X
ئ|

ناكۆكی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران میلیشیا عێراقییەکانی سەرگەردان كردووە

ڕاپۆرت

پێش 3 هەفتە     277 ژمارەی خوێندراو
Alternate Text

میللەت

بەرپرسە سەربازی و سیاسییە عێراقییەکان جەخت لە سەر ئەوە دەکەنەوە کە کێبڕکێی نێوان دەزگا هەواڵگرییە ئێرانییەکان لە عێراق بالی کێشاوە بە سەر ئاسایشی عێراقدا و بووەتە هۆی ناکۆکی قووڵ لە نێوان هاوپەیمانەکانی تاران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی میدڵ ئیست ئای بەریتانی، دوای ساڵی 2003 عێراق بووەتە مەیدانی هێزە جیهانی و هەرێمییەکان، بە تایبەتی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەو نێوانەدا ئێران تۆڕێکی بەهێزی لە گرووپە سیاسی و ئایینی و میلیشیاکان پێکهێناوە.

ڕاپۆرتەکە ئەماژەی بەوە کردووە، کە ئەو تۆڕە بۆ ماوەی 15 ساڵ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی ئێرانی کردووە، ئەگەر ئەو گرووپانە ڕێنمایی دژیەکیان لە ئێرانەوە پێبدرێت چی دەبێت؟

ئەگەر ئەو گرووپانە ڕێنمایی دژیەکیان لە ئێرانەوە پێبدرێت چی دەبێت؟
4 دەزگای هەواڵگری ئێرانی
سعاد صالحی نووسەری ڕاپۆرتەکە نووسیویەتی، ڕێنماییەکان لە ئێرانەوە لە ڕێگەی 4 دەزگای هەواڵگرییەوە دەگاتە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران لە عێراق: یەکەم، وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی، دووەم، (بیت رهبری) کە بەشێکی بابەتە هەستیارەکانی پەیوەندیدار بە ڕابەری ئێرانەوە بەڕێوەدەبات. سێیەم، دەزگای هەواڵگری سەر بە سوپای پاسداران. چوارەم، شوێن نووسینگەی مورشیدی باڵا دەکەوێت. کە سێ دەزگاکەی کۆتایی فەرمانی راستەوخۆی ڕابەر و نزیکترین یاریدەدەرەکانی جێبەجێ دەکەن.

ئەو دەزگا هەواڵگریانە دەیان میلیشیای چەکدار و بەرپرسی سیاسی و ئاسایشی و دامەزراوە ئایینی و ڕاگەیاندنەکان کۆنترۆڵ دەکەن

ئەو دەزگا هەواڵگریانە دەیان میلیشیای چەکدار و بەرپرسی سیاسی و ئاسایشی و دامەزراوە ئایینی و ڕاگەیاندنەکان کۆنترۆڵ دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی سەرەکی کاری ئەو دەزگایانە لە سەر میلیشیا شیعەکانە، هەروەها کار دەکەن لە سەر بەکرێ گرتنی عێراقییە سوننە و کورد و مەسیحی و ئێزیدییەکان. لە ماوەی ڕابردوودا چالاکییەکانی ئەو دەزگایانە زیاتر بووە و ناکۆکی لە پەیامەکانیاندا بەدی دەکرێت و میلیشیاکانی سەرگەردان کردووە.

لە کاتێکدا وەزارەتی هەواڵگری (اطلاعات) داوای ئارامگرتن دەکات، بەڵام دەزگا پەیوەندیدارەکان بە ڕابەری ئێرانەوە ئاڵۆزی دروست دەکەن

نووسەر ئاماژەی بەوە داوە، کە لە کاتێکدا وەزارەتی هەواڵگری (اطلاعات) داوای ئارامگرتن دەکات، بەڵام دەزگا پەیوەندیدارەکان بە ڕابەری ئێرانەوە ئاڵۆزی دروست دەکەن و ولایەنگرانی ڕابەر هەوڵی رازی کردنی دەدەن و هەوڵەکانیان دژ بەیەکە. ئەم دژیەکەییەش مەترسی لە سەر عێراق دروستکردووە، بە تایبەتی کە ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن زیاتر بووە لە بارەی گەڕانەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ ڕێککەوتننامە ناوەکییەکە.

باڵادەستی سلێمانی

ئامانجی چالاکییەکانی هەوڵگری دەرەکی بە پلەی کەم بریتییە لە دامەزراندنی بانکێکی زانیاری کە وەزارەتی هەواڵگری و ئاسایشی نەتەوەیی پشتی پێببەستن، بەڵام سوپای پاسدارانی ئێران (فەیلەقی قوودس) وەک باڵێکی دەستڕۆیشتووی دەرەکییە بە هۆی پەیوەندی راستەوخۆیەوە بە ڕابەرەوە.

سوپای پاسداران بە هۆی سەرۆکی پێشوویانەوە (قاسم سلێمانی) دەستی باڵای هەیە، بەڵام دۆخەکە دوای کووژرانی سلێمانی سەرەتای ساڵی 2020 گۆڕاوە.

داعش تەحەدایەکی گەورە و لە هەمان کاتیشدا هەلێکی گەورە بوو بۆ سلێمانی لەو کاتەی کە سوپای عێراقی ساڵی 2014 بە خێرایی هەڵوەشا و ئەمەش 4 ساڵی خایاند و عێراقی خستە دۆخێکی ناهەموارەوە، بەڵام داڕمانی سوپای عێراق هەلێکی ڕاستەقینە بوو بۆ دامەزرانی هێزێک کە وەلاء و ئامانج و سەرکردەیەکی دیاری هەبێت بۆ هێنانەدی هاوسەنگی خوازراو لە نیوان زلهێزەکاندا لە عێراق.
کاتێک سیستانی مەرجەعی شیعە داوای کرد کە چەک دژی داعش هەڵبگیرێت، فۆڕمێکی ئایدۆلۆجی بە پێکهێنانی ئەو هێزانە بەخشی.

لەو کاتەدا سلێمانی بە هاوکاری هاوپەیمانە عێراقییەکانی ئەو هەلەی قۆستەوە و یەکەکانی عەشدی شەعبی دامەزراند و بوونە میلیشیای پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە.
لە ژێر دەسەڵاتی سلێمانی، حەشدی شەعبی ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە شکستپێهێنانی داعش لە عێراق.

دوای شکستی داعش ساڵی 2017 ناکۆکییەکان لە نیوان میلیشیا عێراقییەکان دەرکەوت و ئەو میلیشیایانە لە ژێر دەستی سلێمانیدا مانەوە تا ئەو کاتەی 3ی کانوونی دووەمی 2020 لە هێرشی ئاسمانی ئەمەریکادا لە فڕۆکەخانەی بەغدا کووژرا و لەگەڵ ئەویشدا ئەبو مەهدی موهەندیسیش کووژرا کە بە باوکی ڕۆحی زۆرینەی میلیشیا چەکدارە شیعەکانی عێراق هەژمار دەکرا.

بێ سەرەوبەرەیی

زۆرێک لە چاودێران پێیانوایە کە کووژرانی سلێمانی و موهەندیس دۆخێکی بێ سەرەوبەرەیی گەورەی دروستکرد لە سەر کاری چوار دەزگا هەواڵگرییەکەی ئێران و میلیشیا چەکدارەکان و هێزە سیاسییە کرێکگرتەکانی ئێران.

بە وتەی نووسەری ئەم ڕاپۆرتە کە شارەزایە لە کاروباری ئێران، سلێمانی بازنەی پەیوەندی نێوان میلیشیاکان و هێزە سیاسییەکان بوو، بەڵام ئەمەریکا ئەو و موهەندیسی کووشت، کە موهەندیس دەیتوانی تووندی ئەو دابەشبوونانە کەم بکاتەوە. بە بڕوای چاودێران پەیوەندی ژمارەیەک لە میلیشیا و گرووپە سیاسییەکان لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران جیاوازە. ئەم شارەزایە جەختی کردووەتەوە کە ناکۆکییەکانی ناو ئێران ڕەنگی داوەتەوە لە سەر کاری گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان لە عێراق.

کووژرانی سلێمانی و موهەندیس دۆخێکی بێ سەرەوبەرەیی گەورەی دروستکرد لە سەر کاری چوار دەزگا هەواڵگرییەکەی ئێران

بەپێی ڕاپۆرتەکە بە هۆی لاوازی جەنراڵ ئیسماعیل قائانی کە دوای سلێمانی بووە بەرپرسی سوپای قوودس، هەروەها نەبوونی پەیوەندی بەهێز لەگەڵ بەرپرسە عێراقییەکان و سنورداری بەرپرسیارێتی، دەرگای بە ڕووی وەزارەتی ئیتڵاعات و دەزگاکانی تری ئێران کردووەتەوە لە عێراق.

ژمارەیەک لە سەرچاوەکان جەختیان لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە بێتوانایی قائانی بۆ کۆنترۆڵکردنی میلیشیا عێراقییەکان، پاڵی بە خامنەییەوە ناوە کە هانی بەیتی ڕەهبەری بدات بۆ دەستوەردان و عەلی ئەسغەر حجازی ڕاوێژکاری خامنەیی بۆ کاروباری ئاسایشی و بەرپرسی بەیتی ڕەهبەری کراوە بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی میلیشیا چەکدارە بەرجەستەکان لە عێراق، لەوانە کەتائیبی حزبوڵا و عەسائیبی ئەهلی حەق.

بە وتەی سیاسییەکی عێراقی نزیک لە ئێران، قائانی لاوازترین بازنەیە و بەرپرسەکانی میلیشیا چەکدارە شیعەکان ڕێزی ناگرن و لە ڕەتکردنەوە بڕیارەکانی ناترسن و لە ئێستادا بەرپرسی سەرەکی میلیشیاکان (حجازی)یە و هەر کارێکی پێیان هەبێت داوایان دەکات لە نووسینگەی خامنەیی لە تاران سەردانی بکەن.

سەرگەردانی
ئەم دابەشبوون و سەرگەردانییە بە ڕوونی دەبینرێت دوای ئەوەی هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن ئەمەریکاوە لە ڕێکەوتی 26ی شوباتی مانگی ڕابردوو کرایە سەر چەکدارانی کەتائیبی حزبوڵای عێراقی و کەتائیبەکانی سەیدولشوهەدا لە سەر سنوری نێوان عێراق و سوریا، دوای ئەوە سەرکردایەتی چالاکییە سەربازییەکانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە نارد بۆ ناوچەکە، لە کاتێکدا کە حجازی

داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لە تاران کرد، هەروەها حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک سەرکردەی میلیشیا شیعەکانی لە بەیروت کۆکردەوە.
دوای ئەو کۆبوونەوانەی حجازی، لە ڕێکەوتی 3-3-2021 هێرشی مووشەکی کرایە سەر بنکەی سەربازی عەینولئەسەد لە پارێگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق.

ناکۆکییەکانی ناو ئێران ڕەنگی داوەتەوە لە سەر کاری گرووپ و میلیشیا چەکدارەکان لە عێراق

هاوکات دەزگا ڕاگەیاندنەکانی سەر بە میلیشیاکانی سەر بە ئێران هێرشی راگەیاندنی بەرفراوانیان دژی حکومەتی عێراقی دەستپێکرد و ڕایانگەیاند کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵدەدات ژمارەی هیزە ئەمەریکاییەکان لە ڕیگەی نوێکردنەوەی بوونی سەربازی ئەمەریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەستی (ناتۆ) لە عێراق زیاد بکات، بۆ ئەمەش دەبوو کازمی بەر لەوەی دۆخەکە لە دەست دەربچێت، بارەکە ئارام بکاتەوە.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەند میلیشیایەکی بچووکی نەناسراوی وەک سەرەیا ئەولیائولدەم و ئەسحابولکەهف، بەپرسیارێتی هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە ئەمەریکاییەکانی لە عێراق ڕاگەیاند، لە کاتێکدا کە چاودیڕان پێیانوایە کە ئەوە تاکتیکی بەکارهێنانی گرووپە نەناسراوەکانە لەلایەن گرووپە ناسراوەکانەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە دەرەنجامەکان بپارێزن.

قائانی لاوازترین بازنەیە و بەرپرسەکانی میلیشیا چەکدارە شیعەکان ڕێزی ناگرن و لە ڕەتکردنەوە بڕیارەکانی ناترسن

لەگەڵ ئەوەی ئەو هێرشانە کاریگەری سنورداریان هەیە، بەڵام بۆ حکومەتی عراقی و ئەمەریکی جێی نیگەرانین و قووربانیان لێدەکەوێتەوە. بە وتەی ئەو شارەزایە لە کاروباری ئێران، ئەو گرووپە نوێیانە ساختەن و بوونیان نییە و ئەو هێرشانە لەلایەن میلیشیا ناسراوەکانەوە بە ناوی نەناسراو ئەنجام دەدرێن بێ ئەوەی بەرپرس بن، ئەمەش هەلی بۆ میلیشیا چەکدارەکان و ئێرانییەکان ڕەخساندووە کە لە پشت پەردەوە و بە نهێنی کارەکانیان ئەنجام بدەن.

شارەزاکە پێیوایە ئەو پەیامانەی لە ئێرانەوە دەدرێن بە میلیشیا لایەنگرەکانی لە عێراق، کە هەندێکجار دژیەکن، لەوانەیە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق بکەن.
بە بڕوای ئەم شارەزایە، دەزگا ئێرانییەکان لە عێراق یاری دەکەن، لە کاتێکدا یەکێکیان ڕەتیدەکاتەوە پەیوەندی بەو هێرشانەوە هەبێت، لایەنێکی تر بەرپرسیارێتی ڕادەگەیەنێت. ئەوان یاری پۆلیسی باش و پۆلیسی خراپ لەگەڵ ئەمەریکاییەکان و حکومەتی عێراقی دەکەن، ئەم تاکتیکەش بەردەوام بەرهەمی دەبێت.

هەواڵی زیاتر

هەواڵی کوردستان 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ھاتوچۆی گەشتیاریی نێوان ھەرێم و ئێران دەستپێدەکاتەوە

زۆرترین خوێنراو