۆقاندن ناكات، راسته‌ ڤایرۆسه‌كه‌ گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه‌‌، به‌ڵام  رێكاره‌كانی خۆپاراستن هه‌روه‌ك خۆیه‌تی و ھیچ گۆڕانكاریه‌كی به‌سه‌ردا نه‌ھاتووه‌ . بۆیه‌ تا ده‌كرێت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ماڵ ده‌مامك ببه‌ستن و ئه‌گه‌ر زۆر پێویست نه‌بێت سه‌ردانی شوێنی قه‌ره‌باڵغ مه‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر له‌خۆت ناترسی، تكایه‌ به‌زه‌ییت  به‌ كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن، یان ئه‌وانه‌ی نه‌خۆشی تریان ھه‌یه‌ بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر‌ ئه‌وانه‌ تووشی ئه‌و په‌تابن ره‌نگ بێت زۆر به‌توندی بیگرن و ژیانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌.

له‌ فه‌یسبووكی‌ دكتۆر عارف گۆران پسپۆرو ڕاوێژكاری ھه‌ناو له‌ له‌نده‌ن وه‌رگیراوه‌.