X
ئ|

تێكدانی هۆڵی گه‌ل له‌ هه‌ولێر شانۆكارانی نیگه‌ران كردووه‌

فەرهەنگ

16/03/2021     565 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میلله‌ت

شانۆكارانی شاری هه‌ولێر نیگه‌رانن له‌ تێكدانی هۆڵی گه‌ل كه‌ مێژوویه‌كی ده‌یان ساڵه‌ی هه‌یه‌، شانۆكارانی ئه‌و شاره‌ ده‌ڵێن تێكدانی ئه‌و هۆڵه‌ غه‌درێك بوو له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان كراوه‌.

هۆڵی گه‌ل به‌كۆنترین هۆڵی شانۆیی شاری هه‌ولێر داده‌نرێ، مێژووه‌كه‌ی بۆ سه‌ره‌تای په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕ‌ێته‌وه‌، ئه‌و هۆڵه‌ جێگای یادگاری زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندانه‌ و وه‌ك ناسنامه‌یه‌كی هونه‌ری شاره‌ سه‌یر ده‌كرێت، له‌ ساڵی 2013 له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم بڕ‌یاری تێكدان و دروستكردنه‌وه‌ی ده‌رچوو، بۆئه‌مه‌ش بڕ‌ی زیاتر له‌ هه‌شت ملیارو دووسه‌د و چل وپێنج ملیۆنی بۆته‌رخانكرا و ماوه‌ی دووساڵی بۆ داندرا.

ئێستاش دوای هه‌شت ساڵ له‌ تێكدانی كاره‌كانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ وه‌ستاوه‌ و له‌شوێنی هۆڵی گه‌ل جگه‌له‌چه‌ند كارێكی سه‌ره‌تایی، شوێنه‌كه‌ی بۆته‌ جگه‌ كۆبونه‌وه‌ی خۆڵ و خاشاك و پاشماوه‌ی دوكانه‌كانی ده‌وروبه‌ری، ئه‌مه‌ش هونه‌رمه‌ندانی زیاتر نیگه‌ران كردوه‌ و پێیانوایه‌ تێكدانی هۆڵی گه‌ل غه‌درێك بوو له‌ هونه‌رو هونه‌رمه‌ندان كرا و كاریگه‌ری زۆری كردۆته‌ سه‌رچاڵاكیه‌ هونه‌ریه‌كان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌مه‌سوار عه‌زیز سكرتێری لقی هه‌ولێری سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی كوردستان به‌ PUKmediaی رایگه‌یاند: ڕ‌ووخاندنی هۆڵی گه‌ل له‌ شاری هه‌ولێر خراپترین بڕ‌یاربوو هاوكات كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ بوو، ناكرێت هۆڵێكی له‌و جۆره‌ كه‌ مێژووی شاره‌كه‌یه‌ تێك بدرێت، له‌كاتێكدا جێگای یادگاری زۆربه‌ی هونه‌رمه‌ندان و عاشقان شانۆیه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان له‌و هۆڵه‌ نمایشیان كردوه‌ یان بینه‌ر بوون.

عه‌لی ئه‌حمه‌د هونه‌رمه‌ندو شانۆكاری دێرینی هه‌ولێریش وتی: هۆڵی گه‌ل مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه‌ له‌ پێشخستنی هونه‌ری شانۆ و یاد و یاده‌وه‌ری هونه‌رمه‌ندان، جگه‌ له‌ تیپه‌كانی هه‌ولێر له‌ شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان و عیراق له‌و هۆڵه‌ نمایشی به‌رهه‌مه‌كانیان ده‌كرد، به‌ڵام به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی هه‌ڵوێستی هونه‌مه‌ندان هۆڵه‌كان تێكدرا، وه‌ك چۆن باڵه‌خانه‌ دادگای كۆنی هه‌ولێر كه‌ ئه‌ویش به‌و ده‌رده‌ چوو.

هونه‌مه‌ند عه‌لی ئه‌حمه‌د پێشی وابوو: تێكدانی هۆڵی گه‌ل كاریگه‌ریه‌كی زۆر خراپی كرده‌ سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ی چالاكیه‌كانی هونه‌ری شانۆ به‌تایبه‌تی بۆ هونه‌رمه‌نده‌ دێرینه‌كه‌كان، كه‌ له‌ حه‌فتاكان و هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو به‌رهه‌مه‌كانیان له‌و هۆڵه‌ نمایش ده‌كردوخه‌ڵكی به‌تامه‌زۆروه‌  ئاماده‌ده‌بون، چونكه‌ هۆڵه‌كه‌ زۆر گونجاو بوو بۆ كاری شانۆیی و شوێنی زیاتر له‌ نۆسه‌د كه‌سی تێدا بوو و به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌س بێبه‌ش بێت له‌ ده‌قه‌ شانۆییه‌كان.

هه‌رله‌باره‌ی تێكدانی هۆڵی گه‌ل و دروست نه‌كردنه‌وه‌ی  هیچ باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌شوێنه‌كه‌ی بۆ شانۆ،  هونه‌رمه‌ند قاسم نوری پێی راگه‌یاندین: من یه‌كێكم له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ سی ساڵ ده‌یان شانۆگه‌ریم لێ نمایش كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ چاره‌نوسی  به‌و رۆژه‌گه‌یشت، چونكه‌ ئه‌وه‌ كه‌لتورێك بوو بۆ شاری هه‌ولێر و هه‌موو كوردستان، شوێنی یادگاری هه‌موو خه‌ڵكی هه‌ولێر بوو.

پێشی وابوو: تێكدانی هۆڵی گه‌ل غه‌درێك بوو له‌ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان كراه‌ی‌ه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ قه‌ڵات یان مناره‌یان تێكدرا بێت، مانه‌وه‌ی شوێنی هۆله‌كه‌ش به‌مجۆره‌ی ئێستا مایه‌ی نیگه‌رانی و بێزارییه‌ كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌و شوێنه‌ ده‌یان هونه‌رمه‌ندی كۆده‌كرده‌وه‌ و به‌ به‌رهه‌مه‌كانیان سه‌دان كه‌س له‌ عاشقانی هونه‌ر  شانۆیان ده‌هێنا هۆڵه‌كه‌، كه‌چی ئێستا ده‌بینین بێ ناز ماوه‌ته‌وه‌ و  به‌شێك له‌ شوێنه‌كه‌ی بۆته‌ پاشماوه‌ی خۆڵ و خاشاك، ئه‌وه‌ زیاتر ئازارمان ده‌دا.




هەواڵی زیاتر