X
ئ|

عەلمانۆفۆبیا/ئیسلامۆفۆبیا

کراوەیی ئیسلامی

پێش 1 هەفتە     156 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

د. سەردار عەزیز

چەمکی ئیسلامۆفۆبیا دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیەک لەمەوپێش لە ڕۆژئاوا. بە کورتی یانی ترس لە ئیسلام. ترس یان فۆبیا،  زۆرجار یانی هەستێکی ناعەقڵانی. بەم پێیە ئیسلامۆفۆبیا یانی هەبونی ترس، یان دروستکردنی ترس لە سەر بنەمای هەڵە، لە بەرامبەر ئیسلامدا. ئەم پرۆسەی هەڵە و ترسە ئاڵۆزە و لە شێوازی جیاوازدا دەردەکەوێت، بۆ نمونە گشتاندن، جۆرێکە لە ترس. بە جەوهەرکردن، کە یانی بڵێیت ئەمە کرۆکی ئیسلامە، ئەمەش جۆرێکە لە کورتکردنەوە و سنوربەندکردن، کە هەڵەیە. هەروەها لە شێوازی زۆر زەقتردا دەردەکەوێت وەک بوختان، درۆ، کینە. هەموو ئەمانە بۆیە ڕودەدەن چونکە ململانێی سیاسی هەیە لە نێوان ئیسلام و ئەو هێزانەی تر کە رکەبەری ئیسلام دەکەن. ئەمە بە گشتی وەها دەردەکەوێت کە لە ڕۆژئاوا پیادە دەکرێت بەڵام هەندێک لێکۆڵەر بڕوایان وەهایە کە هەندێک ڕژێمی سیاسی کۆمەڵگا ئیسلامییەکان، زۆر لە ئەوانیتر ئیسلامۆ فۆبیاترن.

لەم مێژوو و روداوانەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئیسلامۆفۆبیا میتۆدێکە بۆ ترساندنی خەڵك لە ئیسلام. زۆرجار ئەم ترساندنە هەڵەیە و بۆ ئامانجی سیاسی بەکاردێت. بە کورتی ئیسلامۆفۆبیا پرۆوپاگەندەیە دژ بە ئیسلام. بەم پێیە ئیسلامۆفۆبیا هەڵەیە، چونکە لە پانتایی عەقڵدا ڕونادات، بەڵکو لە پانتایی دەرون و سایکۆلۆجیادا بەڕێوەدەچێت. ئیدوارد سەعید وەک ڕەخنەگرێکی ڕۆژئاوا و داکۆکیکەرێکی ڕۆژهەڵات، هێڵێکی درێژبوە لە نێوان دژە سامیەت و ئیسلامۆفۆبیادا دەبینێت لە ڕۆژئاوا. بۆنی موسڵمان بە جولەکەی جاران، یەکێکە لە خیتابەکانی ئەمڕۆی ئیسلامییەکان لە ئەوروپا.

بە پشت بەستن بەم پاشخانە دەتوانین قسە لە دژە عەلمانیەت یان عەلمانۆفۆبیا بکەین لە کۆمەڵگای ئێمەدا. چەمکی عەلمانیەت یان سیکیولەر چەمکێکی نوێیە لە دونیای ئێمەدا. دەتوانین بڵێین مێژوی عەلمانیەت و مێژوی ئیسلامی سیاسی هەمان مێژوە. دیارە دەبێت پەیوەندی ئیسلامی سیاسی و عەلمانیەت، لە گەڵ ئیسلام و عەلمانیەتدا جودا بکەینەوە. بە گشتی لە هەردوولاوە، چ لای ئەوانەی کە خۆیان بە عەلمانی دەزانن و چ لای ئەوانەی کە خۆیان بە ئیسلامی دەزانن، شەڕێک لە ئارادایە. بەم پێیە لە دونیای ئێمەدا ململانێیەک لە نێوان ئیسلام و عەلمانیەتدا نیە، بەڵکو ململانێیەک لە نێوان ئیسلامی سیاسی و عەلمانیەتدا هەیە. ئیسلامی سیاسی هەوڵ دەدات کە خۆی بکات بە  ئیسلام، ببێت بە نوێنەری ئیسلام. بەڵام ئەم هەوڵە سنوردارە. چونکە هێزە ئیسلامییەکان لە هەناو خۆیاندا لە کێبڕکێیەکی زۆردان بۆ دەسەڵات و داهاتی زیاتر، هەروەها ناتوانن یەکتری قبوڵ بکەن. چونکە کرۆکی هەر هێزێک لە سەر فرەیی نیە، بەڵکو لە سەر تاکێتییە. بەو مانایە هەموو گروپێکی ئیسلامی خۆی بە تەنها بە ڕاست دەزانێت، هەر کاتێکیش دەسەڵاتی هەبێت، پێش عەلمانیەکان، ئیسلامیەکانی تر پەراوێز دەخات.

بەم پێیە عەلمانیەت هەیە، لە هەمانکاتدا بەرهەم هێنراوە. بە مانایەکی تر کەسێک هەیە کە خۆی بە عەلمانی لە قەڵەم ئەدات و تێگەیشتنی تایبەتی خۆی هەیە بۆ عەلمانی. بەڵام لە هەمانکاتدا عەلمانیەتێکیش هەیە لە خەیاڵی ئیسلامیەکاندا، وەک نەیارێک یان دژێک. ئەم دژە بە کافر، بێ ئەخلاق، و زۆر شتی تر ناوزەد دەکرێت. ئەم ناونان و بە گروپ کردن و بە دژ کردن و بە بێئەخلاقکردن و بە کافرکردنە هەموو پرۆسە و بانگەشەی سیاسین، لە پێناو ناوزڕاندن و ناشیرینکردن و نابوتکردنی ئەویتر. نەک وەک شەڕی نێوان چاک و خراپ، بەڵکو وەک پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئاگایی و خەیاڵی خەڵكی و بەکارهێنانیان بۆ مەبەستی سیاسی. بۆ نمونە هێزێکی ئیسلامی، کە لە ناو پرۆسەی سیاسیدایە، هێزەکەی تر بە عەلمانی و خراپ و کافر ناودەبات. بەڵام لە هەمانکاتدا جگە لە هەندێک ڕەفتاری تاکەکەسیی و سادە نەبێت هیچ جیاوازییەک لە نێوان هەردولادا نابینرێت. ئەمە قەیرانێکی لۆجیکی دروست دەکات: ئایا چۆن دەبێت دوو گروپ کە لە زۆر شتدا وەک یەک بن، لە هەمانکاتدا، یەکێکیان خۆی بە موسوڵمان و باش لە قەڵەم بدات و ئەویتریان کافر و خراپ؟

کەواتە بانگەشەی دژە عەلمانی بانگەشەیەکی سیاسییە لە پێناو دروستکردنی ترس و دوژمن و نەیار لای لایەنگرانی پارت و گروپە سیاسییەکان لە پێناو بە دەستهێنانی دەسەڵاتدا. ئەمە هەمان ئەو پرۆسە و کارانەیە کە ئیسلامیەکان گلەیی لێدەکەن لە جێگاکانی تر، کاتێک بەرامبەر ئیسلام دەکرێت. کەواتە ئەگەر بە تیرۆرکردنی ئیسلام و گشتاندنی ئیسلام وەک دژ ئافرەت و دژە مناڵ و دژە ئاژەڵ و دژە سروشت هەڵە بێت بە هەمانشێوە کردنی عەلمانی بە گروپ و بە کافر و بە بێئەخلاق  هەڵەیە.

قەیرانی هەرە گەورەی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ناعەقڵانیە. ناعەقڵانی بە مانای ئەوەی کە لە مێژوو ناڕوانێت، لە واقیع ناڕوانێت، لە ڕەفتاری کەس و گروپەکان ناڕوانێت، بەڵکو لە پرۆسەیەکی خیتابی پڕوپاگەندەییدا خەریکی دوژمن دروستکردن و ترساندن و گشتاندن و بوختان و فۆبیایە.

ئیسلامی سیاسی، هەموو ئیسلام نییە. هەر هەوڵێکیشی بۆ بوون بە هەموو ئیسلام و کردنی حەقایەتی خۆی بە تاکە حەقایەکی ئیسلام، دەرخەری جەنگێکی ناوخۆیی گەورەیە لە هەناوی ئیسلام و ئیسلامی سیاسیدا. لە ڕاستیدا ئیسلامی سیاسی لە زۆر ڕوەوە ڕەوتێکی عەلمانیە.  نەک لە بەر ئەوەی کە لە پەرچەکردار و ترسی عەلمانیەتدا دروستبوە، بەڵکو لە میانەی ڕکەبەریدا، هەمان ڕێسا و خیتاب و ئامراز و فۆرمیولای عەلمانییەکان بەکاردەهێنێت. بۆ نمونە بڕوابونی بە دیموکراسی، هەرچەندە تاکتیکانیە. کە وەها دەکات بڕوابون و تاکتیکەکەش ڕەفتارێکی میکیاڤیلیانەی سیاسی دوور لە ئەخلاق بێت. هەوڵی نوێنەرایەتی کردەیەکی عەلمانیە. ئەم هەوڵە دروستکردنی ئامرازی دەسەڵاتیی دونیاخوازیانەیە، نەک خوداپەروەریی. کەواتە ئەوەی لە ئارادایە شەڕی سیاسییە، کە کرۆکەکەی بەرژەوەندییە. پەرتکردنی کۆمەڵگا و دروستکردنی نەیاری وەهمی و بە ئاینیکردنی جیاوازییەکان کۆمەڵێ ڕەفتارن کە هەرگیز دەرئەنجامی باشیان نابێت. یەکێک لە ئارگومێنتە سەرەکیەکانی پێداویستبونی عەلمانیەت ئەوەیە کە جیاوازی دیدی سیاسی نەبێتە هۆکاری کافر و موسوڵمانبون. بەڵکو جیاوازبونە لە سەر بەڕێوەچونی کاروباری دونیایی. ئەم جیاکارییەیە کە عەلمانیەت دەکاتە پێویست. بە ئاسانی دەتوانرێت دەقە ئیسلامیەکان بەم ئاراستەیەدا ڕاڤە بکرێت.

عەلمانیەت بە ڕێگای جیاواز و شەپۆلی جیاواز بۆ کۆمەڵگای ئێمە دێت. ئەم وەرچەرخانە ئاساییە کە یار و نەیاری هەبێت. چەمکەکانی وەک یەکسانی  ژن و پیاو، کاتێک بەرجەستە دەبێت، لە کۆمەڵگایەکی تەقلیدیدا، بە دڵنیاییەوە بەبێ کێشە نابێت. ئەمە جۆری کار و پانتایی کارکردن و پەیوەندیی و خێزان دەگۆڕێت. بە شاربونی کۆمەڵگای ئێمە و کارکردنی هەردوو ژن و پیاو، بە ناچاری عەلمانیەت دەهێنێتە ناو پانتاییە تایبەتەکان و گرژی زۆر دروست دەکات، بە تایبەتی لە پانتایی خێزاندا. خێزان جیهانی ئیسلامی سیاسییە. خێزان وەک نەگۆڕێکی هەمیشەیی. بە ئاستێک دەتوانین بڵێین کە خێزان وەک یەکەیەکی سروشتی دەبینرێت لای ئیسلامی سیاسی. چۆن کرێکار پاڵەوانی چیرۆکی مارکسە و بورژوا دوژمنەکەیەتی. خێزانیش یەکەی سەرەکی ئیسلامی سیاسییە، لەوێوە دەیەوێت کۆمەڵگا و تاکەکان کۆنتۆڵ بکات. دیارە ئیسلام دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە دەوڵەت بەم شێوەی ئێستا لە وورد و دڕشتی ژیان دەستوەردانی نەکردوە، ئەوەی پێی دەوترێت بایو پۆلەتیک بونی نەبوە.  دیارە خێزان لە هەناو بونیاد و ئاگایی ئەواندا، بە گشتی لە سیستەمێکی پلەبەندیدا ڕێکخراوە کە باوک لە سەرەوەیە. ئەوانیتر بە دوایدا دێن. ئەمە هەتا ئاستێکی زۆر کرۆکی سیستەمی سیاسی خێزانی ئێمەشە. یان پاترۆمۆنیالیزم. ئەمە دژ بە بەها مۆدرێنەکانی وەک هاوڵاتی، ماف، یەکسانی، ئازادی، ئۆتۆنۆمییە، بە مانا کانتییەکەی.

جۆری سیستەمی ئابوری کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر عەلمانی بونی کەس و خێزانەکان. ئێمە لە دونیایەکدا دەژین کە چیدی سەردەمی ئاین وەک سیستەمێکی گشتگیر تیایدا کۆتایی هاتوە. چیدی بواری پزیشکی ئاینی نیە، بواری گەردونناسی ئاینی نیە، بواری دەرمانسازی ئاینی نیە، بواری تەکنەلۆجیا ئاینی نیە، بواری کشتوکاڵ ئاینی نیە، بواری پەیوەندییەکان ئاینی نیە، بواری ژینگە و تەندروستی ئاینی نیە. ئەوەی ماوەتەوە بواری ئەخلاقە. لە بواری ئەخلاقیشدا ئاین تەنگی پێهڵچنراوە، چونکە لە دونیادا ئەخلاقی مرۆیی هەتابێت زیاتر و زیاتر مرۆیی دەبێت. بەو مانایە ئەوە مرۆڤە لە سەنتەری ئەخلاقی مرۆڤدایە. ئەمە بە زەقی لە بواری ژینگەدا دەبینین کاتێک مرۆڤ ناچارە ئالنگاری بۆ ئەو هایراکییە دروست بکات کە سروشت و ئاژەڵ و گەردون لە خزمەتی مرۆڤدا دەبینێتەوە. دونیا بۆ مرۆڤ دروست نەکراوە. مرۆڤ لە دونیادایە.

 کاتێک مرۆڤ چوە سەر مانگ، ئەوەی زیاتر بۆی ڕونبوەوە بچوکی خۆی بوو لە گەردوندا. وێنەی زەوی لە مانگەوە، ئەو پەیامەی گەیاندا کە ئەم هەسارەیە لاواز و بچوکە لە هەناو سیستەمی ناکۆتای گەردوندا، بۆیە مرۆڤ دەبێت خۆی خەمی زەوی بخوات وەک ماڵی خۆی و زەوی ناکۆتانیە و دەکرێت پیس بێت، وێران بێت.

عەلمانیەت بە گشتی لە بواری سیاسەتدا لە دونیای ئێمەدا لە قەیراندایە. ئەوانەی بانگەشەی عەلمانیەتیان کردوە لە ڕابوردودا، لە ڕوانگەی ئایدەلۆژیایەکەوە کردویانە. ئەم ئایدەلۆژیایە مرۆڤ ناوەندەکەی نەبوە. بەڵکو جۆرێک لە مرۆڤ یان توێژێک لە مرۆڤ کرۆکیەتی. زانست کرۆکەی نەبوە.

چەندین دەیەی ڕابوردوو ئەزمونی ئەوەی پێداین کە ئاین ناتوانێت سیاسەت بکات لە دونیای ئەمڕۆدا. کرۆکی ئەم پرسە لە قەیرانێکی بونیادی گەورەدایە، ئەویش خۆی لە یەک بەرامبەر فرەدا دەبینێتەوە. بە مانایەکی تر، دوبارە بەرامبەر گۆڕاو.  لە بەناو شۆرشی ئێرانییەوە، ئاین گەڕایەوە بواری گشتی، لە دەورەبەری ئێمەدا. ئەمڕۆ زۆربەری زۆری ئێرانییەکان، نەک هەر نایانەوێت لە ژێر سایەی سیستەمێک و ڕژێمێکی ئاینیدا بژین، بەڵکو بە زۆری وازیان لە ئاینەکە خۆشی هێناوە. ئەمە بۆ هەموو وڵاتە ئاینیەکانی تریش ڕاستە کە ڕژێمی سیاسی و ئەخلاقییان لە قەیراندایە، دەکرێت سعودیە و تورکیا وەک دوو نمونە وەربگرین. ئەمە لە هەمانکاتدا دەرخەری قەیرانێکی ترە کاتێک ئاین و دەوڵەت نەتەوە لە یەکتر مارە دەکرێن. ئایا دەکرێت لە هەمانکاتدا ئاینیانە و دەوڵەت نەتەوییانە بیربکەینەوە؟ ئەمە لە هەموو وڵاتە ئیسلامیەکانی وەک ئەندەنوسیا، مالیزیا، پاکستان، ئێران، تورکیا، سعودیە و زۆر وڵاتی تردا بەڕێوە دەچێت. بۆ نمونە دوژمنی دەوڵەت دەبێتە دوژمنی ئاین. ئەمە لە ئێران و تورکیا بە زەقی دژ بە کورد دەبینین.

دیارە گەرانەوەی ئاین، مەحاڵ نیە، بەڵام هەمیشە لە سایەی زانست و مرۆڤدا دەبێت. ئەم دیاردەیە لە ئەمریکا بە زەقی دەبینین. بە هۆکاری ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، بازرگانییەکی گەورە بە ئاینەوە دەکرێت لە ئەمریکا. چل ملیون کەس بڕوایان وەهایە کە چیرۆکی ئینجیلی بۆ لێکدانەوە دونیا ڕاستە. بەڵام بە گشتی ئەمانە ژیانێکی سێکیولار دەژین.

ئەمەش لە دونیای ئێمەدا بە زەقی دەگوزەرێت. باڵاپۆشی ئافرەتان مانای ئەخلاق و بێئەخلاقی نیە. هەزاران ساڵە مرۆڤی کورد بەو شێوەیە جل ناپۆشێت. دایکی زۆرینەمان بەو جۆرە جل لەبەر ناکات. ئەمە مانای ئەوەنیە کە ئەخلاقی نیە. باڵاپۆشی هیچ پەیوەندی بە ئاین و ئەخلاقەوە نیە بەڵکو پرۆسەیەکی سیاسیە. ئەوەی ئەو جلانە دەپۆشێت، پێش ئەوەی پەیامی ئەخلاق و باوەڕمان پێبدات، پەیامی ئەندامێتی گروپێک یان حیزبێکی سیاسی تایبەتمان پێدەدات. بۆیە بە ڕونی ئەو کەسانە ئامرازی ئایدەلۆژیین،  نەک خەڵکانی ئەخلاقدار لە دەریایەکی بێئەخلاقدا.

ئاین دەکرێت زۆر بە سودبێت، بۆ تاک و بۆ کۆمەڵگاش. ئاین پاڵنەری کاری خۆبەخشییە. کۆکەرەوەی مرۆڤەکان لە دەورەی بەها و باوەڕ و ڕیتچواڵ. دیارە ئەم باوەڕ و بەهایانە بە دوور لە توندڕەویی و تەکفیریی و خۆ بە باڵا زانین. ژیانی ئاینی ئاسانە. ڕۆژ و ساڵەکان پڕن لە ڕوداۆکەی بچوک، کە وەها دەکەن مرۆڤ لە بۆشایی و بەتاڵی ڕزگاری بێت. ئاین دەکرێت پارێزەری مرۆڤ بێت لە نەخۆشییە مۆدێرنەکان، وەک خەمۆکی، خۆکوژی، تەنیایی و بێمانایی. بەڵام ئاینی سیاسی ئەمانە دەستەبەرناکات.